راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كرێكاره‌ ئێرانییه‌كان بارگه‌و بنه‌ ده‌پێچنه‌وه‌

هیوا رەزا
سه‌ره‌تای‌‌ نیسان سه‌رده‌مێكی‌‌ جیاواز بوو بۆ ئێرانییه‌كان‌و دوای‌ زه‌مه‌نێك له‌خه‌م‌و نیگه‌رانی‌ جارێكی‌ تر…
30.04.2015  |  سلێمانی

رۆژی‌ 2ی‌ نیسان ئێران‌و وڵاتانی (5+1) كه‌ ده‌كاته‌ (ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و ئه‌ڵمانیا)، رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تاییان له‌باره‌ی دۆسییه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌وه‌ واژۆكرد، به‌ڵام رێككه‌وتنی كۆتایی بۆ رۆژی (30) حوزه‌یران دواخرا، ئێستاش هه‌موو ئێرانییه‌ك به‌ئومێده‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتن نامه‌كه‌ن.

دڵخۆشبوونی‌ ئێرانیه‌كان به‌هۆی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ ته‌نها له‌ناوخۆ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ئێستادا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن زیاتر له‌هاوڵاتیانی‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌كه‌یان ئومێدیان به‌رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵچنیوه‌و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ باشبوونی‌ باری‌ ئابوری‌ ئێران بگه‌ڕێنه‌وه.

حه‌بیب عه‌بدوڵا ته‌وه‌روه‌ردی‌ یه‌كێكه‌ له‌و ئێرانیانه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌شاری‌ سلێمانی‌ كاری‌ وه‌ستایی‌ نانه‌وا ده‌كات، بۆ "نیقاش" وتی‌: "كاتێك كه‌ بیستم ئێران‌و وڵاتانی‌ پێنج كۆیه‌ك رێككه‌وتون، زۆر دڵخۆش بووم، چونكه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌مانای‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ فشاره‌كانی‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان دێت‌و ئومێدمان وایه‌ باری‌ ئابوریمان باشتر بێت‌و ئێمه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو ماڵ و منداڵمان".

حه‌بیب نان بۆ خه‌ڵك ده‌كات تا نانی‌ منداڵه‌كه‌ی‌و خێزانه‌كه‌ی په‌یدا بكات كه‌ دانیشتووی‌ شاری‌ مه‌ریوانی‌ ئێرانن، ده‌شڵێ‌: "لێره‌ باوردۆخمان زۆر خراپه‌و چیتر ژیانمان به‌و جۆره‌ بۆ به‌ڕێوه‌ ناچێت، له‌گه‌ڵ باشبوونی‌ دۆخی‌ ئێران لێره‌ نامێنمه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه".

حه‌بیب به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ وتی: "خه‌ڵكی ئێره‌ له‌گه‌ڵمان زۆر باشن، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌پێچه‌وانه‌یه‌وه‌، یاسایه‌كی رونیش نییه‌ كه‌ بزانین ئێمه‌ چۆن هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".

كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌دوای‌ درێژه‌دان به‌به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌، ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ له‌لایه‌ن رۆژئاواوه‌ خرایه‌ سه‌ری‌‌و بارگرانییه‌كی‌ زۆری‌ بۆ حكومه‌ت‌و هاوڵاتیانی‌ ئێرانی‌ دروستكرد، به‌تایبه‌ت له‌دوای‌ ساڵی‌ 2012ه‌وه‌ سزا ئابورییه‌كان زۆر توندتر بوو، به‌شێكیش له‌ئێرانییه‌كان بۆ دابینكردنی‌ پشێوی‌ ژیانیان رویان له‌ هه‌رێم كرد.

نه‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و نه‌ سه‌ندیكای‌ كرێكاران ئامارێكی‌ وردیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ كرێكاره‌ ئێرانییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و كرێكارانه‌ له‌كاتی‌ گه‌یشتنیان به‌هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك گه‌شتیار خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن‌و دواتر مۆڵه‌تی‌ كاركردن وه‌رناگرن.

به‌ختیار سه‌عیدی‌ یه‌كێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌و ئێرانیانه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌شاری‌ رانیه‌ (130 كم له‌باشوری‌ رۆژئاوای‌ شاری‌ سلێمانی) كاری‌ خه‌تخۆشی‌‌و نه‌خشاندنی‌ وێنه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ ده‌كات، ده‌ڵێ‌: "هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر باشن بۆ خه‌ڵكی‌ بیانی‌‌و رێزی‌ زۆر ده‌گرن، به‌ڵام وه‌ك كاركردن له‌وڵاتی‌ خۆتدا نیه،‌ چونكه‌ له‌وێ‌ ئاسوده‌ترین".

