راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش گورزه‌كه‌ی‌ وه‌شاند
دانیشتووانی‌ باشووری‌ عێراقی‌ خستووه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی‌ خنكان

رەعد سالم
رۆژ به‌رۆژ داعش شێوازی‌ نوێ‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ له‌ناوبردنی‌ دانیشتووانی‌ ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق، نوێترین كاریشی‌ له‌تینواندا خنكاندنیانه‌.
1.10.2015  |  عه‌ماره

جه‌بار حه‌سه‌ن چاوه‌ڕێیه‌ ئه‌و مێگه‌له‌ گامێشه‌ی‌ ماوێتی‌ هاوشێوه‌ی‌ حه‌وت گامێشه‌كه‌ی‌ تری‌ به‌هۆی‌ بێئاوییه‌وه‌ له‌ناو بچن، چونكه‌ زه‌وییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ وشك هه‌ڵگه‌ڕاون‌و ئاویان تیا نه‌ماوه‌.

 

ئه‌و زه‌وییه‌ی‌ كه‌ ساڵانێكی‌ زۆره‌ جه‌بارو باوو باپیرانی‌ لێی‌ ده‌ژین‌و كشتوكاڵ‌و مه‌ڕداری‌‌و راوه‌ ماسی‌ تیا ده‌كه‌ن، ئێستا سه‌رجه‌می‌ وشك بووه‌و به‌كه‌ڵكی‌ ژیان نه‌ماوه‌.

 

جه‌بار (55 ساڵ) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ ئاوه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ ته‌واو بوژاوه‌ته‌وه‌و راوی‌ ماسی‌ زیادی‌ كردووه‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گامێش هێنراوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام له‌پڕ هه‌موویان له‌ناوچوون.

 

له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هۆڕه‌كان به‌ته‌واوی‌ وشكیان كردووه‌و به‌كه‌ڵكی‌ ژیان نه‌ماون، هیچ چاره‌یه‌كیشمان نییه‌ جگه‌ له‌جێهێشتنی‌ ناوچه‌كه‌و گه‌ڕان به‌دوای‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ بژێویدا".

 

جه‌بارو سه‌دان خێزانی‌ تر كه‌ له‌هۆڕه‌كانی‌ قه‌زای‌ (جه‌بایش) ده‌ژین (90كم باشوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ زیقار)، تووشی‌ وشكه‌ساڵییه‌ك بوون كه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ شتی‌ وایان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، ساڵانێك له‌وه‌و به‌ر رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن سه‌رجه‌م هۆڕه‌كانی‌ وشك كردو له‌رێی‌ دانانی‌ چه‌ند به‌نداوێك له‌سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ ژیانی‌ له‌ناوچه‌كه‌ بڕی‌ به‌بیانووی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ هێزه‌ نه‌یاره‌كانی‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ ئێران.

 

رووبه‌ری‌ هۆڕه‌كانی‌ زیقار به‌ر له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ده‌گه‌یشته‌ یه‌ك ملیۆن‌و چل‌و هه‌شت هه‌زار دۆنم، ئه‌و ناوچانه‌شی‌ كه‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003 بوژێنرانه‌وه‌ نه‌گه‌یشته‌ نیوه‌ی‌ كۆی‌ رووبه‌ره‌كه‌.

 

له‌كاتێكدا خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو هۆڕه‌كان زیاتر ببوژێنرێنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌ داعش له‌حوزه‌یرانی‌ 2014 چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ خۆرئاواو باكوری‌ عێراقی‌ گرته‌ ده‌ست، به‌نداوه‌كانی‌ سه‌ر رووباری‌ فوراتی‌ گرته‌وه‌و ئاوی‌ حه‌وزی‌ فوراتی‌ دابه‌زاند، هه‌روه‌ها هه‌مان حاڵه‌تی‌ له‌گه‌ڵ حه‌وزی‌ غه‌راف دووباره‌ كرده‌وه‌ له‌رێی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ به‌نداوه‌كانی‌ سه‌ر دیجله‌.

 

به‌دیع لبنان قایمقامی‌ قه‌زای‌ جه‌بایش به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئاستی‌ ئاوی‌ حه‌وزی‌ فورات كه‌ ئاو به‌هۆڕه‌كان ده‌دات 90 سانتیمه‌تر دابه‌زیوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گامێش له‌ناوچوون، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ ئاستی‌ سوێری‌ گه‌یشتووه‌ته‌ حه‌وت هه‌زار به‌ش له‌ملیۆنێكدا، له‌كاتێكدا ئاستی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ نابێت له‌یه‌ك هه‌زار تێپه‌ڕ بكات.

 

نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو وشكهه‌ڵاتنه‌كه‌ رێگری‌ ده‌كات له‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ هۆڕه‌كان بچنه‌ لیستی‌ شوێنه‌ كه‌له‌پورییه‌كانی‌ جیهانه‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن، چونكه‌ ئاژه‌ڵداره‌كان‌و راوچیانی‌ ماسی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ پێكده‌هێنن، كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵیان ده‌ست پێكردووه‌.

