راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عێراق له‌لێواری‌ مایه‌پوچبووندایه‌

موسته‌فا حه‌بیب
نرخی‌ جیهانی‌ نه‌وت به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا بیست‌و پێنج هاته‌ خواره‌وه‌و له‌گه‌ڵیشیدا تێچوونی‌ شه‌ڕی‌…
20.11.2014  |  به‌غدا
The Iraqi dinar: there might not be enough oil revenue coming into Iraq next year.
The Iraqi dinar: there might not be enough oil revenue coming into Iraq next year.

به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ی‌ رووبه‌رووی‌ وڵات بووه‌ته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌جۆری‌ داهاته‌كان بده‌ن، به‌ڵام ژماره‌كان ئاماژه‌یه‌كی‌ تر ده‌رده‌خه‌ن‌و ده‌یسه‌لمێنن كه‌ عێراق له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابوریدایه‌.

هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ مایه‌پوچبوونی‌ خه‌زێنه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ كه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ یه‌ده‌گی‌ تێدا نییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ به‌رزی‌‌و نزمی‌ نرخی‌ نه‌وت، ئێستاش حكومه‌ت هه‌رچی‌ هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعش خه‌رجی‌ ده‌كات‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ پێشوو خۆی‌ دزییه‌وه‌ له‌ده‌ركردنی‌ یاسایی‌ بوجه‌ی‌ 2014 بۆیه‌ عێراق كه‌وتووه‌ته‌ بارێكه‌وه‌ كه‌ به‌غیلی‌ پێنابرێت.

به‌هۆی‌ هه‌ڵكشانی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ جیهانه‌وه‌، نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وت دابه‌زیوه‌ بۆ 80 دۆلار، له‌كاتێكدا سێ‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر نرخه‌كه‌ی‌ 116 دۆلار بوو، ئه‌مه‌ش نزمترین ئاسته‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا نه‌وت پێی‌ گه‌یشتبێت.

عێراق یه‌كێك ده‌بێت له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ ئێجگار دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ پێوه‌ دیار ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ هیچ پلانێكی‌ بۆ حاڵه‌تێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌و بودجه‌ی‌ ساڵانه‌كه‌شی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڵه‌ مه‌زه‌نده‌ كراوه‌.

هه‌فته‌ی‌ پێشوو عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ وه‌زیری‌ نه‌وت رایگه‌یاند عێراق رۆژانه‌ دوو ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات‌و نرخی‌ هه‌ر به‌رمیلێكیش به‌نزیكه‌یی‌ 70 دۆلاره‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو بڕی‌ خه‌مڵێندراوی‌ بودجه‌ ئاماژه‌ پێبكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش قورس نییه‌و به‌لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌رپێی‌ ده‌كاته‌ 63 ملیار دۆلار بۆ ساڵێك، ئه‌م ژماره‌یه‌ش بۆ عێراق وه‌ك كاره‌سات ده‌بینرێت.

كۆنترۆڵكردنی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خاكی‌ عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ وایكردووه‌ ئاستی‌ به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك له‌ 670 هه‌زار به‌رمیلی‌ رۆژانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار به‌رمیل، چونكه‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك ده‌بێت له‌رێی‌ موسڵه‌وه‌ بچێته‌ توركیا كه‌ ئێستا به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌.

ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ عێراق هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت خه‌رجی‌ ده‌كات‌و هیچی‌ پاشه‌كه‌وت نه‌كردووه‌ بۆ حاڵه‌تێكی‌ نه‌خوازراو یان چاوه‌ڕواننه‌كراوی‌ وه‌ك شه‌ڕی‌ داعش.

حاڵه‌تێكی‌ تری‌ سلبیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ پێشوو له‌بودجه‌دا نرخی‌ نه‌وتی‌ به‌كه‌متر له‌ 15 دۆلار له‌نرخی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ ده‌ستنیشان كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌كره‌م هیتی‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابورییه‌.

هیتی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌ته‌كانی‌ دراوسێمان كاتێك بودجه‌ داده‌ڕێژن، نرخی‌ نه‌وت به‌كه‌متر له‌ 40 دۆلار له‌نرخی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رگه‌ی‌ دابه‌زینی‌ كتوپڕی‌ نرخ بگرن، به‌ڵام حكومه‌تی‌ پێشووی‌ عێراق پێناچێت ئه‌گه‌رێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ی‌ له‌به‌رچاو گرتبێت".

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو ساڵێك ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت زیادیكردووه‌، بۆیه‌ بودجه‌ی‌ عێراقیش ساڵ‌ به‌ساڵ‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌، له‌مباره‌شدا به‌شی‌ پاشه‌كه‌وت لێكنه‌دراوه‌ته‌وه‌و چی‌ هاتووه‌ خه‌رجكراوه‌.

