راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كۆمپانیا ساخته‌كان گیرفانی‌ خه‌ڵك‌و حكومه‌ت ده‌بڕن

عه‌لی عه‌گیلی‌
ناوه‌ ناوه‌ له‌به‌سره‌ چه‌ند كۆمپانیاو بانكێكی‌ وه‌همی‌ په‌یدا ده‌بن، پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆر له‌هاوڵاتیان ده‌چننه‌وه‌ له‌پڕ دیارنه‌مێنن، حكومه‌تیش تائێستا رێچاره‌ی‌ نییه‌.
10.09.2015  |  به‌سره
بڕێک دۆلار
بڕێک دۆلار

ناسر كه‌ریم كاسبكارێكی‌ بازاڕی‌ زوبێره‌ (20كم خۆرئاوای‌ به‌سره‌) یه‌كێكه‌ له‌قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ كۆمپانیا وه‌همییه‌كان، پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆری‌ خوراوه‌، تا ئه‌مڕۆ قه‌رزی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌داته‌وه‌.

 

كه‌ریم له‌سه‌ر قسه‌ی‌ چه‌ند ناسیاوێكی‌ به‌بڕێك پاره‌ به‌شداری‌ له‌كۆمپانیایه‌كدا كردووه‌و ئه‌ویش له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تری‌ بۆ ئه‌و كاره‌ راكێشاوه‌ تا كۆی‌ سودمه‌نده‌كان له‌و رێیه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ بیست كه‌س.

 

بیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ هه‌ر كه‌سێك یه‌كێكی‌ تر بۆ پرۆژه‌كه‌ رابكێشێت، ئه‌وا بڕێك پاره‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ قازانج له‌و پاره‌یه‌ ده‌كات كه‌ خۆی‌ دایناوه‌.

 

كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "بیرۆكه‌كه‌ سه‌رنج راكێش بوو، سێ‌ مانگی‌ یه‌كه‌م بڕێك قازانجی‌ زۆرم وه‌رگرت كه‌ گه‌یشته‌ بڕی‌ 20 ملیۆن دینار".

 

بۆ ئه‌وه‌ی‌ گومان نه‌هێلێت، كۆمپانیاكه‌ ئۆفیسێكی‌ له‌ناوچه‌ی‌ جه‌زائیری‌ به‌سره‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شوێنی‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌، به‌ڵام له‌پڕ دیار نه‌ماوه‌.

 

كه‌ریم درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "كاتێك سه‌ردانی‌ ئۆفیسی‌ كۆمپانیاكه‌م كرد بینیم داخراوه‌و كه‌لوپه‌لیشی‌ هیچ تیا نه‌ماوه‌، دواتر زانیم كه‌ ئه‌و شوێنه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ به‌كرێ‌ گیراوه‌".

 

ناسر كه‌ریم بڕی‌ سه‌د ملیۆن دیناری‌ له‌لای‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ داناوه‌ كه‌ هه‌م پاشه‌كه‌وتی‌ خۆیی‌‌و هه‌م ئه‌و قه‌رزه‌ بووه‌ كه‌ له‌براو كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش خوراوه‌ كه‌ له‌رێی‌ ئه‌مه‌وه‌ چوونه‌ته‌ كۆمپانیاكه‌، دواجار كێشه‌كه‌یان له‌رێی‌ چه‌ند دانیشتنێكی‌ عه‌شایه‌رییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌و ناچار بووه‌ بڕێك پاره‌ به‌وانیش بدات.

 

ره‌نگه‌ زیانی‌ ناسر كه‌ریم هیچ نه‌بێت به‌راورد به‌و زیانانه‌ی‌ له‌رێی‌ كۆمپانیا وه‌همییه‌كانه‌وه‌ به‌ر حكومه‌تی‌ عێراقی‌ كه‌وتووه‌، چونكه‌ چه‌ندین كۆمپانیا به‌ناوی‌ عه‌ره‌بی‌‌و جیهانییه‌وه‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆریان له‌پرۆژه‌كانی‌ به‌سره‌ بردووه‌و دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ سه‌رجه‌میان كۆمپانیای‌ ساخته‌ بوون.

 

ئه‌م كۆمپانیایانه‌ له‌رێی‌ په‌یوه‌ندییان به‌كه‌سانی‌ ده‌ستڕۆیشتووی‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن‌و پاش ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ساخته‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ كۆمپانیای‌ نێوده‌وڵه‌تین‌و بڕێك پاره‌ی‌ زۆریان له‌بانكه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌‌و له‌بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانیش گه‌ره‌نتی‌ وه‌رده‌گرن، سه‌ره‌نجامیش به‌بڕێك پاره‌ی‌ زۆره‌وه‌ هه‌ڵدێن‌و دیار نامێنن.

 

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا كاردانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ته‌نها خۆی‌ بینیوه‌ته‌وه‌ له‌تۆماركردنی‌ ناوی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌لیستی‌ ره‌شدا، هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار به‌ناوی‌ تره‌وه‌ جارێكی‌ تر پرۆژه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

 

یه‌كێتی‌ پیاوانی‌ خاوه‌نكار له‌به‌سره‌ هۆشداری‌ ده‌دات له‌بڵاوبوونه‌وه‌ كۆمپانیا ساخته‌كان، له‌مڕووه‌وه‌ سه‌بیح هاشمی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و كۆمپانیا ساختانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌‌و یاسایی‌ خۆیان پێشكه‌ش ناكه‌ن، به‌ڵكو فێڵ‌و ساخته‌ به‌كارده‌هێنن.

