راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێم به‌گی‌ دانا
كوردستان جارێكی‌ تر به‌ناچاری‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا

هونەر حەمەرەشید
پێناچێت هه‌رێمی‌ كوردستان له‌هه‌نگاوه‌كانی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری‌ سه‌ركه‌وتوو بووبێت‌و ئه‌وه‌تا جارێكی‌ تر له‌ده‌رگای‌ به‌غدا ده‌داته‌وه‌.
5.11.2015  |  سلێمانی

مانگی‌ ئایاری‌ رابردووه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریدا نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ بفرۆشێت‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژانه‌ زیاتر له‌600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كردووه‌و راسته‌وخۆ فرۆشتوویه‌تی‌، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌ولێر جارێكی‌ تر بۆ به‌غدا بۆ پرسی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت‌و بودجه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری‌ دروستكردووه‌و مشتومڕیشی‌ له‌نێوان په‌رله‌مانتاران‌و به‌رپرسانی‌ كورددا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

 

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ شاندێكی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ به‌غدا بكات، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ له‌سه‌ر بودجه‌و نه‌وت  .

 

سه‌فین دزه‌یی بۆ "نیقاش" وتیشی‌: "تائێستا كات‌و ئه‌ندامانی‌ شاندی‌ دانوستانی‌ هه‌رێم بۆ به‌غداو گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی‌ نه‌وت‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم دیارینه‌كراوه‌و بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ش ئه‌وه‌ دیاریبكرێت".

 

دواین جار كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ قسه‌یكرد رۆژی‌ 25ی‌ مانگی‌ رابردوو بوو، كه‌ ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی ده‌ربڕی، سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌ن به‌ڕێگه‌ی گفتوگۆو دیالۆگ چاره‌سه‌ربكرێن ئه‌وه‌ش له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ مارك ئایشهۆڕن كونسڵی گشتی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی هه‌رێم‌و عێراقیان كرد.

 

شكست له‌هه‌نگاونان بۆ ئابووری‌ سه‌ربه‌خۆ

به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران‌و چاودێرانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ پرسی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت‌و په‌یداكردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ به‌شكستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناوده‌به‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست بڕیاری‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئابووری‌ سه‌ربه‌خۆ جێبه‌جێبكات.

 

مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵ، دوای‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر پرسی‌ نه‌وت‌و به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم، حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاریدا نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ بفرۆشێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژانه‌ زیاتر 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌ كردووه‌و چه‌ند گرێبه‌ستێكیشی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك واژووكرد.

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌و ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ "نیقاش" وتی‌ "حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مانگی‌ پێنجه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌به‌غداوه‌ نه‌ماوه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌پرسی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت".

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح وتیشی‌ "ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ داخه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌و نا شه‌فافییه‌ی‌ له‌داهاتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌".

 

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم تا ده‌ستی‌ نه‌كردبوو به‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ موچه‌ی‌ دوو مانگی‌ فه‌رمانبه‌ران قه‌رزاربوو، به‌ڵام له‌مانگی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ مانگانه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دواده‌كه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا چوار مانگ بۆ پێنج مانگ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران قه‌رزاره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و قه‌رزانه‌ی‌ تر له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ناشه‌فافی‌ له‌داهاتی‌ نه‌وت.

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح جه‌ختده‌كاته‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌رێم بۆ به‌غدا په‌یوه‌ندی‌ به‌و "شكسته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئێستا رووبه‌ڕووی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت‌و فرۆشتن‌و داهاتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ رووبه‌ڕبووه‌ته‌وه‌".

 

حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆیه‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو بڕیاری‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتیدا، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ خۆی‌ به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ هه‌رێم نانێرێت، به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیان، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وته‌وه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ هه‌رێم دابینبكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌و هه‌نگاوه‌و مانگ دوای‌ مانگ قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم قووڵترده‌بووه‌.

 

كه‌مال ره‌ئوف چاودێری‌ سیاسی‌ پێوایه‌ هه‌رێم له‌بڕیارو هه‌نگاوی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ شكستیخوارد له‌هه‌نارده‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ باش ئیداره‌نه‌كردنی‌ ئه‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌.

