راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌س نازانێت خێروبێری‌ داهاتی‌ كوردستان بۆ كێیه‌

ئه‌و داهاته‌ی‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد، ئێستا نه‌ فریای‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ هه‌رێم…
2.04.2015  |  سلێمانی
Iraqi dinars: Millions are missing from Iraqi Kurdistan's borders.
Iraqi dinars: Millions are missing from Iraqi Kurdistan's borders.

بۆ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ زیاتر له‌دوانزه‌ ساڵ (1991-2003) هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و داهاته‌ ناوخۆییانه‌ ده‌ژیا كه‌ له‌چالاكییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان‌و به‌تایبه‌تیش له‌خاڵه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وت، تا ئه‌و كاته‌ی‌ رژێمی‌ به‌عس رووخاو خه‌رجی‌ هه‌رێم چووه‌وه‌ سه‌ر به‌غدا، كه‌چی‌ ئێستا كه‌ زیاتر له‌ساڵێكه‌ به‌غدا گه‌مارۆی‌ ئابوری‌ خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێم، ئه‌و داهاته‌ هیچی‌ پێناكرێت‌و كه‌سیش نازانێت چی‌ به‌سه‌ر دێت.

ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ له‌ناوه‌نده‌ جۆربه‌جۆره‌كاندا له‌ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان‌و داهاته‌كانی‌ تری‌ ناوخۆ ناشه‌فافن‌و چاره‌نوسیان دیارنییه‌، به‌ڵام نزیكه‌ی‌ سێ‌ هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر بۆیه‌كه‌مجار به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ "به‌ڵێ‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان ناروونی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌".

رێباز محه‌مه‌د حه‌ملان وه‌زیری‌ دارایی‌و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 12ی‌ مانگی‌ رابردوو (ئازار) رایگه‌یاند كه‌ رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگرو تانكه‌ر له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام داهاتیان كه‌مه‌و به‌دواداچوونی وردی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

رێباز محه‌مه‌د ئه‌و قسانه‌ی‌ له‌دوای‌ سه‌ردانێكی‌ هات بۆ مه‌رزی په‌روێزخان‌و تیله‌كۆ (سنوری‌ ئێران)، كه‌ وتیشی‌: "سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ به‌دواداچوونه‌ له‌باره‌ی كۆكردنه‌وه‌و دابه‌شكردنی داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان دامه‌زراون، كه‌ ده‌ستی حیزبیان له‌پشته‌و رۆژانه‌ بۆ هه‌ر بارێك، بڕێك پاره‌ له‌شۆفێران وه‌رده‌گرن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ بچێته‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه‌".

ئه‌م قسانه‌ی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ یه‌كه‌م دانپیادانانی‌ فه‌رمییه‌ له‌باره‌ی‌ ناڕوونی‌ داهاتی‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ كه‌ ده‌رچه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ بازرگانی‌ هه‌رێمن به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی‌ توركیاو ئێران، له‌دیارترینی‌ ئه‌و خاڵه‌ سنوریانه‌ش: ده‌روازه‌كانی‌ ئیبراهیم خه‌لیل (ده‌كه‌وێته‌ باكووری‌ شاری‌ دهۆك، كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ توركیا)، باشماخ (ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌، كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران)، حاجی ئۆمه‌ران (ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ هه‌ولێر، كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران)، په‌روێزخان (ده‌كه‌وێته‌ باشووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌، كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران)، له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی‌ تری‌ نافه‌رمی‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكان.

به‌پێی‌ چه‌ند ئامارێك، كه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، له‌ساڵانی‌ رابردوو، پێش قه‌یرانی‌ دارایی هه‌رێمی‌ كوردستان داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌‌ هه‌رچوار خاڵی‌ سنوری (باشماخ‌و ئیبراهیم خه‌لیل‌و حاجی‌ ئۆمه‌ران‌و په‌روێزخان)، نزیكه‌ی‌ 1 ترلیۆن‌و 800 ملیار دینار بووه‌، ئه‌و كاتیش هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان رایانده‌گه‌یاند كه‌ ئه‌و داهاته‌ چاره‌كی‌ ژماره‌ راسته‌قینه‌كه‌ نییه‌.

سه‌ید ئه‌كره‌م به‌رپرسی‌ پێشوی‌ گومرگی‌ ئیبراهیم خه‌لیل پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ به‌ته‌نها داهاتی‌ رۆژانه‌ی‌ مه‌رزی‌ ئیبراهیم خه‌لیل زیاتر له‌ 1 ملیۆن دۆلار بووه‌، هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ی‌ تریش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و داهاته‌ بۆ ساڵی‌ 2013 له‌هه‌ر رۆژێكدا زیاتر بووه‌ له‌دوو ملیار دینار، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و ئابڵوقه‌ی‌ به‌غداوه‌ جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ له‌مه‌رزه‌كان كه‌می‌ كردووه‌و داهاته‌كه‌شیان دابه‌زیوه‌.

