له‌وه‌ته‌ی موسڵ كه‌وتووه‌ته ده‌ست داعش، پشتی كردووه‌ته شاره عێراقییهكانو ئامێزی بۆ شاره سورییه‌كانی هاوسێی كردووه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موویان پێكه‌وه یه‌ك چاره‌نووسیان هه‌یه، ئه‌ویش به‌شێكن له‌ویلایه‌ته‌كانی ئه‌و جێگه‌یه‌ی ناوی لێنراوه "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی".
پیاوێكی ته‌مه‌ن (45 ساڵ) به‌رده‌وام بهكوچهو كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی مهنادیا رێدهكاتو به‌زمانه شامییهكهی هاوار بۆ كه‌لوپه‌لی مهتبهخو پاككه‌ره‌وه‌ی ناوماڵ ده‌كات كه هه‌موویان له‌سوریا دروستكراون، زۆر ناخایه‌نێت به‌ده‌یان ژن وه‌ك هه‌نگ بهنیقابی ره‌شه‌وه له‌ده‌وری ئۆتۆمبێله هۆندایهكهی كۆده‌بنه‌وه كه كه‌لوپه‌له‌كانی لێ باركردووه.
ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئه‌بو ستێف كه ژماره‌ی (سوریا - حه‌مس)ی پێوه‌یه، یه‌كێكه له‌و سهدانو هه‌زاران ئۆتۆمبێله سورییه‌ی بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل روو له‌موسڵ ده‌كه‌ن، ئێستا به‌ته‌واوی شوێنپه‌نجه‌ی خه‌ڵكی شام به‌بازاڕه‌كانی موسڵه‌وه دیاره، باڵاده‌ستی ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ش بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر سنوری نێوان موسڵ‌و شاره سورییه‌كاندا.
بوونی داعش زۆرێك له‌سیماكانی ئابڵوقه‌ی ئابوری نێوان ساڵانی (1991 بۆ 2003)ی گێڕاوه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌دیارترین ئه‌و سیمایانه‌ش زۆربوونی فرۆشیاره گه‌ڕۆكه‌كانه، به‌ڵام ئه‌مجاره سورین نه‌ك عێراقی.
خه‌ڵكی ناوچه‌كانی وادی حه‌جه‌ر له‌باشووری موسڵ به‌ته‌واوی گوێیان به‌ده‌نگی فرۆشیاره سورییه‌كان راهاتووه كه له‌رێی بڵندگۆكانه‌وه هاوار بۆ كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌كه‌ن، دیارترینیشیان ئه‌بو ستێف سورییه.
داعش هه‌رزوو ده‌ستیكرد به‌كردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی عێراق‌و سوریا‌و كارئاسانی كرد بۆ هاوڵاتیانی هه‌ردوولا له‌ناوچه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌یی یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی نیشان بدات.
له‌حوزه‌یرانی ساڵی رابردووه‌وه كه‌لوپه‌لی سوری له‌رێی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگره‌وه بۆ موسڵ ده‌گوێزرێته‌وه، چونكه ئه‌و شاره كه ئێستا نزیكه‌ی دوو ملیۆن خه‌ڵكی تێدا ده‌ژی، باشترین بازاڕه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له سورییه‌كان، به‌تایبه‌تی كه زۆربه‌ی كارخانه حكومییه‌كانی موسڵ به‌هۆی نه‌بوونی كاره‌باو سوته‌مه‌نییه‌وه له‌كاركه‌وتوون، یاخود بۆردومانی فرۆكه‌ی هاوپه‌یمانان وێرانی كردوون پاش ئه‌وه‌ی كرابوونه شوێنی دروستكردنی چهكو ته‌قه‌مه‌نی.
بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانه‌كان سه‌ركێشی‌و زه‌حمه‌تی رێگا نێوان ره‌قه‌و موسڵ بگرنه ئه‌ستۆ كه زیاتر له 500 كیلۆمه‌تره، ده‌بێت قازانجێكی باش بخه‌نه سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانیان.
ئه‌بو ستێف به‌زمانه شامییه‌كی خۆی وه‌ڵامی یه‌كێك لهكڕیاره عێراقییه‌كانی ده‌داته‌وه له‌باره‌ی سوودی هێنانو بردنی ئه‌و كهلوپهلانهو ده‌ڵێت "ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ی له‌موسڵ ده‌یفرۆشم نرخه‌كه‌ی دوو ئه‌وه‌نده‌ی نرخی شاری ره‌قه‌یه، زه‌حمه‌تی رێگا‌و ماترسییهكانی وا ده‌كات ئه‌و نرخه‌یان له‌سه‌ر دابنێم".
ده‌شڵێت "به‌ده‌ستی به‌تاڵیش ناگه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵكو كه‌لوپه‌لی به‌كارهاتوو له‌ماڵان دهكڕمو له‌گه‌ڵ خۆم ده‌یانبه‌مه‌وه".
هه‌ژموونی فرۆشیاره سورییه‌كان وایكردووه فرۆشیارانی عێراقی ترسیان لهبازرگانییهكهی خۆیان هه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه كه‌لوپه‌لی سوری نرخه‌كه‌ی به‌نزیكه‌ی 30% تا 40% لهكهلوپهله عێراقییه‌كان هه‌رزانتره.
زۆر شمه‌كی سوری هه‌یه كه له‌موسڵ خواستی به‌رده‌وامیان له‌سه‌ره، له‌پێش هه‌موویانه‌وه سوته‌مه‌نی، چونكه له‌وه‌ته‌ی سوته‌مه‌نی عه‌مباركراوی حكومه‌تی عێراقی له‌موسڵ كۆتایی هاتووه، به‌نزینخانه‌كان به‌لافیته نوسیویانه كه به‌نزینی سوریان له‌لا ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌م بهنزینو سوتهمهنییهش له‌چه‌ند كارخانه‌یه‌كی بچووكی به‌ده‌ست دروستكراو به‌رهه‌مدێن له‌شارو گونده‌كانی سوریا.
ته‌نها خواست پێوه‌ر نییه بۆ هێنانی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو ده‌گیرێ توانای به‌رگه‌گرتنی شمهكهكهیه له‌رێگای دوور‌و درێژ‌و پێچاو پێچی نێوان ره‌قه‌و موسڵ كه هه‌شت كاتژمێر ده‌خایه‌نێت، هه‌ر بۆیه به‌زۆری قوماش‌و خوارده‌مه‌نی‌و شیرینی ده‌برێته موسڵ.
هه‌موو فرۆشیاره سورییه‌كان وه‌ك ئه‌بو ستێف گه‌ڕۆك نین، به‌ڵكو هه‌ندێك له‌وانه له‌ناو موسڵدا دوكانیان به‌كرێ گرتووه به‌تایبه‌تی له‌ناوچه بازرگانییه‌كانی وه‌ك باب سهرایو كۆرنیشو بۆرسه.
هه‌نگاوی له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه كه خه‌ریكه بازاڕێكی تایبه‌ت بهسورییهكان له‌ناوچه‌ی بۆرسه ده‌كرێته‌وه بۆ خوارده‌مه‌نی‌و كه‌لوپه‌لی خۆراكی، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی داعش ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كانی ناچاركردووه له‌شوێنێكی دیاریكراودا كه‌لوپه‌ل بفرۆشن‌و له‌به‌رامبه‌ردا كرێ بده‌ن، جاران ئه‌و ئۆتۆمبێلانه به‌شه‌وو رۆژ له‌سه‌ر رێگاكان دهوهستانو كاڵاكانیان ساغ ده‌كرده‌وه.
ئه‌بو ستێف له‌هه‌ر گه‌شتێكی بۆ موسڵ‌و مانه‌وه‌ی دوو هه‌فته‌ی پێده‌چێت، بۆیه به‌ته‌واوی خۆی ئاماده‌كردووه‌و له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا كه‌لوپه‌لی چێشتلێنانو خه‌وتنی هه‌ڵگرتووه‌و خۆی‌و هاوه‌ڵه‌كانی شه‌وانه له‌پاركی سه‌ره‌كی ئۆتۆمبێل له‌خۆرئاوای موسڵ ده‌مێننه‌وه.