راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش‌و سه‌رخی‌ گورزی‌ گه‌وره‌ له‌كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ كه‌ربه‌لا ده‌ده‌ن

عه‌باس سه‌رحان
به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو به‌م دواییه‌ به‌هۆی‌ داعش‌و ره‌وتی‌ سه‌رخییه‌وه‌ گه‌شتیاری‌ ئاینی‌…
4.09.2014  |  كه‌ربه‌لا
Religious tourists have always come to Karbala.
Religious tourists have always come to Karbala.

له‌ساڵی‌ 2003وه‌ ساڵ‌ به‌ساڵ‌ ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ ئاینی‌ له‌كه‌ربه‌لا رووه‌و هه‌ڵكشان بوو، به‌ڵام رووداوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ گورزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ لێ‌ وه‌شاند.

زیاره‌تكارانی‌ ئێرانی‌ كۆڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ گه‌شتیاری‌ ئاینی‌ له‌كه‌ربه‌لا پێكده‌هێنن، خاوه‌نی‌ هۆتێل‌و چێشتخانه‌كان به‌ته‌واوی‌ پشتیان به‌ستووه‌ به‌كاروانی‌ ئه‌و زیاره‌تكارانه‌ كه‌ هه‌فتانه‌ به‌هه‌زارانیان روویان له‌كه‌ربه‌لایه‌، به‌ڵام ئێستا ژماره‌یان به‌ته‌واوی‌ كه‌میكردووه‌.

عه‌لی‌ مه‌هدی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌هۆتێله‌كانه‌ له‌ناوه‌ندی‌ كه‌ربه‌لا وتی‌ "چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر هۆتێله‌كه‌مان پڕیبوو له‌گه‌شتیار، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌نده‌ چۆڵ‌ بووه‌ كه‌ بێزاربووین‌و نازانین خۆمان به‌چییه‌وه‌ سه‌رقاڵ‌ بكه‌ین، چونكه‌ كاروانی‌ زیاره‌تكاران بۆ كه‌ربه‌لا وه‌ستاوه‌".

هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌مه‌وه‌ عه‌لی‌ له‌توانایدا نه‌ماوه‌ موچه‌ی‌ ئه‌و چه‌ند كارمه‌نده‌ دابین بكات كه‌ له‌گه‌ڵیدا كارده‌كه‌ن‌و ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ناچاره‌ زۆرینه‌یان بنێرێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌سه‌ریه‌تی‌ پاره‌ی‌ ئاوو كاره‌باو باجیش بدات.

خاوه‌نی‌ هۆتێله‌كان هۆكاری‌ پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌شتیاران گرێده‌ده‌نه‌وه‌ به‌بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ عێراق هه‌ر له‌رووداوه‌كانی‌ موسڵه‌وه‌ هه‌تا شه‌ڕو پێكدادانی‌ نێوان لایه‌نگرانی‌ مه‌حمود سه‌رخی‌ پیاوی‌ ئاینی‌‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان لایه‌نگری‌ سه‌رخی‌ ده‌ستگیركران‌و نوسینگه‌كانی‌ داخران.

به‌هۆی‌ ئه‌م رووداوانه‌وه‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو ده‌سته‌ی‌ حه‌ج‌و زیاره‌تی‌ ئێرانی‌ بڕیاریداوه‌ گه‌شتی‌ وشكانی‌ بۆ عێراق رابگرێت هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ جێگیر ده‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ كه‌ربه‌لا كه‌ مه‌زارگا پیرۆزه‌كانی‌ شیعه‌ی‌ تیا كۆبووه‌ته‌وه‌، ئێستا ته‌واو چۆڵ‌ بووه‌ له‌زیاره‌تكاران.

بڕیاری‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئێران بووه‌ كه‌ بڕیاریداوه‌ گه‌شتكردن بۆ عێراق ته‌نها له‌رێی‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ نه‌جه‌فه‌وه‌ بێت‌و سه‌رجه‌م گه‌شته‌ وشكانییه‌كان رابگیرێن.

جه‌واد ته‌حسین كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌هۆتێله‌كان له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك خه‌ڵكی‌ له‌ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ هه‌واڵی‌ عێراق ده‌بینن، پێیان وایه‌ هه‌موو شاره‌كان له‌سه‌ر ئاگره‌و بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ رووی‌ تێبكه‌ن".