 

كه‌مال ره‌ئوف بۆ "نیقاش" وتیشی‌ "هه‌ولێر ده‌ستی‌ به‌غدای‌ كراوه‌تركرد بۆ زیاتر سزادانی‌ هه‌رێم له‌ڕووی‌ داراییه‌وه‌، به‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌و بودجه‌ی‌ پارێزگاكان‌و به‌شه‌ ده‌رمانی‌ بڕی‌، كه‌ ئه‌مه‌ قه‌یرانه‌ داراییه‌كانی‌ به‌ته‌واوی‌ قووڵتركرده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانین ناوی‌ بنێن هه‌نگاوێكی‌ شكستخواردوو".

 

به‌ڵام سه‌فین دزه‌یی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم شكستیخواردبێت له‌هه‌نگاوی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌رێمیش بۆ به‌غدا به‌حاڵه‌تێكی‌ ئاسایی ده‌زانێت، له‌و باره‌وه‌ وتی‌ "هه‌رێم شكستی‌ نه‌خواردووه‌ له‌پرسی‌ هه‌نارده‌ی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌ پرسی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وته‌ له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهان، كه‌ ئه‌مه‌ رێگری‌ گه‌وره‌ بووه‌ له‌هه‌نگاوی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌".

 

هه‌رێم له‌ژێر فشاردایه‌

وه‌ك سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌ت ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ به‌غدا نه‌داوه‌ له‌پرسی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت، له‌كاتێكدا له‌پرۆژه‌ یاسای‌ ساڵی‌ 2016 گشتی‌ عێراق، به‌غدا چه‌ند مه‌رجێكی‌ بۆ هه‌ولێر داناوه‌، تا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ بنێرێت، كه‌ پێشتر هه‌رێم ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ هه‌موو ره‌تكردبووه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، هه‌رێم له‌ژێر فشاردایه‌، چه‌ند فشارێكی‌ ناوخۆیی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك بڕیاره‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ زیاتر بڕیارێكی‌ سیاسییه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ دراوه‌و لایه‌نه‌كانی‌ تریش به‌مه‌رج رازیبوون، به‌ڵام له‌م بڕیاره‌دا پارتی‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌یتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیش به‌داهاتی‌ نه‌وت دابین بكات.

 

له‌و باره‌وه‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، بۆ "نیقاش" وتی‌ "لایه‌نه‌كان حه‌قی‌ خۆیانه‌ فشار له‌پارتی‌ بكه‌ن به‌و بڕیاریدا بچێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌هه‌نگاوی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت".

 

ئارێز عه‌بدوڵڵا، كه‌ هاوكات ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌شه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، وتیشی‌ "ئه‌وه‌ندی‌ من هه‌ستم كردبێت، ئێستا فشارێكی‌ ناوخۆیی زۆر له‌سه‌ر پارتی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، كه‌ به‌بڕیاره‌كه‌یدا بچێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌ به‌غداو كێشه‌كانی‌ له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ چاره‌سه‌ر بكات".

 

جگه‌ له‌فشاره‌ ناوخۆییه‌كان، به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، هه‌ولێر له‌ژێر فشارێكی‌ ناوچه‌یدایه‌ بۆ گه‌ڕانه‌ بۆ به‌غدا، به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌نی‌ ئێرانییه‌وه‌.

 

