راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌یرانی‌ كاره‌با.. قه‌یرانی‌ ئینسانی‌‌و ئابوری‌

مه‌یاده‌ داوود
قه‌یرانی‌ نه‌بونی‌ كاره‌با چیتر نه‌بوه‌ته‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمانی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراق به‌و پێیه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو ده‌یه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستادا نوێیه‌، نه‌مانی‌ متمانه‌ی‌ هاوڵاتیانه‌ به‌به‌ڵێنه‌كانی‌…
16.06.2010  |  به‌غدا

له‌كاتێكدا عێراق پێویستی‌ به‌ 27 هه‌زار میگاوات كاره‌با هه‌یه‌ تاكو بتوانێت 24 كاتژمێر كاربا له‌رۆژێكدا بگه‌یه‌نێته‌ هاوڵاتیان، له‌ئێستادا ته‌نها توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ 8700 میگاواتی‌ هه‌یه‌‌و به‌هۆی‌ چه‌ندین كێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌فعلی به‌رهه‌مده‌هێندرێت، له‌ 3 هه‌زار مێگاوات تێناپه‌ڕێت.

قه‌یرانی‌ نه‌بونی‌ كاره‌با له‌عێراقدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردو كاتێك هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌شه‌ڕی‌ كه‌نداوی‌ دوه‌مدا له‌پاش داگیركردنی‌ كوێت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1990، تۆڕی‌ نیشتمانی‌ كاره‌بای‌ وڵاتیان وێران كرد‌و دواتریش به‌هۆی‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابوریه‌وه‌ كه‌ تاكو ساڵی‌ 2003 به‌رده‌وام بو، هێنده‌ی‌ تر ژێرخانی‌ عێراق داڕما.

به‌درێژایی‌ ئه‌و ساڵانه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌‌و بنیاتنانی‌ وێستگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با ئه‌نجامنه‌درا تاكو بتوانێت كاره‌بای‌ پێویست بگه‌یه‌ندرێته‌ هاولاتیان‌و ساڵ به‌ساڵ بڕانی‌ به‌به‌رنامه‌ی‌ كاره‌با زیادی‌ ده‌كرد تاكار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌20 كاتژمێر كاره‌با ده‌بڕدرا.

ته‌نانه‌ت له‌پاش ساڵی‌ 2003شه‌وه‌‌و وێڕای‌ ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاح له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ كاره‌با له‌عێراقدا، هیچكام له‌و پرۆژانه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بون له‌به‌رهه‌مهێنانی‌ پێویستی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با‌و تاكو ئه‌مڕۆش چ ئه‌و كاره‌بایه‌ی‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مده‌هێندرێت‌و چ ئه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌وه‌ ده‌كڕدرێت، نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستی‌ وزه‌ی‌ پێویست، تاكو ئێستاش هاوڵاتیان ناچارن رۆژانه‌ چه‌ندین كاتژمێر به‌بێ‌ كاره‌با به‌رن سه‌ر. ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها لایه‌نی‌ ئینسانی‌ هاوڵاتیانی‌ نه‌گرتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ كارگه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و كه‌رته‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ بێ‌ وزه‌ی‌ پێویستی‌ كاره‌با ماونه‌ته‌وه‌.

"له‌ئێستادا نه‌بونی‌ كاره‌با بوه‌ به‌دیارده‌یه‌كی‌ ئاسایی‌، نه‌ك هه‌بونی‌"، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ ره‌غه‌د رائیده‌. ئه‌م ژنی‌ ماڵه‌ به‌غاییه‌ بۆ نیقاشی‌ رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئابورییان باشه‌ "ده‌توانن دوو خه‌تی‌ كاره‌با بكڕن، یه‌كێكیان به‌ڕۆژ‌و ئه‌وی‌ تریان به‌شه‌و، چونكه‌ به‌بێ‌ بونی‌ كاره‌با كه‌س ناتوانێت به‌هۆی‌ به‌رزی‌ پله‌ی‌ گه‌رماوه‌ خه‌وی‌ لێبكه‌وێت"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "بونی‌ ره‌شه‌با‌و خۆڵبارینی‌ به‌رده‌وام"، ئه‌وه‌ش كه‌ باری‌ ئابوری‌ خراپه‌، ده‌بێت "شوكرانه‌ی‌ خوا بكات!".

