راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كوڕێكی‌ كه‌مئه‌ندام كاره‌بای‌ خۆڕایی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت

عەبدولخالق دۆسکی
دانیشتوانی‌ گوندی‌ (باڤا) به‌ر له‌مانگێك به‌ده‌ست كێشه‌ی‌ بێكاره‌باییه‌وه‌ ده‌یانناڵاند‌و هیچ چاره‌یه‌كیان نه‌بوو، تا…
22.11.2012  |  دهۆك
The home made water power generator being put to work near Dohuk, northern Iraq.
The home made water power generator being put to work near Dohuk, northern Iraq.

ئه‌و گونده‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 30 كیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ دهۆكه‌وه‌ دووره‌و ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناحیه‌ی‌ مانكێش (خۆرهه‌ڵاتی‌ دهۆك) تاكه‌ گوندی‌ پارێزگای‌ دهۆكه‌ كه‌ به‌هۆی‌ دووری‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاره‌وه‌ تائێستا كاره‌بای‌ حكومی‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ نه‌بوونی‌ كاره‌باش، هێشتا به‌شێكی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یان كه‌مه‌ (هه‌شت ماڵ‌) به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری‌ گوندو خانووه‌ قوڕه‌كانیان نه‌بوون‌و به‌رده‌وامن له‌كاری‌ رۆژانه‌ی‌ وه‌ك كشتوكاڵ‌‌و ئاژه‌ڵداری‌.

ئه‌م گوندنشینانه‌ له‌خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌دا نه‌بوون رۆژێك له‌رۆژان له‌زێی‌ خاپوره‌وه‌ كاره‌بایان پێبگات، ئه‌و زێیه‌ی‌ به‌نزیكیاندا تێده‌په‌ڕێت‌و ته‌نها سه‌رچاوه‌ی‌ ئاودانی‌ كێڵگه‌و راوه‌ماسی‌‌و مه‌له‌كردن بووه‌ له‌وه‌رزه‌ گه‌رمه‌كاندا.

به‌ڵام كوڕێی‌ ته‌مه‌ن 40 ساڵ‌ –سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامه‌- ئامێرێكی‌ تایبه‌تی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌بای‌ دروستكردووه‌ كه‌ به‌ئاوی‌ خاپور كارده‌كات‌و شه‌وو رۆژ كاره‌با به‌گونده‌كه‌ ده‌به‌خشێت.

خالید حسێن كه‌ "نیقاش" له‌نزیك ئامێره‌كه‌ی‌ چاوی‌ پێیكه‌وت، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد بیرۆكه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌رێی‌ ئامێرێكه‌وه‌ كه‌ رۆن‌و سوته‌مه‌نی‌ نه‌وێت، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ له‌خه‌یاڵیدا بووه‌‌و له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌ بووه‌ تا بووه‌ به‌ڕاستی‌.

خالید تائێستا خوێندنی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌واو نه‌كردووه‌، له‌رابردوو ئێستاشدا هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبه‌ زانستییه‌كان‌و ته‌ماشاكردنی‌ داهێنانه‌ نوێیه‌كان بووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ رابردوو ئه‌وه‌م به‌خه‌یاڵدا هات تۆڕبینێك دروست بكه‌م كه‌ به‌ئاو كاربكات‌و كاره‌با به‌رهه‌مبهێنێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ سوته‌مه‌نی‌‌و رۆنی‌ بوێت".

هه‌ر ئه‌م په‌رۆشیه‌ش وایلێكردووه‌ به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك رێكخراوێك دابمه‌زرێنێت به‌ناوی‌ رێكخراوی‌ داهێنان كه‌ له‌رێیه‌وه‌ بیرۆكه‌كه‌ی‌ كرد به‌راستی‌.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ كه‌سێكی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ته‌و هه‌ردوو قاچی‌ ده‌ستكرده‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ 1991 كاتێك له‌چیایه‌كی‌ نزیك دهۆك بووه‌ به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ هه‌ردوو قاچی‌ له‌ده‌ستداوه‌و پارچه‌ی‌ ئه‌و بۆمبه‌ به‌ر به‌شی‌ زۆری‌ جه‌سته‌ی‌ كه‌وتووه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ وایان لێ نه‌كردووه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ ببێت‌و ده‌ڵێت "هه‌وڵمده‌دا بۆ ئه‌و خه‌ونه‌م، سوپاس بۆ خوا به‌هاوكاری‌ هاوڕێكانم پێی‌ گه‌یشتم".

یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ به‌شداربووه‌ له‌سه‌رخستنی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا ناوی‌ عه‌بدولغه‌فوره‌و هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ داوه‌ بۆ به‌ستنی‌ ئه‌و تۆربینه‌و ده‌ڵێت "درێژی‌ تۆربینه‌كه‌ حه‌وت مه‌ترو پانیه‌كه‌ی‌ چوار مه‌تره‌‌و به‌رزیه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ 2.5 مه‌ترو نزیكه‌ی‌ شه‌ش ته‌ن قورسه‌، ده‌توانێت تا به‌رزی‌ 200 مه‌تر ئاو فڕێبدات‌و وزه‌ی‌ كاره‌با به‌بڕی‌ (30KV) به‌رهه‌مبهێنێت".

