راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌
دۆلار هه‌ڵده‌كشێ‌و هۆكاره‌كه‌ی‌ روون نییه‌

ئیبراهیم ساڵح
هه‌ڵكشانی‌ نرخی‌ دۆلار له‌بازاڕه‌كانی‌ عێراقدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ هاوڵاتیان دروستكردووه‌و هێشتا مه‌ترسییه‌كه‌ش به‌ته‌واوی‌ نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌.
25.06.2015  |  بەغدا
به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار راسته‌وخۆ كاری‌ له‌بازاڕكرد
به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ دۆلار راسته‌وخۆ كاری‌ له‌بازاڕكرد

هیچ كاتێك نرخی‌ دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری‌ عێراقی‌ وه‌ك ئه‌م ماوه‌یه‌ی‌ رابردوو یاریی‌ نه‌كرد، به‌جۆرێك له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا نرخی‌ یه‌ك دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ به‌رامبه‌ر بوو به‌ (1442) دیناری‌ عێراقی‌، له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌و نرخه‌ له‌(1220) دینار تێپه‌ڕی‌ نه‌ده‌كرد.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رێوشوێنه‌ خێرایانه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ گرتیه‌ به‌ر هۆكاربوون بۆ راگرتنی‌ ئه‌و هه‌ڵكشانه‌وه‌و دابه‌زینه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكی‌ له‌وه‌ ده‌ترسن جارێكی‌ تر به‌شێوه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ ئه‌و نرخه‌ به‌رز ببێته‌وه‌و خۆی‌ بداته‌ له‌(1500) دینار به‌تایبه‌تی‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت چه‌ند مافیایه‌ك له‌پشتی‌ ئه‌و یارییه‌وه‌ن.

 

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق بۆ رێگرتن له‌هه‌ڵكشانی‌ نرخی‌ دۆلار، بڕێكی‌ زیاتری‌ دۆلاری‌ خسته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هات، له‌نێو ئه‌و رێوشوێنانه‌دا بڕیاردرا هیچ داوایه‌كی‌ كڕینی‌ دۆلار له‌بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ره‌ت نه‌كرێته‌وه‌و رێنمایی‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانیش كرا كه‌ دۆلار له‌لای‌ خۆیان گل بده‌نه‌وه‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ دینار بده‌ن به‌هاوڵاتیان به‌نرخی‌ (1231.5) دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك.

 

هه‌روه‌ها بڕیاردرا بانكه‌ حكومییه‌كان رۆژانی‌ شه‌ممه‌ش ده‌وامیان هه‌بێت بۆ خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ بیانی‌‌و سه‌رجه‌م ئه‌م بڕیارانه‌ش له‌رۆژی‌ 20ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ كه‌وتنه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ ده‌چنه‌ زیادكردنی‌ ئاشكرای‌ بانكی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ بۆ كڕینی‌ دۆلار، ژماره‌یان 315 كۆمپانیایه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ رابردوودا ژماره‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌هۆیه‌وه‌ نرخی‌ دۆلار به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

 

هاوكات بانكی‌ ناوه‌ندی‌ پشكی‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌دۆلار كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ دیسانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری‌ هه‌ڵكشانی‌ نرخی‌ دراوی‌ بیانی‌ كه‌ گرنگترین جۆری‌ دراون له‌عێراقدا.

 

له‌نۆرس بانك كه‌ یه‌كێكه‌ له‌بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانی‌ عێراق، رۆژانی‌ دووشه‌ممان‌و پێنج شه‌ممانی‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵك سه‌ره‌ ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕێك دۆلاریان ده‌ست بكه‌وێت له‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌بانكه‌كه‌ دایانناوه‌.

 

سه‌رمه‌د محه‌مه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێت "زیاتر له‌مانگێكه‌ ناوی‌ خۆم تۆماركردووه‌و ده‌مه‌وێت بڕێك پاره‌ له‌حیسابه‌كه‌م رابكێشم، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ نه‌یانداومه‌تێ‌". ده‌شڵێت "به‌رپرسانی‌ ئه‌م بانكه‌ ده‌ڵێن بانكی‌ ناوه‌ندی‌ نه‌ختینه‌یان ناداتێ‌، به‌و هۆیه‌وه‌ پاره‌ له‌بانكه‌كه‌دا نه‌ماوه‌".