ره‌غد باس له‌كاره‌بای‌ نیشتمانی‌ حكومه‌ت ناكات، به‌ڵكو باس له‌و كاره‌بایه‌ ده‌كات كه‌ به‌پاره‌ له‌موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كان ده‌یكڕن كه‌ شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدایان پڕ كردوه‌‌و له‌نێوان 3 بۆ 10 ئه‌مپێر وزه‌ی‌ كاره‌با به‌سه‌ر هه‌ر ماڵێكدا دابه‌شده‌كه‌ن. به‌هۆی‌ ئه‌و موه‌لیدانه‌وه‌، شه‌قامه‌كانی‌ پایته‌خت به‌ته‌لی‌ كاره‌با وه‌ك تۆڕی‌ جاڵجاڵۆكه‌ چندراون، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ر موه‌لیده‌یه‌ك له‌توانایدایه‌ كاره‌با بداته‌ سه‌دان ماڵی‌ ده‌وروبه‌ری‌. نرخی‌ یه‌ك ئه‌مپێریش له‌نێوان نۆ هه‌زار بۆ 14 هه‌زار دینار ده‌بێت به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كاتژمێرانه‌ی‌ كاره‌با ده‌گاته‌ ماڵی‌ هاوڵاتیان.

به‌واقعی‌ له‌ئێستادا‌و به‌هۆی‌ بچڕانی‌ به‌رده‌وامی‌ كاره‌بای‌ نیشتمانی‌، هیچ ماڵێك نییه‌ له‌به‌غدای‌ پایته‌ختدا بڕێك له‌و كاره‌با ئه‌هلیه‌ی‌ رانه‌كێشابێت‌و به‌مه‌ش هاوڵاتیان ناچاربون به‌شێكی‌ زیاتری‌ داهاته‌كه‌یان به‌كڕینی‌ كاره‌با سه‌رف بكه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كارمه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ ته‌مه‌ن 40 ساڵ، سه‌لمان حه‌سه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ كڕینی‌ كاره‌با له‌وه‌رزی‌ هاویندا زۆر گرنگتره‌ له‌كڕینی‌ پێداویستیه‌كانی‌ تری‌ ماڵ، چونكه‌ "به‌بێ‌ كاره‌با مرۆڤ ناتوانێت هه‌ست به‌مرۆڤبونی‌ خۆی‌ بكات‌و ناشتوانێت چه‌ند كاتژمێرێك بخه‌وێت تاكو بتوانێت به‌یانی‌ زو روبكاته‌وه‌ ده‌وامی‌ ره‌سمی‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش كه‌ له‌كڕینی‌ كاره‌بادا سه‌رفی‌ ده‌كات، حه‌سه‌ن رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌رزه‌وه‌ هه‌یه‌ "له‌زستاندا ته‌نها 5 ئه‌مپێر به‌نرخی‌ 50 هه‌زار دینار مانگانه‌ راده‌كێشم"، به‌ڵام له‌وه‌رزی‌ هاویندا‌و به‌هۆی‌ به‌رزی‌ زۆری‌ پله‌ی‌ گه‌رما، ناچار ده‌بین بڕێكی‌ زیاتر كاره‌با رابكێشین به‌مه‌به‌ستی‌ داگیرساندنی‌ ئامێره‌كانی‌ فێنككه‌ره‌وه‌ كه‌ ده‌گاته‌ "هه‌شت ئه‌مپێر به‌نرخی‌ 80 هه‌زار دینار مانگانه‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌خه‌تی‌ شه‌وان كه‌ "پێنج هه‌زار دینار بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێكه‌‌و مانگانه‌ 25 هه‌زار دیناری‌ تر ده‌كات". ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ داهاتی‌ تاكی‌ عێراقی‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی‌ 300 هه‌زار دیناره‌.

له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رماش بۆ زیاتر له‌ 50 پله‌ی‌ سه‌ده‌ی‌ له‌وه‌رزی‌ هاویندا، خێزانه‌ عێراقیه‌كان به‌رده‌وام تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌ ئاڕاسته‌ی‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن‌و ئه‌م ره‌خنه‌‌و گازندانه‌ گوتاری‌ مزگه‌وته‌كانیشی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام داوا له‌به‌رپرسه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ن ئاوڕێكی‌ جدی‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ بده‌ن‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن كه‌ "به‌ڵێنی‌ درۆیینه‌" ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیان‌و كێشه‌كه‌ وه‌كو خۆی‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ركردن ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق چه‌ندین رێپێوانی‌ ناڕه‌زایه‌تیان به‌و مه‌به‌سته‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌‌و تێیدا داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ كاره‌با كراوه‌.

