راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاینده‌ی‌ ئابوری‌ كوردستان
هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی‌ پشت له‌به‌غدا ده‌كات

هونەر حەمەرەشید
به‌رپرسانی‌ هه‌رێم مۆڵه‌تێكی‌ چه‌ند هه‌فته‌ییان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌راسته‌وخۆ بفرۆشن، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئه‌زموونێكی‌ تاڵ‌و سه‌رنه‌كه‌وتوویان له‌مرووه‌وه‌ هه‌یه‌.
25.06.2015  |  سلێمانی
نه‌وت.. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی‌ هه‌رێم چاوی‌ لێیه‌تی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ ئابوری‌
نه‌وت.. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی‌ هه‌رێم چاوی‌ لێیه‌تی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ ئابوری‌

ماوه‌ی‌ مانگێك ده‌بێت به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هۆشداری‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا، كه‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بێت به‌ڕێكه‌وتنی‌ نێوانیان له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ ئه‌وه‌ راسته‌وخۆ نه‌وت ده‌فرۆشن، دواین به‌رپرسی باڵاش كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی‌ كردووه‌، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.

 

نێچیرڤان بارزانی‌ رۆژی‌ 4ی‌ ئه‌م مانگه‌ (حوزه‌یران) له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگای‌ دهۆك وتی‌: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ خوازیاره‌ هه‌موو كێشه‌كانی بواری نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ‌و لێكتێگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌بكات، .... به‌ڵام ئه‌گه‌ر عێراق هه‌ر پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بوو، شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك پێویست نه‌نارد، ئه‌وكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ناچاری بیر له‌ڕێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و رێگه‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یگرێته‌به‌ر، نێچیرڤان بارزانی‌ وتی‌: "چه‌ند رێگه‌یه‌كی‌ یاسایی له‌به‌رده‌م هه‌رێمی‌ كوردستاندایه‌، كه‌ گرنگترینیان فرۆشتنی‌ نه‌وته‌ به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ، ئه‌وه‌ش بۆ دابینكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و خه‌رجی‌ حكومه‌ت".

 

ئه‌م هۆشداریدانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌كاتێكدایه‌ له‌ئێستادا رێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هه‌یه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ 11ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌باره‌ی‌ نه‌وت‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم، به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌رێم ده‌بێت رۆژانه‌ بڕی‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رێگه‌ی‌ كۆمپانیای‌ نیشتمانی‌ بۆ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ عێراق (سۆمۆ) هه‌نارده‌ بكات، له‌به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی‌ عێراق مانگانه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 17% بودجه‌ی‌ عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بنێرێت، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا ئه‌م رێككه‌وتنه‌ نه‌چووه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌ردوولاشیان یه‌كتری‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌پابه‌ندنه‌بوون  پێوه‌ی‌.

 

مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو به‌پێی‌ راپۆرتی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌سروشتییه‌كان، هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژانه‌ بڕی‌ 562 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ راده‌ستی‌ سۆمۆ (كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ نیشتیمانی‌) كردووه‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا به‌غدا بۆ مانگی‌ نیسان بڕی‌ 480 ملیار دیناری‌ ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێم كردووه‌، كه‌ به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ نیوه‌ی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ش نییه‌ له‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق بۆ هه‌رێم دیاریكراوه‌.

 

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ به‌غدا وایكرد، كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بیر له‌ڕێگه‌ی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ بكاته‌وه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌ جارێكی‌ تریش له‌ساڵی‌ 2013 ئه‌م رێگه‌یه‌ی‌ تاقیكرده‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌؟

 

