راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌ربه‌لا خۆی‌ خستووه‌ته‌ ژێر باری‌ قه‌رزه‌وه‌

عه‌باس سه‌رحان
گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بێت، پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا هه‌تا ساڵی‌ 2016 ناتوانێت هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ نوێ‌ ئه‌نجام بدات، چونكه‌…
23.01.2014  |  كه‌ربه‌لا

ئه‌م ماوه‌یه‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ كه‌ربه‌لا به‌ده‌ست كێشه‌ی‌ داراییه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌به‌ر ده‌ستدیایه‌ به‌شی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ ناكات كه‌ بۆ چه‌ند ساڵی‌ داهاتوو پلانی‌ بۆیان داناوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌موكوڕی‌ له‌جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كان بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ لاوازبوونی‌ كه‌رتی‌ خزمه‌تگوزاری‌.

پشكی‌ كه‌ربه‌لا له‌بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2012 بریتی‌ بوو له‌ 200 ملیار دیناری‌ عێراقی‌، بۆ ساڵی‌ 2013ش ئه‌م بڕه‌ به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 237 ملیار دینار، بۆ ئه‌مساڵیش ئه‌و بڕه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 300 ملیار دینار، له‌پاش ئه‌مانه‌شدا ناوه‌ ناوه‌ كه‌ربه‌لا له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ هاوكاری‌ ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتی‌ بۆنه‌ ئاینییه‌كاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌بۆنه‌ی‌ عاشوراو چله‌ی‌ حوسه‌ینی‌ رابردوودا بڕی‌ 100 ملیار دینار بۆ پارێزگاكه‌ ته‌رخانكرا.

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ش، به‌ڵام هێشتا پارێزگاكه‌ قه‌رزێكی‌ زۆری‌ كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ره‌كانی‌ ده‌كه‌وێته‌لا، به‌جۆرێك كاری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ په‌كی‌ كه‌وتووه‌و كۆمپانیا جێبه‌جێكاره‌كان ده‌یان پرۆژه‌ هه‌یه‌ به‌هۆی‌ وه‌رنه‌گرتنی‌ پاره‌وه‌ دوایانخستووه‌.

حسێن شه‌دهان ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پارێزگاكه‌ چه‌ند ملیار دینارێكی‌ كۆمپانیاكان قه‌رزداره‌‌و له‌مڕووه‌ ده‌ڵێت "له‌ساڵی‌ 2008ه‌وه‌ كه‌موكوڕی‌‌و دواكه‌وتن بوونه‌ته‌ یه‌كێك له‌و سیمایانه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ كه‌ربه‌لایان پێده‌ناسرێته‌وه‌".

محه‌مه‌د موسه‌وی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا پێشتر رایگه‌یاندبوو خراپ به‌رێوه‌بردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ ده‌درێت به‌كه‌ربه‌لا بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ په‌ككه‌وتنی‌ كه‌رتی‌ خزمه‌تگوزاری‌، ئه‌و ده‌مه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ خستبووه‌ ئه‌ستۆی‌ ئامال ماهیری‌ پارێزگاری‌ پێشوو.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ تاریق خیكانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا پێی‌ وایه‌ لاوازی‌ پلاندانان‌و كه‌می‌ ده‌سه‌ڵات هۆكاری‌ به‌هه‌ده‌رچوونی‌ پاره‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا نه‌توانراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش به‌كاربهێنرێت، بۆ ئه‌مه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "جگه‌ له‌لاوازی‌ پلان، هاوكات كێشه‌ له‌گرێبه‌سته‌كاندا هه‌یه‌و وه‌ك پێویستیش سزای‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ به‌باشی‌ كاره‌كان راناپه‌ڕێنن".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ دراوه‌ به‌حكومه‌تی‌ لۆكاڵ‌ بۆی‌ هه‌بێت پرۆژه‌كه‌ له‌كۆمپانیاكه‌ بسه‌نێته‌وه‌، نه‌ك جارێكی‌ تر پرۆژه‌ی‌ پێنه‌درێت، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌یه‌ نه‌ك زیانی‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا داوایكرد سزای‌ ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ بدرێت كه‌ كه‌موكوڕییان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ سامانی‌ گشتی‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانه‌ پرۆژه‌یان پێده‌درێت نه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ لۆكاڵییه‌كانه‌وه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ د. عه‌وده‌ حسێن مامۆستای‌ كارگێڕی‌‌و ئابوری‌ پێی‌ وایه‌ به‌مه‌به‌ست ئه‌و كێشانه‌ دروست ده‌كرێت‌و به‌ندی‌ سزادان له‌گرێبه‌سته‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌نین كه‌ به‌ڵێنده‌ر لێیان بترسێت، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "پرۆژه‌ هه‌یه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ په‌كی‌ كه‌وتووه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س له‌هۆكاره‌كه‌ی‌ بپرسێته‌وه‌".

