راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هونه‌ری‌ فێڵكردن له‌لای‌ ده‌رۆزه‌كاره‌كانی‌ به‌سره‌ كۆتایی‌ نایه‌ت

سه‌لیم وه‌ززان
كێبڕكێی‌ نێوان ده‌رۆزه‌كاره‌كانی‌ به‌سره‌ له‌نێوان خۆیاندا گه‌یشتووته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌، بۆ ئه‌وان به‌ده‌ستهێنانی‌…
30.01.2014  |  به‌سرا
A scene from Basra\'s markets, where beggars ply their trade.
A scene from Basra\'s markets, where beggars ply their trade.

به‌شێك له‌و ده‌رۆزه‌كارانه‌ سیسته‌می‌ كاركردنی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان داناوه‌، بۆ نموونه‌ یه‌كێك له‌رۆژه‌كان له‌بازاڕ ده‌سوڕێنه‌وه‌و رۆژێكی‌ تر ده‌چنه‌ سه‌ر پرده‌كان‌و رۆژی‌ دوای‌ ئه‌ویش بۆ نزیك مزگه‌وت‌و حوسه‌ینییه‌كان، ئه‌مه‌ی‌ دواییان زۆربه‌ی‌ كات له‌شه‌وانی‌ پێنج شه‌ممه‌و رۆژانی‌ هه‌ینی‌‌و رۆژه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كانی‌ تر بۆی‌ ده‌چن.

حسێن جابر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ده‌رۆزه‌كارانه‌و ته‌مه‌نی‌ له‌چله‌كاندایه‌ ده‌ڵێت "رۆژنی‌ پشوو بۆنه‌ ئاینیه‌ پیرۆزه‌كان، خێروچاكه‌ی‌ زۆر بۆ مردووه‌كان به‌ده‌ست دێت، بۆیه‌ ئێمه‌ش دوعای‌ چاكبوونه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كان‌و لێخۆشبوون بۆ مردووه‌كان ده‌كه‌ین".

به‌قسه‌ی‌ حسێن ده‌ستكه‌وتنی‌ شوێنێكی‌ گونجاو له‌نزیك جێگه‌ ئاینیه‌كان كارێكی‌ ئاسان نییه‌، له‌و كاته‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامێكی‌ یه‌كتربڕ خه‌ریكی‌ سواڵكردن بوو، وتی‌ "به‌زه‌حمه‌ت شوێنی‌ باشمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، چه‌ند ده‌رۆزه‌كارێكی‌ شه‌ڕكه‌ر له‌ژێر عه‌بای‌ ره‌شه‌وه‌ خۆیان حه‌شارداوه‌و پێشتر ئه‌و شوێنانه‌یان گرتووه‌و نایده‌ن به‌كه‌س".

شێخ حسێن ئه‌لمی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ عه‌شایه‌ر هۆكاری‌ به‌ربڵاوی‌ دیارده‌ی‌ سواڵكردن ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌‌و ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سواڵكردن دیارده‌یه‌كی‌ ناشرینه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ له‌نێوان خه‌ڵكێكی‌ زۆردا بڵاوبووه‌ته‌وه‌".

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ شاره‌زایانی‌ ئابوری‌ رێژه‌ی‌ هه‌ژاری‌ له‌به‌سره‌ ده‌گاته‌ له‌سه‌دا 33 سه‌ره‌ڕای‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌رووی‌ سامانی‌ نه‌وته‌وه‌.

وه‌ك به‌شێك له‌هونه‌ری‌ ده‌رۆزه‌كردن، به‌شێك له‌ژنان ده‌چن منداڵان له‌خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان به‌كرێ‌ ده‌گرن‌و ده‌رمانیان ده‌ده‌نێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ویان لێبكه‌وێت‌و به‌نیمچه‌ رووتی‌ له‌به‌ر سه‌رما ده‌یانده‌نێن تا منداڵه‌كه‌ نه‌خۆش ده‌ربكه‌وێت.