بۆ ئه‌م تۆربینه‌ دوو قۆڵی‌ كۆنكرێتی‌ دروستكردووه‌ كه‌ به‌قسه‌ی‌ عه‌بدولغه‌فور به‌چه‌ند حه‌بلێكی‌ به‌هێز به‌ستراونه‌ته‌وه‌و (32) پارچه‌ كۆنكرێتی‌ پێوه‌ گرێدراوه‌، حه‌بله‌كانیش له‌جۆرێكن كه‌ توانای‌ راگیركردنی‌ (60) ته‌نیان هه‌یه‌ "بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ وه‌رزی‌ زستاندا ئاوی‌ زێیه‌كه‌ تۆڕبینه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆی‌ نه‌بات".

تۆڕبینه‌كه‌ كاره‌بای‌ (220) ڤۆڵت به‌رهه‌مده‌هێنێت‌و خه‌ڵكی‌ گونده‌كه‌ ده‌توانن بۆ زۆر لایه‌ن سوودی‌ لێببینن، وه‌ك ئه‌ندازیاری‌ كاره‌بایی‌ حه‌سه‌ن هه‌روری‌ له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاره‌بای‌ دهۆك كه‌ به‌شداربوون له‌دیزاینكردنی‌ ئامێره‌كه‌ ده‌ڵێت "ده‌توانن له‌رێیه‌وه‌ هه‌موو ئامێره‌ كاره‌باییه‌كانی‌ وه‌ك ته‌له‌فزیۆن‌و سه‌لاجه‌و ئامێره‌كانی‌ تر كارپێبكه‌ن، چونكه‌ خێراییه‌كه‌یمان گۆڕیوه‌ بۆ (1500) فڕه‌ له‌خوله‌كێكدا كه‌ ئه‌مه‌ش 220 ڤۆڵت كاره‌با دروست ده‌كات".

هه‌روری‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م تۆڕبینه‌ زه‌به‌لاحه‌ به‌سه‌ر ئاوه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ "وه‌ك غه‌واسه‌ دروستمانكردووه‌ كه‌ نیوه‌ی‌ له‌ئاودایه‌و نیوه‌كه‌ی‌ تری‌ سه‌ر ئاو كه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سوود له‌و شه‌پۆلانه‌ ببینێت كه‌ به‌ژێریدا ده‌ڕۆن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ نوقم ببێت".

خالید جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گرنگی‌ ئه‌م ئامێره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو سوود ده‌به‌خشێت، یه‌كه‌میان كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنێت‌و دووهه‌میشیان ئاو ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ به‌ری‌ ئه‌وبه‌ری‌ زێیه‌كه‌ "ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زۆری‌ تێنه‌چووه‌و كۆی‌ بودجه‌كه‌ی‌ (20) هه‌زار دۆلار بووه‌و هیچی‌ تری‌ ناوێت جگه‌ له‌سیانه‌ كردن".

له‌وكاته‌ی‌ خالید باسی‌ گرنگی‌ ئامێره‌كه‌ی‌ ده‌كرد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ ده‌توانرێت بڕێكی‌ زۆری‌ سوته‌مه‌نی‌ بهێڵدرێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با سوودی‌ لێده‌بینن، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ده‌توانین تۆڕبینی‌ زه‌به‌لاح دروست بكه‌ین كه‌ كاره‌با بۆ گونده‌كان به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و زه‌وی‌وزاره‌ زۆره‌ی‌ له‌پێگه‌یشتنی‌ ئاو سودمه‌ند ده‌بن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێمه‌ روبارمان زۆره‌و ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ پاڵپشتی‌ حكومیه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌م داهێنانه‌وه‌ ئه‌ندازیار سه‌فه‌ر ته‌یب به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌بای‌ دهۆك به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌م پرۆژه‌یه‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ گرنگه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌بای‌ ناوچه‌كه‌و وتی‌ "ژینگه‌یه‌كی‌ گونجاومان هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌رێی‌ ئه‌و زێیانه‌ی‌ له‌كوردستاندا هه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ خالیدو رێكخراوی‌ داهێنان كردویانه‌ خاڵی‌ سه‌ره‌تایه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ئاینده‌دا سوودی‌ زیاتری‌ لێ ببینین".

ته‌یب وتی‌ "ئێمه‌ وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاره‌با پاڵپشتی‌ ئه‌م داهێنانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیدایه‌و ئه‌ركی‌ سه‌ر شانی‌ حكومه‌ت كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ملیۆن خه‌رج ده‌كات له‌سوته‌مه‌نیدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاره‌بای‌ پێ به‌هه‌مبهێنرێت بۆ هاوڵاتیان".

ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌مووان دڵخۆشتره‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه‌ كاره‌با گه‌یشتووه‌ به‌ماڵه‌كانیان، حاجی‌ سه‌عید كه‌ دانیشتوی‌ ئه‌و گونده‌یه‌ به‌دڵخۆشییه‌وه‌ وتی‌ "وه‌كو هه‌موو ناوچه‌كانی‌ تر ئێستا كاره‌بامان هه‌یه‌و ئامێره‌ پێویسته‌كانی‌ وه‌ك ته‌له‌فزیۆن‌و سه‌لاجه‌ی‌ پێ به‌كارده‌خه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ گڵۆپ ئه‌م ناوه‌ی‌ روناك كردووه‌ته‌وه‌".

حاجی‌ سه‌عید درێژه‌ی‌ به‌قسه‌كانیداو وتی‌ "ئه‌وكات پشتمان به‌كاره‌بای‌ مۆلیده‌ ده‌به‌ست بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌شه‌ودا روناكیه‌كی‌ كه‌ممان هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا شه‌وو رۆژ بێ كاره‌بای‌ خۆڕایی‌ نابین، بۆیه‌ سوپاسی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئێمه‌یان گه‌یانده‌وه‌ به‌ژیانی‌ هاوچه‌رخ".