ئێستا به‌فه‌رمی‌ 400 هۆتێل له‌كه‌ربه‌لا تۆماركراون كه‌ به‌شێكیان نوێن‌و به‌هه‌زاران كه‌س كاریان تێدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام پاشه‌كشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران واده‌كات ژماره‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ئه‌م بواره‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌حمه‌د هیلالی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كارمه‌ندانه‌ كه‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌گه‌ڵ‌ پێنج هاوكاری‌ تری‌ له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان ده‌ركراون، چونكه‌ داهاتی‌ هۆتێله‌كه‌ به‌هۆی‌ كه‌می‌ ژماره‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانه‌وه‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د كه‌ به‌خێوكه‌ری‌ خێزانێكی‌ چواركه‌سییه‌ ئێستا به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ كاره‌وه‌ له‌گوزه‌رانێكی‌ خراپدایه‌و ئه‌و 350 هه‌زار دیناره‌ی‌ مانگانه‌ی‌ له‌ده‌ست چووه‌ كه‌ له‌هۆتێله‌كه‌وه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ ده‌یه‌وێت له‌یه‌كێك له‌چێشتخانه‌كان كارێك بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌وێش به‌هه‌مان هۆكار كاری‌ ده‌ست ناكه‌وێت.

ئه‌حمه‌دو هاوكاره‌كانی‌ به‌و هیوایه‌وه‌ن زوو بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ئارام ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ كه‌ربه‌لا وه‌ك جاران زیاد بكاته‌وه‌، تا ئه‌و ئاواته‌شیان دێته‌ دی، ره‌نگه‌ كارێكی‌ باشیان ده‌ستگیرۆ نه‌بێت.

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ ئێران به‌ته‌واوی‌ سه‌ردانی‌ بۆ عێراق قه‌ده‌غه‌ نه‌كردووه‌و رێی‌ به‌گه‌شتی‌ ئاسمانی‌ داوه‌، به‌ڵام بۆ هاوڵاتیانی‌ ئێرانی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ته‌واوی‌ رێیان لێگیرابێت، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ میهره‌بانی‌ یه‌كێك له‌سه‌ردانكه‌ره‌ ئێرانییه‌كان وتی‌ "زۆرێك له‌ئێرانییه‌كان توانای‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ پلیتی‌ فرۆكه‌ بكڕن".

سه‌ردانی‌ هه‌ر كه‌سێكی‌ ئێرانی‌ له‌رێی‌ فرۆكه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 130 دۆلار ده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا سه‌ردانكردن له‌رێی‌ وشكانی‌ به‌هاتن‌و گه‌ڕانه‌وه‌ ناكاته‌ نیوه‌ی‌ ئه‌و بڕه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێستا ئێران بۆخۆی‌ له‌ژێر ئابڵوقه‌یه‌كی‌ ئابوریدایه‌و دراوه‌كه‌ی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌نی‌ هۆتێله‌كان مه‌ترسی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌به‌رده‌وامبوونی‌ ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌، به‌ڵام حسێن مه‌نكوشی‌ قایمقامی‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ربه‌لا هه‌وڵیدا له‌دودڵی‌ ئه‌و خاوه‌ن كارانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "گه‌شتی‌ ئێرانییه‌كان نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما‌و مانگی‌ ره‌مه‌زان هۆكار بووه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌یان".

مه‌نكوشی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌مزووانه‌ ژماره‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ ئێرانی‌ زیاد ده‌كه‌نه‌وه‌‌و ده‌ڵێت "ساڵی‌ 2005 حاڵه‌تێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ روویدا، به‌ڵام دواتر هه‌موو شتێك گه‌ڕایه‌وه‌ باری‌ ئاسایی‌ خۆی‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ جه‌لال عه‌وده‌ نۆماس پسپۆڕی‌ ئابوری‌ پێی‌ وایه‌ به‌رده‌وامی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ مه‌زارگا پیرۆزه‌كان كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كۆی‌ جموجۆڵی‌ ئابوری‌ ده‌بێت‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌هه‌زاران كه‌س كه‌ بژێویان له‌سه‌ر هۆتێل‌و چێشتخانه‌و دوكان‌و بازاڕه‌كانه‌ داهاتیان كه‌م ده‌كات یان هه‌ر نامێنێت.

نۆرماس وتی‌ "به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ تاكه‌ كه‌س ئاستی‌ خواست له‌بازاڕدا داده‌به‌زێت‌و ئه‌وانه‌ی‌ بێكاربوون ده‌ست ده‌كه‌ن به‌خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ پێشتر پاشه‌كه‌وتیان كردووه‌".

نۆماس پێی‌ وایه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ كه‌ زیاره‌تكارانی‌ وڵاتانی‌ تر دڵنیا بكاته‌وه‌ به‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ئارامه‌، ئه‌میش له‌رێی‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن‌و گرێدانی‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و كۆنگره‌ له‌ئێران‌و وڵاتانی‌ تر، تا به‌و هۆیه‌وه‌ جموجۆڵی‌ گه‌شتیاری‌ له‌كه‌ربه‌لا ببوژێنێته‌وه‌.