راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌روازه‌ نوێیه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و توركیا چی‌ ده‌گۆڕێت؟

عەبدولخالق دۆسکی
كردنه‌وه‌ی‌ پێنج ده‌روازه‌ی‌ سنوری‌ له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و توركیا له‌ناوه‌ندی‌ سیاسیدا مشتومڕی‌ زۆری‌ هێناوه‌ته‌…
20.03.2014  |  دهۆك
Trucks crossing the Turkish-Iraqi Kurdish border.
Trucks crossing the Turkish-Iraqi Kurdish border.

به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوان نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌، پێنج ده‌روازه‌ی‌ تری‌ سنوری‌ له‌نێوان هه‌رێم توركیادا ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا به‌بارێكی‌ خراپدا تێده‌په‌ڕێ‌‌و هه‌ندێك وای‌ لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر به‌غدایه‌، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نی‌ كوردی‌ ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

خورشید بریفكانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ خولی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مان له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "فراوانكردنی‌ سنوری‌ هه‌رێم‌و توركیا باسێكی‌ كۆنه‌و پێشتر له‌سه‌ر ئاستی‌ جیاواز قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كراوه‌، پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كیش ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ نێوان هه‌ردوولایه‌ كه‌ ساڵی‌ 2013 گه‌یشتووه‌ته‌ 12 ملیار دۆلار".

بریفكانی‌ پێی‌ وایه‌ ده‌بێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌فیعلی‌ بخرێنه‌ كار‌و ده‌ڵێت "چه‌ند جارێك هه‌مان لێدوانمان بیستووه‌، به‌ڵام هیچ جارێك جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌"‌و هاوكات گه‌شبینی‌ ده‌ربڕی‌ به‌كاریگه‌ری‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌روازانه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌ی‌ بازرگانی‌‌و وتی‌ "به‌هۆیه‌وه‌ بواره‌كانی‌ ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گه‌شه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ دابه‌زینی‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌ له‌ناوچه‌كه‌دا".

ئه‌و به‌دووری‌ نه‌زانی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان ببێته‌ مایه‌ی‌ پێشخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ نێوان حكومه‌تی‌ توركیاو په‌كه‌كه‌‌و وتی‌ "ئه‌گه‌ر ئاشتی‌ به‌رپا نه‌بوبێت كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ده‌روازانه‌ زه‌حمه‌ته‌".

له‌به‌رامبه‌ردا د. محه‌مه‌د شه‌عبان پسپۆڕی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌زانكۆی‌ دهۆك پێی‌ وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم خۆی‌ ده‌رباز بكات له‌و ئابڵوقه‌ ئابورییه‌ی‌ له‌رێی‌ ناوه‌نده‌وه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌و ده‌ڵێت "هه‌رێم ده‌یه‌وێت رێگه‌چاره‌ی‌ تر بدۆزێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ به‌غدا موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت‌و كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌روازه‌ی‌ ئیبراهیم خه‌لیل گرنگییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری‌ عێراق‌و ده‌ڵێت "له‌ساڵی‌ 2003وه‌ ئیبراهیم خه‌لیل پارێزراوترین ده‌روازه‌ی‌ سنورییه‌‌و نزیكه‌ی‌ 75% ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ هه‌رێم له‌رێی‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ عێراق به‌ئه‌وروپاوه‌ گرێ‌ ده‌داته‌وه‌، به‌هۆی‌ قه‌ره‌باڵغیشه‌وه‌ پێویست به‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ تر هه‌یه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ د. قاسم حه‌سه‌ن راگری‌ كۆلێژی‌ یاساو سیاسه‌ت له‌زانكۆی‌ دهۆك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ره‌هه‌ندی‌ سیاسی‌ له‌پشت ئه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "هه‌رێم به‌به‌غدا ده‌ڵێت ئێمه‌ش هه‌ین وه‌ك به‌شدارێك له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا‌و كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كانیش وه‌ك كارتێكی‌ سیاسی‌ ده‌بێت".

قاسم پێی‌ وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ په‌یامێكی‌ تری‌ تێدایه‌ بۆ حكومه‌تی‌ توركیا به‌و ئاراسته‌یه‌ی‌ "كورد رۆڵی‌ زۆری‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ ئێستای‌ توركیا پێویستی‌ به‌ده‌نگی‌ كورده‌كانه‌ بۆ ده‌رچوونه‌وه‌ی‌".

به‌قسه‌ی‌ ئه‌یاد عه‌بدولحه‌لیم سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ پارێزگای‌ دهۆك له‌گه‌ڵ‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌روازانه‌ ئاستی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ ده‌گاته‌ دوو هێنده‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاستی‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ساڵی‌ رابردوو 12 ملیار دۆلار بوو، پێشبینی‌ ده‌كرێت به‌رز ببێته‌وه‌ بۆ 20 ملیار دۆلار له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ داهاتوودا".

سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بڕیاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان له‌به‌ره‌نجامی‌ ئه‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ده‌روازه‌ی‌ ئیبراهیم خه‌لیل ده‌روازه‌یه‌كی‌ كۆنه‌و به‌شی‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌ ناكات، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ بازرگانه‌كان گله‌یی‌ زۆریان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ هه‌یه‌.

هه‌رچه‌نده‌ قسه‌ی‌ زۆر له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌روازانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ نه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان چی‌ له‌ژیانی‌ ئه‌وان ده‌گۆڕێت، چونكه‌ زۆرێكیان پێیان وایه‌ ئه‌و ده‌روازه‌ سنورییانه‌ له‌رابردوودا خێروبێره‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وان نه‌بووه‌و ته‌نها ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم سوودیان لێبینیوه‌.

هه‌ندێكی‌ تر له‌چاودێرانی‌ سیاسی‌ به‌ئاگاییه‌وه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌ڕوانن‌و ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رێم له‌موچه‌خۆری‌ به‌غداوه‌ بگۆڕێت بۆ موچه‌خۆی‌ ئه‌نكه‌ره‌.