راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پلانی‌ پێنج ساڵه‌.. مه‌ترسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ ناوه‌ندیی‌

مه‌یاده‌ داوود
به‌ر له‌نزیكه‌ی‌ دوو ساڵ، وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراق ده‌ستی‌ به‌ئاماده‌كردنی‌ پلانێكی‌ پێنج ساڵه‌ی‌ نوێ‌ كرد بۆ ساڵانی‌ 2010-2014. مه‌به‌ستی‌ ئه‌م پلانه‌ كه‌ له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ رابردودا له‌لایه‌ن…
25.05.2010  |  به‌غدا

پلانی‌ پێنج ساڵه‌ نامۆ نییه‌ به‌سیسته‌می‌ ئابوریی‌ عێراق، به‌ڵكو پێشتر چه‌ندین جار جێبه‌جێكراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ساڵانی‌ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا‌و له‌ئه‌نجامدا وڵات بازدانێكی‌ ئابوری‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، به‌تایبه‌ت له‌كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵ‌و نیشته‌جێبون، به‌ڵام به‌پێی‌ بۆچونی‌ چاودێران‌و پسپۆڕانی‌ ئابوری‌، پێناچێت ئه‌م پلانه‌ نوێیه‌ هه‌مان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت پلانه‌كه‌ رۆڵی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كه‌مبكاته‌وه‌‌و عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌رده‌می‌ سیسته‌م‌و ئیداره‌ی‌ ناوه‌ندیی‌.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی‌ وه‌زاره‌ت، مه‌به‌ستی‌ ئه‌م پلانه‌ نوێیه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵیه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 9.38%. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌جۆراوجۆر كردنی‌ ئابوریی‌ عێراق كه‌ له‌ئێستادا ته‌نها پشتی‌ به‌داهاتی‌ نه‌وت به‌ستوه‌. هه‌روه‌ها له‌پلانه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ ده‌بێت كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ڕێژه‌ی‌ 46% بشداریی‌ له‌ئابوریی‌ وڵات بكات‌و هه‌وڵی‌ به‌هێزكردنی‌ ئیداره‌ی‌ نا ناوه‌ندیی‌ بدرێت.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌پلانه‌ نوێكه‌دا هاتوه‌‌و ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ده‌ستوری‌ عێراقدا ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هه‌مو هه‌وڵ‌و بانگه‌شانه‌ی‌ داوای‌ ئه‌كتیڤ كردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ده‌دات له‌وڵاتدا، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ پیاوانی‌ كاری‌ عێراق، راغب ره‌زا، ده‌ڵێت "ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌‌و روكه‌شن، نه‌ك واقعی‌‌و كارپێكراوبن".

ره‌زا مه‌ترسیه‌كانی‌ خۆی‌ ناشارێته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ پلانه‌ پێنج ساڵیه‌ نوێكه‌ "عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌رده‌می‌ سیسته‌می‌ ناوه‌ندیی‌" له‌ڕوی‌ پلاندانان‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئابوری‌ وڵات، له‌كاتێكدا ئێستا كار به‌سیسته‌می‌ بازاڕ ده‌كرێت، بۆیه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت "پێویستی‌ به‌گه‌ره‌نتی‌ هه‌یه‌".

به‌هۆی‌ ئه‌و پلانه‌ پێنج ساڵانانه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێندا جێبه‌جێكران، سیسته‌می‌ ئابوری‌ عێراق ورده‌ ورده‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌ستی‌ ده‌وڵه‌ت‌و له‌ئه‌نجامدا قه‌باره‌ی‌ به‌شداربونی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ڕێژه‌ی‌ 75% له‌سه‌ره‌تای‌ حه‌فتاكاندا گه‌یشته‌ 20% له‌هه‌شتاكاندا‌و به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌كه‌رتی‌ نیشته‌جێبوندابو، دواتریش‌و له‌ساڵی‌ 2003 رێژه‌كه‌ گه‌یشته‌ ته‌نها 13%‌و به‌شی‌ زۆری‌ له‌كه‌رتی‌ كشتوكاڵدا بو.

ره‌زا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ پلانه‌ نوێكه‌ رونی‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ "چۆن ده‌كرێت رێژه‌ی‌ به‌شداربونی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بگه‌یه‌ندرێته‌ 46%ی‌ كۆی‌ ئابوری‌ عێراق؟!، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ باس له‌م كه‌رته‌ نه‌كراوه‌‌و هیچ ئاماژه‌یه‌كیش له‌ئارادا نییه‌ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ له‌یه‌كدانی‌ هه‌ردو كه‌رتی‌ گشتی‌‌و تایبه‌ت". ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌بودجه‌ی‌ ساڵانه‌دا "قه‌باره‌ی‌ پاڵپشتیی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت دیارینه‌كراوه‌". هه‌مو ئه‌مانه‌ش به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌- به‌بۆچونی‌ ره‌زا- پێویستیان به‌ورده‌كاری‌ زیاتر هه‌یه‌‌و پێویسته‌ قسه‌ی‌ وردتر بكرێت له‌باره‌ی‌ میكانیزمه‌كانی‌ سه‌رخستنی‌ پلانه‌كه‌.

