راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كۆرۆ.. یۆرۆی‌ كوردستان

یه‌حیا به‌رزنجی‌
14.04.2011  |  هه‌ولێر
the kuro : Kurdish currency
the kuro : Kurdish currency

هه‌ر كه‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی‌ ئاسۆی‌ مامزاده‌ ده‌كه‌ێته‌وه‌‌و چاوێك  به‌نه‌خشه‌كانی‌ نێویدا گڕده‌ده‌یت، بۆ ته‌نها ساتێكیش بێت وا هه‌ست  ده‌كه‌یت ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردی‌ به‌ناوی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌ئارادایه‌‌و چیتر  وه‌ك هه‌رێمێك له‌نێو چوارچێوه‌ی‌ عێراقی‌ فیدراڵیدا نه‌ماوه‌.  مامزاده‌ كه‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن 28 ساڵه‌، ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 10 ساڵه‌  سه‌رقاڵی‌ دروستكردنی‌ دراوێكی‌ تایبه‌ته‌ به‌ "ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان"، ئه‌و  ده‌وڵه‌ته‌ی‌ "رۆژ به‌ڕۆژ له‌واقیع نزیكتر ده‌بێته‌وه‌" وه‌ك ئه‌وه‌ی‌  ئاسۆی‌ مامزاده‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌دات.  مامزاده‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ هێنده‌  نزیكبوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌مو كه‌سێك خۆی‌ بۆ ئاماده‌بكات "ده‌بێت  هه‌مو كاره‌ گرنگه‌كانی‌ دروستبونی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌جێبگه‌یه‌ندرێت‌و  نه‌كه‌وینه‌ په‌له‌په‌ل".  مامزاده‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی‌ شاری‌ بۆكانی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵاته‌  (ئێران). ئه‌م گه‌نجه‌ به‌ر له‌حه‌وت ساڵ له‌شاری‌ هه‌ولێر نیشته‌جێبوه‌.  له‌باره‌ی‌ ئه‌و حه‌زه‌شی‌ كه‌ دروستكردنی‌ دراوی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ كوردستانی‌  گه‌وره‌یه‌ (عێراق، ئێران، سوریا، توركیا)"، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌  "له‌سه‌ره‌تادا به‌ده‌ست كارم له‌سه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی‌  كۆمپیوته‌ر‌و ئاشنابونم پێی‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ فرۆفیشناڵانه‌تر به‌رده‌وام  بوم له‌سه‌ر كاره‌كه‌م".  ئه‌م گه‌نجه‌ چه‌ندین ساڵی‌ دور‌و درێژ سه‌رقاڵی‌ خوێندن‌و قوڵبونه‌وه‌  بوه‌ له‌كلتور‌و شۆرش‌و كه‌سایه‌تیه‌ ناسراوه‌كانی‌ مێژوی‌ كۆن‌و نوێی‌  گه‌لی‌ كورد‌و ره‌نگه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌شۆڕشه‌كان‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئاڵای‌  كوردستاندا هه‌ن "زۆر مه‌به‌ستمه‌ نه‌خشه‌‌و وێنه‌كانی‌ نێو دراوی‌  ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌وێنه‌‌و روداو‌و شۆڕشه‌كانی‌ مێژوی‌ كورده‌وه‌  وه‌رگیرابێت".   ئه‌گه‌رچی‌ مامزاده‌ سوره‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی‌ كاره‌كه‌ی‌‌و لێبونه‌وه‌  له‌نه‌خشه‌ی‌ سه‌رجه‌م دراوه‌كان، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌  تاكو ئێستا هیچ كام له‌سه‌ركرده‌‌و به‌رپرسه‌ حزبی‌‌و حكومیه‌كانی‌  هه‌رێمی‌ كوردستان گوێیان پێنه‌داوه‌‌و كاره‌كه‌یان به‌گرنگێتی‌  وه‌رنه‌گرتوه‌ "چه‌ند نمونه‌یه‌كی‌ كاره‌كانم ره‌وانه‌ی‌ به‌رپرسه‌  گه‌وره‌كان كردوه‌، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكم پێنه‌گه‌یشتوه‌".  