راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ناوی‌ بیانی‌ شوێن به‌ناوه‌ ئاینییه‌كان لێژ ده‌كه‌ن

عه‌باس سه‌رحان
به‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایی‌ هۆكاره‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا زۆر شتیان له‌ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا گۆڕیوه‌، ته‌نانه‌ت ئێستا…
6.03.2014  |  كه‌ربه‌لا
Busy street traders in Karbala.
Busy street traders in Karbala.

هه‌تا ساڵی‌ 2005 رووكاری‌ دوكان‌و بازاڕه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا زۆر كۆن‌و كلاسیك بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌واو گۆڕاون، جاران زۆربه‌ی‌ چالاكییه‌ بازرگانییه‌كان له‌هه‌ردوو شه‌قامی‌ سه‌ره‌كی‌ (عه‌باس‌و حسه‌ین) كۆبوبوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌ دوكان‌و بازاڕو هۆتێله‌كان گه‌شه‌یان كردو چه‌ندین مۆڵی‌ گه‌وره‌كرانه‌وه‌.

جموجۆڵ‌‌و چالاكی‌ بازرگانی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ جاران چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ وه‌كو حه‌ی‌ عه‌سكه‌ری‌‌و غه‌دیرو عامل‌و ته‌حه‌دی‌ چه‌ندین دووكان‌و بازاڕ كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌دیكۆرو روكاری‌ جوان رازێنراونه‌ته‌وه‌‌و ریكلامیش بۆ ئه‌و جێگایانه‌ پانتاییه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ داگیركردووه‌.

له‌وه‌ته‌ی‌ كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت تێكه‌ڵی‌ ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا بووه‌، ناوه‌ بیانییه‌كان له‌سه‌ر دوكان‌و بازاڕه‌كان شوێنیان به‌ناوه‌ عه‌ره‌بی‌‌و ئاینییه‌كان لێژكردووه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ ناوه‌كانی‌ "زیرۆ وان" له‌گه‌ڵ‌ "سالار"‌و "كاله‌" به‌شێكن له‌ناوی‌ ئه‌و دوكانانه‌.

گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌شێك له‌خاوه‌ن دوكانه‌كان، ئه‌و ناوانه‌ی‌ هه‌ڵیده‌بژێرن خۆیان باش له‌ماناكه‌ی‌ نازانن، هاوشێوه‌ی‌ ئه‌حمه‌د كه‌ دوكاندارێكه‌و دوكانه‌كه‌ی‌ ناوناوه‌ "سی‌ بێرد"، وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ئه‌و ناوه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێت دۆزیوه‌ته‌وه‌.

له‌یس عه‌لی‌ ناوی‌ دوكاندارێكی‌ تره‌ كه‌ هاوڕێكانی‌ ناوێكی‌ بیانیان بۆ دوكانی‌ جل‌و به‌رگه‌كه‌ی‌ پێشنیار كردووه‌، له‌یس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌كارهێنانی‌ ئه‌م جۆره‌ ناوانه‌ بۆ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ كڕیارانه‌و ده‌یانه‌وێت جیا ببنه‌وه‌ له‌و دوكانانه‌ی‌ ناوی‌ ئاینی‌ یان كلاسیكیان هه‌ڵگرتووه‌.

به‌كارهێنانی‌ ناوی‌ ئاینی‌‌و عه‌ره‌بی‌ بۆ دوكان‌و بازاڕه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا، له‌و شاره‌دا بوبووه‌ نه‌ریت، هه‌رچه‌نده‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003 وه‌ ناوی‌ به‌شێك له‌دوكان‌و بازاڕه‌كان بوونه‌ته‌ بیانی‌، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ ترهه‌ن هێشتا ده‌ستیان گرتووه‌ به‌نه‌ریته‌ كۆنه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ فه‌رمیش به‌هه‌مان شێوه‌ بووه‌.

ئه‌و پردانه‌ی‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا حكومه‌ت دروستی‌ كردوون ناوه‌كانی‌ فاتیمه‌ی‌ زه‌هراو عه‌باس‌و ئیمام عه‌لییان لێنراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ شه‌قامه‌كانیش ناوی‌ هاوشێوه‌ی‌ وائیلی‌‌و شیرازییان لێنراوه‌.

محه‌مه‌د خزر كه‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ نه‌قیب خاوه‌نی‌ بازاڕێكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌كارهێنانی‌ ناوه‌ ئاینییه‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كاسپییه‌كه‌یان به‌ره‌كه‌تی‌ تێبكه‌وێت، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌م دواییه‌ هاوڕێیه‌كیان نانه‌وایه‌كی‌ كردووه‌ته‌وه‌ به‌ناوی‌ ئیمام مه‌هدی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ خێرو رزقی‌ زیاتریان بۆ بێت.

به‌ڵام بێگومان ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌ مه‌به‌ستیان به‌ره‌كه‌ت نییه‌ له‌كاره‌كه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ ده‌یانه‌وێت نه‌ریتی‌ ئاینی‌ شاره‌كه‌ بپارێزن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ مورته‌زا سه‌عیدی‌ مامۆستای‌ ئابوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند.

ئه‌و مامۆستایه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌لای‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خاوه‌ن كاره‌كان تێڕوانین بۆ ناوی‌ كاره‌كه‌یان گۆڕاوه‌و ئه‌وان پێیان وایه‌ ناوی‌ بیانی‌ كڕیاری‌ زیاتر بۆخۆی‌ ده‌هێنێت نه‌ك ناوی‌ ئاینی‌.

عه‌زیز مه‌هدی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ دوكانی‌ كه‌لوپه‌لی‌ جوانكارییه‌ بۆچوونی‌ ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ ئابوری‌ پشت راست ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و دوكانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ناوناوه‌ "بیوتفل"‌و باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و جۆره‌ ناوانه‌ زیاتر سه‌رنجی‌ كڕیار راده‌كێشێت.

عه‌زیز ده‌ڵێت "زۆر جێگا هه‌یه‌ ئێستاش ناوی‌ ئاینی‌ هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵان باش سه‌ركه‌وتوو نابن‌و نابنه‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجی‌ خه‌ڵك" ئه‌و پێی‌ وایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ رزق‌و كاسپی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌لایه‌نی‌ هونه‌ری‌‌و راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ خه‌ڵك له‌رێی‌ ریكلامه‌وه‌.

ئه‌م جۆره‌ ناوه‌ بیانیانه‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانی‌ زمانه‌وه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ره‌خنه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ره‌شید بن عیسا پسپۆڕی‌ پێشوو له‌رێكخراوی‌ یونسكۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زمانه‌كانی‌ تر له‌عه‌ره‌بی‌ باشتر نین، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ زمانی‌ خۆیان به‌پله‌ یه‌ك نازانن بۆیه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌و جۆره‌ زمانانه‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ مورته‌زا سه‌عید مامۆستای‌ ئابوری‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دایه‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت بۆ ناوی‌ دوكان‌و بازاڕه‌كان دابنرێت‌و مۆڵه‌ت نه‌درێته‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناوی‌ بیانی‌ یان ناوی‌ بێمانا له‌جێگه‌ی‌ كاره‌كانیان ده‌نێن، چونكه‌ ئه‌و پێی‌ وایه‌ ناوی‌ بازرگانی‌ هه‌ڵگری‌ شوناسی‌ شارێكه‌و ناوی‌ بیانیش زمان ده‌شێوێنێت.