راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێم وه‌رزێكی‌ گه‌شتیاری‌ بێبه‌ره‌كه‌تی‌ به‌ڕێكرد

هیوا بەرزنجی
وه‌رزی‌ گه‌شتیار له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كۆتایی‌ هات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ به‌شێكی‌ ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێ‌ ببێت كه‌…
16.10.2014  |  هه‌ولێر
A view from Erbil's historical city that fewer visitors have seen this year.
A view from Erbil's historical city that fewer visitors have seen this year.

ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌دابوون هه‌تا ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)ی‌ ئه‌مساڵ‌ كه‌ به‌هۆی‌ گۆڕانی‌ په‌له‌ی‌ گه‌رماوه‌ وه‌رزی‌ گه‌شتوگوزار له‌هه‌رێم كۆتایی‌ دێت، ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌شتیاری‌ بیانی‌ بۆ هه‌رێم رابكێشن، كه‌چی‌ به‌هۆی‌ رووداوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ گه‌شتیاره‌ ناوخۆییه‌كانیشیان له‌ده‌ستداو وه‌رزێكی‌ بێ‌ به‌ره‌كه‌تی‌ به‌ڕێكرد.

به‌پێی‌ ئه‌و ئامارو زانیارییانه‌ی‌ له‌ده‌سته‌ی‌ گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌ ساڵی‌ پار (2013) نزیكه‌ی‌ سێ‌ ملیۆن گه‌شتیار له‌شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق له‌گه‌ڵ‌ ئێران‌و توركیاو چه‌ند وڵاتێكی‌ ئه‌وروپی‌‌و ئه‌مه‌ریكاوه‌ روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌به‌راورد ساڵی‌ پێش خۆی‌ (2012) به‌رێژه‌ی‌ 30% زیادیكردووه‌، به‌پێی‌ ئه‌و پلانه‌شی‌ كه‌ هه‌یانبووه‌ بۆ ئه‌مساڵ‌ به‌نیازبوون ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران بگه‌یه‌ننه‌ سه‌روو سێ‌ ملیۆن، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو.

داتاكانی‌ ده‌زگای‌ گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌تا كۆتایی‌ مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵ‌ (پێش ئه‌وه‌ی‌ داعش په‌لاماری‌ موسڵ‌ بدات) رێژه‌ی‌ گه‌شتیاران له‌هه‌رێم به‌به‌راورد به‌ساڵی‌ پێش خۆی‌ تا ئه‌م واده‌یه‌ به‌رێژه‌ی‌ 8% به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌ به‌هۆی‌ هاتنی‌ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ بۆ هه‌رێم هیچ داتایه‌ك تۆمار نه‌كراوه‌و وه‌ك وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گه‌شتوگوزار ده‌ڵێت "به‌دڵنیاییه‌وه‌ نازانین رێژه‌كه‌ چه‌نده‌، به‌ڵام ده‌زانین ئێجگار دابه‌زیوه‌".

نادر روستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌ساڵانی‌ رابردوودا گه‌شتیاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق 65% كۆی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێمیان پێكهێناوه‌، به‌ڵام بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی‌ راگرتووه‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ بوونه‌ته‌ ئاواره‌ له‌هه‌رێم.

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌ مانگ ده‌چێت بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بڕاوه‌، كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ 14%ی‌ ئه‌و داهاته‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ له‌گه‌شتیارانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وت.

به‌رپرسانی‌ گه‌شتیاری‌ هه‌رێم ساڵی‌ پار رایانگه‌یاند بۆ ئه‌مساڵ‌ (2014) كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم‌و عێراق وه‌ك خۆی‌ بهێڵنه‌وه‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی‌ گشتیارانی‌ بیانی‌ له‌ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاوه‌ زیادبكه‌ن، به‌ڵام دواجار هه‌م ئه‌میشیان چوو هه‌م ئه‌ویشیان چوو.

وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ گه‌شتوگوزار له‌مباره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت به‌و هۆیه‌ی به‌شێك له‌ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ جیهان كه‌ باسی‌ شه‌ری‌ داعش‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن‌و ناوی‌ كوردستان ده‌هێنن كاریگه‌ری‌ سلبی‌ دروستكردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "بوونی ژماره‌یه‌ك له‌هاوڵاتیانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپی‌ له‌ریزه‌كانی‌ داعش، وایكردووه‌ زۆرێك له‌وڵاتان رێگه‌ی‌ توندیان گرتۆته‌ به‌ر بۆ رێگه‌ گرتن له‌هاوڵاتیانیان له‌گه‌شت بۆ ناوچه‌كه‌".

هۆكاری‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران هه‌رچییه‌ك بێت هیچ له‌و راستییه‌ كه‌مناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن زیانی‌ زۆریان به‌ركه‌وتووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ هێرش ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی میوانخانه‌كانی كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ داهاتی‌ هۆتیل‌و میوانخانه‌كان ئه‌مساڵ‌ به‌رێژه‌ی‌ 100% كه‌میكردووه‌‌و ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ هاتنی داعش‌و به‌رده‌وامی قه‌یرانی دارایی به‌رده‌وام هوتێل‌و چێشتخانه‌كان داده‌خرێن، له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ تائێستا 18 هوتێل داخراون، هه‌روه‌ها رێژه‌ی كارمه‌ندی هوتێل‌و چێشتخانه‌كان به‌رێژه‌ی 50% نێردراونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌و بێكار بوون".

