راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌ڵكی‌ كوت له‌كێڵگه‌كانی‌ نه‌وت ده‌ترسن

محه‌ممه‌د زه‌یدی
بۆ خه‌ڵكی‌ كوت، نه‌وت نه‌ك هه‌ر خێروبێری‌ نییه‌، به‌ڵكو ئێستا بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ چه‌ندین نه‌خۆشی‌ كوشنده‌و مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی‌ دروستكردووه‌.
9.07.2015  |  واست
کێڵگەیەکی نەوت
کێڵگەیەکی نەوت

زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ نزیك كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ (ئه‌حدب) له‌پارێزگای‌ واست (كوت) ناڕازین له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و مادده‌ ژه‌هراویانه‌ی‌ له‌به‌ره‌نجامی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وته‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نه‌ حكومییه‌كانیش رایده‌گه‌ینن هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات له‌چوارچێوه‌ی‌ سنوری‌ رێپێدراوه‌.

 

كاتێك كۆمپانیایه‌كی‌ چینی‌ ده‌ستیكرد به‌وه‌به‌رهێنان له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ "ئه‌حدب" له‌باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ واست، یه‌كسه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌نگیان لێ‌ به‌رزبووه‌وه‌و رایانگه‌یاند ئه‌و بڕه‌ غازه‌ زۆره‌ی‌ له‌بیره‌ نه‌وته‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چن، مه‌ترسی‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ی‌ شاره‌كه‌ دروستكردووه‌و زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ گیرۆده‌كردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ره‌بۆیان هه‌یه‌ یان تووشی‌ فره‌ هه‌ستیاری‌ بوون.

 

یه‌حیا نه‌قی‌ كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ دانیشتووی‌ پارێزگای‌ واسته‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ناوچه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ خه‌مساردن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌ی‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر هاوڵاتیان‌و رایده‌گه‌یه‌نێت سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند جارێك به‌رپرسانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌نجامیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌.

 

نه‌قی‌ ده‌شڵێت "ئه‌و غازه‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌نزیك كێڵگه‌كه‌ نیشته‌جێن‌و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین نه‌خۆشی‌ سنگ‌و پێست‌و هه‌وكردنی‌ چاو له‌ناویاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ژارن‌و شه‌وان له‌سه‌ربانی‌ ماڵه‌كانیان ده‌خه‌ون، به‌و هۆیه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ غازه‌كه‌وه‌".

 

جوتیارێكی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌مان قسه‌ی‌ نه‌قی‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كاتێك با هه‌ڵده‌كات به‌ته‌واوی‌ گوندنشینه‌كان هه‌راسان ده‌بن، بۆیه‌ داوا له‌به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات رۆڵیان هه‌بێت له‌راگرتنی‌ كار له‌و كێڵگه‌یه‌دا.

 

ساڵی‌ 2008 ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ نیشاندا بۆ په‌ره‌پێدانی‌ كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ "ئه‌حدب" ئه‌مه‌ش به‌ئه‌نجامدانی‌ گرێبه‌ستێكی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكوروو كۆمپانیای‌ واحه‌ی‌ چینی‌، به‌وه‌ش بووه‌ گه‌وره‌رتین گرێبه‌ستی‌ په‌ره‌پێدانی‌ كێڵگه‌ی‌ نه‌وت له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌، ئه‌م رێكه‌وتنه‌ نوێیه‌ جۆرێك بوو له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنێكی‌ پێشوتر كه‌ ساڵی‌ 1997 بۆ ماوه‌ی‌ بیست ساڵ رژێمی‌ پێشووی‌ به‌عس له‌گه‌ڵ هه‌مان كۆمپانیا ئه‌نجامیدابوو بۆ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت‌و غاز.

 

له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2010ه‌وه‌ له‌كێڵگه‌ی‌ ئه‌حدب ده‌ستكراوه‌ به‌ده‌رهێنانی‌ نه‌وتی‌ خاو به‌ڕێژه‌ی‌ شه‌ست هه‌زار به‌رمیل له‌رۆژێكدا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ (130) هه‌زار به‌رمیل له‌رۆژێكدا.

 

موجته‌با قوتبی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌ ناحیه‌ی‌ ئه‌حرار به‌"نیقاش"ی‌ وت "زیانه‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ته‌نها له‌لایه‌نی‌ ته‌ندورستی‌‌و ژینگه‌ییه‌وه‌ خۆی‌ نابینێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و كۆمپانیایه‌ زه‌وییه‌كی‌ زۆری‌ كشتوكاڵی‌ فه‌وتاندووه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ رێوشوێنێك بگرێته‌ به‌ر بۆ پاراستنی‌ هاوڵاتیان".

 

ده‌شڵێت "جوتیاران‌و خاوه‌ن زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان سكاڵایان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووماڵه‌ جیۆلۆجیانه‌ی‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌یكات، به‌و پێیه‌ی‌ زیاتر له‌ 400 بیر له‌ناو موڵكی‌ تایبه‌تی‌ خه‌ڵكیدا دیاریكراوه‌و بۆ هه‌ر بیرێكیش كۆمپانیاكه‌ ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر پێنج دۆنم زه‌ویدا‌و له‌به‌رامبه‌ردا بڕی‌ ده‌ ملیۆن دینار ده‌دات به‌هه‌ر جوتیارێك".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ نه‌عیم زه‌مد سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌ ناحیه‌ی‌ ئه‌حرار داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كرد په‌له‌ بكات بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ هاوڵاتیانی‌ ناوچه‌كه‌و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی‌ ده‌كرێت لێپێچینه‌وه‌ له‌كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كه‌ بكات.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ گرتویه‌تیه‌ به‌ر نه‌عیم به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ندین دانیشتنمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ كێڵگه‌كه‌ ئه‌نجامداوه‌و به‌ڵێنیان پێداوین چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و گرفتانه‌ بكه‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچ یه‌كێك له‌به‌ڵێنه‌كانیان نه‌بردووه‌ته‌ سه‌ر".

 

به‌پێی‌ یاسای‌ پاراستن‌و چاككردنی‌ ژینگه‌ ژماره‌ (27) له‌ساڵی‌ 2009 له‌سه‌ر كۆمپانیاو پاڵاوگه‌كانی‌ نه‌وت پێویسته‌ سیسته‌می‌ چاودێرو پێوانه‌و چاره‌سه‌ری‌ پێسبوونی‌ ژینگه‌ په‌یڕه‌و بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن، كۆمپانیا چینییه‌كه‌ گوێی‌ به‌و یاسایه‌ نه‌داوه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی‌ هاوڵاتیان‌و به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌ندازیار مه‌جید عه‌باس حه‌مید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌وتی‌ واست به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "رێژه‌ی‌ ئه‌و غازه‌ی‌ له‌بیره‌ نه‌وته‌كان دێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ئاستی‌ رێپێدراوو ته‌ندروستدایه‌و زیانی‌ بۆ هیچ كه‌سێك نییه‌".

 

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد ئه‌گه‌ر بڕه‌ غازه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر بێت ده‌توانرێ‌ سوودی‌ لێ ببینرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ غازه‌ی‌ ماڵان یاخود به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ بڕێكی‌ كه‌م‌و بێزیانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