كۆتایی ساڵی‌ 2013 دوای‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ئه‌وكاتی‌ عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن‌و به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بڕا، هه‌ولێر بڕیاریدا نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ بفرۆشێت، به‌ڵام له‌م بڕیاره‌ی‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌وه‌ش به‌چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه‌ ساغنه‌بوونه‌وه‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ له‌بازاڕو دروستكردنی‌ گرفتی‌ یاسایی له‌له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و جوڵاندنی‌ چه‌ند كه‌یسێكی‌ یاسایی له‌دژی‌ هه‌ولێر له‌چه‌ند دادگایه‌ك.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌بڕیاری‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، له‌ئێستادا به‌پشتبه‌ست به‌بڕگه‌ی 3 له‌مادده‌ی 11 ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015 عێراق‌و به‌پێی یاسای ژماره‌ 5ی ساڵی 2013ی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌یه‌وێت نه‌وتی‌ خۆی‌ بفرۆشێت، كه‌ له‌یاساكاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، "ئه‌گه‌ر به‌غدا بودجه‌ی‌ هه‌رێم دابینه‌كات، ئه‌وا هه‌رێم خۆی‌ سه‌ربه‌سته‌ له‌دابینكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ له‌هه‌ر رێگه‌یه‌كه‌وه‌ بێت".

 

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت: "حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت پابه‌ندی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ندنه‌بێت، ئه‌وه‌ رێگه‌چاره‌ی‌ تری‌ هه‌یه‌و رێگه‌چاره‌كه‌ش فرۆشتنی‌ نه‌وته‌ به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ".

 

سه‌فین دزه‌یی وتیشی‌: "هه‌رێم مانگی‌ ئایاری‌ وه‌ك دواین هه‌ل داناوه‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌تی‌ ناوه‌ند، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌و مانگه‌دا شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم بنێرێت، ئه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ درێژه‌ی‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌شی‌ بوو، ئیتر فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌ڕێگه‌ی‌ سۆمۆوه‌ راده‌گرێت‌و نه‌وت سه‌ربه‌خۆیانه‌ ده‌فرۆشێت (به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم، هێشتا به‌غدا بودجه‌ی‌ مانگی‌ ئایاری‌ نه‌ناردووه‌).

 

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، له‌ئێستادا حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماده‌كاری‌ بۆ فرۆشتنی‌ نه‌وت كردووه‌ به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆو له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ جیهانیش له‌گفتوگۆدایه‌ سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ "نیقاش" كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوو پۆسته‌كه‌ی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ كۆبوونه‌وه‌كانه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد چه‌ند كۆمپانیایه‌ك ئاماده‌ییان نیشان نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكڕن، به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ن به‌شێك له‌بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ چه‌ند مانگێك دابین بكه‌ن، وه‌ك پێشه‌كی‌ بۆ كڕینی‌ نه‌وته‌كه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان زانیارییه‌كانی‌ بۆ "نیقاش" پشتڕاستكرده‌وه‌و وتی‌ "به‌پێی‌ ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی‌ ئێمه‌ كردوومانه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، ئێستا وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ جیهانی‌ له‌گفتوگۆدایه‌ كه‌ ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكڕن، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك له‌كۆمپانیاكان ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ وه‌ك پێشه‌كی‌ بڕی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بۆ چه‌ند مانگێك دابین بكه‌ن، تێیاندایه‌ بۆ یه‌ك ساڵ بودجه‌ی‌ هه‌رێم دابینده‌كات".

 

هاوكات وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێستادا كێشه‌ی‌ له‌فرۆشتنی‌ نه‌وت نه‌ماوه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌بێت زانیاری‌ زیاتر له‌و باره‌وه‌ بدات.

 

هه‌روه‌ها به‌پێی‌ زانیارییه‌كان له‌چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ی‌ رابردوو بۆ دڵنیایی دان، په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ عێراق پێنج پرسیاریان ئاڕاسته‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ كردووه‌، له‌باره‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ، كه‌ پرسیاره‌كانیش بریتین له‌ "یه‌كه‌م، له‌ڕووی یاساییه‌وه‌، ئایا مولاحه‌قه‌ی قانوونی ده‌كرێت؟ دووه‌م، له‌رووی ئیدارییه‌وه‌، ئایا ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌یفرۆشێت ده‌توانێت خۆی ئیداره‌ی بكات‌و ئه‌و پاره‌ی نه‌وته‌ی ده‌یفرۆشێت ئاسان وه‌ریده‌گرێته‌وه‌ له‌بانكه‌كان؟ سێیه‌م، له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ئایا كێشه‌ی بۆ دروستنابێت، به‌تایبه‌ت وڵاتانی هه‌رێمی؟ چواره‌م بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌یفرۆشێت به‌شی موچه‌ ده‌كات؟ پێنجه‌م، كۆمپانیای جیهانی هه‌یه‌ نه‌وته‌كه‌ بكڕێت؟".

