راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاواره‌كان له‌كه‌ربه‌لا خه‌می‌ بێكاری‌‌و نه‌گونجانیانه‌

عه‌باس سه‌رحان
له‌هه‌موو ئه‌و رێگایانه‌ی‌ كه‌ربه‌لا به‌پارێزگاكانی‌ تره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌هه‌زاران ئاواره‌…
11.09.2014  |  كه‌ربه‌لا

به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌م ئاوارانه‌ حوسه‌ینییه‌كانیان كردووه‌ته‌ شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جێگایانه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام نه‌كراون، به‌ڵكه‌ ته‌نها بۆ پشوودانی‌ ئه‌و زیاره‌تكارانه‌ن كه‌ له‌بۆنه‌ ئاینییه‌كاندا به‌پێ‌ رووده‌كه‌نه‌ ئه‌و شاره‌.

زۆربه‌ی‌ حوسه‌ینییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كانه‌وه‌و له‌ناوچه‌ چۆڵه‌كاندان، له‌وێ‌ منداڵان هیچ شتێكیان ده‌ست ناكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیانی‌ پێوه‌ سه‌رقاڵ‌ بكه‌ن، بۆیه‌ به‌شێكی‌ زۆریان له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ یارییه‌كان تاقه‌تیان چووه‌و دانیشتوون چاودێری‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌نێوان كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف‌و بابل‌و به‌غدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن.

به‌شێك له‌گه‌نجانی‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان خاڵی‌ پشكنینیان كردووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ قازانجێكیان چنگ بكه‌وێت، بۆ نموونه‌ ئه‌حمه‌د عه‌زیزو حه‌بیب‌و كازم له‌وێ‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ ده‌فرۆشن‌و له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ كه‌ له‌خاڵی‌ پشكنینه‌كه‌ ده‌وه‌ستن.

ئه‌م ئاو فرۆشتنه‌ هیچ شتێك له‌باری‌ گرانی‌ سه‌رشانی‌ ئاواره‌كان سووك ناكات كه‌ رۆژانه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆریان ده‌وێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ گوزه‌رانیان، به‌ڵام ئه‌و گه‌نجانه‌ وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر قازانجی‌ داراییش نه‌كه‌ن لانی‌ كه‌م له‌و رێیه‌وه‌ كاته‌كه‌یان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

گه‌نجان به‌شی‌ زۆری‌ ئاواره‌كان پێكده‌هێنن، به‌ڵام كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كییان بێكارییه‌، كه‌رار نیعمه‌ی‌ ته‌مه‌ن 22 ساڵ‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ كه‌ تائێستا چه‌ند جارێك چووه‌ته‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ربه‌لا بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌چێشتخانه‌ یان هۆتێلێك هه‌لێكی‌ كاری‌ ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام به‌ده‌ستی‌ به‌تاڵ‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

كه‌رار پێی‌ وایه‌ خاوه‌نكاره‌كان جیاكاری‌ ده‌كه‌ن له‌پێدانی‌ كارداو ده‌ڵێت "حه‌زیان به‌ئاواره‌كان نییه‌و ئیش ته‌نها بۆ كوڕی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆیانه‌"، ئه‌وه‌ی‌ وایكردووه‌ كه‌رار سوربێت له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌قسه‌ی‌ خۆی‌ له‌هه‌موو هۆتێل‌و چێشتخانه‌كان ته‌نها خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا كارده‌كه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ردا خاوه‌ن كاره‌كانی‌ كه‌ربه‌لا پێیان وایه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ له‌شوێنی‌ خۆیدا نییه‌، به‌ڵام عه‌باس سافی‌ كه‌ یه‌كێك له‌هۆتێله‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ شار به‌ڕێوه‌ ده‌بات ئه‌وه‌ به‌دوور نازانێت خاوه‌ن كاره‌كان له‌پێشدا كار به‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان بده‌ن.

عه‌باس ده‌ڵێت "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی‌ ئاواره‌كان زۆر به‌باشی‌ عه‌ره‌بی‌ نازانن، چونكه‌ زۆربه‌یان ئه‌و توركمانانه‌ن كه‌ له‌ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ هاتوون، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ئه‌زموونیان كه‌مه‌، بۆیه‌ به‌باشی‌ هه‌لی‌ كار نادۆزنه‌وه‌".

له‌وه‌ته‌ی‌ داعش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ عێراقی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست، كه‌ربه‌لا بۆخۆی‌ تووشی‌ جۆرێك له‌چه‌قبه‌ستنی‌ ئابوری‌ بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ژماره‌ی‌ زیاره‌تكارانی‌ زۆر كه‌مبوونه‌ته‌وه‌‌و خاوه‌نی‌ چێشتخانه‌و هۆتێله‌كان به‌ده‌یان كارمه‌ندیان ئیزنداوه‌.

