راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ له‌كه‌ربه‌لا له‌ژێر ره‌حمه‌تی‌ به‌رهه‌می‌ بیانیدایه‌

عه‌باس سه‌رحان
موسته‌فا جه‌میل عه‌ره‌بانه‌كه‌ی‌ پاڵ ده‌ناو گورج به‌ناو ره‌فه‌كانی‌ سوپه‌رماركێتێكی‌ ناو كه‌ربه‌لادا ده‌سوڕایه‌وه‌،…
16.04.2015  |  كه‌ربه‌لا
Farming in Karbala has been affected by the downturn in the canning business.
Farming in Karbala has been affected by the downturn in the canning business.

ئه‌و بازاڕه‌ی‌ موسته‌فا لێی‌ بوو جگه‌ له‌كه‌لوپه‌له‌ بیانییه‌كان چه‌ندین به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ له‌قوتونراوی‌ كارگه‌كانی‌ كه‌ربه‌لاشی‌ تێدایه‌ وه‌ك دۆشاوی‌ خورما‌و شیره‌مه‌نی‌‌و شه‌ربه‌ت، به‌ڵام كڕیاره‌كان كه‌متر به‌لای‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا ده‌چن.

نه‌بوونی‌ خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان وایكردووه‌ رێژه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ زۆربه‌ی‌ كارگه‌كان داببه‌زێ‌، له‌كاتێكدا ئه‌و كارگانه‌ ساڵانی‌ پێشوو به‌شی‌ پێداویستی‌ هه‌موو عێراقیان به‌رهه‌م ده‌هێنا‌و ده‌رفه‌تی‌ كاریان بۆ سه‌دان كه‌س ره‌خساندبوو، كه‌چی‌ ئه‌مڕۆ زۆرینه‌یان په‌كیان كه‌وتووه‌.

عێراقییه‌كان له‌رێی‌ ئه‌و ریكلامه‌ به‌ناوبانگانه‌ی‌ ساڵانی‌ هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو كه‌ له‌شاشه‌كانی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كران یاده‌وه‌ری‌ زۆریان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌ له‌قوتونراوه‌ خۆماڵییه‌كان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌ساڵانی‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ زۆری‌ فریایان كه‌وتن.

جه‌عفه‌ر سادق به‌ڕێوه‌به‌ری‌ رێپێدراوی‌ كارگه‌ی‌ له‌قوتونانی‌ كه‌ربه‌لا بۆ "نیقاش"ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ هۆكاری‌ لاوازبوونی‌ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌زۆری‌ تێچوونه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێندرێن.

نموونه‌ی‌ به‌وه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و قوتوو شوشانه‌ی‌ به‌كار ده‌هێنرێن له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ده‌كڕدرێن، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ تێچوونی‌ به‌رهه‌مه‌كان.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا بازاڕه‌كان پڕبوون له‌به‌رهه‌می‌ ئێرانی‌‌و كوه‌یتی‌‌و سعودی‌‌و ئه‌رده‌نی‌‌و توركی‌‌و چه‌ندین وڵاتی‌ تر كه‌ هه‌م نرخیان له‌به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان هه‌رزانتره‌و هه‌م به‌شێوه‌یه‌كی‌ جوان‌و سه‌رنج راكێشتر له‌قوتونراون.

ره‌نگه‌ به‌هۆی‌ زۆری‌ ساغبوونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ بێت كه‌ هه‌ندێ‌ له‌كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ بیانییه‌كان لقیان له‌كه‌ربه‌لاو چه‌ند شارێكی‌ تری‌ عێراقی‌ كردبێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا كارگه‌ی‌ "كاله‌"ی‌ ئێرانی‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ گۆشت‌و شیره‌مه‌نی‌‌و ترشیات‌و شه‌ربه‌ت لقێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كردووه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ كه‌ربه‌لاش خواستێكی‌ ئێجگار گه‌وره‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی‌ هه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د سه‌عیدی‌ كه‌ دوكانی‌ كه‌لوپه‌لی‌ خۆراكی‌ هه‌یه‌ وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كه‌ زۆر سوودی‌ له‌كردنه‌وه‌ی‌ لقی‌ ئه‌و كۆمپانیا ئێرانییه‌ بینیوه‌، چونكه‌ له‌و نزیكانه‌ به‌رهه‌مه‌كان ده‌كڕێت‌و ناچار نییه‌ بچێته‌ به‌غدا بۆ بازاڕكردن.

ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت "ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ له‌بازاڕدان 99%یان بیانین‌و زۆر به‌ده‌گمه‌ن به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شبن خه‌ڵك نایان كڕن".

ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ بیانییه‌كان ده‌كڕن هه‌ریه‌كه‌و بیانوویه‌كی‌ خۆیان هه‌یه‌، یه‌كێكی‌ وه‌ك جاسم عه‌لی‌ كه‌ كڕیارێكه‌ ده‌ڵێت "متمانه‌م به‌به‌رهه‌مه‌ بیانییه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌زانم پاك‌و خاوێنن‌و نرخیشیان گونجاوه‌". جاسم له‌ده‌می‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بیستوویه‌تی‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان پاك نین، هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵك متمانه‌یان پێیان نه‌ماوه‌.

له‌كاتێكدا جاران دۆشاوی‌ ته‌ماته‌و مره‌باو دۆشاوی‌ خورماو خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان‌و سركه‌و ترشیات‌و چه‌ندین جۆر سه‌لسه‌یان لێ‌ به‌رهه‌م ده‌هات هه‌ر له‌ساڵانی‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ تا ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كان، كه‌چی‌ ئێستا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ له‌ناوخۆدا به‌رهه‌م دێن ته‌نها دۆشاوی‌ خورماو شیره‌مه‌نی‌‌و شه‌ربه‌تیان لێ‌ ماوه‌ته‌وه‌.

گرنگی‌ كارگه‌كانی‌ له‌قوتونانی‌ كه‌ربه‌لا له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ساڵانی‌ رابردوو زیاتر له‌ 32 هه‌زار هه‌لی‌ كاری‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لاو ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ دابین كردووه‌، هاوكات پایه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌ بوون، چونكه‌ پشتیان به‌به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ وه‌كو خورماو ته‌ماته‌و چه‌ند جۆرێكی‌ تری‌ میوه‌ به‌ستووه‌.

كه‌چی‌ ئێستا ژماره‌ كارگه‌كانی‌ له‌قوتونان له‌ 14 كارگه‌وه‌ ته‌نها دوو كارگه‌یان ماوه‌ته‌وه‌و هه‌شتا كه‌س كاری‌ تیادا ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆ نموونه‌ كارگه‌ی‌ دۆشاوی‌ خورما له‌ساڵانی‌ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو نزیكه‌ی‌ حه‌وت هه‌زار ته‌نی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌، به‌ڵام بۆ ساڵی‌ 2014 ئاستی‌ به‌رهه‌می‌ سێسه‌د ته‌ن بووه‌.

جه‌عفه‌ر سادق له‌مباره‌به‌وه‌ ده‌ڵێت "ناوه‌ ناوه‌ به‌شێك ئامێره‌كانی‌ كارگه‌ی‌ له‌قوتونان نوێكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان كۆنن" باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ناوێرن هیچ جۆره‌ به‌رهه‌مێكی‌ نوێ‌ بخه‌نه‌ سه‌ر هێڵی‌ به‌رهه‌مهێنان به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێچوونیان زۆر ده‌بێت‌و ناتوانن له‌بازاڕدا ركابه‌ری‌ پێبكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ناله‌باره‌و ده‌رگای‌ سنوره‌كانیش به‌رووی‌ هه‌موو كه‌لوپه‌لێكی‌ بیانیدا كراونه‌ته‌وه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌باس حه‌دادی‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ پارێزگاری‌ حكومی‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان، رووه‌و له‌ناوچوون ده‌چن، ئه‌و پێی‌ وایه‌ كێشه‌كه‌ به‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت كه‌ هه‌موو كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش له‌ناوخۆوه‌ دابین بكرێن‌و ده‌ڵێت "بۆ نموونه‌ كاتێك ده‌مانه‌وێت كارگه‌ی‌ جل‌و به‌رگ بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت خوری‌‌و هه‌موو پێداویستییه‌كانی‌ تر له‌ناوخۆدا ده‌ست بكه‌ون، نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ بۆیان بهێندرێت".

ئه‌مڕۆ كارگه‌كانی‌ له‌قوتونانی‌ كه‌ربه‌لا ته‌نها چه‌ند بینایه‌كی‌ چۆڵ‌و بێ‌ ناوه‌ڕۆكن‌و ورده‌ ورده‌ ئه‌وه‌ش نامێنێت، له‌كاتێكدا ئه‌وان بۆ سه‌رده‌مێك یه‌كه‌می‌ بێ‌ ركابه‌رو كۆڵه‌كه‌ی‌ پشتی‌ ئابوری‌ عێراق بوون‌و ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت ریكلامه‌كانیان له‌یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ماوه‌ته‌وه‌.