له‌كۆتایی‌ لێدوانه‌كه‌شیدا، سه‌رۆكی‌ پیاوانی‌ كاری‌ عێراق، راغب ره‌زا، جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ "ده‌بێت ده‌وڵه‌ت پابه‌ند بێت به‌رێوشوێنه‌كانی‌ پڕۆسه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ته‌واو بۆ ئابوریی‌ بازاڕ كه‌ له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا په‌یڕه‌و كراوه‌‌و تێیدا پشت به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ستراوه‌".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ پێده‌چێت پسپۆڕانی‌ بواری‌ ئابوری‌ هه‌مان ئه‌و گه‌شبینیه‌یان نه‌بێت كه‌ له‌لای‌ دانه‌رانی‌ پلانه‌ پێنج ساڵه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلانداناندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ عێراق له‌ڕوی‌ ئاسایش‌و كه‌رته‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانه‌وه‌ له‌بارودۆخێكی‌ ناجێگیردایه‌، له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌دام‌و ده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌ت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابوریی‌، ماجد ئه‌لسووه‌ری‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ ئابوری‌ عێراق ده‌كرێت، پێویسته‌ به‌ر له‌قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و نا تایبه‌ت، قسه‌ له‌سه‌ر "كاره‌با بكرێت به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م‌و دواتر ژێرخانی‌ وڵات"، ئه‌وجا كه‌رته‌كانی‌ تر.

ناوبراو پێی‌ وایه‌ گه‌ر ویستی‌ جدی‌ له‌ئارادابێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ئابوری‌ "ده‌بێت پێشر كه‌رتی‌ كاره‌با چاره‌سه‌ربكرێت، چونكه‌ ناتواندرێت به‌بێ‌ ئه‌و كه‌رته‌ گه‌شه‌ به‌ئابوری‌ وڵات بدرێت". رونیشیده‌كاته‌وه‌ "ئه‌م پلانه‌ نوێیه‌ سه‌ركه‌وتو بوه‌ له‌دیاریكردنی‌ كێشه‌كان، به‌ڵام تاكو ئێستا شكستی‌ هێناوه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنیان".

ئه‌لسووه‌ری‌‌و ره‌زا له‌وه‌دا كۆكن كه‌ دنیایه‌ك بیروكه‌‌و پڕوپاگه‌نده‌ له‌باره‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌ت تێڕوانینێكی‌ رونی‌ له‌باره‌ی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ئه‌و كه‌رته‌‌و ته‌نانه‌ت كه‌رتی‌ گشتیش نییه‌.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پسپۆڕ له‌په‌یمانگای‌ چاكسازیی‌ ئابوریی‌، مه‌ناف ئه‌لسائغ، ده‌ڵێت "پلانی‌ پێنج ساڵه‌ چاره‌سه‌رێكی‌ گونجاوی‌ بۆ بابه‌تی‌ گواستنه‌وه‌ بۆ ئابوریی‌ بازاڕ‌و ئه‌كتیڤكردنی‌ رۆڵی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت پێنییه‌". ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ گه‌ر هات‌و له‌چوار ساڵی‌ داهاتودا نه‌تواندرا ده‌رگا به‌ڕوی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ "ده‌كه‌وینه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ی‌ كوشنده‌ی‌ قۆناغی‌ رابردو به‌وه‌ی‌ زیاتر پشت به‌ده‌وڵه‌ت ببه‌ستین‌و كه‌رتی‌ تایبه‌تیش له‌پاشه‌كشه‌ی‌ به‌رده‌وامدا ده‌بێت".

عێراق، له‌پاش ساڵی‌ 2003، له‌سیسته‌می‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ خۆی‌ گواسته‌وه‌ بۆ سیسته‌می‌ بازاڕ، به‌ڵام ئه‌و گواستنه‌وه‌ییه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بو كه‌ پسپۆڕانی‌ بواری‌ ئابوری‌ به‌ "فه‌وزا" ناویان برد‌و له‌ئه‌نجامیشدا ئابوریی‌ وڵات دوچاری‌ زه‌ره‌‌و زیانی‌ به‌رچاو بو، ده‌وڵه‌ت بوه‌ بازاڕێكی‌ كراوه‌ی‌ بێسنور له‌به‌رامبه‌ر به‌رهه‌می‌ وڵاتانی‌ دنیا. ره‌نگه‌ خاڵێكی‌ ئیجابی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئه‌وه‌بوبێت كه‌ رێژه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت گه‌یشته‌ 30%، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ زۆری‌ له‌بواری‌ بازرگانیدا بو.

