راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌غدا یان هه‌رێم؟.. كه‌س نازانێت ژماره‌ راسته‌كه‌ لای‌ كامیانه‌

هێشتا ئه‌وه‌ ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌ ژماره‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ناردنی‌ نه‌وت له‌لای‌ حكومه‌تی‌ به‌غدایه‌ یان هه‌ولێر؟…
19.03.2015  |  سلێمانی
An Iraqi flag flies in front of an Iraqi oil refinery.
An Iraqi flag flies in front of an Iraqi oil refinery.

حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ده‌ڵێت هه‌ولێر رۆژانه‌ بڕی‌ 135 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ راده‌ستی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ كردووه‌، له‌به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی‌ هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ بڕی‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندجارێك هه‌ولێرو به‌غدا ژماره‌ی‌ جیاوازیان له‌باره‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وته‌وه‌ باسكردووه‌، به‌ڵام هه‌فته‌ی‌ رابردوو بۆ یه‌كه‌مینجار به‌به‌رچاوی‌ كامێراكانه‌وه‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ هه‌ردوولا رووبه‌رووی‌ یه‌كبوونه‌وه‌‌و دیسان ناكۆكییان له‌باره‌ی‌ ژماره‌كانه‌وه‌ ده‌رخسته‌وه‌.

له‌میانی‌ "دیداری‌ سلێمانی‌" كه‌ بۆنه‌یه‌كی‌ ساڵانه‌یه‌و زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات (رۆژانی‌ 11و12ی‌ ئازار به‌ڕێوه‌چوو) عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق‌و ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌و باره‌یه‌وه‌ رووبه‌روو قسه‌یان كرد.

عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ هه‌رێم تائێستا 40% پابه‌ندی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بووه‌، له‌به‌رانبه‌ردا وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ 97% پابه‌ندی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بوون‌و به‌و رێژه‌یه‌ نه‌وتیان هه‌نارده‌ كردووه‌.

رۆژی‌ 11ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م (دیسه‌مبه‌ر)ی‌ ساڵی‌ رابردوو، دوای‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان رێككه‌وتنێكیان واژووكرد، له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت‌و به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیلی‌ نه‌وتی‌ خۆی‌‌و 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی‌ بۆرییه‌كانییه‌وه‌ هه‌نارده‌ی‌ به‌نده‌ری‌ جه‌یهانی‌ توركی‌ بكات‌و راده‌ستی‌ كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ نیشتیمانی‌ عێراق (سۆمۆ)ی‌ بكات، له‌به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی‌ عێراق به‌ڕێژه‌ی‌ 17% به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق ده‌نێرێت، كه‌ دواتر ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق جێكرایه‌وه‌.

دوای‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ مانگ له‌واژووكردنی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌، به‌ڵام تائێستا هیچكام له‌و دوو لایه‌نه‌ پابه‌ندنه‌بوون به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیان، به‌وه‌ی‌ تائێستا هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی‌ هه‌نارده‌ نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها تائێستا به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌ناردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و گاز له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق.

راستییه‌كه‌ی‌ روون نییه‌ بۆچی‌ ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ژماره‌كاندا دروست بووه‌، تائێستاش لایه‌نێكی‌ بێلایه‌ن ئاوێكی‌ به‌م ئاگره‌دا نه‌كردووه‌و ساغی‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ ئاخۆ كامه‌ ژماره‌یان راسته‌.

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ جیاوازی‌ ئه‌و ژمارانه‌، ئارێز عه‌بدوڵڵا بۆ "نیقاش" وتی‌: "ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی‌ سێ‌ مانگی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ هه‌رێم دابه‌ش بكه‌یت به‌سه‌ر ژماره‌ی‌ رۆژه‌كاندا، ئه‌وا داتاكانی‌ هه‌رێم راسته‌، به‌ڵام بۆ هه‌ر رۆژێك به‌ته‌نها هه‌رێم نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ رێك كه‌وتوون".

له‌ئێستادا به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پابه‌ندی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا نه‌بووه‌، حكومه‌تی‌ عێراق له‌سێ‌ مانگی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم، ته‌نیا بڕی‌ 250 ملیار دیناری‌ بۆ هه‌رێم ناردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌كۆی‌ نزیكه‌ی‌ 3 ترلیۆن دینار كه‌ ده‌بوو تائێستا بیناردایه‌.

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "به‌و بڕیاره‌ی‌ به‌غدا مانایه‌ك بۆ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق نه‌ماوه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی‌ یاساكه‌، ده‌بوو مانگانه‌ به‌غدا به‌شی‌ بودجه‌ی‌ هه‌ولێری‌ بناردایه‌".

