راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌پشتیوانی‌ چین، شینی‌ حه‌سه‌ن‌و حسێن ده‌كه‌ن

ئیبراهیم ئەلجبوری
به‌سه‌دان هه‌زار ئاڵا له‌سه‌ر سه‌ربان‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا بڵاو بۆته‌وه‌و هه‌موویان پێكه‌وه‌ هێمای‌…
21.11.2013  |  كه‌ربه‌لا
Millions of pilgrims come to Karbala every year and many buy religious flags.
Millions of pilgrims come to Karbala every year and many buy religious flags.

ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌ربه‌لا ئه‌و ئاڵایانه‌ی‌ له‌بۆنه‌كاندا به‌كاریده‌هێنێت، له‌وڵاتی‌ چینه‌وه‌ هاورده‌ی‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ ده‌زانرێت زیاتر له‌دوو ملیۆن ئاڵای‌ سورو سه‌وزو ره‌ش تێكه‌ڵی‌ ده‌یان دروشم‌و ده‌سته‌واژه‌ بوون.

قه‌باره‌ی‌ ئاڵای‌ حوسه‌ینییه‌كان له‌ماڵێكه‌وه‌ بۆ مالێكی‌ تر ده‌گۆڕێت هه‌ندێكیان به‌قه‌باره‌ی‌ زۆر گه‌وره‌ هه‌ڵیانواسیوه‌و هه‌ندێكی‌ تر ئاڵای‌ بچوكتریان داناوه‌.

حاجی‌ كه‌ریم ئه‌نباری‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌ی‌ رازاندنه‌وه‌و درومانی‌ مه‌زارگه‌ی‌ حسێنیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ چه‌ند ئاڵایه‌كی‌ حسێنییه‌ دروست ده‌كه‌ن‌و له‌سه‌ر هه‌ردوو ره‌نگی‌ سورو ره‌ش ده‌سته‌واژه‌ی‌ "یاحسێن"ی‌ لێده‌نوسن به‌فۆنتی‌ نه‌سخی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ قه‌باره‌ی‌ هه‌ر یه‌كێكیان له‌نێوان سێ‌ بۆ ده‌ مه‌تره‌‌و هه‌ندێجار به‌دیاری‌ ده‌نێردرێت بۆ مزگه‌وت‌و حسێنییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ جیهان.

ئه‌نباری‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن‌و راسته‌وخۆ له‌و به‌شه‌وه‌ ئاڵاكان ده‌فرۆشن‌و داهاته‌كه‌شی‌ بۆ مه‌زارگه‌ی‌ حوسه‌ینییه‌ به‌كارده‌هێننه‌وه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌فا خه‌فاجی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بازرگانانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ تری‌ هاوشێوه‌ی‌ چینه‌وه‌ ئاڵا ده‌هێنێت‌و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ تائێستا به‌ملیۆنان ئاڵای‌ هاورده‌ كردووه‌ ده‌ڵێت "سه‌ره‌تای‌ هه‌موو ساڵێكی‌ كۆچی‌ كۆنتێنه‌رێكی‌ پڕ له‌ئاڵا به‌قه‌باره‌ی‌ جیاواز له‌چین‌و ئێرانه‌وه‌ ده‌هێنین‌و له‌كاروانی‌ حوسه‌ینییه‌كاندا ده‌یفرۆشین، هه‌ندێجاریش بازرگانان‌و پیاوانی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌یكڕن‌و به‌خۆڕایی‌ دابه‌شی‌ ده‌كه‌ن" ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ نرخی‌ هه‌ر یه‌كێكیان له‌نێوان هه‌زار بۆ چوار هه‌زار دیناره‌، به‌و پێیه‌ش كه‌ جۆری‌ قوماشه‌كه‌ی‌ خراپه‌، ته‌نها یه‌كجار به‌كارده‌هێنرێت.

محه‌مه‌د سیكل خاوه‌نی‌ دوكانی‌ به‌رگدروو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێجار ئه‌م ئاڵایانه‌ له‌ناوخۆدا دروست ده‌كرێن‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی‌ ناوخۆ جۆره‌كانیان باشتره‌و له‌حه‌ریر دروست ده‌كرێن‌و ده‌سته‌واژه‌كانیان به‌وردی‌‌و رێك‌و پێكی‌ له‌سه‌ر ده‌نوسرێت".

