راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌رزه‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌بێده‌نگی‌ تێپه‌ڕ نابێت

موکریان کاوە
هه‌رچه‌نده‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان‌و به‌غدا رێککه‌وتنێکی سه‌ره‌تاییان ئیمزاکرد بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌…
8.01.2015  |  سلێمانی
Iraqi bank notes: The Kurdish government wants more of these.
Iraqi bank notes: The Kurdish government wants more of these.

هه‌ر له‌كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ره‌شنووسی ‌‌یاسای هێنانی پاره‌ له‌ڕێی قه‌رزه‌وه‌ بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان - عیراق‌‌ په‌سه‌ند کرد، چونكه‌ به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ‌ به‌باشیش پاره‌ له‌به‌غداوه‌ بێت بۆ هه‌رێم، به‌ڵام ساڵی‌ رابردوو ئه‌وه‌نده‌ پرۆژه‌كان دواكه‌وتوون كه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات قه‌رزیان بۆ بكرێت، تائێستا ئه‌و ره‌شنووسه‌ له‌په‌رله‌مانی کوردستان نه‌خراوه‌ته‌ گفتوگۆو به‌گوێره‌ی راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌کان، ره‌شنووسه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌په‌رله‌مان ئاسته‌نگی بۆ دروستبووه‌و پێناچێ به‌ئاسانیی ده‌نگی به‌ڵێ مسۆگه‌ر بکات‌، ئاسته‌نگییه‌کان زیاتر خۆی له‌جۆری قه‌رزه‌که‌و ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ که‌ حکومه‌ت به‌ته‌مایه‌ پاره‌ی لێ قه‌رز بکات.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کورستان روونیکرده‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌دواداچوونی وردی یاسایی كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام په‌رله‌مانی کوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی " گومانی بۆ دروستبووه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی لایه‌نی قه‌رزده‌ر" ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ گفتوگۆکان له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌نێوان حکومه‌ت‌و په‌رله‌مان درێژه‌ بکێشێ.

ده‌ستووری عێراق‌و قه‌رزکردن

قوباد تاڵه‌بانی دوای کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ده‌سه‌ڵات‌و ڕێپێدانی یاسایی‌و ده‌ستووریی بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی كۆڵیوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ لایه‌ن‌و بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان مافی وه‌رگرتنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

به‌ڵام له‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ماده‌ی 106دا هاتووه که‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی سه‌رپه‌رشتی داهات‌و ده‌رامه‌ته‌ فیدراڵییه‌کان ده‌کات‌و به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان‌و عادیلانه‌ به‌سه‌ر پارێزگاو هه‌رێمه‌کاندا دابه‌شی ده‌کاته‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتی داهات‌و یارمه‌تی‌و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی له‌ئه‌ستۆدایه‌، که‌وابێ پرسی هێنانی پاره‌ به‌قه‌رز له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات پرسێکی ناوه‌ندییه‌و ده‌بێ به‌غدا سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی قه‌رز‌و جۆری دانه‌وه‌ی بکات، به‌ڵام له‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا هێشتا هیچ رۆڵێکی به‌غدا دیار نییه‌.

پسپۆرو شاره‌زایانی ئابووریی جه‌خت ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌و پرسه‌ له‌ده‌ستی حکومه‌تی ناوه‌نددایه‌، به‌ڵام چونکه‌ هه‌رێمی کوردستان خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی حکومییه‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌عێراقدا دیارن، هه‌روه‌ها خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆری سامانی سروشتییه‌، ده‌توانێ بۆ ده‌ربازبوون له‌قه‌یرانی بێ موچه‌یی‌و قه‌رزی كۆمپانیاكان، قه‌رز بکات.

عیزه‌ت سابیر، پسپۆری ئابووریی‌و سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئابووریی له‌په‌رله‌مانی کوردستان سه‌باره‌ت به‌وه‌ ده‌ستووریی یان نا ده‌ستووریی بوونی پاره‌ قه‌رزکردن له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێ: "له‌رووی ده‌ستورییه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی پاره‌ قه‌رز كردن له‌بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدایه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ له‌رێی ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحانه‌ی كه ئێستا ‌له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاریی ده‌که‌ن، رێگه‌یه‌کی دیکه‌ی یاسایی بدۆزێته‌وه‌ تا پاره‌ی لێوه‌ قه‌رز بكات".

دوای ئاشکرابوونی هه‌وڵه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ پاره‌ قه‌رزکردن، له‌ناوخۆی کوردستان ئابوورییناسان‌و پسپۆرانی بواره‌که‌ که‌وتنه‌ خۆو له‌ڕێی به‌ستنی وۆرکشۆپ‌و سیمیناره‌وه‌، بۆچوونی خۆیان خسته‌ڕوو. یارو نه‌یاری پرۆژه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌خاڵێکدا هاوڕان که‌ ده‌بێ حکومه‌ت دوو روونکردنه‌وه‌ بدات یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڕی پاره‌که‌ چه‌نده‌و له‌کوێ ده‌یهێنێ، دووه‌م پاره‌ی قه‌رزکراو بۆ دابه‌شکردنییه‌تی به‌سه‌ر موچه‌خۆراندا یان بۆ ته‌واوکردنی پرۆژه‌ ئابوورییه‌کانه‌؟

