راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خاشاكی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بووه‌ته‌ خێرو بێر بۆ هه‌ژاره‌كان

سه‌لیم وه‌ززان
له‌به‌ره‌به‌یانی‌ هه‌موو رۆژێكدا كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر شه‌قام‌و كۆڵانه‌كانی‌ به‌سره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌…
13.12.2013  |  به‌سرا
A shanty town in Basra where some of the rubbish collecting gangs live.
A shanty town in Basra where some of the rubbish collecting gangs live.

دایكی‌ نازم كه‌ له‌په‌نجاكانی‌ ته‌مه‌نیدایه‌، له‌م به‌یانییه‌ ساردو سڕانه‌ی‌ زستاندا دێته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌شوێن خۆڵ‌‌و خاشاكدا وێڵه‌، ته‌نانه‌ت دوو منداڵه‌كه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا ده‌هێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ هیچ یه‌كێكیان له‌ ده‌ ساڵان تێپه‌ڕ ناكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوو شه‌قامی‌ تر بگرنه‌ ده‌ست، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "چی بكه‌ین، ئێمه‌ش حه‌ز ده‌كه‌ین كارێكی‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌مان هه‌بێت، به‌ڵام چاره‌مان نییه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ له‌چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌ماندرێتێ‌ به‌شی‌ هیچ ناكات".

دایكی‌ نازم له‌گه‌ڵ‌ منداڵه‌كانیدا به‌دوای‌ ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن، شتێكی‌ به‌نرخ له‌ناو خۆڵ‌‌و خاشاكدا بدۆزنه‌وه‌و بیفرۆشنه‌وه‌، یان هه‌ندێكی‌ بۆ خۆیان به‌كاربهێننه‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ منداڵه‌كانیدا ئه‌وه‌یان به‌"نیقاش" راگه‌یاند بارودۆخیان له‌و كاته‌وه‌ باشتر بووه‌ كه‌ توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كدا بگرن بۆ خۆیان.

ئه‌م ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنه‌ به‌ئاسانی‌ نه‌هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م، چونكه‌ وه‌ك دایكی‌ نازم ده‌ڵێت "من‌و مێرده‌كه‌م‌و كوڕو كچه‌كانم ده‌بینه‌ سێ‌ گروپ‌و له‌به‌ره‌به‌یانێكی‌ زووه‌وه‌ ده‌چینه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ ده‌مانه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ خۆراكی‌ باشمان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌گه‌ر بیر له‌كڕینی‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌خه‌ونیش نایبینین".

ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێجار پارچه‌ خشڵ‌‌و زێڕ یان بوتڵی‌ پڕی‌ خواردنه‌وه‌ كهولییه‌كانیان دۆزیه‌وه‌ته‌وه‌و وه‌ك خۆیشی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات یه‌كێك له‌جاره‌كان چه‌كێكی‌ كڵاشینكۆفیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌و فڕێدراوه‌.

گه‌ڕان به‌شوێن خۆڵ‌‌و خاشاك ته‌نها خێزانه‌كه‌ی‌ دایكی‌ نازمی‌ نه‌گرتووه‌وه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌شارێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ وه‌ك به‌سره‌ كه‌ له‌سه‌دا شه‌ستی‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ تێدایه‌و چه‌ند به‌نده‌رێكی‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ خۆڵ‌‌و خاشاكی‌ ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بووه‌ته‌ بژێوی‌ ژیانی‌ چه‌ندین كه‌سی‌ لانه‌وازان، هه‌ر گروپه‌ش ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كداو رێ ناده‌ن كه‌سی‌ تر بچنه‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌وان.

سه‌باحی‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵ‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ به‌شوێن خۆڵ‌‌و خاشاكدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌و ده‌ڵێت "خۆم‌و چوار براكه‌م به‌یانی‌ زوو پێش گه‌یشتنی‌ ئۆتۆمبێلی‌ خۆڵه‌كه‌ ده‌چینه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت‌و ده‌ست به‌كاری‌ خۆمان ده‌كه‌ین".

بینینی‌ ئۆتۆمبێلی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌ بۆ سه‌باح كارێكی‌ ناوازه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م خزمه‌تگوزاریه‌ی‌ شاره‌وانی‌ ته‌نها به‌و گه‌ڕه‌كانه‌ ده‌گات كه‌ ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نه‌كان‌و خانوی‌ به‌رپرسانی‌ حكومی‌‌و په‌رله‌مانتاران‌و فه‌رمانده‌كانی‌ پۆلیسی‌ لێیه‌.

سه‌باح باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر گروپێك كه‌ ده‌ستی‌ گرتبێت به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كدا رێگه‌نادات كه‌سی‌ تر لێی‌ نزیك ببێته‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌رێی‌ سه‌رقفڵانه‌وه‌ بیفرۆشنه‌وه‌ به‌گروپێكی‌ تر.

ئه‌م ململانێیه‌ ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆڵ‌‌و خاشاك كۆده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو چاودێره‌كانی‌ شاره‌وانیش ده‌ستیان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا تێكه‌ڵه‌و له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی‌ بڕێك سه‌رانه‌ چاوپۆشی‌ ده‌كه‌ن له‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و خۆڵ‌‌و خاشاكه‌.