ساڵی‌ 2011 كۆی‌ بودجه‌ی‌ عێراق گه‌یشته‌ 82 ملیار دۆلار، ساڵی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 100 ملیار دۆلارو له‌ساڵی‌ 2013 گه‌یشته‌ 115 دۆلار، ئه‌مساڵیش وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ بڕی‌ بودجه‌ی‌ به‌ 140 ملیار دۆلار خه‌مڵاندووه‌، به‌ڵام به‌مه‌زه‌نده‌كردنی‌ نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 90 دۆلار.

كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ پێشوو كارێكی‌ كردووه‌ سیسته‌می‌ ئابوری‌ هه‌موو ساڵێك چاوه‌ڕێی‌ زیادبوونی‌ پاره‌ بكات‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری‌ كه‌مبوونه‌وه‌ لێكنه‌دراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ عێراقی‌ رووبه‌رووی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌فته‌ی‌ پێشوو حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ دوورو درێژ گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بودجه‌ كرد، پاش چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران رایگه‌یاند حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ستگرتنه‌وه‌ په‌یڕه‌و بكات، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رانی‌ مه‌ده‌نی‌‌و سه‌ربازی‌ دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ موچه‌ی‌ ئه‌وان كه‌مناكات.

زۆربه‌ی‌ چاودێران ئۆباڵی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ پێشوو به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌، چونكه‌ نه‌یتوانیوه‌ بودجه‌ی‌ 2014 ئاماده‌ بكات‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا به‌بێ‌ هیچ پاڵپشتییه‌كی‌ یاسایی‌ 65% ئه‌و بودجه‌یه‌ خه‌رجكراوه‌و كه‌سیش نازانێت پاره‌كه‌ بۆكوێ‌ چووه‌.

ئه‌نوه‌ر سه‌عید پسپۆڕی‌ ئابوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌تی‌ پێشوو نزیكه‌ی‌ 70 ملیار دۆلاری‌ له‌پاره‌ی‌ نه‌وت خه‌رج كردووه‌ به‌بێ‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، ئێستا ناتوانرێت وردبینی‌ له‌سه‌ر بكرێت ئاخۆ ئه‌و پاره‌یه‌ براوه‌ یان نا".

سه‌عید ده‌شڵێت "ئه‌م حكومه‌ته‌ كاتێك ده‌توانێت رووبه‌رووی‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ ببێته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان له‌سه‌ر كار لاببات‌و له‌رێی‌ بانكه‌كانه‌وه‌ قه‌رز بدات‌و پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ دڵنیایی‌ بجوڵێنێت".

ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ جه‌نگی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش هۆكارێكی‌ تری‌ ئه‌م قه‌یرانه‌یه‌، چونكه‌ حكومه‌ت ناچاربووه‌ بڕێكی‌ زۆری‌ چه‌ك بكڕێت‌و پاره‌ی‌ هه‌زاران شه‌ڕكه‌ری‌ خۆبه‌خش بدات.

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ت به‌فه‌رمی‌ بڕی‌ تێچووی‌ شه‌ڕی‌ داعشی‌ رانه‌گه‌یاندووه‌، كه‌ ره‌نگه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ داتای‌ پێویست‌و بوونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌‌و ئیدارییه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ تێچوونه‌كه‌ی‌ ئێجگار گه‌وره‌یه‌و كاتێك ساڵی‌ رابردوو بودجه‌ بۆ ئه‌مساڵ‌ ئاماده‌كراوه‌، ئه‌گه‌ری‌ شه‌ڕێكی‌ قورسی‌ له‌م چه‌شنه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌.

هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ عێراق له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز رایگه‌یاند مالیكی‌ چه‌ند ملیار دۆلارێكی‌ له‌دروستكردنی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ نانیزامیدا خه‌رجكردووه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، ئه‌م پاره‌یه‌ش بێ‌ هیچ پلانێك خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام زێباری‌ هیچ ژماره‌یه‌كی‌ ته‌واوی‌ نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌.

كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگاكانیش، ئه‌وه‌تا هه‌رسێ‌ پارێزگای‌ ئه‌نبارو كه‌ربه‌لاو واسیت مایه‌پوچبوونی‌ خۆیان راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ داهاتووشدا بودجه‌ی‌ 2015 په‌سه‌ند نه‌كرێت ئه‌وا پارێزگاكانی‌ تریش مایه‌پوچبوونی‌ خۆیان راده‌گه‌یه‌نن.

به‌رپرسانی‌ حكومی‌‌و پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ به‌روونی‌ ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن كه‌ ساڵی‌ داهاتوو هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ گه‌وره‌ ئه‌نجام نادرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام ترسی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌زه‌حمه‌ت پاره‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ ده‌ستبخرێت كه‌شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌و رێكخراوه‌ به‌دوای‌ هه‌ر خاڵێكی‌ لاوازی‌ حكومه‌تدا وێڵه‌.