راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

زه‌وییه‌كانی‌ به‌سره‌ كه‌ڵكی‌ كڕینیان نه‌ماوه‌

وه‌حید غانم
رۆژ به‌رۆژ نرخی‌ زه‌وی‌ نیشته‌جێبوون له‌به‌سره‌ هه‌ڵده‌كشێ‌‌و خه‌ڵكه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كه‌ش هیچ چاره‌یه‌كیان…
6.11.2014  |  به‌سرا

ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ ئێستا ئه‌حمه‌د به‌در لێی‌ نیشته‌جێیه‌ بووه‌ته‌ گرانترین جێگه‌ی‌ به‌سره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناوه‌ندی‌ ناوچه‌ی‌ (عه‌شار)ی‌ بازرگانی‌‌و خاوه‌نی‌ خانووبه‌ره‌كه‌ش پێیان باشه‌ به‌كرێیه‌كی‌ گران بیده‌ن به‌پزیشك‌و كۆمپانیاو نوسینگه‌ی‌ به‌ڵێنده‌ران، هه‌ر بۆیه‌ به‌در ئه‌و كرێیه‌ی‌ پێنه‌درا كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ داوای‌ ده‌كردو ناچار خانووه‌كه‌ی‌ جێهێشت.

به‌در له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "موچه‌ی‌ مانگانه‌م نۆسه‌د هه‌زار دیناره‌و ئه‌ركی‌ به‌خێوكردنی‌ چوار منداڵم له‌سه‌ره‌ كه‌ هه‌رچواریان له‌خوێندنگان، به‌م دواییه‌ش خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ داوای‌ كرێی‌ مانگانه‌ی‌ 1600 دۆلاری‌ لێده‌كردین، بۆیه‌ ناچار خانووه‌كه‌م چۆڵكردو چوومه‌ته‌ یه‌كێك له‌ناحیه‌كانی‌ قه‌زای‌ ئه‌بی‌ خه‌سیب (20 كلم خوارووی‌ به‌سره‌) هه‌رچه‌نده‌ له‌شوێنی‌ كاره‌كه‌نه‌وه‌ دووره‌".

ناوه‌ندی‌ به‌سره‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ حه‌وت كیلۆمه‌تر ده‌بێت‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ جه‌زائیرو ته‌مموزو بریهه‌و مه‌ناوی‌‌و به‌رزاعییه‌و جه‌بیله‌ی‌ له‌ده‌وره‌ كه‌ گه‌ڕه‌كه‌ كه‌شخه‌كانی‌ به‌سره‌ن، نرخی‌ خانووه‌یه‌كی‌ چوار سه‌د مه‌تری‌ تیایاندا زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن دۆلاره‌و كرێی‌ مانگانه‌شیان ده‌گاته‌ دوو هه‌زار دۆلار.

كه‌سێكی‌ وه‌ك راگه‌یاندكار هاشم لعێبی‌ پێی‌ وایه‌ هه‌ڵكشانی‌ نرخی‌ خانووبه‌ره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌وێ‌ خانوو ده‌گرن به‌كرێ‌ هه‌م بۆ كارمه‌نده‌كانیان‌و هه‌م بۆ كاروباری‌ لۆجستی‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌سره‌ به‌هۆی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ ئابورییه‌وه‌ خه‌ڵك به‌لای‌ خۆیدا راده‌كێشێت.

لعێبی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "جۆرێك له‌پاوانكاریی‌ له‌به‌سره‌دا هه‌یه‌، كه‌سایه‌تییه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌‌و ئابوری‌ به‌هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ وه‌به‌رهێنان ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر ئه‌و خانووبه‌رانه‌دا".

ئه‌كره‌م عه‌بدولكه‌ریم كه‌ نوسینگه‌ی‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ خانووبه‌ره‌ی‌ هه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ند كه‌سێك (به‌قسه‌ی‌ ئه‌و پشت‌و په‌نایان هه‌یه‌) به‌چه‌ند ملیار دینارێكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن‌و به‌ده‌یان دۆنم زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ ده‌كڕن‌و پاش ئه‌وه‌ وه‌ك زه‌وی‌ نیشته‌جێبوون به‌نرخی‌ گران ده‌یفرۆشنه‌وه‌.

عه‌بدولكه‌ریم ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س خانووه‌كانیان له‌ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان به‌نرخێك ده‌فرۆشن كه‌ له‌نێوان یه‌ك بۆ سێ‌ ملیۆن دۆلاردایه‌‌و ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار‌و له‌وێ‌ زه‌وییه‌ك ده‌كڕن كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ له‌په‌نجا ملیۆن دینار تێپه‌ڕ ناكات، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ خه‌ڵكه‌ كه‌م ده‌رامه‌ته‌كه‌ له‌ناوشار دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.