 

هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ند جارێك حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ به‌سره‌مان له‌باره‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ساخته‌وه‌ رژاونه‌ته‌ ناو بازاڕه‌كانی‌ به‌سره‌".

 

هاشمی‌ داوا ده‌كات له‌رێی‌ ئه‌و لیژنانه‌ی‌ پێكهێنراون ورده‌كاری‌ له‌باره‌ی‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ ده‌ست بخرێن‌و چاودێری‌ بكرێن، ده‌شڵێت "ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بڕیاری‌ داوه‌ كاری‌ ئه‌و كۆمپانیا ساختانه‌ رابگیرێت‌و رووبه‌رووی‌ دادگا بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌پڕ ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌قیل خالیدی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئابوری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بوونی‌ بانك‌و كۆمپانیای‌ ساخته‌ له‌به‌سره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هۆكاری‌ ئه‌و گومانه‌ی‌ دروست بووه‌ له‌به‌ره‌نجامی‌ دواكه‌وتنی‌ بانكی‌ ناوه‌نده‌ به‌پێدانی‌ پاره‌ به‌بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان، ده‌شڵێت "زۆربه‌ی‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان بڕێك پاره‌ی‌ زۆریان له‌لای‌ بانكی‌ ناوه‌ندییه‌، به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌، خه‌ڵكی‌ ناتوانن به‌ئاسانی‌ پاره‌كه‌ی‌ خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك دوو بانك مایه‌پوچبوونی‌ خۆی‌ راگه‌یاندووه‌".

 

عه‌دنان سه‌رایفی‌ پارێزه‌ر له‌تۆماری‌ كۆمپانیاكان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بوونی‌ كۆمپانیای‌ ساخته‌ دیارده‌یه‌كی‌ تازه‌ نییه‌و ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌ژێر ناوی‌ بیانیدا كارده‌كه‌ن‌و له‌تۆماری‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌و خاوه‌نه‌كانیشیان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ دوو ره‌گه‌زنامه‌یان هه‌یه‌، هه‌ندێكی‌ تریشیان هه‌ر مۆڵه‌تیان نییه‌‌و به‌ساخته‌ به‌ڵگه‌نامه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن".

 

به‌قسه‌ی‌ سه‌رایفی‌ یاسای‌ ژماره‌ 149ی‌ ساڵی‌ 2004 كۆمپانیا بیانییه‌كان ناچار ده‌كات له‌عێراقیش خۆیان تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام تێبینی‌ ئه‌وه‌ كراوه‌ زۆربه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ له‌به‌غداو شاره‌كانی‌ تر كارده‌كه‌ن.

 

ده‌شڵێت "به‌هۆی‌ ده‌ست تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكدا، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ خۆیان ده‌دزنه‌وه‌ له‌خۆ تۆماركردن‌و ته‌نها پشت به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ هێناویانه‌".

 

پارێزه‌ره‌كه‌ روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌سی‌ ساخته‌كار به‌ڵگه‌نامه‌ پێشكه‌ش ده‌كات گوایه‌ نوێنه‌ری‌ كۆمپانیا جیهانییه‌كه‌یه‌و ئه‌وان گه‌ره‌نتی‌ ده‌كه‌ن.

 

سه‌رایفی‌ ده‌ڵێت "پاش هێنانی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ساخته‌، كۆمپانیاكه‌ گه‌ره‌نتی‌ به‌رێژه‌ی‌ 5%ی‌ پرۆژه‌كه‌ داده‌نێت‌و پاره‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت كه‌ 300%ی‌ سه‌رمایه‌كه‌یه‌تی‌، ئیتر له‌پڕ دیار نامێنێت".

 

هه‌ڵهاتنی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌بڕێك پاره‌ی‌ زۆره‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ له‌ده‌ستدانی‌ بودجه‌ی‌ پارێزگاو په‌ككه‌وتنی‌ پرۆژه‌كان، یان راوه‌ستانیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كجاری‌.

 

محه‌مه‌د حسێن شمه‌ری‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ پێی‌ وایه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ پرۆژه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن خۆیان توانای‌ جێبه‌جێكردنیان نییه‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ به‌كۆمپانیایه‌كی‌ تری‌ ده‌به‌خشن‌و خۆیان بڕێك قازانج وه‌رده‌گرن.

 

ده‌شڵێت "به‌شێك له‌كۆمپانیاكان ناوو سیفه‌تی‌ جیهانی‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ گومانیان نه‌چێته‌ سه‌رو له‌و رێیه‌وه‌ بتوانن پرۆژه‌كان وه‌ربگرن".

 

به‌هۆی‌ زۆربوونی‌ كۆمپانیا ساخته‌كان، ئێستا به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌پسپۆڕان‌و دانیشتوانی‌ به‌سره‌ داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت رێوشوێنی‌ توندتر بگرێته‌ به‌ر بۆ به‌رگرتن له‌كۆمپانیا ساخته‌كان‌و رێیان نه‌دات هێنده‌ی‌ تر سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ پارێزگاكه‌ ببه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