به‌ختیار له‌باره‌ی‌ ژیانی‌ ئێرانییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان زانیاریدا به‌"نیقاش"و وتی‌‌: "كه‌سی‌ نزیك‌و هاوڕێی‌ زۆرم له‌كوردستان كارده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ی‌ كه‌ له‌هه‌رێم بۆ ئێرانییه‌كان دانراوه‌ ژیانمان ناخۆشه‌و ئاسوده‌ نین، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ من ده‌یانناسم ئومێدیان وایه‌ دۆخی‌ ئابوری‌ ئێران باشبێت‌و ته‌نها رێگه‌ش كه‌ ئێستا چاومان له‌سه‌ر بێت رێككه‌وتنی‌ نێوان وڵاته‌كه‌مان‌و وڵاتانی‌ پێنج كۆیه‌كه‌".

كرێكاره‌ ئێرانییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی فه‌رمی ده‌بێ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش‌و سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ نشینگه‌ بكه‌ن، به‌ڵام دوای ماندوبون، زۆربه‌ی كات مافی مانه‌وه‌یان پێ نادرێت‌و زۆرجاریش دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ هه‌ر له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ جاروبار بانگ ده‌كرێن.

كاتێك له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوو له‌هه‌ولێری‌ پایته‌خت ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روویداو دواتر ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند كه‌ سێ‌ هاوڵاتی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات تیایدا به‌شداربوون، ئیتر رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان هێنده‌ی‌ تر له‌سه‌ر كرێكارانی‌ ئێرانی‌ توند كرایه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، زۆرێک پێیان وایە ئێرانییه‌كان فشارێكی‌ دیكه‌ن بۆ سه‌ر هاوڵاتیان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، "كرێكارانی‌ بیانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بونه‌ته‌ بارگرانی‌‌و هه‌لی‌ كاریان بۆ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ كاری‌ ئه‌و كرێكارانه‌ی‌ كه‌ له‌هه‌رێم رێكبخه‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی كه‌مبكه‌ینه‌وه‌" ئه‌مه‌ وته‌ی‌ عه‌بدولمه‌جید عه‌لی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هێزی‌ كاره‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌.

عه‌بدولمه‌جید به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند: "ئه‌و كرێكارانه‌ی‌ ئێران كه‌ رویان له‌هه‌رێم كردووه‌، قه‌یرانی‌ بێكاری‌ له‌هه‌رێم زیاتر كردووه‌، ئێمه‌ پلانمان بۆ ئه‌وه‌ داناوه‌و له‌ئێستادا له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌داین له‌رێگه‌ی‌ نیشینگه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ پلانی‌ خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین".

ئه‌و له‌باره‌ی پلانه‌كه‌یه‌وه‌ وتی: "ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێم له‌لای خۆمان تۆماریان دەكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كارێك له‌ناوخۆدا هه‌بێ ده‌بێ بدرێته‌ كرێكاری خۆماڵی له‌كاتی ئاماده‌نه‌بوونی كرێكارانی ناوخۆ بۆ ئه‌و كاره‌ ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ ئاگاداربكرێنه‌وه‌ له‌ڕێی ئه‌و تۆماره‌ی لامانه‌ كرێكاری بیانی بۆ ئه‌و كاره‌ دابین بكه‌ین".

له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئێرانییه‌كان له‌هه‌رێم له‌پاش رێككه‌وتنی‌ ئێران‌و وڵاتانی‌ پێنج كۆ یه‌ك له‌ئه‌گه‌ری‌ باشبونی‌ دۆخی‌ ئێران، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هێزی‌ كاری‌ سلێمانی‌، وتی‌: "به‌بڕوای‌ من ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نابێته‌ هۆی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كریكاری‌ ئێرانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان".

وتیشی‌: "ئێران له‌م دۆخه‌كه‌دا نایه‌وێت پاره‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رز بێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یه‌وێت كه‌لوپه‌له‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ بكات‌و ئامانجی‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ هیچ ئومێدێك بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ هاتنی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران بۆ هه‌رێم‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ لێره‌ كارده‌كه‌ن نیه".