كاریگه‌ریه‌ سلبیه‌كانی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ناڕه‌حه‌تی‌ ژیانی‌ هاوڵاتیان نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو درێژه‌ی‌ كێشاوه‌ته‌ سه‌ر بارودۆخی‌ ئابوری‌ وڵات به‌گشتی‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عادل نازم كه‌ خاوه‌نی‌ كارگه‌یه‌كی‌ دروستكردنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ پلاستیكیه‌ له‌ناوچه‌ی‌ ئه‌بو غرێبی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات به‌هۆی‌ "نه‌توانینی‌ دابینكردنی‌ كاره‌بای‌ پێویسته‌وه‌، كارگه‌كه‌م داخست‌و له‌ئه‌نجامدا، جگه‌ له‌وه‌ی‌ خۆم بێئیش مامه‌وه‌، نۆ گه‌نجیش بێكاربون".

نازم بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "به‌هۆی‌ به‌رزی‌ نرخی‌ دابینكردنی‌ كاره‌با‌و نه‌بونی‌ كاره‌بای‌ نیشتمانی‌‌و نه‌بونی‌ پشتگیری‌ حكومه‌ت بۆ خاوه‌ن كارگه‌كان له‌لایه‌ك‌و نه‌توانینی‌ كێبركێكردن له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كان، ناچاربوین كارگه‌كه‌مان دابخه‌ین"، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ كرێكاره‌ به‌تواناكان‌و خاوه‌ن سه‌لیقه‌كان "رویان كردوه‌ته‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان‌و پۆلیس‌و سوپا".

به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ ئاماری‌ تایبه‌ت‌و ورد، كه‌س قه‌باره‌ی‌ زه‌ره‌ر‌وزیانه‌كانی‌ نه‌بونی‌ كاره‌با نازانێت له‌سه‌ر ئابوری‌ عێراق، به‌ڵام چاودێران هاوڕان له‌وه‌ی‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی‌ سلبی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بواره‌كانی‌ ژیان جێهێشتوه‌.

پسپۆڕ له‌په‌یمانگای‌ چاكسازی‌ ئابوری‌، مه‌ناف سائغ، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ كاره‌با له‌دنیای‌ پێشكه‌وتودا "به‌یه‌كێ‌ له‌سه‌ره‌كیترین جومگه‌كانی‌ ژیان حیساب ده‌كرێت‌و به‌بێ‌ بونی‌ ئه‌و مه‌حاڵه‌ هیچ پێشكه‌وتنێك بێته‌ ئاراوه‌"، كاره‌با راسته‌وخۆ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر "ورده‌كاری‌ ژیان‌و كاری‌ رۆژانه‌ی‌ هاوڵاتیان‌و پڕۆژه‌ی‌ بچوك‌و گه‌وره‌‌و كه‌رته‌كانی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و كات به‌سه‌ربردن‌و ...هتد".

له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ عێراقیشه‌وه‌، به‌بۆچونی‌ سائغ، كێشه‌ی‌ كاره‌با ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ قه‌یرانی‌ راسته‌قینه‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ر كۆی‌ ئابوری‌ وڵات هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ كه‌ به‌هۆی‌ كه‌می‌ وزه‌ی‌ كاره‌باوه‌ "چه‌ندین كارگه‌ی‌ گه‌وره‌‌و بچوك له‌كار كه‌وتون".

كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ تاكه‌ زه‌ره‌مه‌ندی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ نییه‌، به‌ڵكو زه‌ره‌ر‌وزیانه‌كان باڵیان كێشاوه‌ته‌ سه‌ر كه‌رتی‌ كشتوكاڵیش. پسپۆڕه‌ ئابوریه‌كه‌ ده‌ڵێت "زۆرێك له‌كارگه‌ كشتوكاڵیه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌به‌رهه‌مهێنانی‌ هێلكه‌‌و ماست‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌ تر زه‌ره‌رمه‌ند بون، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و جۆره‌ كارگانه‌ پێویستیان به‌بونی‌ به‌رده‌وامی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با هه‌یه‌".

به‌ڕای‌ سائغ، ره‌نگدانه‌وه‌ سلبیه‌كانی‌ قه‌یرانی‌ كاره‌با ته‌نها له‌ناوخۆی‌ وڵاتدا نییه‌، به‌ڵكو كاریگه‌ریه‌كانی‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و دیو سنوره‌كانی‌ وڵاتیش، چونكه‌ نه‌بونی‌ كاره‌با "وای‌ له‌زۆرێك له‌وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ بیانی‌ كردوه‌ روو نه‌كه‌ن ئه‌م وڵاته‌، به‌و پێیه‌ی‌ هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ وه‌به‌رهێنان به‌بێ‌ كاره‌بای‌ به‌رده‌وام ئه‌نجامنادرێت".

