راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جوگرافیای‌ كه‌ربه‌لا گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا دێت

ئیبراهیم ئەلجبوری
ئه‌و جێگه‌یه‌ی‌ رۆژێك له‌رۆژان له‌بیره‌وه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ئێره‌دا هه‌ڵگری‌ رازو نیازو ورده‌كاری‌ رووداوه‌كان بوون، ئه‌مڕۆ…
5.06.2014  |  كه‌ربه‌لا
Karbala draws millions of visitors every year. Pic: Getty
Karbala draws millions of visitors every year. Pic: Getty

Tweet
//

ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌وتونه‌ته‌ نزیك هه‌ردوو مه‌زارگه‌ی‌ حسێنییه‌و عه‌باسییه‌ی‌ كه‌ربه‌لا، له‌رووی‌ بازرگانی‌‌و ئابوورییه‌وه‌ به‌گرنگترین به‌شی‌ شاره‌كه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێن، به‌و پێیه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هۆتێل‌و خواردنگه‌و قاوه‌خانه‌و بازاڕی‌ هه‌مه‌چه‌شنی‌ له‌خۆگرتووه‌.

كازم ئه‌نباری‌ كه‌ له‌و نزیكانه‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ كوتاڵی‌ هه‌یه‌، هێشتا به‌شێكی‌ گرنگی‌ ئه‌و رووداوانه‌ له‌یاد ماوه‌ كه‌ له‌وێدا روویانداوه‌، ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ساڵی‌ 1991 له‌سه‌ر ده‌ستی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ به‌عس ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی‌ خاپوركرا، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا به‌شدارییانكرد له‌راپه‌ڕینی‌ شه‌عبانیه‌ كه‌ ئه‌وكات دژی‌ رژێمی‌ به‌عس به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌مڕۆش جارێكی‌ تر رووكاری‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا دێت.

محه‌مه‌د هیندی‌ كه‌ له‌هه‌مان جێگه‌ خاوه‌نی‌ بازاڕێكه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی‌ پلانی‌ فراوانكردنی‌ ده‌وروبه‌ری‌ مه‌زارگه‌كانه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ناو ده‌چن.

محه‌مه‌د كه‌ به‌خاوو خێزانه‌وه‌ له‌شه‌قامی‌ جمهوری‌ كاری‌ فرۆشتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ خۆراك‌و گیایی‌ ده‌رمانی‌ ده‌كه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌بازاڕی‌ عه‌لاوی‌ دوو دوكانمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌نیشت شه‌قامی‌ عه‌باسه‌وه‌یه‌، به‌سه‌دان ساڵه‌ ئه‌و دوكانانه‌ له‌وێن‌و كاریان تێدا ده‌كرێت، ئه‌مڕۆ ده‌ترسم پرۆژه‌ی‌ فراوانكردنی‌ ناوچه‌كه‌ بگاته‌ ئێمه‌ش‌و ئه‌و موڵك‌و ماڵه‌مان نه‌مێنێت"، ئه‌م قسانه‌ی‌ محه‌مه‌د له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئیداره‌ی‌ دوو مه‌زارگه‌كه‌ ئه‌و موڵك‌و ماڵه‌ به‌پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌خاوه‌نه‌كانیان ده‌كڕنه‌وه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ موئه‌یه‌د جه‌راح كه‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ درومانی‌ هه‌یه‌ له‌بازاڕی‌ زه‌ینه‌بیه‌ ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ بگاته‌ ناوچه‌ی‌ ته‌ل زه‌ینه‌بییه‌ كه‌ چه‌ندین موڵك‌و دوكانی‌ بازرگانیان تێدایه‌و جێگه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌ به‌پاره‌ ناخه‌مڵێندرێن.

ناوچه‌ی‌ زه‌ینه‌بییه‌ له‌دێرینترین ناوچه‌كانی‌ كه‌ربه‌لایه‌ كه‌ چه‌ندین جێگه‌ی‌ كه‌له‌پوری‌ تێدایه‌، هاوشێوه‌ی‌ (دیوان ئال كه‌مونه‌) كه‌ یه‌كێك له‌خێزانه‌ دێرینه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا خاوه‌نین‌و چه‌ندین یاده‌وه‌ری‌ گرنگی‌ له‌خۆگرتووه‌، سه‌رده‌مانێكیش هه‌ر پادشاو سه‌رۆكێك حوكمی‌ عێراقی‌ كردبێت ئه‌و دیوانه‌ی‌ به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه‌.