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان نێچیرڤان بارزانی‌ هه‌ر پێنج وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ به‌"ئه‌رێنی‌" داوه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌ هیچكام له‌و كێشانه‌یان بۆ دروستنابێت، كه‌ په‌رله‌مانتاران پرسیارییان له‌باره‌وه‌ كردووه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید په‌رله‌مانتاری‌ كوردو بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بۆ "نیقاش" وتی‌: به‌ڵێ‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌به‌غدا ئه‌و پرسارانه‌مان له‌سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كردووه‌و وه‌ڵامه‌كانیشی‌ به‌ئه‌رێنی‌ داوینه‌ته‌وه‌و "ئه‌گه‌ر ئه‌م پێنج كێشه‌یه‌ بۆ هه‌رێم نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌ هه‌رێم ده‌توانێت نه‌وت هه‌نارده‌ بكات‌و كێشه‌ی‌ نه‌بێت بیفرۆشێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ".

 

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید وتیشی‌: "هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا كێشه‌ی‌ دارایی هه‌یه‌و ناتوانێـت بودجه‌كه‌ی‌ دابینبكات، بۆیه‌ ده‌بێت رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین، هه‌رێم تابتوانێت كێشه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ چاره‌سه‌نه‌بوو، ئه‌وه‌ ناچاره‌ په‌نا بۆ رێگه‌ی‌ تر به‌رێت، ئێمه‌ش پشتگیری‌ ده‌كه‌ین".

 

له‌مانگی‌ نیساندا كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند گه‌یشت به‌ڕاده‌یه‌ك، كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق مشتومڕ له‌نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ دارایی (كه‌ كورده‌) دروستبووه‌.

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش"، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ كوردی‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌ستیكه‌وتووه‌، هۆشیار زێباری‌ داوای‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ كردووه‌، به‌وه‌ی‌ بۆچی‌ له‌مانگی‌ نیساندا بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ به‌ته‌واوی‌ نه‌ناردووه‌، له‌كاتێكدا هه‌رێم پابه‌ند بووه‌ به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌، له‌وه‌ڵامدا عه‌بادی‌ وتوویه‌تی‌: "عێراق له‌كاتی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت 40% زیانده‌كات، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌بودجه‌ی‌ هه‌رێم ببڕدرێت".

 

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا هۆشیار زێباری‌ به‌عه‌بادی‌ وتووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ به‌رده‌وامبێت، ئه‌وا هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌ نییه‌ درێژه‌ به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بدات‌و رێگه‌ی‌ دیكه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر.

 

هه‌روه‌ها هۆشیار زێباری‌ وه‌ك نیگه‌رانییه‌ك له‌به‌رانبه‌ر عه‌بادی‌، په‌یوه‌ندی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد كردووه‌و داوای‌ كردووه‌، كه‌ رێگه‌ی‌ پێبده‌ن ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی‌ كورد داوایان له‌زێباری‌ كردووه‌، دان به‌خۆیدا بكرێت‌و چاوه‌ڕێبكات تا بزانێت به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ به‌رده‌وامده‌بێت، یان له‌مانگه‌كانی‌ ئایارو حوزه‌یراندا بودجه‌ی‌ هه‌رێم به‌ته‌واوی‌ ده‌نێرێت، یان نا.

 

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، ئاماره‌كانی هه‌نارده‌كردنی ڕێژه‌ی نه‌وتی عێراقی ڕاگه‌یاند، به‌جۆرێك له‌مانگی ئایار كۆمپانیای سۆمۆ تایبه‌ت به‌هه‌نارده‌كردن‌و به‌بازاڕكردنی نه‌وت 97 میلۆن‌و  504 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه‌، كه‌ له‌باشوور 83  ملیۆن‌و 520 هه‌زار به‌رمیل‌و له‌هه‌رێمی كوردستان‌و كه‌ركوكیش 13 ملیۆن‌و 984 هه‌زار به‌رمیل بووه‌.

