راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موسڵ‌ خه‌ریكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ كۆتری‌ نامه‌به‌ر

خاڵس جومعە
هه‌ر دوو هه‌فته‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌موسڵ‌ راگیران، یه‌كسه‌ر دیارده‌یه‌كی‌ نوێ‌…
11.12.2014  |  موسڵ
Mosul locals with the roadside
Mosul locals with the roadside "bankers".

ره‌زوان خالید كه‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ خانه‌نشینه‌، ئه‌و رۆژه‌ به‌رامبه‌ر دوانگه‌كه‌ وه‌ستاو ده‌ستی‌ به‌رزكرده‌وه‌، رێك ئه‌و كاتانه‌ی‌ بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ لێره‌دا سڵاوی‌ سه‌ربازی‌ بۆ عیزه‌ت دوری‌ جێگری‌ سه‌دام حسێن ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ده‌ست به‌رزكردنه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ سڵاو نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ بوو مۆبایله‌كه‌ی‌ به‌رز بكاته‌وه‌ تا شه‌به‌كه‌ی‌ هه‌بێت.

شه‌قامی‌ (منه‌سه‌) له‌موسڵ‌ یه‌كێكه‌ له‌شه‌قامه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ موسڵ‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێندا بۆنه‌ به‌هارییه‌كان له‌وێ‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، ئه‌مرۆش بووه‌ته‌ شوێنی‌ ئه‌و سه‌دان موسڵییه‌ی‌ چاوه‌ڕێی‌ وه‌رگرتنی‌ موچه‌كانیانن.

ره‌زوان خالید (53 ساڵ‌) له‌گه‌ڵ‌ سه‌دان كه‌سی‌ تر به‌شوێن جێگه‌یه‌كی‌ به‌رزدا ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئامێری‌ وه‌رگرتنی‌ په‌نجه‌مۆر (Key Card) شه‌به‌كه‌ی‌ بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌و له‌و رێیه‌وه‌ موچه‌كانیان وه‌ربگرن.

راگرتنی‌ كاری‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ گورزێكی‌ گه‌وره‌ بوو بۆ دانیشتوانی‌ موسڵ‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س، چونكه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ گیرفانی‌ زۆر كه‌س‌و رووبه‌رووی‌ مه‌ترسی‌ مایه‌پوچبوون‌و بوونه‌وه‌، هه‌روه‌ك جموجۆڵی‌ بازرگانیشی‌ په‌كخست.

زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ به‌ئامێری‌ (Key Card) كارده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان له‌رێی‌ ئه‌م ئامێره‌وه‌ موچه‌كانیان له‌و بریكارانه‌ وه‌رده‌گرت كه‌ به‌شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ئێستاش ئه‌و ئامێرانه‌ له‌كاركه‌وتوون، چونكه‌ وه‌ك مۆبایل ده‌بێت سیمكارت‌و شه‌به‌كه‌یان هه‌بێت.

ئه‌وانه‌ی‌ چاوه‌ڕێی‌ موچه‌كه‌یانن چاره‌سه‌رێكی‌ كاتییان بۆ ئه‌مه‌ش دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌فسه‌ره‌ خانه‌نشینكراوه‌كه‌و ئه‌وانه‌شی‌ له‌گه‌ڵیدابوون به‌سه‌ر پله‌كانی‌ دوانگه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتن له‌ناوه‌ڕاستی‌ شه‌قامه‌كه‌، به‌و هیوایه‌ی‌ ژیان بۆ ئامێره‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌، دواجار هه‌وڵه‌كه‌یان ئه‌نجامی‌ هه‌بوو، به‌ڵام تا سه‌ره‌ی‌ ره‌زوان هات پاره‌ نه‌ماو موچه‌كه‌ی‌ دواكه‌وت بۆ رۆژێكی‌ تر.

ره‌زوان كه‌ پاش بێهیوابوون ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌رێگا به‌دراوسێكه‌یانی‌ وت "ئه‌مه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌و سوكایه‌تییه‌ به‌قوتی‌ خه‌ڵك، هه‌زاران ژن‌و پیاو كه‌ زۆربه‌یان به‌ته‌مه‌نن بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ ده‌وه‌ستن به‌هۆی‌ بڕیاره‌ بێعه‌قڵییه‌كانی‌ داعشه‌وه‌ كه‌ ئێستا چاره‌نووسی‌ دووهه‌م گه‌وره‌ترین شاری‌ عێراقی‌ به‌ده‌سته‌".

بۆ رۆژی‌ دواتر له‌به‌ره‌به‌یانییه‌كی‌ زووه‌وه‌ ره‌زوان خۆی‌ گه‌یانده‌ ئه‌و جێگه‌یه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ موچه‌كه‌ی‌ وه‌رگرت به‌ژنه‌كه‌ی‌ وت "وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو خه‌ڵاتێكی‌ گه‌وره‌م وه‌رگرتبێت كه‌ توانیم موچه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنم، كه‌ گه‌ڕاشمه‌وه‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌ماشان ده‌كردم".

ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ قه‌ره‌باڵغ بووه‌ تا وایلێهاتووه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار به‌و هیوایه‌ی‌ له‌وێوه‌ موچه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن.

