راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گره‌و له‌سه‌ر گیرفانی‌ موسڵییه‌كان
داعش دینارو درهه‌می‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ چاپ ده‌كات

مەروان جەبار
له‌نوێترین داهێنانه‌كانی‌ داعش دروستكردنی‌ دراوی‌ زێڕو زیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و گروپه‌ به‌شانازییه‌وه‌ له‌كاره‌كه‌یان ده‌ڕوانن، به‌ڵام بۆ خه‌ڵكی‌ موسڵ مایه‌ی‌ گرنگی‌ نییه‌.
3.09.2015  |  به‌غدا
دیناری داعش
دیناری داعش

به‌م دواییه‌ داعش ڤیدیۆیه‌كی‌ نوێی‌ بڵاوكرده‌وه‌‌و تیایدا ورده‌كاری‌ ستراتیژی‌ دارایی‌ گروپه‌كه‌و چۆنێتی‌ دروستكردنی‌ دراوی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان باسده‌كه‌ن كه‌ پێكهاتووه‌ له‌"دیناری‌ زێڕو درهه‌می‌ زیو".

 

له‌ڤیدۆیه‌كه‌دا كه‌سێك به‌زمانی‌ ئینگلیزی‌ باس له‌هه‌نگاوه‌  نوێیه‌كه‌یان ده‌كات‌و قسه‌كانی‌ بۆ چه‌ند زمانێكی‌ تریش وه‌رده‌گێڕدرێن، له‌نێویاندا زمانی‌ عه‌ره‌بی‌.

 

وه‌كو هه‌موو ڤیدیۆكانی‌ تری‌ داعش به‌كوالێتییه‌كی‌ به‌رز به‌رهه‌مهاتووه‌و به‌شی‌ زۆری‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌سیسته‌می‌ سه‌رمایه‌داریی‌‌و له‌رێی‌ هێڵ‌و چارت‌و نه‌خشه‌وه‌ شیكاری‌ بۆ "شكست"ی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كات.

 

ماوه‌ی‌ ڤیدیۆكه‌ 55 خوله‌كه‌و تیایدا باس له‌بنه‌ما "شه‌رعییه‌كان"ی‌ لایه‌نی‌ ئابوری‌‌و دارایی‌ ده‌كات‌و وه‌ك هه‌موو ڤیدیۆكانی‌ تر تیایدا روونه‌ كه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ پروپانده‌یه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ داعش‌و هه‌وڵی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ تری‌ جیهان.

 

كه‌سی‌ قسه‌كه‌ر چه‌ند جارێك جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر دراوێك له‌جیهاندا ده‌بێت پاڵپشت بێت به‌زێڕ، بۆیه‌ ئه‌مان راسته‌وخۆ دراوه‌كه‌یان له‌زێڕ دروستكردووه‌، به‌ڵام به‌بڕوای‌ زۆربه‌ی‌ چاودێران ئه‌و لێكدانه‌وه‌و شیكارییانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ باوه‌ڕپێكراویان نییه‌و نه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ عێراق‌و نه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ وڵاتانی‌ تری‌ جیهان.

 

لێكدانه‌وه‌ی‌ زۆر بۆ كاتی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌كرێت‌و زۆر كه‌س گرێی‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌و خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زاییانه‌ی‌ ئێستا له‌عێراقدا به‌ڕێوه‌ده‌چن، چونكه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆپیشاندانه‌كان رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و باشكردنی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كاره‌، داعشیش ده‌یه‌وێت له‌م رێیه‌وه‌ روونی‌ بكاته‌وه‌ كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی‌ ئه‌و له‌بواری‌ ئابوریدا باشترین سیسته‌مه‌، به‌ڵام هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م ڤیدیۆیه‌ به‌رهه‌مێكی‌ تریان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌زیندوویی‌ چه‌ند چه‌كدارێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌سوتێنن، ئه‌مه‌ش هه‌موو بانگه‌شه‌كانیان بۆ گرنگیدان به‌ژیانی‌ خه‌ڵك پووچ ده‌كاته‌وه‌.

 

پێناچێت بۆ خه‌ڵكی‌ موسڵ ئه‌م بابه‌ته‌ هیچ مایه‌ی‌ گرنگی‌ بێت‌و حه‌وسه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌دیار ئه‌م ڤیدیۆ دوورو درێژه‌وه‌ دابنیشن‌و ته‌ماشای‌ چۆنێتی‌ دروستكردنی‌ دیناری‌ زێڕ بكه‌ن كه‌ ره‌مزی‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ ئیسلامی‌ بووه‌.

