راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌ڵكی‌ پشت له‌بانكه‌كان ده‌كه‌ن

ئەیسەر جەبار
سه‌لاح مه‌جید له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌ی‌ پێشووی‌ ناوێرێت جارێكی‌ تر پاره‌ له‌بانك دابنێت‌و هه‌موو جارێك ئه‌و بڕه‌…
20.03.2014  |  به‌غدا

سه‌لاح خاوه‌نی‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ كاره‌باییه‌ له‌بازاڕی‌ شۆرجه‌ی‌ به‌غدا، دوو ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر بڕێك پاره‌ی‌ له‌بانكی‌ وه‌ركای‌ ئه‌هلی‌ له‌به‌غدا دانابوو، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بانكه‌كه‌ مایه‌پووچ بوو، ئیتر ته‌نها له‌سه‌دا بیستی‌ پاره‌كه‌ی‌ ده‌ستكه‌وته‌وه‌.

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق پێشتر بڕیاری‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ كاره‌كانی‌ به‌سه‌ر بانكی‌ وه‌ركادا سه‌پاندبوو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ڕێوشوێنه‌كانی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رمایه‌و مه‌سه‌له‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو، به‌ر له‌مانگێك بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ی‌ كێشایه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ركا ناڕه‌زایی‌ نیشانداو داوایكرد قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ به‌ریكه‌وتووه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ خالید واسیتی‌ كه‌ مامۆستای‌ زانكۆیه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی‌ بانكیدا رووداوێكی‌ تری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "به‌ر له‌ساڵێك دزیكردن له‌ناوچه‌ی‌ ره‌سافه‌ی‌ به‌غدا زۆربووبوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌كه‌م نه‌فه‌وتێ‌ بردمه‌ بانكی‌ ره‌شیدی‌ حكومی‌ دامنا، به‌و هیوایه‌ی‌ له‌وێ‌ پارێزراو ده‌بێت، چونكه‌ حكومه‌ت خاوه‌نێتی‌".

خالید ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كاتێك چووه‌ بڕێك له‌پاره‌كه‌ی‌ رابكێشێت بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ یه‌كێك له‌فه‌رمانبه‌ره‌كان هه‌ڵه‌ی‌ كردووه‌ له‌نوسینی‌ پاره‌ داندراوه‌كه‌داو له‌بری‌ سی‌ ملیۆن دینار، ته‌نها سێ‌ ملیۆنی‌ نوسیوه‌‌و ده‌ڵێت "پاش چه‌ند مانگێك پێیان راگه‌یاندم به‌هه‌موو پاره‌كاندا چوونه‌ته‌وه‌و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نها بیست ملیۆن دیناری‌ زیاده‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌یان دامه‌وه‌، له‌م نێوانه‌دا ده‌ ملیۆن دینارم تیاچوو".

وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراق كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌ردوو گه‌وره‌بانكی‌ ره‌شیدو رافیده‌ین ده‌كات، ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هاوڵاتیان پاره‌ له‌بانكه‌كاندا ناهێڵنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش گرێده‌داته‌وه‌ به‌چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌.

فازیل نه‌بی‌ بریكاری‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند دروستبوونی‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ تاڵانكردن له‌بانكه‌ حكومییه‌كانداو مایه‌پوچبوونی‌ هه‌ندێ‌ بانكی‌ ئه‌هلی‌ وایكردووه‌ دانیشتوانی‌ به‌غدا خۆیان بپارێزن له‌وه‌ی‌ پاره‌ له‌بانكدا دابنێن.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م حاڵه‌تانه‌یه‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاسایه‌كن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پاره‌ی‌ هاوڵاتیان له‌بانكه‌كاندا پارێزراو ده‌بێت.

له‌مڕووه‌وه‌ ماجیده‌ ته‌میمی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند لیژنه‌كه‌ی‌ ئه‌وان ته‌نها چاوی‌ له‌سه‌ر جێگیری‌ بانكه‌كان نییه‌، به‌ڵكو كارده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ بانكه‌ ئه‌هلی‌‌و حكومییه‌كان تا رۆڵیان هه‌بێت له‌په‌ره‌پێدانی‌ ئابوری‌، ئه‌ویش له‌رێی‌ زیادكردنی‌ سه‌رمایه‌كانیان له‌پاره‌ی‌ داندراوی‌ وه‌زاره‌ته‌كان‌و پاره‌ی‌ هاوڵاتیان.

ته‌میمی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربچێت ئه‌وا هاوڵاتیان متمانه‌ی‌ زیاتریان به‌بانكه‌كان ده‌بێت‌و پاره‌ی‌ لێ داده‌نێن، بگره‌ به‌شداریش ده‌كه‌ن له‌و وه‌به‌رهێنانه‌ی‌ كه‌ بانك ده‌یكات.

