راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سلێمانی‌ ده‌رگای‌ به‌ڕوی‌ عه‌ره‌بدا داخست
به‌پێی‌ بڕیارێك: له‌مه‌ودوا كورد خاوه‌ن ماڵ‌و عه‌ره‌ب كرێچییه‌

ژیار محه‌مه‌د
ئیتر له‌سلێمانی‌ هیچ هاوڵاتییه‌كی‌ عه‌ره‌ب بۆی‌ نییه‌ ببێته‌ خاوه‌ن ماڵ‌و ده‌بێت هه‌موو ژیانی‌ له‌م شاره‌دا به‌كرێچێتی‌ به‌سه‌ر ببات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هه‌ندێك به‌باش‌و هه‌ندێكی‌ تر به‌خراپی‌ ده‌زانن.
29.10.2015  |  سلێمانی
شاری‌ سلێمانی‌ ( :وێنه نقاش)
شاری‌ سلێمانی‌ ( :وێنه نقاش)

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئاسایی‌ خۆیدا له‌كۆتایی‌ مانگی‌ رابردوو بڕیاریدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی‌ كڕین‌و فرۆشتن‌و گواستنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ موڵك‌و ماڵ بۆ هاوڵاتیانی‌ غه‌یره‌ كورد قه‌ده‌غه‌ بكات، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ بۆ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی‌ ناكورده‌، به‌ڵام به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ تره‌وه‌ ئاواره‌ی‌ سلێمانی‌ بوون.

 

بیانووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی‌ بێشومار هاوڵاتی‌ عه‌ره‌ب رژاونه‌ته‌ سلێمانی‌‌و ئه‌گه‌ر لێبگه‌ڕێن ئه‌وا هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب ده‌بنه‌ خاوه‌ن ماڵ‌و كوردیش كرێچی‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئاواره‌ییان، به‌ڵام هێشتا گوزه‌رانی‌ به‌شێك له‌ئاواره‌كان له‌هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌ باشتره‌و توانای‌ كڕینی‌ موڵك‌و ماڵیان هه‌یه‌.

 

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌باره‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت " نزیكه‌ی‌ چوار سه‌د هه‌زار ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كۆت‌و به‌ندێك نه‌بێت، ئه‌وا پێكهاته‌ی‌ دیمۆگرافی‌ شاره‌كه‌ ده‌گۆڕێت".

 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌شڵێت "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌نگاوێكی‌ ته‌واو ده‌ستورییه‌و له‌ده‌ستوری‌ عیراقیدا هاتووه‌ كه‌ هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك بووه‌ مایه‌ی‌ گۆڕینی‌ دیمۆگرافی‌ له‌و شوێنه‌دا ئه‌وا ده‌بێت ڕێی‌ لێبگیرێت، بڕیاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كاتییه‌و ته‌نها رووبه‌رووی‌ عه‌ره‌ب نییه‌، به‌ڵكو وتومانه‌ هه‌موو كه‌سێكی‌ غه‌یره‌ كورد".

 

به‌پێی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بێت له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ هاتنی‌ شه‌ڕی‌ داعش، ئه‌م رێوشوێنه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و هه‌موو هاوڵاتییه‌كی‌ غه‌یره‌ كورد به‌عه‌ره‌بیشه‌وه‌ ده‌كرێت ببێته‌ خاوه‌نی‌ موڵك‌و ماڵ.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیانی‌ پارێزگاكه‌ پێشوازی‌ له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر له‌ناو كورده‌كانی‌ دانیشتووی‌ ئه‌م پارێزگایه‌دا ده‌نگی‌ ناڕازی‌ بوون ده‌بیسترێت‌و پێیان وایه‌ كارێك كراوه‌ كه‌ له‌شوێنی‌ خۆیدا نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی‌ باڵای‌ سیاسیش به‌رپه‌رچ ده‌درێته‌وه‌.

 

جاسم محه‌مه‌د (ده‌رباز محه‌مه‌د) وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عیراقی‌ كه‌ خۆیشی‌ كورده‌و له‌هه‌مان ئه‌و حیزبه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ تێدایه‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان)، ئه‌و بڕیاره‌ به‌ناده‌ستوری‌ ناو ده‌بات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڕیارێكی‌ ته‌واو ناده‌ستورییه‌‌و له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا نییه‌ بڕیارێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ ده‌ربكه‌ن، نازانین تاچه‌ند قابیلی‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌ تائێستا لای‌ ئێمه‌ هیچ هاوڵاتیه‌كی‌ عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سكاڵای‌ تۆمارنه‌كردووه‌".

 

ئه‌گه‌ر چی‌ له‌ناو هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا رایه‌كی‌ باو هه‌یه‌ كه‌ پێی‌ باشه‌ بابه‌تی‌ هاتنی‌ ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌ب كراوه‌ نه‌بێت‌و كۆت‌و به‌ندی‌ بۆ دابنرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابورییان گرێدراوه‌ به‌گیرفانی‌ ئاواره‌كانه‌وه‌ بۆچوونێكی‌ پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌.