 

ئه‌م قه‌یرانه‌ خێرا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ عێراقی‌ دروستكردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌یان كه‌ فه‌رمانبه‌رن‌و موچه‌كه‌یان به‌دینار وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نرخی‌ هه‌موو كه‌لوپه‌له‌ هاورده‌كراوه‌كان گرێدراوه‌ به‌نرخی‌ دۆلاره‌وه‌.

 

كازم شمه‌ری‌ په‌رله‌مانتاری‌ عێراقی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "یاریكردن به‌نرخه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی‌ مافیایه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌یه‌، ده‌بێت ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌‌و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌نزیكه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ خه‌ریكبوو هاڕه‌ به‌دراوی‌ ناوخۆیی‌ بكات".

 

شمه‌ری‌ ده‌شڵێت "بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌بوو گومرگ ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ هاورده‌كردنی‌ شمه‌ك‌و زانینی‌ ئه‌و باجانه‌ی‌ ده‌سه‌نرێت بۆ زانینی‌ بڕی‌ دراوی‌ پێویست".

 

به‌پێی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ كاری‌ پێده‌كرێت، بازرگانێك كه‌ شمه‌ك هاورده‌ ده‌كات، لیستی‌ كڕین ده‌باته‌ بانكێكی‌ ئه‌هلی‌‌و دۆلار وه‌رده‌گرێت، بانكه‌كه‌ش هه‌موو لیسته‌كان كۆده‌كاته‌وه‌و ده‌یانباته‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی‌ دۆلاری‌ پێده‌درێت.

 

شمه‌ری‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ له‌و وه‌سڵ‌و لیستانه‌ ژماره‌ی‌ سه‌یریان له‌سه‌ره‌، بازرگان هه‌یه‌ هه‌موو رۆژێك لیست ده‌نێرێت، بانكی‌ ناوه‌ندیش له‌وانه‌ ناكۆڵێته‌وه‌ كه‌ بڕوام وایه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و لیستانه‌ ساخته‌ن".

 

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانه‌كان ژماره‌یه‌ك چالاكوان له‌تۆڕی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكیان راگه‌یاند بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ عه‌لاق به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌، به‌و پێیه‌ی‌ خه‌تاباره‌ له‌هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ نرخی‌ دینار له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا.

 

عه‌لی‌ حه‌مداوی‌ یه‌كێك له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هۆكاری‌ ئه‌م قه‌یرانه‌یه‌، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌ودا ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر كێشه‌كان زیادیان كردووه‌".

 

ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر نرخی‌ به‌رزی‌ دۆلار به‌رده‌وام بێت، ده‌بێت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌دۆلار بدرێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخیان له‌سه‌ر نه‌بێت".

 

به‌شێك له‌چاودێران هه‌ڵكشانی‌ نرخی‌ دۆلار ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌و قه‌یرانه‌ ئه‌منییه‌ی‌ رووی‌ له‌عێراق كردووه‌و ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ داعش به‌رپای‌ كردووه‌.

 

وه‌فیق سامه‌رایی‌ چاودێرو شیكاری‌ ستراتیژی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌توانای‌ مرۆیی‌‌و ئابووری‌ گه‌یاندووه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌پاڵ گه‌نده‌ڵیدا هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ قه‌یرانه‌كه‌ن".

 

سامه‌ڕایی‌ ده‌شڵێت "بابه‌ته‌كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌و ده‌بێت زوو كۆنترۆڵ بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ رێوشوێنی‌ سه‌ر خه‌رجكردنی‌ دراوی‌ بیانی‌ توندوتۆڵ بكرێت‌و گه‌شته‌ فه‌رمییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجی‌ فه‌رمانگه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌قه‌رزی‌ حكومه‌ته‌ لۆكاڵییه‌كانیشدا چاو پیاخشاندنه‌وه‌ بكرێت تا گه‌نده‌ڵی‌ دروست نه‌بێ‌".

 

درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت نوسینگه‌ی‌ فرۆشتنی‌ دۆلار له‌بانكه‌ حكومییه‌كاندا بكرێته‌وه‌و‌و به‌پێی‌ چه‌ند رێوشوێنێك به‌راسته‌وخۆ بفرۆشرێت، ئه‌مه‌ش له‌ژێر چاودێری‌ ئاسایشی‌ ئابوری‌‌و هه‌واڵگریدا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