راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌وت نه‌خۆشی‌ بۆ به‌سره‌ ده‌هێنێ‌

سه‌لیم وه‌ززان
ئه‌بو كه‌رار تووشی‌ هه‌وكردنێكی‌ سه‌ختی‌ كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌دان هاتووه‌و راپۆرته‌ پزیشكییه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌…
3.10.2013  |  به‌سرا
Oil production outside of Basra.
Oil production outside of Basra.

برا بچوكه‌كه‌ی‌ ئه‌بو كه‌رار كه‌ به‌رده‌وام لای‌ ئه‌م پزیشك ده‌یبات بۆ لای‌ ئه‌و پزیشك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "پزیشكه‌كان رێنمایمان ده‌كه‌ن شوێنی‌ نیشته‌جێبونمان بگۆڕین‌و له‌و هه‌وا پیسه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر باری‌ خراپ ده‌بێت".

به‌ڵام ئه‌م كاره‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌دایكبووه‌و هه‌ر له‌وێ‌ كاریكردووه‌و هه‌ناسه‌ی‌ هه‌ڵمژیوه‌، ئه‌مڕۆ سییه‌كانی‌ پڕبوون له‌دوكه‌ڵی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ كۆمپانیاكان كه‌ ته‌نها 100 مه‌تر له‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ دوورن.

حه‌بیب كه‌عبی‌ كه‌ دانیشتوویه‌كی‌ تری‌ ناوچه‌ی‌ شوعه‌یبیه‌، بڕێكی‌ زۆری‌ پاره‌ی‌ له‌چاره‌سه‌ری‌ ئه‌حمه‌دی‌ كوڕیدا خه‌رجكردووه‌، چونكه‌ تووشی‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌سی‌‌و سكچوون‌و رشانه‌وه‌ هاتووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هیچ ده‌رمانێك چاره‌ی‌ ناكات، ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتیانه‌ ماڵ‌‌و حاڵی‌ ئێمه‌یان شێواندووه‌".

د. عارف عادل كه‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ بنكه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستییه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ده‌یان كه‌س سه‌ردانیان كردووه‌ له‌وانه‌ی‌ له‌نزیك كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانن‌و دوكه‌ڵ‌‌و پیسبوونی‌ هه‌وا تووشی‌ نه‌خۆشی‌ كردوون.

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "نزیكه‌ی‌ 90 كه‌س تووشی‌ نه‌خۆشی‌ هاتوون به‌و هۆیه‌وه‌، له‌نێویاندا زۆربه‌یان نه‌خۆشی‌ كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌یان هه‌یه‌، ئه‌كه‌ جگه‌ له‌نه‌خۆشی‌ گورچیله‌و شێوانی‌ منداڵ‌ له‌كاتی‌ له‌دایكبوونیدا، چه‌ندین حاڵه‌تی‌ شێرپه‌نجه‌ش له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ زوبێر تۆماركراون".

ئێستا له‌به‌سره‌ ده‌ كۆمپانیای‌ بیانی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت كارده‌كه‌ن له‌پێشیانه‌وه‌ لوك ئۆیلی‌ روسی‌‌و سلی‌ هۆڵه‌ندی‌‌و ئیكسۆن مۆبیلی‌ ئه‌مه‌ریكی‌‌و ینی‌ ئیتالی‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌پێنج كۆمپانیای‌ به‌رهه‌مهێنی‌ غازو كۆمپانیا لۆكاڵییه‌كانیش.

قه‌یس موسه‌وی‌ به‌رپرسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌ ناوچه‌ی‌ شوعه‌یبه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كۆمپانیا بیانییه‌كان ته‌نها به‌شوێن زیادكردنی‌ به‌رهه‌مه‌وه‌ن‌و ده‌ڵێت "كه‌س گوێ‌ به‌ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان نادات، داوا له‌حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ به‌سره‌ ده‌كه‌ین بێت به‌هانامانه‌وه‌و ناحیه‌كانی‌ قه‌زای‌ زوبێر له‌ده‌ست مردن‌و كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵ‌ ده‌رباز بكات".