داهاتی‌ ئه‌و مه‌رزانه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م له‌باج‌و رسوماتی‌ گومرگییه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین خه‌رجی‌ تر كه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌سه‌نرێن.

دیارنه‌بوونی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و داهاتانه‌ نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌، به‌ڵكو ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكیشه‌ یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌ دیاره‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌رێم، چونكه‌ به‌غدا پێداگری‌ له‌وه‌ ده‌كات‌و ئه‌و داهاتانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌ندو له‌وێوه‌ جارێكی‌ تر دابه‌ش بكرێنه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ نه‌ ئه‌مساڵ تائێستا نه‌ ساڵانی‌ رابردووش هه‌رێمی‌ كوردستان داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی‌ بۆ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ عێراق ئاشكرانه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێك له‌كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ قووڵتركردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات نه‌ك هه‌ر په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ به‌غدا، به‌ڵكو په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش ئاگاداری‌ ته‌واوی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان نییه‌و وتی‌ "ئایا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئاماده‌یی تێدایه‌ داهاته‌كان رابگه‌یه‌نێت به‌تایبه‌تی بۆ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان، یان شه‌فافییه‌ت له‌كوردستان بڤه‌یه‌ ده‌بێت ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكی‌ كه‌م بیزانن".

له‌لای‌ خۆیانه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌هه‌ولێری‌ پایته‌خته‌وه‌ ئاگاداری‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان نین، چ جای‌ به‌غدا ئاگاداریان بێت.

له‌و باره‌وه‌، عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌و ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت: "به‌دڵنیایی چ له‌ساڵانی‌ رابردوو، چ له‌مساڵیشدا تا ئه‌م مانگه‌ ئه‌و داهاتانه‌ بۆ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رووننه‌كراوه‌ته‌وه‌".

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح وتیشی‌ "نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو بۆ خودی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ناڕوونه‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌چێت بۆ لایه‌نی‌ تر، كه‌ ده‌ستی‌ حیزبیان له‌پشته‌وه‌یه‌". بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ هیچ لایه‌نێك بهێنێت.

نیقاش له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شی‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، كه‌ له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ستیكردووه‌ به‌به‌دواداچوون بۆ ته‌واوی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌شته‌ش گۆڕانكاری‌ له‌چه‌ند پۆستێكی‌ گومرگه‌كان كردووه‌، سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ خۆشبكرێت، سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ ناو داهاتی‌ گشتی‌ له‌هه‌رێم.

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، كه‌ له‌ئێستادا سه‌قاڵی‌ به‌دواداچوونه‌ له‌سه‌ر داهاتی‌ خاڵه‌ سنووره‌ییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، ده‌ڵێت: "پێویسته‌ حكومه‌ت سوود له‌و سه‌رچاوه‌ به‌باشی‌ وه‌رگرێت‌و داهاته‌كه‌شی‌ بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرابكات‌و سه‌رجه‌میشی‌ بچێته‌ خزمه‌تی‌ گشتییه‌وه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ تائێستا په‌رله‌مان داوای‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی كردووه‌ بۆ ئاشكراكردنی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان، عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح وتی‌: "به‌دڵنیایی چه‌ند جارێك له‌رێگه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌و داوایه‌مان كردووه‌و به‌شێكیمان بۆ روونكراوه‌ته‌وه‌و به‌شێكی‌ تریشی‌ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ نوێ‌ تازه‌ ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌ به‌دواداچوونه‌كانی‌‌و دوای‌ گه‌یشتنه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كان روونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌كات".

هه‌تا ساڵی‌ رابردوو وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن وه‌زیرانی‌ هه‌ردوو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بران، به‌ڵام له‌پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێدا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ درا به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ پێشتر پارتێكی‌ ئۆپۆزسیۆن بوو.

له‌سه‌رجه‌م ده‌ركه‌وتنه‌كانی‌ رابردووی‌ رێباز محه‌مه‌د وه‌زیری‌ دارایی‌ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ی‌ داهاته‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ به‌شێك له‌پێداویستی‌‌و خه‌رجییه‌كانی‌ دابینبكات، له‌ماوه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی هه‌رێمیش وه‌زاره‌تی‌ دارایی نه‌یتوانیوه‌ سوود له‌و داهاته‌ وه‌ربگرێت.

