راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خانووه‌ دێرینه‌كانی‌ به‌غدا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان

ئەحمەد روبێعی
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر بڕیاریدابوو خانووه‌ كه‌له‌پورییه‌كه‌ی‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا بداته‌ وه‌زاره‌تی‌…
19.09.2013  |  به‌غدا
Historic buildings on one of Baghdad\\\'s oldest streets. Pic: Getty
Historic buildings on one of Baghdad\\\'s oldest streets. Pic: Getty

به‌پێی‌ ئه‌و روپێوه‌ی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ عێراقی‌ ئه‌نجامیداوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ 1800 بینای‌ دێرین له‌به‌غدا هه‌یه‌‌و ئێستا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ناوچووندان، هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و روپێوه‌ ته‌مه‌نی‌ به‌شێك له‌و بینایانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ عوسمانییه‌كان تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ تیایاندایه‌ زیاتر له‌په‌نجا ساڵ پێش ئێستا بنیاد نراوه‌.

عه‌زاوی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بیناكه‌ی‌ ئه‌وان ته‌مه‌نی‌ زیاتر له‌200 ساڵه‌و ده‌ڵێت "تائێستا هیچ لایه‌نێكی‌ حكومی‌ هاوكاری‌ نه‌كردووین بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌" ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ یاسا ده‌بێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بودجه‌ بۆ ئه‌و بواره‌ دابین بكه‌ن.

ته‌نها عه‌زاوی‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو زۆربه‌ی‌ خاوه‌نه‌كانی‌ ئه‌م جۆره‌ ماڵانه‌ هه‌مان بڕیاریان داوه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ شوێنی‌ زۆرینه‌یان له‌ناوچه‌ بازرگانییه‌كانی‌ وه‌ك ره‌شیدو نه‌هرو فه‌زڵ‌‌و كازمیه‌و ئه‌عزه‌میه‌و كه‌راده‌ن.

ماجید زه‌هه‌بی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌و خانووه‌ كه‌له‌پوریانه‌یه‌ له‌ناوچه‌ی‌ كازمیه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌ڕای‌ دێرینی‌، هاوكات كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامێكی‌ بازرگانی‌‌و له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌مووان ده‌زانن نرخی‌ زه‌وی‌ له‌م ناوچه‌یه‌ چۆنه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌كرێت بكرێنه‌ هۆتێل‌و مۆڵ‌".

ماجید ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چه‌ند وه‌به‌رهێنێك پاره‌ی‌ زۆریان خستووته‌ به‌رده‌ستی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ بڕوخێنێت‌و ئه‌و كاته‌ بتوانێت بیفرۆشێت، چونكه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ئه‌و له‌نێو خانووه‌ كه‌له‌پورییه‌كاندایه‌و به‌پێی‌ یاسا ته‌نها پاش رووخانی‌ مافی‌ فرۆشتنی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت "ئه‌و كاره‌م نه‌كردوو چاوه‌ڕێی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تم".

به‌ڵام معن عه‌بدولباست كه‌ ناوی‌ خوازراوی‌ خاوه‌ن خانوویه‌كه‌ سوودی‌ له‌كه‌موكوڕییه‌كانی‌ یاسای‌ شوێنه‌وار بینیوه‌و خۆی‌ به‌شێكی‌ رووخاندووه‌ هه‌تا بتوانێت بیفرۆشێت، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "قورسی‌ باری‌ گوزه‌ران ناچاری‌ كردم ئه‌و خانووه‌ ته‌مه‌ن 150 ساڵه‌ بڕوخێنم"، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ بێهیوا بووه‌ له‌هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌مانه‌ی‌ به‌غداو وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ كه‌ بڕیار بووه‌ ئه‌وان هه‌ڵیبگرنه‌وه‌.

فاتیمه‌ حوسێنی‌ دراوسێی‌ معن ته‌واو توڕه‌یه‌ له‌رێوشوێنه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌‌و ئه‌مانه‌تی‌ به‌غدا‌و ده‌ڵێت "حه‌وت ساڵه‌ چاوه‌ڕێی‌ سه‌ردانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆڕین بۆ هه‌ڵسانگاندنی‌ نرخی‌ خانووه‌كه‌و فرۆشتنی‌ به‌ده‌وڵه‌ت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه‌ ده‌زانین به‌های‌ ئه‌م خانووه‌ كه‌له‌پوریانه‌ چه‌نده‌، چونكه‌ هێمایه‌ بۆ شارستانی‌ عێراق‌و ناكرێت ده‌ستبه‌رداری‌ بین"، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت نایانه‌وێت بیفرۆشن به‌وه‌به‌رهێنه‌كان‌و هه‌مانكات "خانووه‌كه‌مان كه‌ڵكی‌ ژیانی‌ نه‌ماوه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر رۆژێك بڕوخێت به‌سه‌رماندا".