 

بۆ دووساڵ ده‌چێت به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غداوه‌ باری‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دۆخێكی‌ دژواردا تێده‌په‌ڕێت‌و توانای‌ كڕینی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دابه‌زیوه‌و فه‌رمانبه‌ران موچه‌ی‌ سێ‌ مانگیان دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بازاڕ ده‌جوڵێنێت، ئه‌و ئاواره‌ عه‌ره‌بانه‌ن كه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا له‌به‌غداوه‌ موچه‌كه‌یان بۆ دێت‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌رجی‌ ده‌كه‌ن.

 

شێروان عه‌لی‌ خاوه‌نی‌ پێشانگایه‌كی‌ مۆبایله‌ له‌شه‌قامی‌ مه‌وله‌وی‌ شاری‌ سلێمانی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بازاڕی‌ ئه‌وان‌و دوكانداره‌كانی‌ تریش گرێدراوه‌ به‌گیرفانی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌و ده‌ڵێت "ئێستا بازاڕی‌ ئێمه‌ ته‌نها له‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب وه‌ستاوه‌، چونكه‌ كورده‌كه‌ گیرفانی‌ پاره‌ی‌ تیا نییه‌".

 

شێروان ده‌شڵێت "جاران هه‌ندێ‌ جۆری‌ مۆبایلمان ده‌دا به‌قیستی‌ مانگانه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌مان نه‌ماوه‌، چونكه‌ لێره‌ هه‌ر مانگێك بووه‌ته‌ چوار مانگ‌و كه‌س له‌كاتی‌ خۆیدا موچه‌ وه‌رناگرێت تا قیسته‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌"، له‌م بۆچوونه‌دا زۆربه‌ی‌ فرۆشیاره‌كانی‌ تر هاوڕای‌ شێروانن.

 

د. عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئابوری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ هاوكات پسپۆڕی‌ ئابورییه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاتنی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب بۆ ناوچه‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاریگه‌ریه‌كه‌ی‌ دوو لایه‌نه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م خێزانانه‌ سه‌رجه‌م داهات‌و موچه‌ی‌ مانگانایه‌ن له‌كوردستاندا خه‌رجبكه‌ن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ خه‌رجییه‌كیان له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌بێت ئه‌وا داهاتێكه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام ترس له‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ كوردستان به‌سلێمانیشه‌وه‌ خه‌ریكه‌ عه‌ره‌ب ده‌بێته‌ خاوه‌ن موڵك‌و خه‌ڵكه‌ كورده‌كه‌ ده‌بێته‌ كرێچی‌".

 

عیزه‌ت سابیر وتیشی‌ "ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاسته‌ كه‌ بازاڕیان بوژاندۆته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌وانه‌ خانه‌نشین‌و موچه‌خۆری‌ حكومه‌تی‌ عیراقن‌و له‌بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێم پاره‌كانیان خه‌رج ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌مانكات بوونه‌ته‌ بارگرانی‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ كاره‌باو ئاوو ته‌ندروستی‌‌و له‌به‌شی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردیان خواردووه‌".

 

كه‌چی‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نییه‌و ده‌ڵێت "هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نرخی‌ كاڵایان گران كردووه‌، ئه‌وه‌تا له‌م بێ‌ موچه‌ییه‌دا هێشتا نرخی‌ كاڵاكان دانه‌به‌زیووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان له‌كاتی‌ خۆیدا موچه‌ وه‌رده‌گرن‌و توانای‌ كڕینیان به‌هێزه‌، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ ناومانه‌ له‌سه‌ر سكاڵای‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌مان بووه‌".

 

بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ هانی‌ خه‌ڵكی‌ داوه‌ كه‌ داوا بكه‌ن بڕیارێكی‌ هاوشێوه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ربچێت‌و سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگرێته‌وه‌، به‌جۆرێك تا ئه‌و كاتانه‌ی‌ ئاواره‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بن، هیچ هاوڵاتییه‌كی‌ غه‌یره‌ كورد بۆی‌ نه‌بێت له‌ناو هه‌رێمدا موڵك‌و ماڵ بكرێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا خواساتێكی‌ به‌هێز له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام عیزه‌ت سابیر په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان ده‌ڵێت "په‌رله‌مانی‌ كوردستان ناتوانێت بڕیارێك بدات دژی‌ ده‌سوری‌ عێراقی‌ بێت، له‌ده‌ستوری‌ عیراقیدا هاتووه‌ كه‌ هه‌موو هاوڵاتیه‌كی‌ عێراقی‌ له‌به‌سره‌وه‌ تا دهۆك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ببێته‌ خاوه‌ن موڵك، به‌ڵام سلێمانی‌ ده‌توانێت ئه‌وه‌ بكات، چونكه‌ مافی‌ خۆیه‌تی‌ داوابكات له‌حكومه‌تی‌ عیراقی‌ كه‌ بڵێت چه‌ند ئاواره‌م لایه‌ ئه‌بێت به‌خێوی‌ بكه‌یت كه‌ به‌خێوی‌ ناكه‌ی‌‌و هاوكاری‌ ناكه‌یت ئه‌وا منیش ناهێڵم ببنه‌ خاوه‌نی‌ موڵك".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