 

هاوكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتی مانگانه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی بۆ مانگی ئایاری ٢٠١٥ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرته‌ زیاتر له‌(17) ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاوی‌ به‌لووله‌ نه‌وته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ناردووه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان له‌توركیا، واته‌ تێكڕا زیاتر له‌ (577) هه‌زار به‌رمیل له‌رۆژێكدا، له‌و بڕه‌ نزیكه‌ی‌ (13) ملیۆن به‌رمیلی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌و زیاتر له‌ (4) ملیۆنیشی‌ نه‌وتی‌ عێراق بووه‌ (كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكور).

 

له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ فرۆشتنی‌ نه‌وت، به‌ڵام پسپۆڕانی‌ بواری‌ ئابووری‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌سه‌ركه‌وتوو نابین‌و پێیانوایه‌ كێشه‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم زیاتر قووڵده‌بنه‌وه‌و ده‌ڵێن: پێویسته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێستادا بیر له‌هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت نه‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ له‌سه‌ركه‌وتنی‌ زیاتره‌.

 

له‌و باره‌وه‌ د. محه‌مه‌د ڕه‌ئوف پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابووری‌و مامۆستا له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت: "ده‌ستكردن به‌هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، پرسێكی‌ مه‌ترسیداره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا ئه‌زموونێكی‌ سه‌رنه‌كه‌وتووی‌ هه‌بووه‌، كاتێك هه‌وڵیدا نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆ‌و به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا بفرۆشێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌و پرسه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ زیاتره‌ له‌سه‌ركه‌وتنی‌".

 

محه‌مه‌د ره‌ئوف، كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ سیاسه‌تی‌ دارایی هه‌رێم ده‌كات‌و به‌سیایه‌تێكی‌ "ناشه‌فافی‌ ده‌زانێت" ده‌ڵێت: "له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی‌ (950) هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات‌و (550) هه‌زار به‌رمیلی‌ ڕاده‌ستی‌ به‌غدا ده‌كات، چاره‌نووسی‌ بڕه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ نادیاره‌‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كێشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستبووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ به‌بیانوو زانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێم ده‌ستبه‌رداری‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ بێت له‌گه‌ڵ به‌غداو خۆی‌ نه‌وت بفرۆشێت".

 

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌ وتیشی‌: "به‌ده‌ر له‌و كێشانه‌ی‌ له‌به‌رده‌م فرۆشتنی‌ نه‌وتدایه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ له‌جاری‌ پێشتوودا هاته‌پێش بۆی‌، سه‌ربه‌خۆیی‌ ئابووری‌ كوردستانیش به‌ته‌نیا به‌نه‌وت ده‌ستناخرێت، بۆ نموونه‌، كه‌ له‌ئێستادا نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی‌ توركیاوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر توركیا له‌ئاینده‌دا ڕێكه‌وتنێكی‌ نهێنی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا واژووبكات‌و پشت له‌هه‌رێم بكات، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ چی بكه‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ زۆر ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا بكرێت".

 

ناوبراو جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌، ئابووری‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ڕاسته‌قینه‌، به‌ته‌نیا به‌ده‌رهێنان‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت ده‌ستناخرێت‌و پێویسته‌ هه‌رێم بیر له‌سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ تر بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ناوخۆ، وه‌ك كشتوكاڵ‌و چه‌ند بوارێكی‌ تر، كه‌ له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا په‌نابردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری‌ باش نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ساڵی داهاتوو بێت، پێویسته‌ له‌ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم پلانی بۆ دابڕێژێت، تاوه‌كو سه‌ركه‌وتوو بێت.

 

هاوكات په‌رله‌مانتاران هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح‌و ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، كه‌ شاره‌زاییان له‌ئابووریشدا هه‌یه‌، هۆشداری‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌وریایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ نه‌كات، ئه‌وه‌ هه‌مان سیناریۆی‌ ساڵی‌ 2013 دێته‌ به‌سه‌ریداو قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ی‌ زیاتر قووڵده‌بێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