ژماره‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ بانكه‌كان پێشوازی‌ له‌و هه‌نگاوه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی‌ یارمه‌تی‌ بانكه‌كان ده‌دات له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رمایه‌و به‌شداری‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌.

موسڵیح وائیلی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ رێپێدراوی‌ بانكی‌ شیمالی‌ ئه‌هلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "پێشنیاره‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت، چونكه‌ سوودی‌ بۆ هاوڵاتیان‌و بانكه‌كانیش ده‌بێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌بێت هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان چه‌ند رێوشوێنێكی‌ له‌گه‌ڵدا بێت وه‌ك "دامه‌زراندنی‌ كۆمپانیای‌ دڵنیایی‌ پشكدار به‌سه‌رمایه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌"، چونكه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ گه‌ره‌نتی‌ ده‌دات به‌هاوڵاتیان كه‌ پاره‌كانیان نه‌فه‌وتێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بانكیش مایه‌پوچ ببێت، ئه‌وا كۆمپانیاكه‌ قه‌ره‌بووی‌ هاوڵاتیان ده‌كاته‌وه‌.

هه‌رچی‌ پسپۆڕانی‌ بواری‌ دارایی‌‌و ئابورییه‌ هاوبۆچونن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێكهێنانی‌ كۆمپانیای‌ دڵنیایی‌، گه‌ره‌نتی‌ پاره‌ داندراوه‌كانی‌ بانك ده‌كات‌و هانی‌ هاوڵاتیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ له‌بانك دابنێن‌و متمانه‌یان پێی‌ هه‌بێت.

سه‌بری‌ خالیدی‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "به‌رپرسیارێتی‌ پاراستنی‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ هاوڵاتیان له‌ئه‌ستۆی‌ حكومه‌ته‌، بۆیه‌ ده‌بێت گه‌شه‌ به‌كه‌رتی‌ بانكی‌ بدات‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی‌ كرد خه‌ڵكی‌ پاره‌ ده‌به‌نه‌ بانك‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ دروست باری‌ ئابوری‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ سه‌ر پێی‌ خۆی‌".

خالیدی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ر یاسایه‌ك بۆ كه‌رتی‌ بانكی‌ ده‌ربكرێت، له‌گه‌ڵ‌ بانكه‌ حكومییه‌كان، یه‌كسه‌ر بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانیش بگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ گرفتێك له‌و رووه‌وه‌ دروست نه‌بێت.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ده‌سته‌ی‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان رایگه‌یاند رێژه‌ی‌ پاره‌ی‌ داندراو له‌بانكه‌ حكومییه‌كان له‌نێوان 65 بۆ 68 ترلیۆن دیناردایه‌، له‌كاتێكدا ئه‌م بڕه‌ بۆ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌22 ترلیۆن دینار تێپه‌ڕ ناكات.

كه‌رتی‌ بانكی‌ له‌عێراق له‌ 43 بانك پێكهاتووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بانكی‌ ناوه‌ند، له‌وانه‌ حه‌وت بانكی‌ حكومی‌‌و 30 بانكی‌ ئه‌هلی‌ كه‌ حه‌وت له‌وانه‌ بانكی‌ ئیسلامین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌شه‌ش بانكی‌ بیانی‌.

سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌راپۆرتێكدا كه‌ مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ رابردوو بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌رتی‌ بانكی‌ له‌عێراق له‌گه‌شه‌كردندایه‌، به‌ڵام هێشتا پێویستی‌ به‌هه‌وڵی‌ زیاتره‌، به‌تایبه‌تی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌بێت كاری‌ زیاتر له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌ بكات‌و چاودێری‌ بانكه‌كان توندوتۆڵ‌ بكات‌و به‌په‌یكه‌ری‌ كاری‌ بانكیدا بچێته‌وه‌.

سندوقه‌كه‌ پێشنیاری‌ ئه‌وه‌شی‌ كردووه‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ هه‌نگاوی‌ پله‌به‌پله‌ بگرێته‌به‌ر بۆ سه‌ربه‌ستكردنی‌ نه‌ختینه‌ی‌ بیانی‌ ئه‌ویش له‌رێی‌ ئه‌و زیادكردنانه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات، تا له‌و رێیه‌وه‌ رێگه‌بگرێت له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرفتانه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوو به‌سه‌ر بازاڕی‌ دارایدا هاتن.

یه‌كێكی‌ تر له‌راسپارده‌كانی‌ ئه‌و بانكه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ سیسته‌مێكی‌ بانكی‌ نیشتیمانی‌ دروست بكرێت‌و ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و نموونه‌یه‌ی‌ ئێستا ببن كه‌ چه‌ند بانكێكی‌ لاوازی‌ حكومی‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌، هه‌روه‌ك داوایكردووه‌ دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان به‌هێز بكرێن تا لێهاتوویی‌‌و شه‌فافییه‌ت له‌به‌كارهێنانی‌ داهاتی‌ نه‌وتدا په‌یڕه‌و بكرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