سامی‌ تۆمان به‌رێوه‌به‌ری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رۆزه‌كردن مێژوویه‌كی‌ كۆنی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌بوونی‌ هیچ رێگرییه‌كی‌ یاسایی‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ وایكردووه‌ زیاتر له‌جاران بڵاو ببێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پێی‌ وایه‌ بووه‌ته‌ دیارده‌و خوویان پێوه‌ گرتووه‌ نه‌ك له‌به‌ر هه‌ژاری‌.

ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی‌ رائید له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ به‌سره‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا باندی‌ سواڵكردن په‌یدابوون، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو كۆڵانه‌كان ده‌سوڕێنه‌وه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ له‌ده‌رگای‌ ماڵان ده‌ده‌ن تا دڵنیابن كێی‌ لێیه‌و دوای‌ زانیاری‌ ده‌ده‌ن به‌بانده‌كه‌".

هه‌رچه‌نده‌ ده‌رۆزه‌كاره‌كان خۆیان ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌تا كه‌سێكی‌ وه‌ك حه‌مید فازل ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ بژێویمان هه‌بێت، ئێمه‌ش خۆمان تووشی‌ ئه‌م كاره‌ ناكه‌ین‌و حه‌زده‌كه‌ین شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بژین".

له‌پاڵ‌ شێوازه‌ باوه‌كاندا ئێستا جۆرێكی‌ تریش له‌سواڵكردن هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وانه‌ن كه‌ "ده‌رۆزه‌كاره‌ شه‌رمنه‌كان"یان پێده‌وترێت، كاتێك گه‌نجێك ده‌چێته‌ به‌رده‌م رێبواران‌و پێی‌ ده‌ڵێت كرێی‌ تاكسی‌ پێنه‌ماوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌‌و ماڵی‌ كه‌سوكاره‌كه‌شی‌ له‌و جێگه‌یه‌وه‌ دوورن.

هه‌ندێكی‌ تریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ فێڵێكی‌ كۆن له‌رێی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ منداڵان به‌سه‌ر شه‌قام‌و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا كه‌ هه‌ندێكیان داوای‌ پاره‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێكی‌ تریان به‌زۆر جامی‌ ئۆتۆمبێله‌كان پاك ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌زۆر شتیان پێده‌فرۆشن.

ده‌رۆزه‌كاره‌كان ته‌نانه‌ت سودیان له‌ناكۆكی‌ تایفیش بینیوه‌، به‌وه‌ی‌ وه‌ها خۆیان ده‌رده‌خه‌ن كه‌ قوربانی‌ ده‌ستی‌ تیرۆرن‌و ماڵ‌‌و حاڵ‌‌و كه‌سوكاران له‌ده‌ستچووه‌‌و هیچیان نه‌ماوه‌.

هه‌ندێكی‌ تریش به‌گه‌ڕه‌كاكاندا بڵاوده‌بنه‌وه‌و داوای‌ خوارده‌مه‌نییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و جۆره‌ خۆراكانه‌ش كه‌ له‌بازاڕدا كه‌م ببنه‌وه‌، زیاتر ئه‌وانه‌ خواستیان له‌سه‌ره‌، له‌نێو هه‌مووشیاندا شه‌كرو رۆن له‌پێش خۆراكه‌كانی‌ تره‌وه‌ دێت، ئه‌م جۆرانه‌ش پێیان ده‌وترێت "ده‌رۆزه‌كاری‌ كۆبوونی‌ خۆراك".

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م هه‌موو جۆره‌ باوانه‌شدا، زه‌حمه‌ته‌ كه‌سێك هه‌بێت بتوانێت فێڵه‌كان هه‌مووی‌ ئاشكرا بكات، ئه‌م دیارده‌یه‌ش رۆژ به‌رۆژ له‌شارێكدا به‌ربڵاوتر ده‌بێت كه‌ ژێر خاكه‌كه‌ی‌ پڕ له‌نه‌وته‌.