دواتریش ئه‌م گواستنه‌وه‌ ئابوریه‌ له‌ڕێی‌ ده‌ستوری‌ عێراقه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ جێگیربو، به‌ڵام ده‌ستور رێگا‌و ئالیه‌تی‌ ئه‌و گواستنه‌وه‌ ئابوریه‌ی‌ دیارینه‌كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سائغ ده‌ڵێت "ناكرێت له‌شه‌و‌و رۆژێكدا ئه‌و گواستنه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبده‌ین، چونكه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ له‌ئێستادا كاری‌ پێده‌كه‌ین، یاسای‌ سیسته‌می‌ ناوه‌ندین، نه‌ك بازاڕ"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "رۆتینێكی‌ كوشنده‌مان هه‌یه‌ له‌دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تدا‌و تاكو ئێستا عێراق نه‌یتوانیوه‌ بنه‌ما نوێكانی‌ به‌ڕێوه‌بردن په‌یڕه‌و بكات به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می‌ ئێستادا بگونجێت".

له‌به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ره‌خنه‌‌و تێبینیانه‌ی‌ ئاماژه‌یان پێدرا، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئابوریی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، عامیره‌ ئه‌لبه‌لداوی‌، رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پلانه‌ پێنج ساڵه‌كه‌ "گرنگی‌ ته‌واو به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت داوه‌ تاكو به‌شداریی‌ له‌پڕۆژه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و پڕۆژه‌كانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بكات"، هه‌روه‌ها "رۆڵی‌ به‌رچاو بۆ به‌شداریكردنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ دیاریكراوه‌".

هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌پێی‌ پلانه‌ نوێكه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌شداریان تێدا بكات، ناوبراو ئاشكرایكرد كه‌ بریتین له‌ "پڕۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبون‌و گه‌شه‌پێدانی‌ پارێزگا‌و هه‌رێمه‌كان‌و پلانه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌لایه‌نی‌ گه‌شت‌وگوزار".

به‌لداوی‌ ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ "پلانه‌ نوێكه‌ گرنگی‌ زۆری‌ به‌لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و مرۆڤایه‌تی‌ داوه‌ كه‌ له‌پلانه‌كانی‌ پێشودا بونیان نه‌بوه‌، وه‌ك گرنگیدان به‌چین‌و توێژه‌ هه‌ژاره‌كان‌و هه‌وڵی‌ نه‌هێشتنی‌ هه‌ژاری‌‌و بابه‌تی‌ چاكسازی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "جه‌ختكردنه‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ ته‌واوی‌ كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبون‌و بێكاری‌".

ئه‌و خانمه‌ په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ رو "له‌پلانه‌كه‌دا كار له‌سه‌ر ئه‌كتیڤكردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ڕێی‌ ئه‌و كه‌رته‌وه‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌ كه‌مبكرێته‌وه‌"، به‌تایبه‌ت كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ڕێی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پلانه‌كه‌وه‌ "له‌نێوان 3 بۆ 4.5 ملیۆن هه‌لی‌ كار بێته‌ ئاراوه‌".

له‌هه‌مانكاتدا به‌لداوی‌ هانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ده‌دات له‌وه‌ی‌ "رۆڵی‌ خۆیان ببینن‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌ بكه‌ن، نه‌ك چاوه‌ڕوانی‌ ده‌وڵه‌ت بن، به‌مه‌ش ده‌كرێت گه‌ره‌نتی‌ به‌شداربونێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌و كه‌رته‌ بكه‌ین".

به‌ڵام پسپۆڕه‌ ئابوریه‌كه‌ی‌ په‌یمانگای‌ چاكسازی‌ ئابوریی‌، مه‌ناف سائغ، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ناتوانێت ده‌ستپێشخه‌ری‌ بكات گه‌ر پاڵپشتی‌ نه‌كرێت "ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌یاساكان‌و ئه‌كتیڤكردنی‌ بانكه‌ تایبه‌تیه‌كان‌و دانی‌ قه‌رز به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌" كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌م خاڵانه‌ "له‌پلانه‌ پێنج ساڵه‌كه‌دا ونن‌و هیچ ئاماژه‌یه‌كیان بۆ نه‌كراوه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