به‌لای‌ عه‌بدولكه‌ریمه‌وه‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ به‌پوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌و له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "حكومه‌ت نرخی‌ باجی‌ له‌سه‌ر یه‌ك مه‌تر زه‌وی‌ ناوه‌ندی‌ شار كردووه‌ به‌یه‌ك ملیۆن‌و دووسه‌د هه‌زار دینار، به‌و هۆیه‌وه‌ خاوه‌نه‌كانیشی‌ نرخی‌ مه‌ترێكیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ بۆ سێ‌ ملیۆن دینار".

له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نی‌ حكومیش هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زه‌وی‌ نیشته‌جێبوون له‌شاره‌كه‌دا كه‌مه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ زه‌وییه‌كان نه‌وتین وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌قه‌زاكانی‌ زوبێرو قه‌رنه‌ هه‌ن، یان ناوچه‌ی‌ شوێنه‌وارین وه‌ك ناوچه‌ی‌ نه‌شوه‌ له‌باكوری‌ شاره‌كه‌و ده‌روازه‌ی‌ زوبێر، یان كشتوكاڵین وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌قه‌زای‌ ئه‌بی‌ خه‌سیب هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ زه‌وییه‌كان له‌شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق ئێراندا له‌ناوچوون‌و دواتریش به‌هۆی‌ وشككردنی‌ هۆڕه‌كانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ زه‌وی‌ پڕ له‌خوێ‌ كه‌ بۆ هیچ شتێك به‌كار نایه‌ن.

زه‌هره‌ بجاری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ گه‌شه‌پێدان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زه‌وییه‌كانی‌ به‌سره‌ 75% زه‌وی‌ نیشته‌جێبوون نین‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریشیان بۆ كشتوكاڵ‌ به‌كارنایه‌ن كه‌چی‌ ناوی‌ كشتوكاڵییان لێنراوه‌، چه‌ند یاسایه‌كی‌ تایبه‌تیش له‌پارێزگاوه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ سزای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ ده‌كه‌نه‌ نیشته‌جێبوون، وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌ ئه‌م یاسایانه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردووه‌و بۆ ئه‌وه‌شی‌ جوتیاران له‌سه‌ر زه‌وییه‌كان بهێڵنه‌وه‌ ده‌بێت ئاوی‌ شیرینیان بۆ دابین بكه‌ین".

یاساناسانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س له‌پشت گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌‌و رۆتینه‌وه‌ فێڵ‌ له‌یاساكان ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك به‌پێی‌ یاسا بۆ ئیفرازكردنی‌ زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ ده‌بێت ره‌زامه‌ندی‌ قایمقامی‌ قه‌زاو وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌ به‌ده‌ست بهێنرێت‌و زه‌وییه‌كه‌ به‌ناوی‌ خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاتێك به‌خۆیان ده‌زانن كه‌ زه‌وییه‌كان خانوویان له‌سه‌ر بنیاد نراوه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ پارێزه‌ره‌ تاریق ئه‌بریسم داوا ده‌كات خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ زه‌وییه‌كه‌ رووبه‌رووی‌ سزا بكرێته‌وه‌و ده‌ڵێت "رۆژ به‌رۆژ بێستانه‌كانی‌ به‌سره‌ له‌ناوده‌چن كه‌ ساڵانه‌ باشترین خورمای‌ عێراقیان به‌رهه‌م ده‌هێنا".

ئه‌بریسم پێی‌ وایه‌ كێشه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌نه‌بوونی‌ پرۆژه‌ی‌ نیشته‌جێكردنی‌ گه‌وره‌وه‌ كه‌ بتوانێت خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌‌و ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌خۆ بگرێت كه‌ به‌مدواییه‌ روویان له‌پارێزگاكه‌ كردووه‌‌و ده‌ڵێت "رۆژ به‌رۆژ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ زیاد ده‌كه‌ن، كه‌چی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا پرۆژه‌ی‌ نیشته‌جێكردن نییه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ شاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئاماده‌سازییان كردووه‌ بۆ بنیادنانی‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبوون له‌چوارچێوه‌ی‌ داهاتی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پارێزگاكان ئه‌ویش له‌رێی‌ بنیادنانی‌ 50 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون، به‌ڵام تائێستا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان نه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ نیشته‌جێبوونی‌ تایبه‌ت به‌فه‌رمانبه‌ران دروست ده‌كرێت كه‌ به‌قیستی‌ 10 بۆ 15 ساڵ‌ پێیان ده‌فرۆشرێت.

له‌چاوه‌ڕوانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م پرۆژانه‌دا رۆژ به‌رۆژ زه‌وی‌ نیشته‌جێبوون له‌پارێزگای‌ به‌سره‌ رووی‌ له‌هه‌ڵكشانه‌‌و ئه‌وانه‌شی‌ دارامه‌تیان كه‌مه‌ هیچ چاره‌یه‌كیان نییه‌.