راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌روازه‌ ده‌ریاییه‌كه‌ی‌ عێراق خه‌ریكه‌ داده‌خرێت

مورته‌زا تاڵب
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ 23 ساڵ‌ به‌ر له‌ئێستا كه‌شتییه‌كی‌ نه‌وت هه‌ڵگر له‌ئاوی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌ب نوقمكراوه‌،…
20.02.2014  |  به‌سرا

ساڵی‌ 1991 له‌كاتی‌ شه‌ڕی‌ كه‌نداو كه‌شتی‌ نه‌وت هه‌ڵگری‌ عێراقی‌ به‌ناوی‌ "عه‌مورییه‌" له‌دوری‌ دوو كیلۆمه‌تر له‌به‌نده‌ری‌ نه‌وتی‌ به‌سره‌وه‌ نوقمكرا كه‌ 143 هه‌زار نه‌وتی‌ هه‌ڵگرتبوو، ئێستاش به‌هۆی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ كاته‌وه‌ كه‌شتییه‌كه‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌و مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ رۆبچێته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌و كاره‌ساتێكی‌ ژینگه‌یی‌ دروست بكات.

پاش داگیركردنی‌ كوه‌یت له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌و پاشتریش وه‌ده‌رنانی‌ ئه‌و سوپایه‌ له‌لایه‌ن هێزی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌، به‌ده‌یان كه‌شتی‌ عێراقی‌ له‌ئاوی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌ نوقمكران، به‌ڵام ره‌نگه‌ هیچیان به‌قه‌د ئه‌و كه‌شتییه‌ نه‌وت هه‌ڵگره‌ مه‌ترسی‌ نه‌بوبێت.

موخلیس عه‌بدولره‌زا خوزاعی‌ جێگری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ناوه‌ندی‌ ده‌ریاوانی‌ عێراقی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كۆمپانیا پسپۆڕه‌ جیهانییه‌كان چه‌ند جارێك ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ حكومییه‌كان وه‌ڵامیان نه‌بووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "پرۆسه‌ی‌ ده‌رهێنانه‌وه‌كه‌ ئاڵۆزه‌و كه‌سانی‌ پسپۆڕی‌ ده‌وێت، به‌ڵام ئێمه‌ نازانین بۆ پشتگوێ‌ خراوه‌، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوان فه‌رمانگه‌ی‌ به‌نده‌ره‌كان‌و كۆمپانیای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ بێت، ئه‌گه‌ر نه‌وته‌كه‌ رۆبچێته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌ ئه‌و ئاواته‌ی‌ سه‌دام دێته‌ دی‌ كه‌ ده‌یویست ژینگه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ وێران بكات".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ئینمار سافی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندی‌ كۆمپانیای‌ گشتی‌ به‌نده‌ره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان له‌توانایاندا نییه‌ كه‌شتییه‌ نوقمبووه‌كان ده‌ربهێننه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ توانای‌ ئێمه‌یه‌، چونكه‌ ته‌نها ئامێرێكمان هه‌یه‌ كه‌ له‌توانایدا نییه‌ زیاتر له‌سه‌د ته‌ن به‌رز بكاته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ به‌و توانا كه‌مه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستیاندایه‌ توانیویانه‌ 25 به‌له‌م‌و كه‌شتی‌ نوقمبوو ده‌ربهێننه‌وه‌و داوای‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و وڵاتانی‌ كۆمه‌ك به‌خشكرد پاڵپشتییان بكه‌ن.

مه‌ترسی‌ پیسبوونی‌ ژینگه‌ به‌ته‌نها به‌كێشه‌ی‌ كه‌شتی‌ نه‌وتهه‌ڵگری‌ عه‌مورییه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ رایگه‌یاند 36 كه‌شتی‌‌و به‌له‌م رێره‌وی‌ ئاوی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بییان گرتووه‌ له‌گه‌ڵ‌ 37ی‌ تر كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ده‌رچه‌ی‌ خور عه‌بدوڵاو ئوم قه‌سرو زوبێر، به‌شێك له‌وانه‌ نه‌وتی‌ خاویان هه‌ڵگرتووه‌.

سافی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ نوقمبوونی‌ ئه‌و كه‌شتیانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌به‌رده‌م فراوانبوونی‌ بواری‌ ده‌ریاوانیدا دروست كردووه‌‌و له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ ئه‌و كه‌شتیانه‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ رێڕه‌وه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌ب‌و خور عه‌بدوڵاو خور زوبێرمان لێ‌ داخراوه‌و بواری‌ ده‌ریاوانی‌ بازرگانی‌ به‌ته‌واوی‌ فه‌رامۆشكراوه‌".

هه‌روه‌ها وتی‌ "كۆمپانیاكه‌مان توێژینه‌وه‌ی‌ وردی‌ له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ كردووه‌، هه‌ندێ‌ له‌و كه‌شتیانه‌ی‌ نوقمبوون قورساییان ده‌گاته‌ هه‌زاران ته‌ن، به‌هۆیانه‌وه‌ به‌نده‌ره‌ بازرگانییه‌كان په‌كی‌ كه‌وتووه‌و زیانی‌ گه‌وره‌ به‌ر ئه‌و بواره‌ كه‌وتووه‌".