حسێن عه‌بد كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ كه‌مئه‌ندام بووه‌، به‌سوار بارگیرێكه‌وه‌ سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌‌و خاشاكه‌و له‌و كاته‌ی‌ ده‌ست بۆ پانتۆڵه‌كه‌ی‌ به‌ری‌ ده‌بات ده‌ڵێت "ئه‌م پانتۆڵه‌ كابۆ جوانه‌ ده‌بینیت؟ ئه‌وا له‌ناو سه‌تڵی‌ خۆڵی‌ ماڵێكدا دۆزیمه‌وه‌، پێڵاوه‌كانی‌ پێشم به‌هه‌مان شێوه‌، به‌رپرسه‌كانی‌ شاره‌وانیش ده‌زانن ئه‌م شتانه‌ چه‌ند به‌نرخن، بۆیه‌ سه‌رانه‌مان لێ ده‌سه‌نن".

حسێن باس له‌وه‌ ده‌كات له‌شه‌ڕی‌ په‌لاماردانی‌ كوه‌یتدا سه‌رباز بووه‌و به‌هۆی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ قاچی‌ بڕاوه‌ته‌وه‌، ئێستاش هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ بژێوی‌ نییه‌، جگه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌‌و خاشاك.

سامی‌ مالیكی‌ كه‌ چالاكوانێكی‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان ئاستی‌ گوزه‌رانی‌ هاوڵاتیان‌و به‌رپرساندا‌و ده‌ڵێت "به‌رپرسه‌كان هه‌موو مانگێك كه‌لوپه‌لی‌ ناو ماڵه‌كانیان نوێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و رۆژانه‌ش ئه‌و خواردنه‌ی‌ لێیان زیاده‌ ده‌یڕژن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌چێته‌ سه‌تڵی‌ خۆڵه‌كانه‌وه‌‌و بازاڕی‌ ده‌رۆزه‌كاران‌و ئه‌وانه‌ی‌ گه‌رمكردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پاشماوانه‌ ده‌ژین".

سامی‌ نموونه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ موچه‌ی‌ په‌رله‌مانتارێك ده‌گاته‌ 32 ملیۆن دۆلار‌و موچه‌ی‌ وه‌زیرو به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كانیش هیچی‌ له‌وه‌ كه‌متر نییه‌، كه‌چی‌ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ نه‌دارن‌و موچه‌ی‌ چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان پێ ده‌درێت موچه‌كه‌یان له‌نێوان 50 بۆ 120 هه‌زار دینار دایه‌.

سه‌باح‌و حسێن‌و دایكی‌ نازم بۆنه‌ ئاینییه‌كانی‌ وه‌ك مانگی‌ ره‌مه‌زان‌و عاشورا به‌جه‌ژنی‌ خۆیان ده‌زانن، چونكه‌ له‌و كاتانه‌دا خێرو بێری‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زیاتر ده‌بێت‌و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، جگه‌ له‌و خاشاكه‌ی‌ كۆی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌و رۆژانه‌دا خاوه‌ن ماڵه‌كان بڕێك خواردن یان جل‌و به‌رگی‌ به‌كارهاتویان ده‌ده‌نێ‌، وه‌ك سه‌باحیش به‌شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێجار چه‌ند كارێكیشمان پێده‌سپێرن، وه‌ك پاككردنه‌وه‌ ئاوه‌ڕۆ، ئه‌وان متمانه‌یان به‌ئێمه‌یه‌".

زه‌هره‌ كه‌ كچێكی‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵه‌و له‌و كاته‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ خوشك‌و براكانی‌ به‌شوێن خۆڵ‌‌و خاشاكدا ده‌گه‌ڕێت ده‌موچاوی‌ هه‌ڵپێچاوه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ له‌م خۆڵ‌‌و خاشاكه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌مانداتێ‌".

زه‌هره‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ به‌غدایان چۆڵكردووه‌و له‌یه‌كێك له‌و خانووه‌ بێ تاپۆیانه‌دا ده‌ژین كه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ناوی‌ "حه‌واسم"یان لێناوه‌، ئه‌و باس له‌و خۆراك‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ناو خۆڵ‌‌و خاشاكدا دۆزیونێتیه‌وه‌و ده‌ڵێت "چه‌ندین جار كیسه‌ی‌ یه‌ك كیلۆ یان دوو كیلۆی‌ برنج‌و نیسكم دۆزیوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كیسه‌ی‌ پڕ له‌ئاردو كه‌لوپه‌لی‌ چێشتخانه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێكی‌ باشی‌ پێداویستی‌ ئێمه‌ دابین ده‌كات".

زه‌هره‌ درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێجار به‌ختمان ده‌بێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌رۆژێكدا ده‌یدۆزینه‌وه‌ زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ به‌مانگێك حكومه‌ت له‌رێی‌ چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌مانداتێ‌، كه‌ له‌باشترین حاڵه‌تدا له‌ 120 هه‌زار دینار تێپه‌ڕ ناكات".