راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئابڵوقه‌كه‌ی‌ به‌غدا ته‌واو هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ماندوو كردووه‌

هێمن حەسەن
سه‌ردار چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ كوژاندووه‌ته‌وه‌و له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووه‌، هه‌ر كاتێكیش یه‌كێك له‌خاوه‌ن…
25.09.2014  |  سلێمانی
Iraqi Kurdistan's economy is slowing down.
Iraqi Kurdistan's economy is slowing down.

سه‌ردار غه‌ریب یه‌كێكه‌ له‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ی‌ به‌مدواییه‌ مایه‌پوچبوونی‌ كۆمپانیاكه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌بواری‌ بیناسازیدا كارده‌كات، به‌قسه‌ی‌ خۆی‌ تائێستا بڕی‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار دۆلار قه‌رزاره‌و به‌هۆی‌ راگیرانی‌ پرۆژه‌كانه‌وه‌ هیچ پاره‌یه‌كی‌ ده‌ست ناكه‌وێت بیداته‌وه‌ به‌خاوه‌ن قه‌رزه‌كان.

له‌مه‌دا سه‌ردار به‌ته‌نها نییه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ئامارێكی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگی‌ رابردوودا له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌ جۆربه‌جۆره‌كان 430 كۆمپانیا‌و به‌ڵێنده‌ر مایه‌پووچبوونی‌ خۆیان راگه‌یاندووه‌، له‌وانه‌ 250 كۆمپانیا له‌سلێمانی‌‌و 110 له‌هه‌ولێر‌و 70 له‌دهۆك، كۆنووسه‌كانی‌ پۆلیسیش چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ خۆكوشتن یان هه‌وڵی‌ خۆكوشتنی‌ به‌ڵێنده‌رانیان تۆماركردووه‌.

به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا گه‌مارۆیه‌كی‌ ئابوری‌ خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هیچ به‌شێكی‌ بڕه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ نه‌ناردووه‌، له‌كاتێكدا زیاتر له‌ 95% داهاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پشت به‌و بودجه‌یه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌به‌غداوه‌ بۆی‌ دێت.

به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر دۆسێی‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت، مالیكی‌ بڕیاریدا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم رابگرێت، ته‌نانه‌ت له‌دوای‌ مانگی‌ شوباته‌وه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمیش له‌به‌غداوه‌ راگیرا، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا مالیكی‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و بڕیاره‌ی‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا جێبه‌جێ‌ ده‌بێت.

چه‌ند مانگی‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌ختی‌ به‌رگه‌ی‌ قه‌یرانه‌كه‌ی‌ گرت‌و له‌و پاره‌یه‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ كردبوو له‌گه‌ڵ‌ پاره‌ی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومی‌ دابینكردو به‌شێك له‌پرۆژه‌كانی‌ به‌ڕێكرد، به‌ڵام ئیتر فشاره‌كه‌ی‌ به‌غدا ته‌واو هه‌رێمی‌ ماندوو كردووه‌و پێناچێت له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ بگرێت.

یاسین مه‌حمود وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند گه‌مارۆكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ‌ رووداوه‌ ئه‌منییه‌كان‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران‌و توركیاو شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق گورزی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌شاندووه‌.

به‌قسه‌ی‌ یاسین مۆڵه‌ته‌كانی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ ئه‌مساڵ‌ به‌به‌راورد به‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو به‌رێژه‌ی‌ 80% كه‌میكردووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و سێ‌ هه‌زار پرۆژه‌یه‌ی‌ ئیحاله‌ی‌ به‌ڵێنده‌ران كراون به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ ته‌واو وه‌ستاون، چونكه‌ حكومه‌ت له‌توانایدا نییه‌ هیچ سولفه‌یه‌ك بداته‌ به‌ڵێنده‌ره‌كان بۆ راپه‌ڕاندنی‌ پرۆژه‌كان.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ناردنی‌ بودجه‌ له‌به‌غداوه‌ پرۆژه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ په‌كخستووه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا شه‌ڕه‌كانی‌ داعش له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆربه‌ی‌ كۆمپانیا بیانییه‌كانی‌ ترساندووه‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان كاركانیان راگرتووه‌و فه‌رمانبه‌ره‌كانیان ناردووته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ خراپی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منیشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ هه‌رێم‌و شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق كه‌میكردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو ئاواره‌یه‌ی‌ له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق‌و سوریاوه‌ روویان له‌هه‌رێم كردووه‌ بارگرانی‌ ئابورییان بۆ حكومه‌ت دروستكردووه‌.

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ تائێستا زۆربه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان موچه‌ی‌ مانگی‌ ته‌مووزیان وه‌رنه‌گرتووه‌و پێناچێت حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش چاره‌یه‌كی‌ خێرای‌ پێبێت بۆ دابینكردنی‌ ئه‌و موچانه‌.

