راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌های‌ دینار داده‌به‌زرێت‌و بانكی‌ ناوه‌ندیش هیچی‌ پێناكرێت

موسته‌فا حه‌بیب
له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵكشانی‌ نرخی‌ دۆلار بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق بانكه‌ حكومی‌‌و ئه‌هلییه‌كانی‌ راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا بڕی‌ پێنج…
30.05.2013  |  به‌غدا

چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوو نرخی‌ یه‌ك دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌بازاڕه‌كانی‌ عێراقدا گه‌یشته‌ 1300 دینار، بۆیه‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ریزی‌ هاوڵاتیانی‌ له‌به‌رده‌م بانكه‌كاندا درێژكرده‌وه‌ تا ده‌ستیان بگات به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ك بانك بۆ كه‌سانێك دیاریكردووه‌ كه‌ سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن.

ئوم سه‌عدون یه‌كێك بوو له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌به‌رده‌م سه‌ره‌ی‌ دوورو درێژی‌ بانكی‌ رافیده‌ینی‌ حكومیدا سه‌ره‌ی گرتبوو، به‌ڵام پێناچێت نه‌ئوم سه‌عدون‌و نه‌هاوڵاتیانی‌ تریش سوود له‌و بڕیاره‌ ببینن، چونكه‌ هه‌ر زوو خاوه‌نی‌ نوسینگه‌كانی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو چاوه‌ڕێیان ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی‌ دۆلاره‌كه‌یان لێبكڕنه‌وه‌.

ماوه‌ی‌ سێ‌ هه‌فته‌یه‌ دیناری‌ عێراقی‌ دابه‌زینی‌ به‌رچاو له‌به‌رامبه‌ر دۆلار به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، به‌قسه‌ی‌ پسپۆڕانیش هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باری‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵكی‌ دۆلاره‌كانیان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات.

به‌قسه‌ی‌ پسپۆڕانی‌ ئابوری‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ فرۆشتنی‌ بڕی‌ پێنج هه‌زار دۆلار شكستی‌ هێناوه‌، چونكه‌ خاوه‌نی‌ چه‌ند نوسینگه‌یه‌ك بڕێك پاره‌یان داوه‌ به‌كه‌سانی‌ وه‌ك ئوم سه‌عدون بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌بانكه‌كان پاره‌ وه‌ربگرن‌و خۆیشیان دواتر به‌نرخی‌ گران بیفرۆشنه‌وه‌.

بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ ورده‌كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ "نیقاش" قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند كه‌سێك كرد كه‌ رۆژانه‌ ده‌چوونه‌ به‌رده‌می‌ بانكه‌كان بۆ وه‌رگرتنی‌ پاره‌و ئه‌وانیش ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ "هه‌ندێ‌ له‌نوسینگه‌كانی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو بلیتی‌ سه‌فه‌ر ساخته‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌یده‌نه‌ ده‌ست هاوڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن له‌بانك بڕی‌ 5000 دۆلاری‌ پێ وه‌ربگرن".

ئه‌و كه‌سانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ زۆربه‌یان له‌چینی‌ هه‌ژارن‌و ده‌یانوت "خاوه‌نی‌ نوسینگه‌كان پاره‌مان ده‌ده‌نێ‌‌و ئێمه‌ش بۆیان ده‌گۆڕین به‌دۆلار، ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ردا سه‌د دۆلارمان ده‌ده‌نێ‌ بۆ خۆمان"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێن "هه‌ندێ‌ له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ بانكه‌كان به‌هه‌ڕه‌مه‌كی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌یان بده‌نێ‌، ته‌نانه‌ت به‌شێكیشیان داوای‌ پاره‌ ده‌كه‌ن بۆ خۆیان".

له‌مڕووه‌وه‌ ماجید ئه‌لسوری‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ ده‌ڵێت "دابه‌زینی‌ به‌های‌ دینار له‌به‌رامبه‌ر دۆلار گه‌لێك هۆكاری‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ هه‌یه‌و به‌شێكیشی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌شێوازی‌ ئیداره‌دانی‌ بواری‌ دارایی‌ له‌وڵاتدا".

هه‌روه‌ها به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ر له‌چه‌ند مانگێك بانكی‌ ناوه‌ندی‌ رۆژانه‌ بایی‌ 50 تا 150 ملیۆن دۆلاری‌ له‌رۆژێكدا ده‌فرۆشت، به‌ڵام له‌پڕ خواست له‌سه‌ر دۆلار زیادی‌ كردو گه‌یشته‌ 400 ملیۆن دۆلار له‌رۆژێكدا".

ماجید ده‌ڵێت "قه‌یرانه‌ ئه‌منی‌‌و سیاسییه‌كانی‌ وڵات وای‌ له‌بازرگان‌و سه‌رمایه‌داران كردووه‌ پاره‌كانیان له‌دیناره‌وه‌ بگۆڕن بۆ دۆلارو بیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات".

ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ به‌غدادو به‌شێك له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ جه‌نگێكی‌ نوێی‌ تایفی‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵانی‌ 2006و 2007ی‌ دروستكردووه‌و سه‌رمایه‌دارانی‌ ترساندووه‌، به‌جۆرێك به‌شێكیان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات.