رۆژی‌ 17ی‌ مانگی‌ رابردوو (ئۆكتۆبه‌ر) نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ تاران، ئه‌وه‌ش بۆ به‌شداری‌ له‌كۆنفرانسی‌ ئاسایشی‌ میونخ لەتاران، له‌په‌راوێزی‌ ئه‌و سه‌ردانه‌دا نێچیرڤان بارزانی‌ له‌گه‌ڵ عه‌لی‌ شه‌مخان سکرتێری ئەنجومەنی باڵا ئاسایشی نەتەوەی ئێران و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران كۆبووه‌وه‌، له‌هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رپرسانی‌ تاران داوایان له‌سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كردووه‌، به‌پرسی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ له‌به‌غدادا بچێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كان، كه‌ له‌سایتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها به‌رپرسانی‌ تاران داوایان له‌نێچیرڤان بارزانی‌ كردووه‌ كێشه‌كانی‌ له‌رێگه‌ی‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ چاره‌سه‌ربكات، هه‌ربۆیه‌ دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌تاران نێچیرڤان بارزانی‌ له‌یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی‌ له‌ 25ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ئاماده‌یی هه‌رێمی‌ نیشاندا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداو بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ "نیقاش" ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌، به‌رپرسانی‌ تاران نیگه‌رانی‌ خۆیان له‌هه‌نگاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌نێچیرڤان بارزانی‌ نه‌شاردووه‌ته‌وه‌، هاوكات هۆشداری‌ ئه‌وه‌شیان پێداوه‌، ئه‌گه‌ر له‌و هه‌نگاوه‌ به‌رده‌وامبێت، ئه‌وه‌ تارانیش له‌پشتگیركردنی‌ هه‌ولێر چ له‌ڕووی‌ ئابووری‌ چ له‌ڕووی‌ سه‌ربازی‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات‌و هه‌ڵوێستی‌ ده‌گۆڕێت.

 

ئه‌گه‌ری‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ كێشه‌كان هه‌یه‌

به‌پێی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ 2016 عێراق بۆ ناردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی عێراق چه‌ند مه‌رجێكی داناوه‌، له‌وانه‌ پابه‌ندبوونی هه‌رێم به‌فرۆشتنی نه‌وت‌و ڕاده‌ستكردنی داهاته‌كه‌ی به‌حكومه‌تی عێراق، كه‌ ده‌بێت ڕۆژانه‌ هه‌رێم به‌نه‌وتی كه‌ركوكیشه‌وه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل بفرۆشێت، تاكو به‌غداش پشكی 17% بودجه‌ی هه‌رێم راده‌ستبكات.

 

هه‌ر له‌مه‌رجه‌كانی‌ به‌غدا بۆ هه‌رێم هاتووه‌، ده‌بێت هه‌رێم پابه‌ند بێت، به‌بڕگه‌ی (ئینفاقی فعلی -خه‌رجی‌ كرداری) له‌داهاته‌كانیدا، هه‌روه‌ها هه‌رێم رازی بێت به‌پشكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌بودجه‌دا، كه‌ دواتر به‌یاسا رێكده‌خرێت، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ نه‌فه‌قاتی حاكمی، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ پارێزگاكان بۆ به‌غداو به‌شداری‌ هه‌رێم له‌پێدانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌ سیادییه‌كان.

 

بوونی‌ ئه‌م مه‌رجانه‌و بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌ولێر بۆ به‌غدا گومانی‌ بوونی‌ فشار له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م مه‌رجانه‌و چه‌ند هۆكارێكی‌ تر ئه‌گه‌ری‌ جارێكی‌ تر چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ كێشه‌كان زیاتر ده‌كات.

 

له‌و باره‌وه‌، ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌دانوستانه‌كانی‌ پێشوو به‌غدا چه‌ند مه‌رجێكی‌ هه‌بوو بۆ هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ بنێرێت، كه‌ مه‌رجه‌كان ئاسایی بوون، به‌ڵام به‌پێی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2016 دانراون قورسن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری‌ جارێكی‌ تر رێكنه‌كه‌وتن‌و شكستی‌ دانوستانه‌كان هه‌یه‌".

 

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ كورد، كه‌ له‌به‌غدا به‌رپرسیارییه‌تی‌ هه‌یه‌، بۆ "نیقاش" ئاشكرایكرد، كه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم له‌ژێر فشاره‌ ناوخۆیی‌و ناوچه‌ییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غداو گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پرسی‌ نه‌وت‌و بودجه‌، به‌ڵام به‌دڵنیایی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ سه‌رناگرێت، ئه‌گه‌ریش سه‌ربگرێت ئه‌وه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێكی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌ ئه‌نجامی‌ نابێت.

 

به‌وته‌ی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ داوای‌ كرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌، ئێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كه‌ ده‌بێت پابه‌ند بێت پێیانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی‌ عێراق، به‌ڵام به‌دڵنیایی حكومه‌تی‌ عێراق ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ خراپی‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ هه‌رێم.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