راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌كاربه‌ری‌ بێ‌ به‌رهه‌م
به‌رهه‌می‌ ناوخۆ له‌ئاست كاڵای‌ بیانیدا ئه‌ژنۆی‌ شكاوه‌

عه‌مار ساڵح
له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كارگه‌ ئه‌هلییه‌كانی‌ به‌سره‌ له‌كاركه‌وتوون، هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانن كێبڕكێ له‌گه‌ڵ كاڵا هاورده‌كراوه‌كاندا بكه‌ن.
29.10.2015  |  به‌سره
جگه‌ره‌ی‌ به‌غدا وه‌ك زۆرێك له‌به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ تر له‌ناوچوو
جگه‌ره‌ی‌ به‌غدا وه‌ك زۆرێك له‌به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ تر له‌ناوچوو

حاجی‌ ناسر كه‌ریم سه‌رقاڵی‌ هه‌ڵوه‌شاندنی‌ دوا به‌شی‌ كارگه‌كه‌یه‌تی‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌دروستكردنی‌ مۆبیلیات‌و كه‌لوپه‌لی‌ دارتاشی‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك یاده‌وه‌ری‌ له‌گه‌ڵدا به‌ڕێكردووه‌.

 

حاجی‌ ناسر یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران پیشه‌وه‌رو خاوه‌ن كارگانه‌ی‌ به‌سره‌ كه‌ به‌هۆی‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ سیاسه‌تی‌ بازاڕی‌ ئازاده‌وه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003 ماڵوێران بوون.

 

دواجار ناچاربوو كارگه‌كه‌ی‌ دابخات‌و ئه‌و 25 كرێكاره‌ش بنێرێته‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ له‌وێ‌ كاریان ده‌كردو بۆخۆیشی‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو، له‌باره‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "نه‌مانتوانی‌ له‌رووی‌ كاڵای‌ هه‌رزانی‌ هاورده‌كراودا بوه‌ستینه‌وه‌، بۆ نموونه‌ دروستكردنی‌ ژورێكی‌ نوستن له‌لای‌ ئێمه‌ 1600 دۆلاری‌ تێده‌چێت‌و ناچارین به‌دوو هه‌زار دۆلار بیفرۆشین، كه‌چی‌ ژووری‌ نوسیتنی‌ مالیزی‌‌و چینی‌ له‌بازاڕدا به‌ 1250 دۆلار ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ كوالێتی‌ كاڵاكه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ نییه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ بۆ كه‌لوپه‌له‌ هه‌رزانه‌كه‌ ده‌چن".

 

چه‌ند ساڵێكه‌ فرۆشی‌ كاڵای‌ ناوخۆی‌ رۆژ به‌رۆژ زیاتر ده‌چێته‌ خواره‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌هه‌زاران پیشه‌وه‌رو خاوه‌ن كارگه‌ ده‌ستیان له‌كاره‌كه‌ی‌ خۆیان هه‌ڵگرتووه‌و ئێستا كارێكی‌ تر ده‌كه‌ن.

 

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ یه‌كێتی‌ پیشه‌وه‌رانی‌ به‌سره‌، له‌رابردوودا له‌و پارێزگایه‌ 15360 پرۆژه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ بچووك‌و مامناوه‌ندو گه‌وره‌ هه‌بوون، به‌ڵام له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ حه‌وت هه‌زار له‌و پرۆژانه‌ داخراون به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پاڵپشتی‌ نه‌كراون‌و باجی‌ زۆریان له‌سه‌ر بووه‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ره‌تاییان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا كاڵای‌ هه‌رزانی‌ هاورده‌كراو هاتووه‌ته‌ ناوه‌وه‌.

 

له‌ئه‌نجامی‌ داخستنی‌ كارگه‌ گه‌وره‌كانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ پیشه‌سازی‌ عێراق له‌به‌سره‌ وه‌ك كارگه‌ی‌ ئاسن‌و كاغه‌زو سه‌مادی‌ كیمیاوی‌، چه‌ندین كارگه‌ی‌ بچووكیش داخراون به‌وپێیه‌ی‌ پشتیان به‌كه‌ره‌سته‌كانی‌ ئه‌و كارگه‌ گه‌ورانه‌ به‌ستووه‌.

 

به‌هۆی‌ پشتكردنه‌ پیشه‌وه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، ئێستا ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ به‌رز بووه‌ته‌وه‌و كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت به‌مه‌به‌سته‌و ئامانج لێی‌ وێرانكردنی‌ پیشه‌سازی‌ نیشتیمانییه‌.

 

هه‌ندێ‌ كه‌س په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت راده‌كێشن بۆ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ كه‌ كاڵاكانیان به‌نرخی‌ زۆر هه‌رزان ده‌ڕژێننه‌ بازاڕه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌و به‌كاربه‌ری‌ عێراقی‌ كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.

 

سه‌جاد سه‌لمان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و چالاكوانانه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌مافی‌ پیشه‌وه‌ران ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سه‌ردانی‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ دراوسێی‌ كردووه‌و بینیوێتی‌ كاڵا لۆكاڵییه‌كانیان له‌وڵاتی‌ خۆیان گرانتره‌ له‌وه‌ی‌ به‌عێراقی‌ ده‌فرۆشن.