پێشتریش ناوه‌نده‌ رۆشنبیری‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ داوایان له‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و وه‌زاره‌تی‌ شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزار كرد كه‌ گرنگی‌ به‌و خانووه‌ كه‌له‌پوریانه‌ بدات‌و له‌گه‌ڵ‌ مزگه‌وت‌و كه‌نیسه‌و مه‌زارگه‌ دێرینه‌كان نۆژه‌نیان بكاته‌وه‌.

ئه‌ندازیار عه‌بدولجه‌بار سودانی‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌و خانووه‌ كه‌له‌پوریانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ به‌غدا پڕیه‌تی‌ له‌بینای‌ دێرین‌و وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت ئێستا زۆربه‌یان له‌به‌ر مه‌ترسی‌ روخان‌و له‌ناوچووندان به‌هۆی‌ "ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی‌ به‌غدا به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینێت له‌گه‌ڵ‌ موشه‌كبارانی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ردوو جه‌نگی‌ كه‌نداوی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌م".

بۆیه‌ داوای‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزار كرد به‌جدی‌ به‌شوێن ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بچن‌و هه‌وڵی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ بینا كه‌له‌پورییه‌كان بده‌ن‌و بنه‌غه‌كه‌یان به‌هێز بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێستا به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاوه‌ڕۆ لاواز بوون.

ئه‌مانه‌تی‌ به‌غدا كه‌ لایه‌نی‌ به‌رپرسه‌ له‌و خانووه‌ كه‌له‌پورییانه‌ دان به‌مه‌غدووری‌ خاوه‌ن خانووه‌كاندا ده‌نێت‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ كه‌می‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ له‌به‌ر ده‌ستیاندایه‌.

له‌مڕووه‌ عه‌بدولحه‌كیم عه‌بدولزه‌هره‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌مانه‌ی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "چه‌ندین چاره‌سه‌رمان بۆ كێشه‌ی‌ ئه‌و خانووانه‌ خستووه‌ته‌ روو، به‌ڵام پاره‌ی‌ زۆریان ده‌وێت، هه‌ندێك له‌وانه‌ ئه‌مانه‌ خۆی‌ چاكی‌ كردوونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێكی‌ تریان به‌هاوكاری‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌و كاره‌ هه‌ستاوین".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و به‌نده‌ یاساییانه‌ی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بینا كه‌له‌پورییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، مه‌روان ئه‌تروشی‌ پسپۆڕی‌ یاسایی‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ یاسای‌ كه‌له‌پورو شوێنه‌وار به‌ژماره‌ 55ی‌ ساڵی‌ 2002 ئه‌و دۆسێی‌ چاره‌سه‌ر كردووه‌و مافی‌ هه‌ریه‌ك له‌ده‌وڵه‌ت‌و خاوه‌ن خانووه‌كه‌ی‌ دیاری‌ كردووه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "یاسا رێ له‌تێكدانی‌ خانووه‌كان ده‌گرێت‌و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ بكات سزا ده‌درێت به‌به‌ندكردن كه‌ له‌شه‌ش ساڵ‌ كه‌متر نه‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی‌ دیاریكردووه‌ ده‌بێت حكومه‌ت هاوكاری‌ خاوه‌ن خانووه‌كه‌ بكات‌و بۆ نۆژه‌ندكردنه‌وه‌ی‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزار تۆپه‌كه‌ی‌ فڕێدایه‌ گۆڕه‌پانی‌ خاوه‌ن خانووه‌كان‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباری‌ كردن كه‌ هۆكارن له‌تێكچوون‌و رووخانی‌ ئه‌و بینایانه‌.

عه‌لی‌ عه‌بدولحسێن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و راگه‌یاندن له‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌ت به‌شێك له‌به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر شانه‌ ئه‌ویش له‌رێی‌ چاودێریكردنی‌ ئه‌و بینایانه‌، هه‌روه‌ها وتی‌ "سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌ڵام ده‌ستمان به‌ستراوه‌، چونكه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ته‌رخان نه‌كراوه‌".

عه‌بدولحسێن خاوه‌ن خانووه‌كانی‌ تۆمه‌تبار كردو وتی‌ "ئه‌وان به‌خراپ سوود له‌و بینایانه‌ ده‌بینن، چونكه‌ ده‌زانن به‌هۆی‌ شوێنه‌كه‌یانه‌وه‌ پاره‌ی‌ چاك ده‌كه‌ن، بۆیه‌ داوای‌ پاره‌ی‌ خه‌یاڵی‌ ده‌كه‌ن‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت ناتوانێت بیكڕێته‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگ‌و رێگریانه‌، به‌ڵام خاوه‌ن خانووه‌كان هه‌ر دڵیان به‌و یاده‌وه‌رییانه‌ خۆشه‌و وه‌ك فاتیمه‌ وتی‌ "خانووه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ چیرۆكی‌ هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌ی‌ له‌خۆگرتووه‌".