سه‌فین دزه‌یی بۆ "نیقاش" جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان وه‌ك هه‌رێمی‌ كوردستان پابه‌ندی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بوون‌و له‌ئێستاشدا به‌ڕێژه‌یی رۆژانه‌ بڕی‌ 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ هه‌نارده‌ده‌كرێت، رۆژ به‌ڕۆژیش ئه‌و بڕه‌ رووی‌ له‌زیاتر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌بێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تائێستا بڕی‌ دیاریكراو له‌نه‌وتی‌ كه‌ركوك هه‌نارده‌نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ چه‌ند كێشه‌یه‌كی‌ ته‌كنكییه‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكووره‌وه‌ هه‌یه‌.

دوایین راپۆرتی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و كۆپییه‌كی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "ئێستا جگه‌ له‌نه‌وتی كه‌ركوك، هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كوردستان ره‌وانده‌‌كات‌و به‌نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌گاته‌ ٤٢٥ هه‌زار به‌رمیل".

له‌و باره‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان زانیارییه‌كان بۆ "نیقاش" پشت راست ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "به‌پێی‌ ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی‌، كه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خشته‌یه‌ كردوومانه‌، له‌ئێستادا هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ هه‌نارده‌ ده‌كات".

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح وتیشی‌: "بۆ كۆتایی مانگی‌ چوار ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ ٦٢٥ هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا‌و تا كۆتایی‌ مانگی‌ حوزه‌یران ده‌گاته‌ ٧٥٠ هه‌زار به‌رمیل".

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كار وابڕوات‌و به‌غدا پابه‌ندی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ نه‌بێت، ئه‌وا هه‌رێم ئیتر نه‌وت بۆ سۆمۆ ره‌وانه‌ ناكات‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ به‌كاری‌ ده‌هێنێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر تا دوو مانگی دیكه‌ به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ره‌وانه‌ نه‌كات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كجاری ناردنی نه‌وت له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیای‌ سۆمۆوه‌ راده‌گرێت، به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌كان ئه‌گه‌ر نرخی‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ٤٥ دۆلار بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا تا مانگی‌ حوزه‌یران هه‌رێم بۆ مانگێك زیاتر له‌یه‌ك ملیار دۆلاری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌وه‌ش خه‌رجی‌ ناوخۆ پڕده‌كاته‌وه‌و پێویستی‌ به‌غدا نابێت‌و خۆی‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت". بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ روونی‌ بكاته‌وه‌ ئه‌و نه‌وته‌ به‌ چ رێگایه‌ك‌و به‌كێ‌ ده‌فرۆشن.

قسه‌ی‌ ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ پشتیوانی‌ ناكرێت‌و ئه‌وان پێیان وایه‌ له‌هه‌موو بارێكدا قازانج له‌وه‌دایه‌ هه‌رێم‌و به‌غدا پابه‌ندی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ بن، بۆ ئه‌مه‌ سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌و به‌م نزیكانه‌ش وه‌فدێكی‌ هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشانه‌، كه‌ تائێستا كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێم زیاتر پێداگر بێت له‌سه‌ر ژماره‌كانی‌ خۆی‌، به‌غداش ئه‌وه‌نده‌ پێداگر ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و داتایانه‌ی‌ لای‌ خۆی‌ تۆماریكردووه‌، زیاد له‌په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌به‌غدا بۆ "نیقاش"یان روونكرده‌وه‌ كه‌ له‌به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیان بیستووه‌ هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ هه‌نارده‌كردن كه‌ له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتوون.

په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "عه‌بادی‌ له‌كۆبوونه‌ویه‌كدا راسته‌وخۆ پێی‌ وتین هیچ كام له‌و ژمارانه‌ راست نییه‌ كه‌ هه‌رێم باسی‌ ده‌كات، ئه‌وان باسی‌ ژماره‌یه‌ك ده‌كه‌ن‌و له‌راستیدا ژماره‌یه‌كی‌ تر به‌ئێمه‌ ده‌گات، بۆیه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ ناچێته‌ سه‌ر".

ئێستا هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گوێیان له‌وه‌ نییه‌ كامه‌ له‌ژماره‌كان راسته‌، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان به‌لایه‌نه‌وه‌ گرنگه‌ چاره‌سه‌رێكی‌ هاوبه‌ش بدۆزرێته‌وه‌و ئه‌و بودجه‌یه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ساڵێكه‌ لێیان بڕاوه‌.

وریا هه‌ورامی به‌رپرسی ڕێكخراوی دۆر، كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌كات پێی‌ وایه‌ جیاوازی‌ نێوان ژماره‌كان ته‌نها له‌زیانی‌ خه‌ڵكییه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌قه‌ لایه‌نی‌ سێهه‌م له‌م پرۆسه‌یه‌دا بێته‌ پێشه‌وه‌ یان په‌رله‌مان رۆڵی‌ چاودێری‌ خۆی‌ بگێڕێت‌و یه‌كێك له‌ژماره‌یه‌كان به‌راست هه‌ژمار بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌مه‌ زیاتر درێژه‌ نه‌كێشێت‌و درزی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا گه‌وره‌تر نه‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