ئه‌و پێی‌ وانییه‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ پارێزگاكه‌ هۆكاری‌ كه‌می‌ پرۆژه‌كان بێت، به‌ڵكو پێی‌ وایه‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ ته‌رخانكراون گونجاون‌و ده‌ڵێت "كه‌ربه‌لا پارێزگایه‌كی‌ بچووكه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی‌ خه‌رج بكرێت، پرۆژه‌ی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ تیا ئه‌نجام ده‌درێت".

ئه‌و نموونه‌ی‌ پارێزگای‌ میسان ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ چۆن بازێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌بواری‌ خزمه‌تگوزاریدا هه‌ڵهێناوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی‌ له‌كه‌ربه‌لا كه‌متریش بێت.

د. عه‌وده‌ حسێن رای‌ وایه‌ خه‌ڵكیش باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون كه‌ پرۆژه‌كان به‌شێكی‌ زۆریان وه‌همین‌و ده‌ڵێت "زۆركه‌س باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پشك‌و به‌رتیل ده‌درێته‌ به‌رپرس‌و ئه‌ندازیاره‌كان، ئه‌مه‌ش ته‌واو كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر لایه‌نی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌بووه‌".

له‌راپۆرتی‌ رێكخراوه‌كانی‌ بواری‌ ئابوری‌، هێشتا عێراق له‌سه‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانه‌، ئه‌وه‌تا به‌پێی‌ دوا راپۆرتی‌ رێكخراوی‌ شه‌فافیه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو، عێراق ناوی‌ له‌نێو گه‌نده‌ڵترین وڵاته‌كانی‌ جیهاندا بوو، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مینجار نییه‌، چونكه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ تائێستا هیچ ساڵێك عێراق پێی‌ له‌و ریزبه‌ندییه‌ دانه‌بڕیوه‌.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابورییه‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ قه‌رزداری‌ كه‌ربه‌لا كێشه‌ی‌ زۆر بۆ پرۆژه‌كان دروست ده‌كات‌و به‌ڵێنده‌ره‌كان ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌ بیانوو تا كاره‌كانیان به‌باشی‌ رانه‌په‌ڕێنن.

ئه‌م كه‌موكوڕییانه‌ له‌لای‌ هاوڵاتیان ره‌خنه‌ی‌ زۆری‌ دروستكردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ به‌روونی‌ به‌پرۆژه‌ گرنگه‌كانی‌ وه‌ك رێگاوبان‌و پردو ئاوه‌ڕۆكانه‌وه‌ دیارن، ئه‌وه‌تا هاوڵاتییه‌كی‌ وه‌ك عیماد موسه‌وی‌ كه‌ دانیشتووی‌ گه‌ڕه‌كی‌ غه‌دیره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ڕاستی‌ ته‌واو ماندووبوین به‌ده‌ست پرۆژه‌ شكستخواردوو ته‌واونه‌كراوه‌كانه‌وه‌، باشتره‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بدرێت به‌هاوڵاتییه‌ برسییه‌كانی‌ ئه‌م شاره‌".

موسه‌وی‌ ده‌ڵێت "نزیك ماڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ رێگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ شه‌ش ساڵه‌ كاری‌ تێده‌كرێت، به‌شێكی‌ ئاماده‌كراوه‌و ئه‌وه‌ی‌ تری‌ به‌جێهێڵدراوه‌".

به‌رپرسانی‌ لۆكاڵی‌ شاره‌كه‌ش ئه‌وه‌ روون ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش گیرۆده‌ بوون، چونكه‌ پێشتر ده‌ستدراوه‌ته‌ بڕێك پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ پێویست له‌به‌رده‌ستدا بوبێت، ئێستاش ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ بدرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند ساڵێكی‌ تریش ده‌بێت هاوڵاتیان چاوه‌ڕێ‌ بكه‌ن تا ته‌واوبوونی‌ پرۆژه‌كان به‌چاوی‌ خۆیان ببینن.