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی میوانخانه‌كانی كوردستان هۆشداریده‌دات له‌به‌رده‌وا‌می ئه‌و قه‌یرانه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ره‌سهێنانی یه‌كجاره‌كی كه‌رتی گه‌شتیاری‌و داخستنی زۆرتری هوتێل‌و چێشتخانه‌كان‌و به‌رده‌وامی بێكاری ده‌ستی كار.

به‌قسه‌ی‌ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی میوانخانه‌كانی كوردستان یه‌كێكی تر له‌هۆكاره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی گه‌شتیاری توندوتۆلی بازگه‌كانی ئاسایشه‌ له‌ده‌روازه‌كانه‌وه‌، ده‌ڵێت "بازگه‌كانی هه‌رێم به‌رووی گه‌شتیاران زۆر توند بوون، ته‌نانه‌ت له‌فرۆكه‌خانه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ گه‌شتیار دێت داوای كه‌فیلیان لێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی گه‌شتیارو سومعه‌ی گه‌شتیاری هه‌رێم هه‌بووه‌".

له‌به‌رانبه‌ردا رائید ئاشتی مه‌جید به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان رێگریان له‌هاتنی گه‌شتیار بۆ هه‌رێم كردبێت، گه‌رچی نایشارێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی مه‌ترسی تێكچوونی دۆخی ئه‌منی رێو وشوێنی توندتریان گرتووته‌به‌ر، ده‌شڵێت "ئێمه‌ ته‌نیا به‌ئه‌ركی خۆمان هه‌ستاوین‌و پاراستنی ئه‌من‌و ئاسایشی هه‌رێم له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌".

پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)ی‌ 2012 له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ گه‌شتوگوزاری‌ عه‌ره‌ب، هه‌ولێر پێشبڕكێی‌ پایته‌ختی‌ گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ ساڵی‌ 2014 له‌شاره‌كانی (تایف)ی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودی‌و (شاریقه‌)ی ‌ئیمارات‌‌و (به‌یروت)ی لوبنان برده‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیار بوو به‌درێژایی هه‌ر چوار وه‌رزی ئه‌م ساڵ‌ له‌پارێزگای‌ هه‌ولێر چه‌ندین چالاكی‌ گه‌شتوگوزاری‌و رۆشنبیری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و وه‌رزشی‌و هونه‌ری‌‌و كلتوری‌‌و ئابووری‌و سیاسی‌ ئه‌نجام بدرێت له‌گه‌ڵ‌ به‌رێوه‌بردنی‌ چه‌ند‌ فیستیڤاڵ كه‌ ژماره‌یان ده‌گه‌یشته‌ زیاتر له‌80 چالاكی‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بڕی‌ 20 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌ك پێشینه‌یه‌ك دابینكرابوو، به‌ڵام پلانه‌ش به‌هۆی قه‌یرانی دارایی‌و هاتنی داعش شكستی هێنا، تاهیر عه‌بدوڵڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر وێرای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك له‌واقعی ره‌وشه‌كه‌ ده‌زانن، ئاماده‌ نه‌بوو زانیاری زیاترو پلانی داهاتووی پارێزگا بۆ "نیقاش" بخاته‌ڕوو.

گه‌رچی چاودێران پێشبینی ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساته‌ی رووی له‌هه‌رێم كردووه‌ ناوبانگی گه‌شتیاری هه‌رێم‌و هه‌ولێری پایته‌ختی گه‌تشیاری وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌كه‌دار بێت‌و ببێته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی ناوبا‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌رووی گه‌شتیارییه‌وه‌، به‌ڵام وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار پێیوایه‌ به‌و پێیه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌، بۆیه‌ هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێم‌و هه‌ولێر نابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باشتربوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌و نه‌مانی داعش له‌ناوچه‌كه‌ رێژه‌ی گه‌شتیار روو له‌به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌.

شاره‌زایانی گه‌شتیاری جه‌ختله‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو كه‌رتی گه‌شتیاری بوژانه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پلانی تۆكمه‌ی بۆ كه‌رته‌كه‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتیاریش روو له‌ناوچه‌ی شه‌ڕ ناكه‌ن، بۆیه‌ به‌هاتنی داعش هه‌رێم رووبه‌رووی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی گه‌شتیاری بووته‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیانی گه‌وره‌ی له‌ئابووی هه‌رێم داوه‌.

ئیدریس ره‌مه‌زان كۆچه‌ر شاره‌زای گه‌شت‌وگوزارو ئابووری به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند دۆخی ئابووری هه‌رێم‌و ناسه‌قامگیری سنووره‌كان رۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌شتیاری، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ داهاتی تاكه‌ كه‌سی‌و گه‌شتیاری دابه‌زێت‌و زیانی گه‌وره‌ به‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری بكه‌وێت، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی كه‌مبێته‌وه‌.

كۆچه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌پلانه‌كانی بۆ راكێشانی گه‌شتیاری بیانی بۆ كوردستان، هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م دوو كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كوردستاندا هاتووه‌ له‌یه‌ككاتدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر سومعه‌ی گه‌شتیاری كوردستان‌و هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاری وڵاتانی عه‌ره‌بی داده‌نێت، ده‌شڵێت "هه‌ولێر خۆشیی له‌و به‌پایته‌خت بوونه‌ نه‌بینی"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گه‌شبینه‌ی به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌پلانێكی تۆكمه‌ هه‌رێم ده‌توانێت رووبه‌رووی قه‌یرانی گه‌شتیاری بێته‌وه‌و دۆخه‌كه‌ بگه‌رێنته‌وه‌ ئاستی جارانی‌و گه‌شه‌ی پێبدات.