هاوكات به‌شێك له‌كۆمپانیا بیانییه‌كان كاری‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ له‌عێراقدا راگرتووه‌و داوای‌ لێكردوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانی‌ خۆیان.

له‌مڕووه‌وه‌ به‌رپرسێكی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ توركی‌ پسپۆڕ له‌بواری‌ بیناسازی‌ له‌به‌غدا رایگه‌یاند "به‌هۆی‌ قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ كۆمپانیا سه‌ره‌كییه‌كه‌ بڕیاریداوه‌ سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌ توركه‌كانی‌ بباته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت وتی‌ "له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ كه‌می‌ پرۆژه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ كاره‌كانمان په‌كی كه‌وتووه‌".

یه‌كێك له‌كێشه‌كانی‌ بازاڕی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو له‌عێراقدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌و زۆر به‌ئاسانی‌ خه‌ڵكی‌ له‌شاره‌كانی‌ عێراق ده‌توانن له‌رێی‌ نوسینگه‌كانی‌ دراوه‌وه‌ دۆلاریان ده‌ست بكه‌وێت، ته‌نانه‌ت به‌شێكی‌ زۆر له‌و نوسینگانه‌ مۆڵه‌تیشیان نییه‌.

كازم جاسم كه‌ خاوه‌نی‌ نوسینگه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوه‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ مه‌نسوری‌ به‌غدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاره‌كه‌ی‌ ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وێته‌ ژێر چاودێری‌ حكومه‌ت‌و بانكی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌رهێنانی‌ مۆڵه‌ت گێرمه‌و كێشه‌ی‌ زۆره‌و به‌واسیته‌ ده‌كرێت"، درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "حه‌وت ساڵه‌ له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌م‌و هیچ كه‌س رێگه‌ی‌ لێنه‌گرتووم".

له‌لای‌ خۆیانه‌وه‌ په‌رله‌مانتارانی‌ لیژنه‌كانی‌ ئه‌ستۆپاكی‌‌و دارایی‌ هۆكاری‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دۆلار ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ بانكی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ لایه‌نی‌ جێبه‌جێكاره‌ له‌سیاسه‌تی‌ دارایی‌ وڵاتدا.

قسه‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر شێوازی‌ ئیداره‌دانی‌ بانكه‌كه‌ ده‌كات‌و پێیان وایه‌ رێوشوێنه‌كانی‌ له‌ئاست ئابوری‌ نیشتیمانیدا نییه‌.

جه‌واد شهێلی‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌ستۆپاكی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "پاش گۆڕینی‌ سینان شه‌له‌بی‌ پارێزگاری‌ بانك كه‌ كه‌سێكی‌ ده‌ستپاك‌و به‌ئه‌زموون بوو، راسته‌وخۆ به‌های‌ دینار له‌عێراقدا دابه‌زی‌"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئیداره‌ی‌ نوێی‌ بانكه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ دزه‌پێكردنی‌ دراو كۆنترۆڵ‌ بكات".

شهێلی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لیژنه‌كه‌یان چاودێری‌ كاره‌كانی‌ پارێزگاری‌ نوێی‌ بانك عه‌بدولباست توركی‌ ده‌كات‌و راپۆرته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌و ده‌ڵێت "فه‌رمانبه‌ری‌ گه‌نده‌ڵ‌ له‌بانكه‌كه‌دا هه‌ن كه‌ ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ماجیده‌ ته‌میمی‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌لێدوانێكیدا بۆ "نیقاش" پێشبینی‌ ئه‌وه‌یكرد زیاتر به‌های‌ دینار داببه‌زێت‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ "نه‌بوونی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان دامه‌زراوه‌ دارایی‌‌و ئابورییه‌كانی‌ وڵاتدا‌و نه‌بوونی‌ چاودێری‌ به‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ شمه‌ك هاورده‌ ده‌كه‌ن وه‌ك وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ته‌ندروستی‌‌و بازرگانی‌".

سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ش كه‌ باس له‌دزه‌پێكردنی‌ بڕی‌ زۆری‌ دۆلار ده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ "پرۆسه‌ی‌ دزه‌پێكردنی‌ دۆلار ئێستا له‌رێی‌ بازرگانی‌ ساخته‌و كه‌لوپه‌لی‌ وه‌همییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌".

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق پێشتریش هه‌وڵیدابوو كه‌ ئاستی‌ خواست له‌سه‌ر دۆلار كه‌مبكاته‌وه‌‌و رێ بگرێت له‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دۆلار، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ له‌سه‌رجه‌م نوسینگه‌كانی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو كرد كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ فه‌رمی‌ له‌باره‌ی‌ حه‌واڵه‌ی‌ دۆلاره‌وه‌ بخه‌نه‌ روو، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا چه‌ند نوسینگه‌یه‌كی‌ بێ‌ مۆڵه‌ت داخران، به‌ڵام سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌یویست.

باسم ئه‌نتوانی‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ هۆكاره‌كانی‌ دابه‌زینی‌ به‌های‌ دینار گرێ ده‌داته‌وه‌ به‌سێ‌ لایه‌نه‌وه‌، دیارترینیان قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان‌و ئینجا لاوازی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌و داراییه‌.