هه‌رچه‌نده‌ بۆ خاوه‌ن كاره‌كان بوونی‌ كرێكاری‌ ئێرانی‌ زۆر قازانجهێنه‌، به‌و پێیه‌ی‌ به‌ده‌ستێكی‌ كاری‌ هه‌رزانتر كاره‌كه‌ راده‌په‌ڕێنن، به‌ڵام كرێكارانی‌ ناوخۆو سه‌ندیكای‌ كرێكاران ئه‌مه‌یان به‌لاوه‌ خراپه‌و پێیان وایه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

عومه‌ر محه‌مه‌د به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان له‌باره‌ی بوونی كرێكارانی ئێرانی‌و بیانییه‌وه‌ له‌هه‌رێم بۆ "نیقاش" دواو وتی: "كرێكارانی بیانی وایكردووه‌ ئاماره‌كانی بێكاری له‌هه‌رێم روو له‌هه‌ڵكشان بكه‌ن‌و به‌بڕوای ئێمه‌ له‌ئێستادا رێژه‌ی بێكاری له‌هه‌رێم گه‌یشتوه‌ 40%". ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كان رێژه‌ی‌ بێكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان 7% تێپه‌ڕ ناكات.

له‌باره‌ی هۆكاره‌كانه‌وه‌ وتی: "كرێكاری بیانی به‌پاره‌یه‌كی كه‌م ئه‌و كاره‌ی كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت بۆتی ده‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌و كرێیه‌ بۆ كرێكاری ناوخۆ ده‌ریناهێنێ، به‌وه‌ش خواست له‌سه‌ر كرێكاری بیانی زۆرتره‌ وه‌ك له‌ناوخۆ"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ كوالێتی ئیشی كرێكاری بیانی باشتره‌و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ نرخێكی كه‌متر كاره‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

وه‌ك كرێكاره‌كان ده‌ڵێن وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ و سنورداركردنی‌ هاتنی‌ ئێرانییه‌كان بۆ هه‌رێم، پێدانی‌ مۆڵه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ راگرتووه‌. ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ ئێرانییه‌كانی‌ دانیشتوی‌ هه‌رێم قورستر بێت، هه‌رچه‌ننده‌ تائێستا هیچ بڕیارێكی‌ فه‌رمی‌ راگه‌یه‌ندراو له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌.

مسته‌فا یه‌زدان په‌نا، كه‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ كرماشانی‌‌ ئێرانه‌و شاره‌زایه‌ له‌پینه‌چێتی‌‌و كرێكاری‌ بینا له‌سلێمانیه‌وه‌ بۆ نیقاش دوا، ده‌ڵێ‌: "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مۆڵه‌تی‌ مانه‌وه‌م پێنه‌درێت له‌ساڵێكدا ته‌نها سێ‌ جار ده‌توانم بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌كه‌م".

مسته‌فا كه‌ له‌بیری‌ دوو كچه‌كه‌ی‌و هاوسه‌ره‌كه‌یدایه‌، وتی‌: "ئه‌گه‌ر دۆخی‌ ئێران‌و تمه‌ن باشتر بێت، هه‌رگیز ئاماده‌نیم له‌دووری‌ ئه‌وان بژیم‌و كار بكه‌م، بۆیه‌ به‌باشبوونی‌ دۆخی‌ وڵاته‌كه‌م ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌و لێره‌ نامێنمه‌وه".

له‌سه‌ره‌تادا رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئێران‌و وڵاتانی‌ ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌و ئه‌ڵمانیا، بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا نرخی‌ تمه‌ن به‌رز بێـته‌وه‌و دڵخۆشی‌ بۆ ئێرانییه‌كان دروستكرد، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كۆتایی‌ نیه‌و دواخراوه‌ بۆ 30ی‌ حوزه‌یران جاری‌ ئێرانییه‌كان دڵنیانین له‌باشبوونی‌ دۆخی‌ وڵاته‌كه‌یان، مسته‌فا وتی‌: "ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین تابزانین دۆخه‌كه‌ به‌كوێ‌ ده‌گات".

ده‌شڵێ‌: "ئه‌گه‌ر ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ سه‌ر ئێران نه‌مێنێت‌و بارودۆخمان باش بێت‌و دڵنیابین، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ئێره‌ چۆڵده‌كه‌ین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