راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موڵك ماڵه‌كه‌ی‌ موسڵ‌ سامانێكی‌ له‌بن نه‌هاتووه‌ بۆ داعش

نەوزەت شەمدین
له‌پڕ داعش بووه‌ خاوه‌نی‌ ناشه‌رعی‌ هه‌زاران موڵك‌و ماڵ‌ زه‌وی‌ نیشته‌جێبوون‌و كشتوكاڵی‌‌و پرۆژه‌ی‌ پیشه‌سازی‌‌و…
9.10.2014  |  به‌رلین
A view of Mosul, before the extremists took over.
A view of Mosul, before the extremists took over.

پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو ته‌واوی‌ موسڵی‌ كۆنترۆڵكرد، ئیتر داعش شوێنی‌ شاره‌وانی‌ موسڵی‌ گرته‌وه‌و ده‌ستیكرد به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ كرێی‌ موڵك‌و ماڵی‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ كه‌ زیاتر له‌پێنج هه‌زار دوكان‌و شوێنیكار له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كرێی‌ هه‌زاران خانوبه‌ره‌و پرۆژه‌ی‌ پیشه‌سازی‌‌و بازرگانی‌‌و گه‌شتیاری‌ بۆخۆی‌ چنییه‌وه‌.

له‌وه‌ زیاتر داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر داهاته‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ وه‌قفی‌ سوننه‌ كه‌ له‌سه‌دان خانوو مزگه‌وت پێكهاتووه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ چه‌ندین خانوبه‌ره‌و دوكانی‌ تر له‌شاره‌كه‌دا.

له‌ناوچه‌كانی‌ شورته‌و عه‌ره‌بی‌‌و نورو موهه‌ندسین‌و كۆمه‌ڵگای‌ رۆشنبیری‌‌و فه‌یسه‌ڵییه‌و زهور له‌لای‌ چه‌پی‌ موسڵ‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ ده‌واسه‌و جوسق‌و ده‌ندان له‌لای‌ راستی‌ شاره‌كه‌ داعش ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م موڵك‌و ماڵی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌سیحی‌ شاره‌كه‌دا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و دوكان‌و پرۆژانه‌ی‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ موسڵ‌ خاوه‌نی‌ بوون.

له‌پاڵ‌ ئه‌مانه‌شدا هه‌رچی‌ موڵك‌و ماڵێك شه‌به‌كی‌ شیعه‌و سوننه‌ هه‌ڵاتووه‌كان له‌ناوچه‌كانی‌ عه‌تشانه‌و باب شه‌مس‌و كه‌رامه‌و قودس‌و ته‌ئمیم‌و نور خاوه‌نی‌ بووبن، ئێستا بوونه‌ته‌ موڵكی‌ داعش.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ موڵك‌و ماڵی‌ ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندانی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس‌و سوپای‌ بێبه‌ش نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ حكومی‌‌و سیاسی‌‌و دادوه‌رو داواكاری‌ گشتی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ تریش كه‌ خاوه‌نی‌ پیشه‌یه‌كی‌ تایبه‌تن‌و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، وه‌ك پزیشكه‌كان.

به‌كورتی‌ ئێستا داعش خاوه‌نی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ بێشوماری‌ داهاته‌ كه‌هیچی‌ كه‌متر نییه‌ له‌و بازرگانییه‌ ره‌شه‌ی‌ به‌نه‌وت‌و پێكهاته‌كانیه‌وه‌ ده‌یكات.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌واوه‌ به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند داعش به‌نیازه‌ ئه‌و موڵك‌و ماڵانه‌ به‌زیادكردنی‌ ئاشكرا بفرۆشێت، سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد له‌رێی‌ تۆماری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ خانوبه‌ره‌وه‌ داعش سه‌رجه‌م ئه‌و موڵك‌و ماڵانه‌ی‌ جه‌رد كردووه‌.

یه‌كێك له‌بازرگانه‌كانی‌ خانوبه‌ره‌ له‌موسڵ‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد به‌"باوكی‌ هاروون" ناوی‌ بهێنین به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و موڵك‌و ماڵانه‌ ده‌خرێته‌ زیادكردنی‌ ئاشكراوه‌و خۆیشی‌ بیستوویه‌تی‌ كه‌ بازرگانه‌كانی‌ خانووبه‌ره‌ ئاماده‌نین بچنه‌ ئه‌و زیادكردنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن به‌زۆر ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیراوه‌و لایه‌نی‌ ئاینی‌ رێی‌ ئه‌وه‌یان پێنادات.

ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ له‌به‌ر هۆكاری‌ یاسایی‌ ناچنه‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ باوكی‌ هارون ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ده‌زانن كه‌ داعش هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ به‌هێز بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ توانای‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌موسڵدا هه‌یه‌و زوو یا دره‌نگ پێی‌ چۆڵ‌ ده‌كرێت‌و خاوه‌ن موڵك‌و ماڵه‌كه‌ داوای‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجام دادگاو ناكۆكی‌ عه‌شایه‌ری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

پارێزه‌ر محه‌مه‌د عه‌لا كه‌ ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ داعش كاری‌ پارێزه‌ری‌ راگرتووه‌و دادگای‌ داخستووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كاتێك داعش چووه‌ته‌ موسڵ‌ زانیاری‌ ته‌واوی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر موڵك‌و ماڵه‌كان‌و له‌چه‌ند كاتژمێری‌ یه‌كه‌مدا له‌سه‌ر دیواری‌ شه‌به‌ك‌و مه‌سیحییه‌كانی‌ نوسیوه‌‌و ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر ماڵی‌ ئه‌فسه‌رو به‌رپرسه‌كانداو ئه‌و موسوڵمانانه‌شی‌ كه‌ له‌خانووی‌ مه‌سیحییه‌كاندا كرێنشین بوون داوایلێكردوون كرێكه‌ بده‌نه‌ داعش یان چۆڵی‌ بكه‌ن.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت پێش مانگی‌ حوزه‌یرانیش داعش ده‌ستێكی‌ باڵای‌ له‌ناو بازاڕی‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ خانوو زه‌ویدا هه‌بووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ وه‌زاره‌تی‌ داد فه‌رمانگه‌ی‌ تۆماری‌ خانوبه‌ره‌ی‌ لای‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌ی‌ داخستووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رو ژماره‌یه‌ك له‌كارمه‌نده‌كانی‌ كوژران‌و ئه‌وانی‌ تریش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بوون.

له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ ئه‌وه‌ روون بووه‌ كه‌ چۆن داعشییه‌كان كڕین‌و فرۆشتنیان به‌خانووبه‌ره‌وه‌و كردووه‌و بوونه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی‌ چه‌ندین پرۆژه‌دا، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ فه‌رمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كردووه‌ هه‌ر موڵك‌و ماڵێكی‌ مه‌سیحییه‌كان كڕین‌و فرۆشتنی‌ پێوه‌ بكرێت ده‌بێت رێژه‌ی‌ 20%ی‌ پاره‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وان بێت‌و له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ حوزه‌یرانیشه‌وه‌ هه‌موو جۆره‌ كڕین‌و فرۆشتنێكی‌ به‌خانووی‌ مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت "داعش له‌ناو فه‌رمانگه‌كانی‌ تۆماری‌ خانوبه‌ره‌دا ده‌ستی‌ باڵای‌ هه‌بوو، ئاگاداری‌ گه‌وره‌و بچووك بوو، ته‌نانه‌ت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تیش ئه‌وه‌یان ده‌زانی‌، چه‌ند جارێكیش ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ داعشیان گرتووه‌‌و تۆمارو مۆری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ خانوبه‌ره‌یان پێگیراوه‌".

فه‌رمانبه‌رێكی‌ پێشووی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ موسڵ‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند داعش چه‌ند هاوكارێكی‌ كوشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ ده‌ست به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كه‌دا بگرێت، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك چووه‌ته‌ ناو موسڵ‌ بۆی‌ زه‌حمه‌ت نه‌بووه‌ به‌ئاسانی‌ ئه‌و موڵك‌و ماڵانه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێن.

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ داعش سه‌رله‌نوێ‌ موڵك‌و ماڵه‌كانی‌ شاره‌وانی‌ له‌زیادكردنی‌ ئاشكرادا ده‌داته‌وه‌ به‌كرێ‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ كرێنشینه‌كانی‌ پێشووی‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون‌و به‌جێیان هێشتووه‌.