له‌و باره‌وه‌ ئه‌له‌ند مه‌حوی‌ توێژه‌ری‌ بواری‌ ئابووری‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت: "له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی‌ جیهان داهاته‌ ناوخۆییه‌كان سوودێكی‌ زۆری‌ لێوه‌رده‌گیرێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند خه‌رجی‌‌و پێداوستییه‌ك، به‌ڵام له‌هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك پێویست سوود له‌وه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌قه‌یرانی‌ داراییدا".

ئه‌له‌ند مه‌حموی‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ژووری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ كردووه‌ له‌باره‌ی‌ داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێم، له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌وه‌، وتی‌: "چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌، یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندی‌ به‌ناشه‌فافی‌ هه‌یه‌ له‌داهاته‌كان، كه‌ به‌پێی‌ به‌داواداچوونه‌كانی‌ ئێمه‌، ئه‌و داهاتانه‌ی‌ مانگانه‌ ده‌گاته‌، وه‌زاره‌تی‌ دارایی نیوه‌ی‌ ئه‌و داهاته‌ نییه‌، كه‌ له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان ده‌ستده‌كه‌وێت‌و حیزبه‌كان بۆ خۆیانی‌ ده‌به‌ن".

ئه‌له‌ند مه‌حوی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ شه‌ڕی‌ داعش یه‌كێكی‌ تر بووه‌ له‌و هۆكارانه‌ی‌، كه‌ نه‌توانراوه‌ سوود له‌و داهاتانه‌ وه‌ربگرێت، چونكه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردوو به‌شێكی‌ زۆری‌ جموجولی‌ بازرگانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان په‌كخستووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و سوریا، هه‌روه‌ها هه‌رێمی‌ كوردستان‌و شاره‌كانی‌ تری‌ باشووری‌ عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ وایكردووه‌ داهاته‌كان كه‌مبێته‌وه‌.

هه‌میشه‌ به‌رپرسانی‌ عێراق جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت هه‌رێمی‌ كوردستان داهاتی‌ ناوخۆو خاڵه‌ سنوورییه‌كان بۆ ئاشكرابكات، به‌رپرسانی‌ هه‌رێمیش هۆكاری‌ ئاشكرانه‌كردنی‌ ئه‌و داهاتانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ عێراق شه‌فاف نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها مانگانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌واوی‌‌و به‌پێی‌ ده‌ستوور به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم نانێرن.

هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆو حكومه‌تی‌ به‌غداش چه‌ندینجار ده‌نگی‌ ئه‌وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ كه‌ داهاتی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناڕۆشنه‌، به‌ڵام تائێستا ده‌زگاكانی‌ چاودێری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ وردیان نه‌كردووه‌و ژماره‌ راسته‌كه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه‌.

خالید چاوه‌شلی‌ به‌رپرسی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی هه‌رێم، (كه‌ چاودێری‌‌و وردبنی‌ ده‌كات له‌خه‌رجی‌‌و داهاتی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت) به‌"نیقاش"ی‌ وت: "له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردوو، له‌مساڵیشدا ئێمه‌ هیچ به‌دواداچوونێكیان بۆ داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ ماوه‌ی‌ ساڵێك زیاتره‌، هه‌رێمی‌ كوردستان تووشی‌ قه‌یرانی‌ دارایی بووه‌، كه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌م كاته‌دا فشاری‌ زیاتر له‌رێگه‌ی‌ به‌دواداچوونه‌كانمانه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر حكومه‌ت".

چاوه‌شلی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌وترێت به‌شێكی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان بۆ كۆمپانیا حیزبییه‌كان ده‌چێت، نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ بوونی‌ هه‌یه‌و ئه‌وانیش به‌رنامه‌یان داناوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌وه‌ی‌ له‌داهاتوودا به‌دواداچوون بكه‌ن.

هاوكات ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ هه‌رێم به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌وان تائێستا نه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، نه‌ له‌لایه‌ن دیوانی‌ چاودێرییه‌وه‌ هیچ سكاڵایه‌كیان له‌سه‌ر پرسی‌ داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، تا به‌دواداچوونی‌ بۆ بكه‌ن.

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر وتیشی‌: "كاری‌ ئێمه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ سكاڵایه‌كمیان له‌سه‌ر بوارێك به‌ده‌ست ده‌گات، هه‌ركاتیكیش سكاڵامان له‌سه‌ر داهاتی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ده‌ست گه‌یشت، به‌دڵنیایی به‌دواداچوون ده‌كه‌ین".

تا ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ چاودێری‌‌و ده‌ستپاكی‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌لێكۆڵینه‌وه‌، نه‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژماره‌یه‌كی‌ راستیان له‌باره‌ی‌ داهاتی‌ ناوخۆوه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، نه‌ كێشه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غداش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌لایه‌كدا ده‌كه‌وێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