راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رزگاربوون له‌لێواری‌ داڕمان
عێراق له‌بڕیارێكی‌ كوشنده‌ی‌ ئابوری‌ پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌

ئیبراهیم ساڵح
له‌دوا ساته‌كاندا عێراق له‌بڕیاری‌ قه‌رزكردن پاشگه‌زبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ری‌ بگرتایه‌ هه‌م بارگرانییه‌كی‌ زۆری‌ دروست ده‌كردو هه‌م نه‌ ده‌زانرا ئاخۆ توانای‌ دانه‌وه‌ی‌ ده‌بێت.
22.10.2015  |  به‌غدا

بڕیاربوو حكومه‌تی‌ عێراق بڕێك پاره‌ قه‌رز بكات، به‌ڵام هه‌رزوو پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ هۆشداریاندا كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئابوری‌ وڵات تووشی‌ داڕمان ده‌كات، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت دابه‌زیوه‌‌و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تریش بۆ داهات نییه‌.

 

به‌ڵام هه‌رزوو وه‌زاره‌تی‌ ئابوری‌ له‌بڕیاره‌كه‌ پاشگه‌زبووه‌و رایگه‌یاند بڕی‌ فایده‌ی‌ سه‌ر پاره‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ بارگرانییه‌كی‌ گه‌وره‌ دروست ده‌كات‌و نازانرێت ئاخۆ توانای‌ دانه‌وه‌یان ده‌بێت یان نا.

 

به‌پێی‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ دامه‌زراوه‌ی‌ (فیچ) پۆلێنبه‌ندی‌ كردووه‌، عێراق كه‌وتووته‌ ریزبه‌ندی‌ (B) له‌داهاتی‌ سیادیدا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نائارامه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاتی‌ گرتووه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردووه‌ به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت‌و زۆری‌ تێچوونی‌ سه‌ربازییه‌وه‌، بودجه‌ی‌ عێراق له‌به‌رده‌م كورتهێنانێكی‌ گه‌وره‌دایه‌.

 

عێراق چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو له‌رێی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ شه‌ش ملیار دۆلاری‌ ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داوای‌ بڕێك فایده‌ی‌ زۆریان لێده‌كرد، چونكه‌ عێراق له‌ریزی‌ خواره‌وه‌ی‌ ریزبه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تیدایه‌ بۆ جێگیری‌ باری‌ ئابوری‌.

 

له‌سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌ت خه‌ریكبوو ده‌چووه‌ ژێر باری‌ كۆت‌و به‌نده‌كانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پسپۆڕان هۆشداری‌ زۆریان ده‌دا، به‌ڵام گوێیان لێ‌ نه‌ده‌گیرا، بۆیه‌ په‌نایان برده‌ به‌ر مه‌رجه‌عیه‌تی‌ باڵای‌ شیعه‌، چونكه‌ ده‌زانن كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌یه‌.

 

مه‌رجه‌عیه‌تی‌ شیعه‌ له‌رێی‌ وتاری‌ رۆژی‌ هه‌ینییه‌وه‌ به‌زمانێكی‌ توند له‌رووی‌ حكومه‌ت وه‌ستایه‌وه‌و رایگه‌یاند ده‌بێت له‌و بڕیاره‌ پاشگه‌ز ببێته‌وه‌، چونكه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ به‌ئابوری‌ وڵات ده‌گه‌یه‌نێت‌و له‌ئاینده‌دا توانای‌ دانه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی‌ نابێت، به‌و پێیه‌ی‌ ته‌نها داهاتی‌ نه‌وت شك ده‌بات.

 

عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ربه‌لایی‌ له‌وتاری‌ رۆژی‌ هه‌ینیدا به‌ناوی‌ سیستانییه‌وه‌ وتی‌ "په‌نابردن بۆ قه‌رز، ئابوری‌ عێراق له‌لێواری‌ داڕمان نزیكك ده‌كاته‌وه‌"، وتیشی‌ "ده‌بێت رێگه‌چاره‌ی‌ دیكه‌ی‌ ئابوری‌ بدۆزێته‌وه‌".

 

پێده‌چێت به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی‌ خێرای‌ حكومه‌ت بۆ بۆچوونه‌كه‌ی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ بێت كه‌ نایه‌وێت ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر شه‌قامی‌ عێراقی‌ له‌خۆی‌ توڕه‌ بكات.

 

ده‌مێكه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت داوا ده‌كات حكومه‌تی‌ عێراق سه‌رچاوه‌ی‌ تری‌ دارایی‌ بدۆزێته‌وه‌‌و به‌ته‌نها پشت به‌نه‌وت نه‌به‌ستێت، به‌ڵكو بیر له‌داهاتی‌ پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵ‌و گه‌شتوگوزار بكاته‌وه‌.

 

بۆچوونه‌كه‌ی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت پشتی‌ به‌ستبوو به‌ڕای‌ پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ كه‌ روونی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ پشت به‌ستن به‌نه‌وت چه‌نده‌ ئابوری‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌.

 

ئه‌حمه‌د ته‌ویل پسپۆڕی‌ ئابوری‌ ده‌ڵێت "حكومه‌ت گوێی‌ به‌و لێكدانه‌وانه‌ نه‌دا كه‌ ئێمه‌ پێشكه‌شمان ده‌كرد، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند جارێك روونمان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نرخی‌ نه‌وت داده‌به‌زێ‌‌و ناكرێت پشتی‌ پێ ببه‌سترێت".

 

ده‌شڵێت "خه‌ریكبوو حكومه‌ت بكه‌وێته‌ ته‌نگژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام له‌دوا ساته‌كاندا فریای‌ خۆی‌ كه‌وت‌و له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ پاشگه‌ز بووه‌وه‌".

 

ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ قه‌رزی‌ ده‌ره‌كی‌ كاتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ عێراق ئه‌گه‌ر نرخی‌ نه‌وت رووه‌و هه‌ڵكشان بێت، به‌ڵام بۆ ئێستا پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌.

 

عیماد سائیغ كه‌ راوێژكاری‌ ئابوری‌ كۆمپانیایه‌كی‌ وه‌به‌رهێنانه‌ ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراقدا به‌شدارن به‌شاره‌زاو راوێژكارانه‌وه‌، ده‌زانن عێراق ناتوانێت پابه‌ند بێت به‌دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ گره‌وێكی‌ دۆڕاوه‌".

 

پسپۆڕان پێیان وابوو ئه‌گه‌ر عێراق ئه‌و قه‌رزه‌ی‌ بكردایه‌ ئه‌وا دواجار رووبه‌رووی‌ هه‌مان چاره‌نووسی‌ یۆنان ده‌بووه‌وه‌‌و بگره‌ خراپتریش، چونكه‌ عێراق له‌شه‌ڕێكی‌ قورسدایه‌و هه‌موو بارگرانییه‌كی‌ تر ده‌یخاته‌ سه‌ر لێواری‌ داڕمان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