له‌كاتێكیشدا مامزاده‌ له‌ژورێكی‌ تایبه‌تدا كه‌ دیواره‌كانی‌ به‌سكێچ‌و  مۆتیڤ پڕببونه‌وه‌، خه‌ریكی‌ نه‌خشه‌كانی‌ بو، به‌خه‌نده‌یه‌كی‌ خه‌فه‌ت  ئامێزه‌وه‌ به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ به‌رپرسێكی‌  گه‌وره‌ی‌ كوردستان پێی‌ راگه‌یاندم: بۆ وا خۆت ماندو ده‌كه‌یت؟ كوردستان  ده‌وڵه‌ت نییه‌‌و كه‌س ئه‌م دراوانه‌ت بۆ چاپ ناكات"، به‌ڵام ئه‌م گه‌نجه‌  جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "سه‌ره‌ڕای‌ پشتگیرینه‌كردنم، من هه‌ر به‌رده‌وام  ده‌بم له‌سه‌ر كاره‌كه‌م".  جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ته‌نها به‌شی‌  كوردستانی‌ گه‌وره‌یه‌، خاوه‌نی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ خۆیه‌تی‌، هه‌میشه‌  له‌لێدوان‌و گوتاره‌كانیاندا جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پابه‌ندن  به‌یه‌گرتووی‌ خاكی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكی‌ جیانه‌كراوه‌یه‌  لێی‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا چاودێران‌و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ سیاسیه‌كان ئه‌وه‌  رونده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌فعلی‌ خاوه‌نی‌ هه‌مو بنه‌ما  پێویسته‌كانی‌ دروستبونی‌ ده‌وڵه‌ته‌، وه‌ك حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و سوپای‌  رێكخراو‌و دوو فرۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و نه‌وتێكی‌ زۆر، ئه‌مه‌ جگه‌  له‌زمان‌و ئاڵا‌و مێژو، ئاسۆی‌ مامزاده‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌  ده‌كاته‌وه‌.  زۆر به‌ئاسته‌م كه‌سێك بچێته‌ سه‌ردانی‌ ئه‌م گه‌نجه‌‌و ببینێ‌ له‌سه‌ر  كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی‌ سه‌رقاڵی‌ كاركردن نه‌بێت‌و به‌وردی‌ ته‌ماشای‌  دراوه‌كانی‌ نه‌كات. له‌یه‌كێ‌ له‌سه‌ردانه‌كانی‌ په‌یامنێری‌ نیقاشدا بۆ  ژوره‌كه‌ی‌، ئاسۆی‌ مامزاده‌ ده‌ستیكرد به‌نمایش كردنی‌ دراوه‌كان "ئه‌مه‌  دراوی‌ كۆرۆیه‌.. دراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان".  له‌باره‌ی‌ ئه‌م ناوه‌وه‌، مامزاده‌ وتی‌ "ناوه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌  به‌دراوی‌ یۆرۆوه‌ نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ رۆژێك دێت كۆرۆی‌  كوردستان له‌یۆرۆی‌ ئه‌وروپا به‌نرختر ده‌بێت!". ئاسۆی‌ مامزاده‌ ئه‌وه‌ش  رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ گفتوگۆیه‌كی‌ زۆری‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌  پسپۆڕه‌ی‌ زمان‌و كه‌لتور‌و مێژوی‌ كورد بردوه‌ته‌ سه‌ر تا دواجار له‌سه‌ر  ئه‌و ناوه‌ گیرساوه‌ته‌وه‌ "كۆرۆ كورتكراوه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد بوه‌  له‌سه‌رده‌مانێكی‌ مێژودا".  تاكو ئێستا ئه‌م گه‌نجه‌ ته‌نها نه‌خشه‌ی‌ سێ‌ جۆر دراوی‌ ته‌واو كردوه‌  كه‌ وه‌ك له‌سه‌ریان نوسراوه‌، له‌لایه‌ن "بانكی‌ ناوه‌ندی‌ كۆماری‌  كوردستان" ده‌رچون‌و بریتین له‌ 100‌و 500‌و 2000 كۆرۆیی‌ "هێشتا چه‌ند  جۆر‌و بڕێكی‌ تری‌ دراوه‌كانم ماوه‌‌و له‌داهاتودا ته‌واویان ده‌كه‌م،  به‌ڵام پێویستم به‌پاڵپشتیی‌ مه‌عنه‌وی‌‌و دارایی‌ هه‌یه‌".  