دایكی‌ عومه‌ر (62 ساڵ‌) روویكرده‌ ناوچه‌ی‌ شه‌لالات (15كم باكوری‌ موسڵ‌) له‌گه‌ڵ‌ خۆشیدا كوڕه‌كه‌ی‌ برد بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك هاوڕێكه‌ی‌ لێنه‌یه‌ت، چونكه‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنیندا رێگه‌ناده‌ن ژنان به‌ته‌نها تێپه‌ڕ ببن‌و ده‌بێت نێرینه‌یه‌كی‌ پێگه‌یشتوویان له‌گه‌ڵدا بێت.

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌ تاكسییه‌كه‌ قه‌ره‌باڵغی‌ جێهێشت، له‌دووره‌وه‌ چه‌ند گه‌نجێك له‌قه‌راغی‌ شه‌قامه‌كه‌ ده‌ركه‌وتن كه‌ سه‌فته‌ پاره‌یان به‌ده‌سته‌وه‌و بوو، ئه‌مانه‌ ئێستا به‌دابه‌شكاری‌ موچه‌ی‌ سه‌فه‌ری‌ ناسراون، له‌سه‌ر شه‌قام موچه‌ ده‌ده‌ن به‌خه‌ڵك‌و بۆخۆیشیان رێژه‌ی‌ 1% قازانجه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن.

ئه‌م ژنه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ بڕاوه‌ كه‌ پۆلیسه‌، به‌سێ مانگ جارێك وه‌ك ژنێكی‌ به‌ته‌مه‌ن هاوكاری‌ له‌حكومه‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، گوزه‌رانی‌ خێزانه‌ شه‌ش كه‌سیه‌كه‌شی‌ له‌سه‌ر بڕی‌ ئه‌و هاوكارییه‌ وه‌ستاوه‌.

كاتێك كه‌ موچه‌كه‌شی‌ وه‌رگرت كه‌ له‌500 دۆلار تێپه‌ڕناكات وتی‌ "هه‌موو ئومێدم ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌مه‌ خراپتر نه‌بێت‌و وامان لێنه‌یه‌ت نه‌توانین هاوكارییه‌كه‌ وه‌ربگرین".

ئه‌گه‌ر موچه‌ خۆره‌كان رێگایه‌كی‌ ته‌سكیان دۆزیبێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێیه‌وه‌ موچه‌كه‌یان وه‌ربگرن، به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ له‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌دا كه‌رتی‌ بازرگانییه‌، چونكه‌ به‌ته‌واوی‌ ئیفلیج بووه‌.

نوسینگه‌ی‌ ئه‌بو نور كه‌ یه‌كێكه‌ له‌نوسینگه‌ بازرگانییه‌كانی‌ بازاڕی‌ كۆرنیش له‌ناوه‌ندی‌ شاردا، له‌پڕ هه‌موو كاره‌كانی‌ راگیران، خاوه‌نه‌كه‌شی‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ 90% ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كانی‌ له‌رێی‌ مۆبایله‌وه‌ كردووه‌، به‌جۆرێك زۆربه‌ی‌ كڕیاره‌كانی‌ به‌ده‌نگ ده‌ناسێته‌وه‌ نه‌ك روخسار.

ئه‌بو نور ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌كاری‌ بازرگانیدا كات زۆر گرنگه‌‌و راهاتنیش له‌سه‌ر ئه‌م باوردۆخه‌ نوێیه‌ بێگومان كاتی‌ زۆری‌ ده‌وێت.

"هیچ كاتێك به‌قه‌د ئێستا بازاڕ نه‌شێواوه‌، ناتوانین رێگایه‌كی‌ تریش بدۆزینه‌وه‌‌و ناكرێ‌ هه‌موو كارێكی‌ بازرگانی‌ رووبه‌روو بكرێت" ئه‌بو نور كاتێك ئه‌م قسانه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ ده‌یویست له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی ئه‌نجام بدات.

له‌وكاته‌وه‌ی‌ رێگای‌ موسڵ‌‌و شاره‌كانی‌ تر گیراوه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ بازرگانییه‌كان ته‌نها له‌ناوخۆدا ده‌كرێت، ئه‌وه‌شی‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ سوریایه‌، بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ داعش تیایادا باڵاده‌سته‌.

بازاڕی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراویش وه‌ك لایه‌نه‌كانی‌ تر گورزی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ به‌ته‌واوی‌ پشتی‌ به‌ته‌له‌فۆن به‌ستووه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو ده‌كه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كاره‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ ته‌واو وه‌ستاوه‌و ته‌نها له‌ناوخۆی‌ موسڵدا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت.

ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ چاوه‌ڕێن له‌ده‌ره‌وه‌ حه‌واڵه‌یان بۆ بێت‌و له‌و رێیه‌وه‌ بژێوی‌ ژیانیان دابین بكه‌ن، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ بێهیوا ده‌بن، چونكه‌ تا په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌ستابێت هیچ حه‌واڵه‌یه‌ك ناگاته‌ جێی‌ خۆی‌.

هه‌ر بۆ خۆشی‌ هه‌ندێكه‌س له‌سه‌ر فه‌یسبووك نوسیویانه‌ له‌مه‌ودا موسڵییه‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ پشت به‌كۆتری‌ نامه‌به‌ر به‌ستراوه‌ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی‌ په‌یام‌و ره‌نگه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌و په‌یكانه‌ شوێنی‌ مۆبایل بگرنه‌وه‌.

ئێستا خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ ترسی‌ گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ داعش هێڵی‌ ئینته‌رنێتیش رابگرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كرد ئه‌وا گورزی‌ كه‌مه‌رشكێن به‌ر دانیشتوانی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌وێت.