راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قەیرانی ئاو
كه‌ربه‌لا گیرۆده‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌ ده‌بێت

عه‌باس سه‌رحان
كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ زێی‌ فورات‌و وشكه‌ساڵی‌، كه‌ربه‌لایان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌و كار وابڕوات ساڵانی‌ داهاتوو چاوه‌ڕێی‌ قه‌یرانی‌ قوڵتر ده‌كرێت
28.05.2015  |  کەربەلا
وشكه‌ساڵی‌‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ فورات ته‌نگی‌ به‌هاوڵاتیان‌و جوتیارانی‌ كه‌ربه‌لا هه‌ڵچنیه‌وه‌و ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ربوونی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ش روون نییه‌ ( :وێنه آرام كمال - ميتروغرافي)
وشكه‌ساڵی‌‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ فورات ته‌نگی‌ به‌هاوڵاتیان‌و جوتیارانی‌ كه‌ربه‌لا هه‌ڵچنیه‌وه‌و ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ربوونی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ش روون نییه‌ ( :وێنه آرام كمال - ميتروغرافي)

هه‌موو رۆژێك جه‌مال عه‌باس ته‌ماشای‌ ئه‌و رووباره‌ ده‌كات كه‌ نزیك بێستانه‌كه‌یه‌تی‌، به‌هه‌ر بینینێكیش خه‌م دایده‌گرێ‌، چونكه‌ رۆژ به‌رۆژ ئاستی‌ ئاوه‌كه‌ی‌ دێته‌ خواره‌وه‌.

 

جه‌مال ته‌واو دوودڵه‌ له‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌، ئه‌وه‌ی‌ زیاتر نیگه‌رانیشی‌ كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زستانی‌ رابردوو ساڵێكی‌ ته‌ڕوپاراو نه‌بوو بۆ كه‌ربه‌لا، بۆیه‌ ئاوی‌ بیره‌كانیش به‌شی‌ زه‌وییه‌ هه‌شت دۆنمه‌كه‌ی‌ ناكات كه‌ پڕیه‌تی‌ له‌داری‌ خورماو لیمۆو پرته‌قاڵ، ئه‌و دارانه‌ش ئاویان زۆر ده‌وێت به‌تایبه‌تی‌ له‌وه‌رزی‌ هاویندا كه‌ پله‌ی‌ گه‌رما ده‌گاته‌ سه‌رو په‌نجا پله‌ی‌ سه‌دی‌.

 

ناوچه‌ی‌ حوسه‌ینییه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ خۆهه‌ڵاتی‌ كه‌ربه‌لا ناوچه‌یه‌كی‌ چڕی‌ پڕ له‌دارودره‌خته‌، زه‌وییه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ روباری‌ حوسه‌ینییه‌ ده‌یانكات به‌دوو به‌شه‌وه‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌ ئه‌و رێڕه‌وه‌ ئاوییه‌ دروستكراوه‌ تا ئاو بگه‌یه‌نێته‌ مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا.

 

ره‌نگه‌ هیچ كاتێك به‌قه‌د ئه‌مڕۆ ئاستی‌ ئاوی‌ ئه‌و رووباره‌ دانه‌به‌زیبێت، وه‌زاره‌تی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاویش جه‌خت له‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كاته‌وه‌و هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ دروستكردنی‌ چه‌ند به‌نداوێك ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌توركیا.

 

ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌م دواییه‌ رایگه‌یاند "پشكی‌ عێراق له‌زێی‌ فورات دابه‌زیوه‌ بۆ 15 بلیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ساڵێكدا، له‌كاتێكدا به‌ر له‌دروستكردنی‌ به‌نداوه‌كانی‌ توركیا ئه‌و پشكه‌ دوو هێنده‌ بوو"، وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئاستی‌ ئاوی‌ دیجله‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 40%و ئاوی‌ فوراتیش به‌ڕێژه‌ی‌ 60% دابه‌زیون.

 

دابه‌زینی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ روباری‌ حوسه‌ینییه‌ ته‌نها نموونه‌یه‌كه‌ له‌دابه‌زینی‌ هه‌موو ئه‌و لقه‌ رووبارانه‌ی‌ له‌فورات بوونه‌ته‌وه‌، وه‌ك هیندییه‌و هنێدییه‌و روباری‌ خۆرئاواو چه‌ند جۆگه‌و روبارێكی‌ تر.

 

جوتیاره‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ خه‌میانه‌ به‌هۆی‌ نه‌مانی‌ ئاوو وشكه‌ساڵییه‌وه‌ به‌روبومه‌كانیان له‌ناوبچێت، خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لاش له‌وه‌ ده‌ترسن له‌پڕ ئاوی‌ ماڵان بوه‌ستێ‌، ئه‌وه‌تا سوجاد كازم ته‌مه‌ن (56) ساڵ به‌"نیقاش" ده‌ڵێت "زۆر باسی‌ دابه‌زینی‌ ئاستی‌ ئاو ده‌كرێت، له‌وه‌ ده‌ترسین له‌پڕ به‌یه‌كجاری‌ ئاو نه‌مێنێت".

 

به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ ئاوه‌وه‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ كه‌ربه‌لا تووشی‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ هاتووه‌، وه‌ك قائیمقامی‌ كه‌ربه‌لا حسێن مه‌نكوش به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ده‌ستیان كردووه‌ به‌پاككردنه‌وه‌و رێكخستنی‌ جۆگه‌و كارێزه‌كان به‌و هیوایه‌ی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ فورات بڕێك به‌رز ببێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستكراوه‌ به‌لێدانی‌ چه‌ند بیرێكی‌ ئیرتیوازی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ پێویستدا ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ بۆ ماڵان دابین بكات.

 

ژماره‌ی‌ دانیستوانی‌ كه‌ربه‌لا زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن كه‌سه‌، به‌ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ش روویان كردووه‌ته‌ ئه‌و شاره‌و هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ پشتیان به‌ستووه‌ به‌ئاوی‌ فورات بۆ پێداویستی‌ ناوماڵ‌و كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداری‌، بۆ خواردنه‌وه‌ش ئاو له‌بازاڕ ده‌كڕن، چونكه‌ نۆ ساڵه‌ به‌هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ خوێی‌ ئاوی‌ فورات، ئه‌و ئاوه‌ به‌كه‌ڵكی‌ خواردنه‌وه‌ نایه‌ت.

 

فه‌یاز عه‌بدولره‌زاق ئه‌ندازیاری‌ كشتوكاڵی‌ گومانی‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ بیر پێداویستی‌ هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌كاتی‌ پێویستدا ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر بێت، به‌ڵام بێگومان به‌شی‌ پێداویستی‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س ناكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ پێویستی‌ كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداریی‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌ ده‌ترسێنێت كاریگه‌ریی‌ خراپی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوه‌ له‌سه‌ر كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌، له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌ندازیار عه‌لا قه‌زوینی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ره‌نگه‌ بتوانرێ‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ بۆ ماڵان دابین بكرێ‌، به‌ڵام بۆ كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداریی‌ زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت".

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ جاران ده‌توانرا له‌نێوان بیست بۆ سی‌ مه‌تر له‌ژێر زه‌ویدا ئاو ده‌ربهێنرێ‌، ئێستا ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌ دابه‌زیوه‌ بۆ قوڵایی‌ سه‌د مه‌تر، بۆیه‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌رهێنانی‌ زۆر گران ده‌كه‌وێت.

 

سه‌ره‌تای قه‌یرانی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ كه‌ربه‌لا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2008 كه‌ به‌ده‌یان جۆگه‌ی‌ سه‌ر ئاوی‌ فورات وشكیان كردوو به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌یان جێهێشت، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقیش خه‌تاكه‌ی‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ توركیا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین به‌نداوی‌ له‌سه‌ر زێی‌ دیجله‌و فورات دروستكردووه‌.

 

له‌لای‌ خۆشیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا عێراق تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ به‌شه‌ ئاوی‌ خۆی‌ به‌هه‌ده‌رده‌دات، ئه‌م قسه‌یه‌ له‌زاری‌ كه‌تای‌ كاشكچی‌ كونسوڵی‌ توركیا له‌عێراق ئاماژه‌ی‌ پێكرا كاتێك سه‌ردانی‌ كه‌ربه‌لای‌ كردو وتی‌ "توركیاش به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ توشبووه‌".

 

به‌رپرسانی‌ توركیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ندین جار داوایان له‌عێراق كردووه‌ سیسته‌می‌ ئاودێری‌ هاوچه‌رخ دروستبكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ زۆری‌ ئاو به‌هه‌ده‌ر نه‌چێت، به‌ڵام عێراق پێی‌ وایه‌ توركیا پابه‌ند نییه‌ به‌رێكه‌وتننامه‌ی‌ نێوانیانه‌وه‌و رۆژ به‌رۆژ ئاستی‌ ئاو كه‌مده‌كاته‌وه‌.

 

هه‌موو جارێكیش به‌رپرسانی‌ عێراق قسه‌ی‌ سلێمان دیمیرێلی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوتری‌ توركیا ده‌كه‌نه‌ بیانوو كه‌ وتبووی‌ "ئاوی‌ دیجله‌و فورات موڵكی‌ توركیان‌و سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی‌ چیان لێده‌كات، عێراق‌و سوریا مافی‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ داوای‌ بكه‌ن، وه‌ك چۆن توركیا مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ داوای‌ نه‌وتی‌ عێراق‌و سوریا بكات".

 

له‌نێوان ئه‌م تۆمه‌تبه‌خشینه‌وانه‌دا له‌وه‌ ده‌چێت قه‌یرانی‌ ئاو له‌مه‌ زیاتر بخایه‌نێت، له‌م نێوه‌نده‌شدا ده‌یان جوتیاری‌ وه‌ك جه‌مال عه‌باس ماڵوێران ده‌بن كه‌ دۆش داماون‌و هیچ چاره‌یه‌كیان پێ نییه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