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ كۆمپانیای‌ ده‌ریاوانی‌، زیاتر له‌ 80 كه‌شتی‌‌و نه‌وتهه‌ڵگری‌ جۆراوجۆر نوقمبوون كه‌ له‌پردی‌ خالیدی‌ باكوری‌ به‌سره‌و ده‌ست پێده‌كات‌و به‌به‌نده‌ری‌ مه‌عقه‌ل تێپه‌ڕ ده‌بن تا ده‌گه‌نه‌ به‌نده‌ره‌كانی‌ خور عه‌بدوڵاو خور زوبێر، ئه‌مانه‌ش قه‌باره‌و قورساییان جیاوازه‌، تیایاندایه‌ كێشی‌ ده‌گات 10 هه‌زار بۆ 14 هه‌زار ته‌ن، به‌رزییه‌كه‌شیان له‌ 20 مه‌تره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته‌ 150 مه‌تر.

كۆمپانیای‌ ده‌ریاوانی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێی‌ كه‌شتییه‌كی‌ قورسایی‌ هه‌ڵگری‌ چینی‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌توانایدا هه‌یه‌ 2500 ته‌ن به‌رز بكاته‌وه‌، پێیان وایه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ به‌شی‌ زۆری‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام هه‌نگاوی‌ هاتنی‌ ئه‌و كه‌شتییه‌ زۆر هێواش به‌رێوه‌ ده‌چێت.

نوقمبوونی‌ ئه‌و كه‌شتیانه‌ زیانی‌ گه‌وره‌یان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌‌و قوڕ له‌ده‌وریان، له‌چه‌ند جێگه‌یه‌ك رێره‌وی‌ ئاوه‌كه‌ گۆڕاوه‌، شه‌پۆلی‌ به‌رده‌وامی‌ ئاوه‌كه‌ش به‌شێكی‌ زۆری‌ كه‌ناره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا بردووه‌، به‌جۆرێك به‌شه‌ وشكانی‌ ئاوی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌ب له‌دیوی‌ عێراق كه‌می‌ كردووه‌و به‌دیوی‌ ئێراندا زیادبووه‌.

ئه‌مین وه‌هب ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ئه‌وه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ گۆڕانی‌ رێڕه‌وی‌ ئاوی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌ب له‌خاكه‌كه‌ی‌ عێراقی‌ خواردووه‌و چه‌ند دورگه‌یه‌كی‌ به‌دیوی‌ ئێراندا دروستكردووه‌‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا راسپارده‌مان له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌به‌ری‌ فاو ئه‌و ئاسته‌نگه‌ی‌ دروست بووه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ كه‌شتی‌‌و راوچییه‌كان، ئه‌مه‌ش بێگومان كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌".

بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كاپتن موخلیس خوزاعی‌ جێگری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ناوه‌ندی‌ ده‌ریاوانی‌ عێراقی‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ پشكنینی‌ ده‌ریاوانی‌‌و ده‌ڵێت "ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ئاوی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌ فه‌رامۆشكردووه‌‌و هیچ هه‌نگاوێك هه‌ڵناهێنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ ژه‌هراویبوونی‌ ئاوه‌كه‌".

خوزاعی‌ ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌ له‌پاڵ‌ كێشه‌ی‌ كه‌شتییه‌ نوقمبووه‌كان هیچ ئاماده‌سازییه‌ك نییه‌ له‌به‌نده‌ره‌كانی‌ عێراق بۆ پێشوازی‌ كه‌شتییه‌كان‌و روناككه‌ره‌وه‌ ئاماده‌نه‌كراوه‌، له‌مه‌دا نموونه‌ی‌ نوقمبوونی‌ كه‌شتییه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2006 كاتێك كه‌شتییه‌ك خۆی‌ كێشاوه‌ به‌كه‌شتییه‌كی‌ نوقمبووداو به‌حه‌وت هه‌زار ته‌ن باره‌وه‌ نوقمبووه‌، هه‌مانساڵ‌ كه‌شتییه‌كی‌ تر به‌ 2300 ته‌ن چیمه‌نتۆوه‌ به‌هه‌مان هۆكار نوقمبووه‌.

خراپی‌ رێره‌وی‌ ده‌ریایی‌ له‌عێراقدا بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ زیادبوونی‌ مه‌ترسی‌‌و له‌گه‌ڵیشیدا نرخی‌ دڵنیایی‌ له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كان زیادیكردووه‌.

له‌پاڵ‌ هه‌موو ئه‌م مه‌ترسیانه‌دا، له‌شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ نێوان عێراق ئێران له‌ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، به‌ده‌یان مین له‌ناو ده‌ریاكه‌ده‌ چێنراون، ئه‌مانه‌ به‌شێكی‌ كه‌میان له‌ساڵی‌ 1994 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ هۆڵه‌نداوه‌ هه‌ڵگیرانه‌وه‌.

به‌هۆی‌ زۆری‌ ئه‌م ئاسته‌نگانه‌وه‌، ئێستا خه‌ریكه‌ تاكه‌ ده‌روازه‌ی‌ ئاوی‌ عێراق به‌ته‌واوی‌ داده‌خرێت، ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ده‌رچه‌كه‌یه‌تی‌، به‌بڕوای‌ خوزاعی‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌مه‌دا ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌ حكومییه‌كانن‌و ده‌ڵێت "بواری‌ ده‌ریاوانی‌ به‌ته‌واوی‌ وێرانكراوه‌، له‌كاتێكدا زیاتر له‌شه‌ست به‌نده‌ری‌ جیهانی‌ پشت به‌توانای‌ كادیره‌ عێراقییه‌كان ده‌به‌ستن".

له‌و ده‌مه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پلانیان هه‌یه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت تا بگاته‌ 10 ملیۆن به‌رمیل له‌رۆژێكدا، پرسیاری‌ هه‌ره‌ گرنگ كه‌ لێره‌دا دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌نده‌ره‌كانی‌ عێراق تا چه‌ند توانایان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌دا رێبكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