 

جاسم ئه‌سه‌دی‌ راوێژكاری‌ ژینگه‌یی‌ رێكخراوی‌ سروشتی‌ عێراق كه‌ پسپۆڕه‌ له‌دۆسێی هۆڕه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست به‌"نیقاش"ی‌ وت "وشكبوونه‌وه‌ی‌ هۆڕه‌كان زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌یاندووه‌ به‌هه‌مه‌چه‌شنی‌ ژیان له‌ناوچه‌كه‌دا، چونكه‌ ئیتر هۆڕه‌كان نه‌بوونه‌ شوێنی‌ كۆچی‌ وه‌رزی‌ باڵنده‌كان به‌ره‌و ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها هه‌موو جۆره‌ باشه‌كانی‌ ماسی‌‌و سامانی‌ رووه‌كی‌ له‌ناوچوون".

 

به‌هۆی‌ هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ خه‌ڵك ده‌ستی‌ پێكردووه‌و له‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌مدا زیاتر له‌بیست خێزان به‌ره‌و ناوچه‌كانی‌ فه‌جرو رفاعی‌ له‌باكوری‌ ناسرییه‌ رۆیشتوون، هه‌روه‌ها بۆ ناوچه‌ی‌ فه‌زیله‌ی‌ خوارووی‌ به‌غدا، له‌هه‌مووانیش زه‌ره‌مه‌ندتر به‌خێوكه‌رانی‌ گامێشن، چونكه‌ به‌هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ سوێرییه‌وه‌ ژیانی‌ بیست هه‌زار گامێش له‌مه‌ترسیدایه‌.

 

رێكخراوی‌ سروشتی‌ عێراق باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌دا هه‌شتای‌ به‌خێوكه‌رانی‌ گامێش له‌هۆڕه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست كۆچیان كردووه‌، هه‌ر به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ژماره‌ی‌ گامێشه‌كانی‌ قه‌زای‌ جه‌بایش به‌ (27) هه‌زار سه‌ر مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن.

 

عیدان عه‌بدولساده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ مه‌ناری‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ جه‌بایش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی‌ وشكبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ رووباری‌ عه‌تاوه‌ زۆربه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ گه‌یاندنی‌ ئاو به‌ماڵان په‌كیان كه‌وتووه‌، بۆیه‌ داوایكرد په‌له‌ بكرێت له‌دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك.

 

دابه‌زینی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ دیجله‌و فورات وایكردووه‌ له‌پارێزگاكانی‌ باشوور زیاده‌ڕه‌وی‌ بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ی‌ بۆیان ته‌رخانكراوه‌، بۆیه‌ عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران فه‌رمانی‌ داوه‌ به‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ رافیده‌ین كه‌ شوێن دۆسێی‌ زیاده‌ڕه‌وی‌ سه‌ر ئه‌و دوو رووباره‌ بكه‌وێت له‌پارێزگاكانی‌ وایت‌و زیقارو سه‌ماوه‌و میسان.

 

فه‌ریق روكن جه‌میل شمه‌ری‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ رافیده‌ین رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان كارده‌كه‌ن بۆ نه‌هێشتنی‌ زیاده‌ڕه‌وییه‌كان‌و وتی‌ "رێكه‌وتنی‌ پارێزگاكانی‌ سه‌ر كه‌ناری‌ رووباره‌كان بۆ پابه‌ندبوون به‌و بڕانه‌ی‌ بۆیان ته‌رخانكراوه‌، هاوكار ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانه‌كه‌".

 

له‌م سه‌روبه‌نده‌دا په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ وه‌زاره‌تی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو راده‌كێشرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بباته‌ سه‌ر بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ هه‌ردوو حه‌وزی‌ فورات‌و غه‌راف، له‌مڕووه‌وه‌ حه‌سه‌ن ئه‌سه‌دی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ زیقار ده‌ڵێت "ئاستی‌ ئاو له‌هۆڕه‌كان كه‌متره‌ له‌ له‌سه‌دا 15 له‌كاتێكدا ساڵی‌ پار ئه‌م كاتانه‌ له‌سه‌دا 80 بووه‌".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ رازی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ پرۆژه‌ ئاودێرییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌وان به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارییه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ كاره‌كانی‌ بكات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌ستگرتنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت به‌روونی‌ كاری‌ له‌پرۆژه‌كانی‌ ئێمه‌ كردووه‌".

 

ئامارێكی‌ روون له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و زیانانه‌ی‌ به‌ر هۆڕه‌كان كه‌توون، به‌ڵام ئاماژه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان باس له‌ له‌ناوچوونی‌ ده‌یان سه‌ر گامێش‌و به‌هه‌زاران ماسی‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ وشكبوونی‌ چه‌ندین دۆنم زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌‌و بڵابوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