 

چه‌ند شایه‌تحاڵێك له‌ناو موسڵه‌وه‌ به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌كارێكی‌ بێ بنه‌ما ده‌بینن‌و ئاماده‌نین سه‌ركێشی‌ به‌و كه‌مه‌ داراییه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ماوه‌و په‌نا بۆ به‌كارهێنانی‌ دراوی‌ زێڕو زیو ببه‌ن.

 

ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ باس له‌م دراوه‌ نوێیه‌ ده‌كه‌ن‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن داعش ساخته‌ی‌ تیا كردووه‌، یه‌كێك له‌زه‌ره‌نگه‌ڕه‌كانی‌ موسڵ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و دراوه‌ دراوێكی‌ ساخته‌یه‌، چونكه‌ له‌كانزایه‌كی‌ ئاسایی‌ دروستكراوه‌و ته‌نها به‌زێڕ رووپۆشیان كردووه‌".

 

زۆركه‌س ده‌پرسن ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ داعش له‌م هه‌نگاوه‌ چییه‌؟ چاودێرانیش وه‌ها لێكی‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌به‌ربه‌راكانێی‌ سیسته‌می‌ سه‌رمایه‌داری‌، بۆ زۆرێك له‌بیرمه‌ندانی‌ ئیسلامی‌ سیسته‌می‌ ئابوری‌ ئیسلامی‌ سیسته‌مێكی‌ گرنگه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ دراوی‌ فه‌رمی‌ ئیمپراتۆرییه‌تی‌ ئیسلامی‌ بووه‌.

 

بگره‌ به‌شێك له‌بیرمه‌ندانی‌ خۆرئاواش كه‌ پشتیوانی‌ سیاسه‌تی‌ "دارایی‌ جێگیر" ده‌كه‌ن، پێیان وایه‌ ده‌بێت نرخی‌ راسته‌قینه‌ی‌ دراو گرێ‌ بدرێته‌وه‌ به‌زێڕو زیوه‌وه‌، داعش له‌ڤیدیۆكه‌یدا قسه‌ی‌ به‌شێك له‌وانه‌ی‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، له‌نێویاندا قسه‌كانی‌ پاڵێوراوی‌ پێشووی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا رۆن بۆل، هه‌روه‌ها نوسه‌رو راوێژكاری‌ وه‌به‌رهێنان مایك مالۆنی‌ كه‌ هه‌ردوكیان به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌رۆڵی‌ زیِڕو زیو ده‌كه‌ن له‌پاڵپشتی‌ دراودا.

 

ته‌نانه‌ت ڤیدیۆكانی‌ مالۆنی‌ له‌سه‌ر یوتیوب بووه‌ته‌ هه‌وێنی‌ بیرۆكه‌كه‌ی‌ داعش‌و به‌شێك له‌بڕگه‌كانیان بردووه‌و له‌ڤیدیۆكه‌ی‌ خۆیان به‌كاریان هێناوه‌ته‌وه‌.

 

به‌شێك له‌و دارییه‌ی‌ داعش ده‌ستی‌ ده‌كه‌وت له‌رێی‌ ئه‌و باج‌و سه‌رانه‌یه‌وه‌ بوو كه‌ له‌موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ده‌بڕی‌، به‌ڵام كاتێك حكومه‌تی‌ ناوه‌ند موچه‌كانی‌ بڕی‌، داعش به‌شێكی‌ گرنگی‌ داراییه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت گورزێكی‌ تر بوو له‌سامانی‌ ئه‌و گروپه‌ كه‌وت.

 

خه‌ڵكی‌ موسڵ ده‌ڵێن داعش ئێجگار پێویستی‌ به‌دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگایه‌كی‌ نوێیه‌ بۆ زیادكردنی‌ سه‌رمایه‌كه‌ی‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌م دراوه‌ نوێیانه‌ی‌ به‌رهه‌م هێناوه‌، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا كه‌س به‌كاریان ناهێنێت، به‌ڵام دوور نییه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا به‌زۆره‌ملێ‌ بیسه‌پێنێ‌.

 

داعش باش ده‌زانێت سه‌ركه‌وتنی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌‌و زیادبوونی‌ داهاته‌كه‌ی‌ گرێدراوه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م دیناره‌ زێڕه‌وه‌، جا ئیتر گرنگ نییه‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر گیرفانی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ چی‌ ده‌بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