ئه‌م پسپۆڕه‌ی‌ په‌یمانگای‌ چاكسازی‌ ئابوری‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ سه‌رجه‌م هاولاتیان كه‌ به‌ده‌ست نه‌بونی‌ كاره‌باوه‌ ده‌ناڵێنن، پرسیاری‌ چاره‌نوسی‌ ئه‌و هه‌مو به‌ڵێنانه‌ی‌ حكومه‌ت‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات له‌باره‌ی‌ كۆتایی‌ پێهێنانی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ "پاره‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاح بۆ ئه‌م كه‌رته‌ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵه‌ هه‌مان كێشه‌ له‌ئارادایه‌".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ به‌درێژایی‌ حه‌وت ساڵی‌ رابردو وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با به‌به‌رده‌وامی‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌بای‌ داوه‌، دواهه‌مین ئه‌و به‌ڵێنانه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م ساڵدا بو كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا به‌رهه‌می‌ وزه‌ی‌ كاره‌با ده‌گه‌یه‌ننه‌ نزیكه‌ی‌ نۆ هه‌زار میگاوات له‌وه‌رزی‌ هاویندا كه‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ كاره‌بای‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵێنه‌ش وه‌ك به‌ڵێنه‌كانی‌ تر نه‌هاته‌ دی‌.

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با، له‌كاتێكدا عێراق پێویستی‌ به‌نزیكه‌ی‌ 13 هه‌زار میگاوات كاره‌با هه‌یه‌ تاكو بتوانێت رۆژانه‌ 12 كاتژمێر كاره‌با بداته‌ هاوڵاتیان، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌توانایدایه‌ ته‌نها نزیكه‌ی‌ 8700 میگاوات به‌رهه‌م بهێنێت، به‌هۆی‌ چه‌ندین كێشه‌‌و كه‌موكوڕیشه‌وه‌ وه‌ك نه‌بونی‌ سوته‌مه‌نی‌ پێویست، رۆژانه‌ ته‌نها دوو بۆ سێ‌ هه‌زار مێگاوات به‌فعلی‌ به‌رهه‌مده‌هێندرێت.

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با، ئیبراهیم زێدان، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ له‌ئێستادا وه‌زاره‌ت له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ ئه‌م ساڵدا "به‌رهه‌می‌ كاره‌با بگه‌یه‌نێته‌ نۆ هه‌زار مێگا وات، به‌تایبه‌ت دوای‌ ته‌واوبونی‌ چه‌ند ویسَتگه‌یه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ داهاتودا".

هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ كۆی‌ پێویستی‌ عێراقیشه‌ بۆ كاره‌با به‌شێوه‌یه‌ك هه‌مو وڵات 24 كاتژمێر له‌ڕۆژێكدا وزه‌ی‌ هه‌بێت، به‌نزیكه‌ی‌ 27 هه‌زار مێگاوات مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. به‌وته‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ كاره‌با، ئه‌مه‌ "له‌ساڵی‌ 2013 دێته‌ دی‌ كاتێك گرێبه‌سته‌كانی‌ هه‌ردو كۆمپانیای‌ جه‌نیراڵ ئه‌لكتریك‌و سیمنز له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراقیدا جێبه‌جێده‌كرێت"، به‌مه‌رجێك هیچ كێشه‌یه‌ك له‌لایه‌نی‌ سوته‌مه‌نی‌‌و كێشه‌ی‌ تره‌وه‌ له‌ئارادا نه‌بێت.

وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با له‌15ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردودا بوو گرێبه‌ستێكی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ جه‌نیراڵ ئه‌لكتریك ئیمزا كرد به‌مه‌به‌ستی‌ هێنانی‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌كی‌ كاره‌با به‌به‌رهه‌می‌ 7 هه‌زار مێگاوات‌و به‌نرخی‌ 3 ملیار دۆلار، پێشتریش گرێبه‌ستێكی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ سیمنز ئیمزاكردبو به‌مه‌به‌ستی‌ دروستكردنی‌ وێستگه‌یه‌كی‌ تری‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ وزه‌ به‌قه‌باره‌ی‌ 3300 میگاوات.

ئه‌م هاوینه‌ش هات، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هه‌مان هاوینه‌ گه‌رمه‌كانی‌ تری‌ عێراق به‌بێ‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كان تێپه‌ڕێت، هاوڵاتیانیش جگه‌ له‌چاوه‌ڕوانیكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هاوینی‌ داهاتو، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تریان نییه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