جۆری‌ ئه‌م ئاڵایانه‌ی‌ ناوخۆ جیاوازن، ره‌نگه‌كانیان سه‌وزو سور‌و شینه‌و نرخیان له‌نێوان هه‌شتا بۆ سه‌د دۆلاردایه‌، به‌و پێیه‌ی‌ جۆره‌كه‌یان باشه‌و چه‌ند جارێك به‌كارده‌هێنرێنه‌وه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ جه‌عفه‌ر موسه‌وی‌ خاوه‌نی‌ دوكانی‌ درومانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م پیشه‌ فۆلكلۆرییه‌ له‌شاره‌ پیرۆزه‌كانی‌ وه‌ك كه‌ربه‌لا به‌ربڵاوه‌و چه‌ندین دوكانی‌ تایبه‌ت هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "من ئه‌م پیشه‌یه‌م له‌باوو باپیرانمه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌و بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ بژێویمان، ئه‌مه‌ كارێكی‌ دێرینه‌و پێكه‌وه‌ هونه‌رو خه‌م‌و خه‌فه‌تی‌ ناو دڵی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌".

موسه‌وی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ موخه‌یه‌می‌ ناوه‌ڕاستی‌ كه‌ربه‌لا چه‌ندین دوكانی‌ ئه‌م كاره‌ هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ هێنانی‌ ئاڵاكان له‌چینه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ كه‌مبوونه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئاڵاكانه‌وه‌ عه‌باس تائی‌ به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ كاروانی‌ حوسه‌ینییه‌ ده‌ڵێت "هه‌موو ساڵێك سه‌ردانكه‌ران جۆرو قه‌باره‌ی‌ جیاوازی‌ ئه‌و ئاڵایانه‌ به‌كارده‌هێنن، كه‌ به‌نزیكه‌یی‌ دوو ملیۆن دانه‌ ده‌بن، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ سه‌ردانكه‌ران نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ربان‌و له‌شوێنه‌ گشتییه‌كان‌و به‌ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن".

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ بوونی‌ ئاڵای‌ سور له‌سه‌ر مه‌زارگه‌ی‌ حوسه‌ینییه‌، نیعمه‌ یاسری‌ توێژه‌ری‌ بواری‌ مێژوو ده‌ڵێت "له‌ناو عه‌ره‌بی‌ دێریندا هه‌ر كه‌سێك بكوژرایه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ تۆڵه‌یان ده‌سه‌نده‌وه‌ ده‌بوو ئاڵای‌ سور له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی‌ بوایه‌".

به‌رزترین ئاڵای‌ حوسه‌ینییه‌ كه‌ له‌كه‌ربه‌لا هه‌ڵواسراوه‌ به‌رزییه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ هه‌شتا مه‌تر‌و رووبه‌ری‌ ئاڵاكه‌ش بیست مه‌تره‌و ده‌سته‌واژه‌ی‌ "یاحسێن"ی‌ لێنوسراوه‌، ئه‌م ئاڵایه‌ له‌لایه‌ن ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ مه‌زارگه‌ی‌ حوسه‌ینییه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌.

ساڵانه‌ كه‌ربه‌لا دوو بۆنه‌ی‌ گه‌وره‌ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، یه‌كه‌میان له‌رۆژی‌ 10ی‌ موحه‌ره‌مدایه‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ ئیمام حوسێنی‌ تیا كوژراوه‌، دووهه‌میشیان له‌20ی‌ مانگی‌ سه‌فه‌رو له‌یادی‌ چله‌كه‌یه‌دا، ئاماره‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌و دوو بۆنه‌یه‌دا زیاتر له‌ حه‌ڤده‌ میلۆن كه‌س سه‌ردانی‌ نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن.

له‌و دوو بۆنه‌یه‌دا كه‌ربه‌لا ده‌بێته‌ شانۆیه‌كی‌ گه‌ڕۆك‌و ده‌یان شانۆگه‌ری‌ له‌باره‌ی‌ شه‌ڕی‌ كوژرانی‌ حوسه‌ینه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت‌و له‌هه‌مویاندا ئه‌و ئاڵایانه‌ به‌كارده‌هێنرێت كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهاتی‌ باش بۆ بازرگانه‌كان.