 

له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێ‌ كاڵا دێنه‌ ناوه‌وه‌ كه‌ نرخیان زۆر هه‌رزانه‌، بۆ نموونه‌ قوماشی‌ چینی‌ دێت كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ هه‌رزانتره‌ له‌نرخی‌ تێچوونی‌، به‌و هۆیه‌وه‌ حه‌فتا كارگه‌ی‌ ئه‌هلی‌ درومان‌و چه‌ندین به‌رگدرووی‌ ژنان داخراون"، ده‌شپرسێت "چۆن نرخی‌ هه‌ندێ‌ شمه‌ك ده‌گاته‌ عێراق به‌دوو دۆلار، ئه‌گه‌ر نرخی‌ باج‌و باركردن‌و داگرتن‌و كرێی‌ گواستنه‌وه‌ لێك بده‌ینه‌وه‌ چه‌ندی‌ تێ‌ ده‌چێت؟".

 

ماجید رشك سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ پیشه‌وه‌رانی‌ به‌سره‌ پێی‌ وایه‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ به‌سره‌ به‌خراپترین قۆناغیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌و پێیه‌ی‌ كاڵایه‌كی‌ زۆری‌ بیانی‌ خراونه‌ته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌و هیچ یاسایه‌كیش نییه‌ بۆ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆیی‌.

 

ماجید به‌"نیقاش"ی‌ وت "هیچ پلانێكی‌ ستراتیژی‌ نییه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ له‌به‌سره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ بۆ كرێكارانی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ نییه‌و كۆمپانیا بیانییه‌كانیش كار به‌هێزی‌ كاری‌ ناوخۆیی‌ ناكه‌ن".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات له‌سه‌دا په‌نجای‌ پرۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كانی‌ به‌سره‌ له‌كاركه‌وتوون‌و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌هه‌زاران كرێكار بێكار ماونه‌ته‌وه‌.

 

به‌پێی‌ رێبه‌ری‌ وه‌به‌رهێنان كه‌ له‌ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ به‌سره‌وه‌ ده‌رچووه‌، شه‌ش سه‌د هه‌زار هێزی‌ كاری‌ مه‌ده‌نی‌ هه‌ن كه‌ له‌سه‌دا 24ی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگاكه‌ پێكده‌هێنن كه‌ له‌سه‌دا 37ی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌كه‌رتی‌ گشتی‌‌و 35%یان له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت كارده‌كه‌ن.

 

ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ به‌سره‌ زیاتر له‌ سێ‌ ملیۆن كه‌س‌و به‌رپرسانی‌ پارێزگاكه‌س پێیان وایه‌ له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ گرنگترین شاری‌ ئابوری‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ زیاد بكات‌و گرنگی‌ به‌كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ نه‌وت بدرێت.

 

به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت‌و قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و ده‌ستگرتنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌و تێچوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش، حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ پارێزگاكه‌ هیچی‌ بۆ ناكرێت له‌ئاستی‌ داخوازی‌ پیشه‌وه‌راندا.

 

زه‌هره‌ بجاری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات نه‌حكومه‌ت بودجه‌ی‌ بۆ پرۆژه‌ی‌ پیشه‌سازییه‌ تایبه‌ته‌كان ته‌رخانكردووه‌و نه‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییش رێگه‌یان پێده‌دات داهاتی‌ پارێزگاكه‌ به‌كاربێنن بۆ پێدانی‌ قه‌رز بۆ پاڵپشتی‌ پرۆژه‌كان.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بیل جه‌عفه‌ر عه‌بدولره‌زا مامۆستای‌ ئابوری‌ زانكۆی‌ به‌سره‌ پێی‌ وایه‌ گه‌شه‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ تایبه‌ت رێگه‌یه‌كی‌ راسته‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت‌و مایه‌پوچبوونی‌ حكومه‌ت.

 

ئه‌و مامۆستایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌سه‌ر حكومه‌ت پێویسته‌ چه‌ند رێوشوێنێك بگرێته‌ به‌ر بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ له‌رێی‌ لێخۆشبوون له‌پێویستییه‌كانی‌ به‌رهه‌م‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م‌و ناچاركردنی‌ هاورده‌كاران به‌وه‌ی‌ كاڵا به‌كوالێتی‌ دیاریكراو بهێنن كه‌ رێك بێت له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی‌ كوالێتی‌ كۆنترۆڵ".

 

عه‌بدولره‌زا پێی‌ وایه‌ به‌شێكی‌ خه‌تاكه‌ ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ خاوه‌ن كاره‌كان به‌وه‌ی‌ سودیان له‌ته‌كنه‌لۆژیای‌ نوێ‌ نه‌بینیوه‌، به‌جۆرێك 22%ی‌ كۆمپانیاكان كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنن.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ 61% پرۆژه‌ بچوك‌و مامناوه‌نده‌كانی‌ به‌سره‌ مۆڵه‌تیان نییه‌و، له‌و رێیه‌وه‌ ناتوانن گه‌شه‌ به‌خۆیان بده‌ن‌و ته‌كنه‌لۆژیا بهێننه‌ ئاراوه‌و كۆمه‌ك وه‌ربگرن.

 

وا نه‌بێت هه‌ر ئه‌مانه‌ كێشه‌ی‌ كارگه‌و پیشه‌وه‌رانی‌ به‌سره‌ بێت، چونكه‌ دنیایه‌ك ئاسته‌نگی‌ تریان له‌پێشه‌ وه‌ك نه‌بوونی‌ كاره‌باو هۆكاری‌ گواستنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌نه‌بوونی‌ متمانه‌ به‌بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان‌و زۆری‌ فایده‌ی‌ قه‌رز، ئه‌مه‌ خراپی‌ باری‌ ئه‌منیش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