زیانی‌ فراوانكردنی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ته‌نها لایه‌نی‌ كه‌له‌پوری‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو په‌ڕێوه‌ته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ ئابورییه‌كه‌ش، چونكه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر به‌هۆی‌ رووخانی‌ هۆتێل‌و دوكان‌و بازاڕه‌كه‌یانه‌وه‌ ئێستا بێكاربوون.

حازم فازڵ‌ كه‌ ئێستا وه‌ك شۆفێری‌ تاكسی‌ كارده‌كات، پێشتر له‌یه‌كێك له‌هۆتێله‌كان كاری‌ كردووه‌ كه‌ پاش رووخاندنی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌وانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا خاوه‌نی‌ دوكان بازاڕن گله‌ییان هه‌یه‌، له‌م پرۆژه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ مه‌زارگه‌كان ناچاری‌ كردوون په‌نا بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ببه‌ن.

شێخ محه‌مه‌د حه‌سناوی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پیاوه‌ ئاینییه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌رێی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ ده‌یانه‌وێـت ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رفراوان بێت كه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رجه‌م زیاره‌تكارانی‌ تیا ببێته‌وه‌.

ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ به‌ر پرۆژه‌ی‌ فراوانكردن ده‌كه‌وێت‌و ده‌بێت بیناكانی‌ بڕوخێنرێت، له‌گرانترین ناوچه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌، له‌م رووه‌وه‌ باسم شیبانی‌ خاوه‌نی‌ نوسینگه‌ی‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ خانوو زه‌وی‌ له‌ناوچه‌ی‌ عه‌باس‌و حسێن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌هیچ جێگه‌یه‌كی‌ عێراق به‌قه‌د ناوچه‌كه‌ی‌ ئه‌وان زه‌وی‌ گران نییه‌، به‌جۆرێك له‌وێ‌ نرخی‌ یه‌ك مه‌تر زه‌وی‌ ده‌گاته‌ بیست ملیۆن دینار.

شیبانی‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ لێره‌ موڵك‌و ماڵه‌كه‌یان فرۆشتووه‌ چوون له‌جێگه‌ی‌ تر شوێنی‌ بازرگانیان كڕیوه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ نرخی‌ موڵك‌و ماڵ‌ له‌كه‌ربه‌لا زۆر گران بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌و جێگایانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌ی‌ شاری‌ دێرینه‌وه‌".

حه‌سه‌ن هادی‌ ئه‌ندازیار له‌شاره‌وانی‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ كه‌ربه‌لاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌هاوكاری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ سه‌ر به‌مه‌زارگه‌كان "به‌جۆرێك ناوچه‌كه‌ رێك ده‌خرێت كه‌ قابیل به‌و دوو مه‌زارگه‌یه‌ بێت".

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و موڵك‌و ماڵه‌ش كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا شاره‌وانی‌ خاوه‌نێتی‌ ده‌كرێت به‌ناوی‌ وه‌قفی‌ شیعه‌وه‌، یان به‌نرخی‌ ره‌مزی‌ ده‌فرۆشرێته‌ ئیداره‌ی‌ مه‌زارگه‌كان، وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ سه‌رخستنی‌ پرۆژه‌كه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ له‌یلا ئالزه‌ینه‌دین جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و شاره‌وانی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌گرنگترین پرۆژه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ساڵانه‌ ژماریه‌كی‌ ئێجگار زۆری‌ زیاره‌تكار رووی‌ تێده‌كه‌ن".

د. كازم موسه‌وی‌ پسپۆڕی‌ نه‌خشه‌سازی‌ رایه‌كی‌ تری‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ هه‌یه‌، ئه‌و پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ بچێته‌ سه‌ر، ئه‌وا جوگرافیای‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ به‌شاری‌ دێرینی‌ كه‌ربه‌لا ناسراوه‌، به‌و پێیه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ له‌جێیه‌كی‌ ئابوری‌‌و بازرگانییه‌وه‌ ده‌كاته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئاینی‌ داخراو كه‌ ته‌نها كه‌شوهه‌وا ئاینییه‌كانی‌ تیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نه‌ك وه‌ك جاران كه‌ پڕبووه‌ له‌جموجۆڵی‌ بازرگانی‌‌و گه‌شتیاری‌.

ئه‌و پسپۆڕه‌ داوایكرد لایه‌نی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ پرۆژه‌كه‌ به‌ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ شوێنه‌ دێرین‌و ناسراوه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی‌ تام‌و چێژێكی‌ تایبه‌تیان به‌خشیوه‌ته‌ شاره‌كه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