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ر چاوه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باشوور ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان پابه‌ندبوون به‌پێوه‌ره‌ ژینگه‌ییه‌كانه‌وه‌و پێیان وایه‌ ئه‌و هه‌رایه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كۆمپانیاكان دابمه‌زرێن یان ده‌ستكه‌وتی‌ زیاتریان هه‌بێت.

ئه‌گه‌ر ناوچه‌كانی‌ شوعه‌یبیه‌و زوبێر بكه‌ونه‌ به‌رده‌م دوكه‌ڵی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت، ئه‌وا هه‌ندێك پێیان وایه‌ به‌سره‌ بۆخۆی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر هه‌ورێكی‌ ره‌شی‌ پڕ له‌دوكه‌ڵه‌وه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ ئیبراهیم موسه‌وی‌ مامۆستاو چالاكوانی‌ بواری‌ ژینگه‌ ده‌ڵێت "ئاستی‌ پیسبوونی‌ ژینگه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ حاڵه‌تێكی‌ مه‌ترسیدار، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ پیسبوونی‌ پێشوه‌ختی‌ ناوچه‌كه‌ به‌تیشكی‌ پاشماوه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ جه‌نگ، ئێستاش ئه‌و هه‌موو دووكه‌ڵه‌ی‌ به‌سه‌ردا ده‌كرێت‌و به‌هه‌زاران ته‌ن له‌دووه‌م ئۆكسیدی‌ كاربۆن‌و هایدرۆكاربۆنی‌ پیس ده‌چنه‌ هه‌واوه‌و ته‌ندروستی‌ خه‌ڵكی‌ تێكده‌ده‌ن".

موسه‌وی‌ جه‌خت له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كان ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ رێژه‌ی‌ توشبوون‌و مردن به‌به‌راورد به‌ساڵی‌ پار گه‌یشتووته‌ 40%و به‌ره‌و هه‌ڵكشانیش ده‌چێت".

له‌گه‌ڵ‌ زۆربوونی‌ ئه‌م مه‌ترسیانه‌ قایمقامی‌ قه‌زای‌ زوبێر عه‌باس حه‌یده‌ری‌ داوایكردووه‌ كه‌ به‌غدا راسته‌وخۆ رۆڵ‌ له‌مه‌سه‌له‌كه‌دا ببینێت‌و رێ‌ له‌پیسبوونی‌ ژینگه‌ بگرێت.

حه‌یده‌ری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "قه‌زای‌ زوبێر 65% نه‌وتی‌ عێراق به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام هه‌مانكات بودجه‌ی‌ كه‌مه‌و ژینگه‌كه‌شی‌ وێرانه‌".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ وه‌لید خالید مه‌نسوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ خۆجێیه‌تی‌ زوبێر داوای‌ له‌كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كردووه‌ رێگایه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پاشماوه‌كانیان، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "پێشنیارمانكردووه‌ به‌لاری‌ بیر هه‌ڵبكه‌نن‌و بواری‌ پێنج كیلۆمه‌تر له‌سنوری‌ شاره‌وانی‌ زوبێره‌وه‌ بهێڵنه‌وه‌و پشتێنه‌یه‌كی‌ سه‌وز دروست بكه‌ن".

ئێستا به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان پشتیوانی‌ به‌رپرسانی‌ به‌سره‌ به‌ده‌ست بهێنن تا له‌گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كاندا مه‌رجه‌كانی‌ خۆیان بسه‌پێنن.

له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت به‌گرنگییه‌وه‌ له‌و باسه‌ ناڕوانێت، خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌بیری‌ ئه‌وه‌دان له‌دادگا سكاڵا دژی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باشوور تۆمار بكه‌ن به‌و پێیه‌ی‌ قه‌زای‌ زوبێری‌ شێواندووه‌و مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان دروست كردووه‌.

ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ ده‌گیرێنه‌ به‌ر هه‌رچییه‌ك بن نابنه‌ مایه‌ی‌ رزگاركردنی‌ ژیانی‌ ئه‌بو كه‌رار كه‌ به‌ته‌واوی‌ ته‌ندروستی‌ شێواوه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ زۆر كه‌سی‌ تر له‌مردن رزگار بكه‌ن.