به‌ر له‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا قوڵببێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌توانایاندا ده‌بێت به‌ره‌وانه‌كردنی‌ نه‌وت‌و داهاتی‌ ناوخۆ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دابین بكه‌ن‌و منه‌تی‌ به‌غدا هه‌ڵنه‌گرن، به‌ڵام شاره‌زایان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌زموونی‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ سه‌لماندی‌ لێكدانه‌وه‌كه‌یان له‌شوێنی‌ خۆیدا نه‌بووه‌و ئابوری‌ هه‌رێم به‌بێ‌ به‌غدا ئابورییه‌كی‌ په‌ككه‌وته‌یه‌.

به‌پێی‌ زانیاریارییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێم مانگانه‌ ته‌نیا مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم (850) ملیار دیناره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌خه‌رجی‌ پرۆژه‌كان‌و به‌شه‌كانی‌ تری‌ بودجه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئاستی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌رۆژێكدا بگاته‌ چوارسه‌د هه‌زار به‌رمیلیش (ئێستا 250 هه‌زار به‌رمیله‌) به‌شی‌ خه‌رجییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكات.

هه‌رچه‌نده‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و وه‌زیری‌ دارایییه‌كه‌ی‌ ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتوو قه‌یرانی‌ دارایی‌ هه‌رێم كۆتایی‌ دێت، به‌ڵام پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ روونیده‌كه‌نه‌وه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ئاماژانه‌ی‌ كه‌ هه‌ن پێناچێت ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

دلێر تاریق وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "چاوه‌ڕێین حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق بودجه‌ی‌ هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام ناشزانین ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ده‌ینێرێت ته‌نیا سلفه‌یه‌ یان مووچه‌ی‌ ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌".

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ گه‌شبینی‌ خۆی پیشاندا به‌چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا توشی‌ هه‌رێم بووه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ تا سه‌ر به‌رده‌وام نابێت، به‌ڵام هیچ كاتێكی‌ دیاریكراوی‌ ئاماژه‌ پێ نه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌.

پێشتر به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ بۆ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران قه‌رزیان له‌چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكی‌ ناوخۆ‌و چه‌ند بانكێكی‌ ده‌ره‌وه‌ كردوه‌، به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ "نیقاش" له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ناو په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون؛ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوای‌ قه‌رزی‌ له‌چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ ئیتاڵی‌‌و یابانی‌‌و نه‌مسایی‌ توركی‌ كردوه‌، به‌ڵام ته‌نیا بانكێكی‌ یابانی‌ به‌ڵێنی‌ پێدانی‌ پاره‌ی‌ داوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم حكومه‌تی‌ به‌غدا به‌خه‌تابار ده‌زانن له‌و قه‌یرانه‌ی‌ به‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ گرتووه‌، به‌ڵام پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ نه‌ك هه‌ر به‌غدا، به‌ڵكو هه‌رێمیش به‌هۆكارێكی‌ قه‌یرانه‌كه‌ ده‌زانن به‌وه‌ی‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بۆ سیناریۆیه‌كی‌ له‌م شێوه‌یه‌ ئاماده‌ بكات، ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت.

محه‌مه‌د كه‌ریم شاره‌زای‌ بواری‌ ئابوری‌‌و مامۆستای‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم پلانی‌ به‌دیلی‌ هه‌بوایه‌‌و پێشوه‌خته‌ پاره‌ی‌ پاشه‌كه‌وت بكردایه‌و كه‌رته‌كانی‌ كشتوكاڵ‌‌و پیشه‌سازی‌ ببوژاندایه‌وه‌".

محه‌مه‌د كه‌ریم جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مایه‌پووچبوونی‌ سه‌رمایه‌دار‌و به‌ڵێنده‌ران مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ی ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لێده‌كه‌وته‌وه‌، به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌ته‌واوی‌ ره‌وڕه‌وه‌ی‌ ئاوانكردنه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت.

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا پێش حكومه‌ت برسیبوون‌و بارگرانی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت سه‌ره‌نجام ئامانجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ پێكابێت، چونكه‌ دواجار هه‌ر به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم هێلكه‌كانی‌ خۆیان خسته‌وه‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی‌ به‌غدا.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رانی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌رۆژی‌ 8ی‌ ئه‌یلول كاتێك مقۆمقۆیان بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق بكه‌ن یان نا، به‌شداربووانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ روویان له‌نێچیره‌ڤان بارزانی‌ كردووه‌و پێیان راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر نه‌چینه‌وه‌ به‌غدا بودجه‌ی‌ هه‌رێمت پێ دابین ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌نه‌خێر وه‌ڵامی‌ داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانیان بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادییه‌وه‌.

ئێستاش كه‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ حوكمڕانی‌ عه‌بادی‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌، به‌هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری‌ هه‌رێم‌و به‌سه‌دان به‌ڵێنده‌ری‌ وه‌ك سه‌ردار له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌دان سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ نوێ‌ بڕیارێك ده‌ربكات بۆ ناردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم‌و ئه‌و مۆته‌كه‌یه‌ له‌كۆڵیان ببێته‌وه‌.