مورته‌زا عه‌بدولوه‌حید كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێكه‌ له‌ئۆتێله‌كانی‌ كه‌ربه‌لایه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ داهاته‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌و ناچار بووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌كارمه‌نده‌كانی‌ به‌ڕێبكات، مورته‌زا پێی‌ وانییه‌ ئاواره‌كان به‌باشی‌ بتوانن كار بكه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جموجۆڵی‌ سه‌ردانكه‌رانیش زیاد بكات ئه‌و كرێكاره‌ ئاواره‌كان وه‌رناگرێت هه‌رچه‌نده‌ كرێیان كه‌متره‌.

ئه‌و ده‌ڵێت "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان ناسراو نین، بۆیه‌ زۆرێك له‌خاوه‌نكاره‌كان له‌وه‌ ده‌ترسن وه‌ریانبگرن، نه‌وه‌ك رووبه‌رووی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌منی‌ ببنه‌وه‌".

له‌وتاری‌ هه‌ینی‌ رابردوو ئه‌حمه‌د سافی‌ نوێنه‌ری‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ ئاینی‌ كه‌ربه‌لا داوای‌ له‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ كرد هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ باش له‌گه‌ڵ‌ ئاواره‌كاندا بكه‌ن‌و قسه‌ی‌ ناخۆشیان پێنه‌ڵێن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ میوانن‌و پاش كۆتایی‌ هاتنی‌ قه‌یرانه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان.

ئه‌م داوایه‌ی‌ نوێنه‌ری‌ مه‌رجه‌ع پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ به‌شێك له‌ئاواره‌كان رووبه‌رووی‌ كێشه‌بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند خاوه‌ن دوكانێك تانه‌یان له‌جل‌و به‌رگی‌ ژنه‌كانیان دابوو.

له‌یلا به‌شیر یه‌كێكه‌ له‌و ژنه‌ ئاوارانه‌ی‌ كاتێك له‌بازاڕی‌ عه‌لاوی‌ بووه‌ یه‌كێك له‌فرۆشیاره‌كان هاواری‌ لێكردووه‌ "بڕۆنه‌وه‌ بۆ شاری‌ خۆتان‌و رێز له‌پیرۆزی‌ ئێره‌ بگرن، بزانن چ جل‌و به‌رگێك له‌به‌ر ده‌كه‌ن"، له‌یلا ته‌واو له‌م رووداوه‌ نیگه‌ران بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌و پێی‌ وایه‌ جل‌و به‌رگه‌كانی‌ گونجاو بوون‌و حیجابی‌ پۆشیوه‌، ته‌نها كه‌مێك ته‌سك بووه‌و له‌چكه‌كه‌ی‌ شلبووه‌ته‌وه‌.

له‌یلا ده‌ڵێت "ژنه‌ ئاواره‌كان نایانه‌وێت داب‌و نه‌ریتی‌ كه‌ربه‌لا بشێوێنن، به‌ڵام له‌سه‌ر جۆره‌ جل‌وبه‌رگێك راهاتوون، ده‌بێت خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا بایی‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تیان بده‌نێ‌ كه‌ خۆیان بگونجێنن".

خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا وا راهاتوون عه‌با بپۆشن‌و سه‌ر‌و قژیان ته‌واو داپۆشراو بێت، به‌ڵام ئاواره‌كان له‌جێگه‌یه‌كه‌وه‌ هاتوون كه‌ كراوه‌ تره‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌خه‌ڵكه‌كه‌ بێزار بوون، عه‌لی‌ جاسم 56 ساڵ‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ ده‌ڵێت "له‌پیرۆزی‌ شاره‌كه‌مان ده‌ترسین، چونكه‌ ئاواره‌كان رێز له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ ناگرن".

به‌شێك له‌خه‌ڵكی‌ كه‌ربەلا له‌لێشاوی‌ به‌رده‌وامی‌ هاتنی‌ ئاواره‌كان بێزاربوون، چونكه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003 خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌شاره‌كانی‌ خواروو به‌تایبه‌تی‌ به‌سره‌ به‌هۆكاری‌ ئابوری‌ روویان له‌وێ‌ كردووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌به‌غداوه‌ چوون‌و به‌م دواییه‌ش هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ داعش ژماره‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ له‌وێ‌ زۆركردووه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ ئێستا زمانی‌ كه‌ربه‌لایی‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ به‌هۆی‌ زۆری‌ ئاواره‌كان‌و زاڵبوونی‌ رۆشنبیری‌ ئه‌وان به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ربه‌لا له‌و بابه‌تانه‌دا زۆر توندو تۆڵن‌و نایانه‌وێت نه‌رمی‌ بنوێنن، ساڵی‌ 2009 حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ ئه‌و شاره‌ یاسای‌ ژماره‌ 111ی‌ ده‌كرد كه‌ تایبه‌ته‌ به‌پیرۆزی‌ كه‌ربه‌لا، به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ خواردنه‌وه‌ی‌ كهول‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌رو بینین‌و ریكلام بۆ فیلمی‌ سێكسی‌ قه‌ده‌غه‌یه‌و رێگه‌ش نادرێت له‌شوێنی‌ گشتی‌ ئاهه‌نگ‌و سه‌ما رێكبخرێت.