یه‌كه‌م بڕی‌ دراو كه‌ نه‌خشه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن مامزاده‌وه‌ ته‌واو بوه‌‌و  ئاماده‌ی‌ "چاپكردنه‌"، بڕی‌ 100 كۆرۆیه‌. له‌یه‌كێ‌ له‌دیوه‌كانی‌ ئه‌م  دراوه‌دا وێنه‌یه‌كی‌ شه‌ره‌فخانی‌ به‌دلیسی‌ (1534-1604) ده‌بیندرێت كه‌  یه‌كێك بو له‌میره‌كانی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات‌و خاوه‌نی‌ شاكاری‌ مێژویی‌  "شه‌ره‌فنامه‌"یه‌.  له‌دیوه‌كه‌ی‌ تریشیدا كۆمه‌ڵه‌ وێنه‌یه‌كی‌ راو‌و جه‌نگ‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌  به‌ئه‌سپ راكێشراو دیارن كه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی‌ باریك وێنه‌كێشراون‌و  ئاماژه‌یه‌كن بۆ سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كانی‌ راوكردن‌و جه‌نگی‌ گه‌لی‌ كورد.  هه‌رچی‌ دراوی‌ دوه‌میانه‌ كه‌ به‌بڕی‌ 500 كۆرۆیه‌، له‌دیوێكیاندا وێنه‌ی‌  قازی‌ محه‌ممه‌د (1900-1946) ده‌بیندرێت كه‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كه‌م كۆماری‌  كوردی‌ بو له‌شاری‌ مه‌هابادی‌ كورستانی‌ رۆژهه‌ڵات (ئێران) به‌ناوی‌  كۆماری‌ مه‌هاباد. ئه‌م كۆماره‌ له‌ساڵی‌ 1945دا دامه‌زرا‌و ته‌نها یه‌ك  ساڵ به‌رده‌وامبو به‌ر له‌وه‌ی‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ له‌سێداره‌ بدرێت. له‌ژێر  وێنه‌كه‌ی‌ قازی‌ محه‌ممه‌دیشه‌وه‌، كۆمه‌ڵی‌ چوارگۆشه‌ی‌ ره‌نگاوره‌نگ  هه‌ن كه‌ تێیاندا نه‌خشه‌ی‌ تایبه‌ت ده‌بیندرێن‌و مێژوه‌كه‌یان  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیمپراتۆریه‌تی‌ ماد (700 ساڵ به‌ر له‌زایین).  له‌دیوه‌كه‌ی‌ تری‌ ئه‌م دراوه‌شدا وێنه‌ی‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ دیارن كه‌ بۆ  یه‌كه‌مین جار ئاڵای‌ كوردستانیان له‌كۆماری‌ مه‌هاباد به‌رزكرده‌وه‌‌و  دواتر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و كاتی‌ ئێران له‌سێداره‌دران.  دوا بڕی‌ دراو كه‌ تاكو ئێستا له‌لایه‌ن مامزاده‌وه‌ كۆتایی‌  به‌نه‌خشه‌كه‌ی‌ هاتوه‌، بریتیه‌ له‌دراوی‌ بڕی‌ 2000 كۆرۆ. له‌دیوێكی‌  ئه‌م دراوه‌دا وێنه‌ی‌ مه‌لا موسته‌فای‌ بارزانی‌ (1903-1979) ده‌بیندرێت  كه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ كۆماری‌ مه‌هاباد.  له‌دیوه‌كه‌ی‌ تری‌ ئه‌م دراوه‌شدا، نه‌خشه‌ی‌ كه‌وتنی‌ كۆماری‌ مه‌هاباد‌و  په‌ڕینه‌وه‌ی‌ بارزانی‌‌و هاوه‌ڵاكانی‌ كێشراوه‌ له‌روباری‌ ئاراسه‌وه‌  به‌ره‌و خاكی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێتی‌ پێشو.  له‌باره‌ی‌ بڕه‌كانی‌ تری‌ دراوی‌ كۆرۆوه‌ كه‌ مامزاده‌ سوره‌ له‌سه‌ر  ته‌واوكردنیان، بۆ نیقاشی‌ ئاشكراكرد "دراوه‌كانی‌ تر وێنه‌ی‌ كه‌سایه‌تی‌  سیاسی‌‌و رۆشنبیری‌ گه‌وره‌ی‌ كورد له‌خۆده‌گرن، وه‌ك مه‌لیك مه‌حمود‌و  پیره‌مێرد‌و مه‌ستوره‌ی‌ ئه‌رده‌لان‌و چه‌ند نه‌خشه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌ كۆنی‌  تری‌ مێژوی‌ كورد".  سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی‌،  دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ به‌ "نوكته‌" ناوده‌بات‌و  له‌لێدوانه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، مه‌سعود بارزانی‌، به‌ڕونی‌  ویستی‌ مانه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقی‌ فیدراڵی‌ هه‌ستپێده‌كرێت، به‌ڵام  ئاسۆی‌ مامزاده‌ ده‌ڵێت "دڵنیام له‌وه‌ی‌ ماندوبونی‌ زیاتر له‌ 10 ساڵم  به‌فیڕۆ ناڕوات، ئاماژه‌كانی‌ دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ له‌ئاسۆوه‌  دیاره‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