محه‌مه‌د که‌ریم، سه‌رۆکی مونته‌دای ئابووریی کوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشکرایکرد، ترسیان هه‌یه‌ حکومه‌تی هه‌رێم بۆیه‌ پاره‌ قه‌رز ده‌کات تا به‌سه‌ر موچه‌خۆرانیدا دابه‌شی بکات (حكومه‌ت موچه‌ی‌ دوو مانگی‌ فه‌رمانبه‌ران قه‌رزداره‌)، که‌ ئه‌مه‌ش ئابووریی کوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی‌و ئاسته‌نگی گه‌وره‌ له‌داهاتوودا، ئه‌و وتی: "پرسیارمان له‌چۆنێتی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌که‌یه‌، تائێستا نازانین چۆن‌و له‌کوێ‌و چه‌ندێ قه‌رز ده‌کرێ، هه‌موو ئه‌مانه‌ وامان لێده‌کات بترسین له‌و پرۆژه‌یه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ پاره‌ قه‌رز بکات تا به‌سه‌ر موچه‌خۆرانیدا دابه‌شی بکات، ئه‌وه‌ کاره‌ساتێکی ئابووریی به‌دواوه‌ ده‌بێ."

بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی دارایی‌و ئابووریی، لەھەرێمی كوردستان ملیۆنێك‌و سێ سەد ھەزار موچەخۆر ھەن، لەنێویاندا نزیكەی حەوت سەدیان فەرمانبەرن‌و ئەوانی دیكە موچەخۆرن‌و مانگانە ٨٧٠ ملیار دینار بۆ موچە تەرخان دەكرێت.

ناکۆکی سیاسی هه‌ولێرو به‌غدا

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌به‌غدا که‌ بۆ گفتوگۆو رێککه‌وتن رۆژی 1ی كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو چووبووه‌ ئه‌وێ به‌ئاشکرا وتی: "عیراق له‌ڕه‌وشێكی دارایی زۆر خراپدایه‌، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی که‌ له‌نێوان ئێمه‌و به‌رپرسانی عێراق ئه‌نجامدراوه‌، شتێكی‌ باش بوو، ‌به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو خواسته‌کانی ئێمه‌ نه‌بوون."‌‌ ئه‌و قسانه‌ نیشانی ده‌دات که‌ هێشتا نێوانی هه‌ولێرو به‌غدا له‌ڕووی پرسه‌ ئابوورییه‌کانه‌وه‌ که‌ له‌دوای ده‌سه‌ڵاتی (نوری مالیکی) گه‌یشته‌ ترۆپک، به‌چاره‌سه‌ر نه‌کراوی ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ولێر ده‌ستبه‌رداری پرسی قه‌رزکردن نابێ له‌بانکه‌کانی ده‌ره‌وه‌.

ئه‌و ناکۆکییانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئابووریی روو له‌گه‌شه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئاستێکی مه‌ترسیدار سستی تێ بکه‌وی‌و که‌رتی وه‌به‌رهێنان که‌ ساڵی 2013 هی بیانی ١٦,٦٠% و خۆماڵی رێژەی ٧٨,١٦% گه‌یشته‌ ئاستێکی به‌رز، هه‌رچه‌نده‌ ئامارێکی روون نییه‌ جارێ، به‌ڵام شاره‌زایان ئاماژه‌ به‌دابه‌زینێکی زۆر گه‌وره‌ ده‌که‌ن له‌ساڵی‌ 2014 له‌و چاو ساڵی پێشووتردا.

دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیی‌و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێ: "سەرباری ته‌نگژه‌ سیاسی‌و ئه‌منییه‌کان له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێرو چه‌کدارانی داعش، هەرێمی کوردستان هێشتا توانیویەتی پێگەی ئابووریی‌و بازرگانی خۆی بپارێزیت، به‌ڵام هەڕەشەی تیرۆرستی‌و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی پێشووی ‌‌بەغداوە، دوو تەحەداو ئاسته‌نگی زۆر سەرەکی بوون لەبەردەم گه‌شه‌ی ئابووریی هەرێمی کوردستان کە بوونە هۆی ئەوەی هەرێم بیر لەپەیڕەوکردنی شێوازی دیکە وپلانی دیکە بکاته‌وه‌ بۆ پاراستنی که‌رتی ئابووریی خۆی."

هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سووربێ له‌سه‌ر پاره‌ قه‌رزکردن له‌ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ده‌ربازبوونی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان نییه‌ له‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ساڵی‌ رابردووه‌وه‌‌ هاتوونه‌ته‌ رێی، چونکه‌ هێشتا روون نییه‌ بڕی ئه‌و قه‌رزه‌ چه‌ندێکه‌و له‌ چ پرۆژه‌یه‌کی ئابووریی گه‌وره‌ یان وه‌به‌رهێناندا خه‌رج ده‌کرێ، به‌ڵام دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیی‌و هه‌ڕه‌شه‌ سیاسی‌و ئه‌منییه‌کانی ناوچه‌که‌، وه‌کو مۆته‌که‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و ئابوورییه‌وه‌ وه‌ستاون‌و پێناچێ به‌م نزیکانه‌ بچێته‌وه‌ دۆخی پڕ له‌گه‌شه‌و هه‌ڵچووی ساڵانی پێشووتر که‌ بووبووه‌ مایه‌ی چاوتێبڕینی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان.