راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

زیاتر له‌ 16 هه‌زار كه‌س له‌بادینان داوای‌ قه‌ره‌بوو‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

عەبدولخالق دۆسکی
پاش ئه‌وه‌ی‌ پارێزه‌رێك داوایه‌كی‌ یاسایی‌ جوڵاندووه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ دانیشتووانی‌ گونده‌ سه‌ر سنورییه‌كانی‌…
25.10.2012  |  دهۆك

له‌ساڵی‌ 1985 حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و توركیا رێكه‌وتنێكیان ئیمزا كرد بۆ چۆڵكردنی‌ گونده‌ سه‌ر سنورییه‌كان له‌دیوای‌ عێراقه‌وه‌ به‌قوڵایی‌ (15) كیلۆمه‌تر، به‌و هۆیه‌وه‌ دانیشتوانی‌ 122 گوندی‌ ناوچه‌كانی‌ نیره‌و رێكان‌و دۆسكی‌ شوری‌ ئاواره‌ بوون.

هه‌ڤاڵ‌ وه‌هاب ئه‌و پارێزه‌ره‌ی‌ داوا یاساییه‌كه‌ی‌ جوڵاندووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند به‌پێی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ عێراق‌و توركیا، ده‌بوو قه‌ره‌بووی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و گوندانه‌ بكرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ توركیاش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ (15) كیلۆمه‌تری‌ له‌خاكه‌كه‌ی‌ چۆڵده‌كرد.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ له‌گه‌ڵ‌ پیاو ماقوڵان‌و ریشسپیانی‌ ناوچه‌كه‌دا دانیشتووه‌و لایه‌نه‌ یاساییه‌كه‌ی‌ دۆسێكه‌ی‌ بۆ باسكردوون، ئه‌وانیش به‌ده‌نگیه‌وه‌ چوون.

له‌مڕووه‌وه‌ هه‌ڤاڵ‌ ده‌ڵێت "دۆسێی‌ یاساییامان له‌مانگی‌ ئازاری‌ رابردوو كرده‌وه‌، هه‌رزوو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ده‌نگمانه‌وه‌ هاتن‌و له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگدا زیاتر له‌(16) هه‌زار بریكارنامه‌یان بۆ كردینه‌وه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد پاش ئه‌وه‌ی‌ بریكارنامه‌كانی‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، رووی‌ كردووه‌ته‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان له‌به‌غداو سكاڵایه‌كی‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ تۆماركردووه‌، به‌و پێیه‌ی‌ پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌بڕگه‌كانی‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ دۆسێكه‌ ئێستا له‌و دادگایه‌ داندراوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ نوێی‌ دادگاكه‌ داده‌مه‌زرێت.

به‌قسه‌ی‌ هه‌ڤاڵی‌ پارێزه‌ر هه‌موو بریكارنامه‌یه‌كی‌ پێویستی‌ وه‌رگرتووه‌ له‌باره‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌و نه‌خشه‌ كۆنه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌.

به‌قسه‌ی‌ پارێزه‌ره‌كه‌ یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ له‌پێشیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو نه‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم پاڵپشتی‌ دۆسێكه‌یان ناكات كه‌ به‌بڕوای‌ هه‌ڤاڵ‌ "دۆسَیه‌كی‌ نیشتیمانییه‌و ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم پشتیوانی‌ بكات له‌رێی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ به‌غدا".

عه‌بدوڵا نێروه‌ی‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌دانیشتوانی‌ گوندی‌ (دوتازا)ی‌ سه‌رسنور گه‌شبینه‌ به‌و هه‌وڵانه‌ی‌ پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌یدات‌و ده‌ڵێت "بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دۆسَیه‌ مسۆگه‌ره‌، چونكه‌ هه‌تا ئێستاش حكومه‌تی‌ توركیا ساڵانه‌ قه‌ره‌بووی‌ ئه‌و گوندانه‌ی‌ دیوه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م دۆسێیه‌ ته‌نها شوێنكه‌وتنی‌ ده‌وێت".

عه‌بدوڵا نێروه‌ی‌ گه‌رموگوڕی‌ خۆی‌ ناشارێته‌وه‌و ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و گوندانه‌ كۆبوومه‌وه‌و كۆمه‌ڵێك زانیاری‌ زۆرم كۆكردووه‌ته‌وه‌و داومه‌ به‌پارێزه‌ره‌كه‌، زیاتر له‌ 16 هه‌زار بریكارنامه‌مان ده‌ستخستووه‌ كه‌ تیایدا داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تی‌ هه‌رێم پاڵپشتیمان بكات".

دایكی‌ جه‌لال كه‌ ئێستا له‌كۆمه‌ڵگای‌ شیلادزێ (30 كم خۆرهه‌ڵاتی‌ ئامێدی‌) نیشته‌جێیه‌، بێهیوایه‌ له‌وه‌ی‌ بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌ی‌ خۆی‌ (بیرافدلا) له‌ناوچه‌ی‌ عه‌شیره‌تی‌ رێكان، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "فرۆكه‌و تۆپه‌ توركییه‌كان رۆژانه‌ گونده‌كه‌مان بۆمباران ده‌كات‌و شوێنی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكاران كه‌وتووه‌، هه‌موو باخ‌و بێستانه‌كانمان سوتاوه‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ نزار جتیسنی‌ له‌عه‌شیره‌تی‌ دۆسكی‌ شوری‌ خه‌تای‌ ئاواره‌بوونی‌ چه‌ند ساڵه‌یانی‌ خسته‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و وتی‌ "حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ئێستا به‌و پێیه‌ی‌ شوێنی‌ حكومه‌تی‌ پێشووی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌رووی‌ یاساییه‌وه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌به‌رامبه‌ر قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و زیانانه‌".

ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ بێهیواییه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌ی‌ داوای‌ موڵكدارێتی‌ له‌دهۆك ئاماده‌ نه‌بووه‌ ئه‌م دۆسێیه‌ وه‌ربگرێت، به‌و پێیه‌ی‌ كاری‌ ده‌سته‌كه‌ له‌ 30 حوزه‌یرانی‌ 2011ه‌وه‌ وه‌ستاوه‌و هیچ داوایه‌ك وه‌رناگرێت.

ئه‌رشه‌د عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌ری‌ ده‌سته‌ی‌ داوای‌ موڵكدارێتی‌ دهۆك له‌م رووه‌وه‌ وتی‌ "ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌توانن په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر دادگا به‌راییه‌كان، چونكه‌ ئێستا ئه‌وان داواكان وه‌رده‌گرن‌و به‌و یاسایانه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ ئێمه‌ كارمان پێده‌كرد".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌ردار كاكه‌ حه‌مه‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ دێره‌لوك كه‌ ئه‌و گوندانه‌ی‌ پێوه‌ لێكاوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆینه‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌خت‌و شاخاویه‌وه‌و گه‌یشتن پێی‌ ئاسان نییه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ببێته‌ شوێنی‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ كرێكاران‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌ توركییه‌كان بۆردومانی‌ بكه‌ن.

سه‌ردار ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌ی‌ به‌بڕیاری‌ رژێمی‌ عێراقی‌ چۆڵكراون (122) گوندن له‌ناوچه‌كانی‌ نیروه‌و رێكان‌و دۆسكی‌ شوری‌‌و وتی‌ "ده‌بێت قه‌ره‌بووی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ سوپای‌ توركیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام ئه‌و ناوچانه‌ بۆردومان ده‌كات‌و كه‌س ناتوانێت بچێته‌ ئه‌وێ‌".

سه‌ردار ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ دارستان‌و كێڵگه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا به‌رده‌وام به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ توركیاوه‌ سوتێنراون‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانی‌ زۆریان پێگه‌یشتووه‌.